Print WWW.SBEIY.COM
 سلێمانی؛ كۆنگرەی سێیەمی ئازادی ژنانی كوردستان بەڕێوەدەچێت
29/05/2015 13:13:57
(سبەی):
رێكخراوی ئازادی ژنانی كوردستان لەشاری سلێمانی لەژێرناونشانی (بە ژنی ئازاد كۆمەڵگای ئازاد بنیات دەنێین)، كۆنگرەی سێیەمیان دەستپێكرد، ئەندامێكی دەستەی كۆنگرەكەش دەڵێت: هەوڵەكانیان چڕتركردوەتەوە بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان‌و لەداهاتودا هەوڵ بۆ دروستكردنی هێزێكی تایبەت بە ژنان دەدەن.
جوان عەبدولرەحمان، سەرپەرشتیاری كۆنگرەكە بە (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگەیاند: لەمڕۆدا چەندین وتار و سیمینار پێشكەش دەكرێن‌ و هەوڵەكانیان زیاتر كردوە بۆ روبەڕوبونەوەی هەمو ئەو دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر ئافرەتان. وتیشی: ئامانجیان لە بەستنی ئە‌و كۆنگرەیە ئەوەیە، زیاتر ژنان هۆشیار بكەنەوەو بتوانن رۆڵی خۆیان لەسەرجەم بوارە سیاسی وكۆمەڵایەتیەكاندا هەبێت.
ئەندامانی دەستەی كۆنگرەش پیرۆزبای خۆیان لەژنانی كوردستان دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمەوە هەندێك جار رێگری لەكارو چالاكییەكانیان دەكرێت، بەڵام ئەوان لەهەوڵی خۆیان بەردەوام دەبن‌و دەیانەوێت لەداهاتودا هێزێكی تایبەت بە ژنان هەبێت‌و ژنان خۆیان خاوەن بڕیاربن لەكایە جیاوازەكانی ژیاندا.