Print WWW.SBEIY.COM
 لەبارەی هەڵبژاردنەكەی (فیفا)وە
29/05/2015 20:30:12
(سبەی):
دوای چوار ساڵ جارێكی تر هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێی یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ دەكرێت، (جۆسێف پلاتەر)و (عەلی بن حسێن) دو ركابەری سەرەكین بۆ ئەو پۆستەو (209) ئەندام دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ دەدەن.
عەلی بن حسێن كە شازادەی ئوردونە تێڕوانینێكی نوێی بۆ تۆپی پێ هەیە، لە بەرامبەریشدا جۆسێف بلاتەر دەیەوێت بۆ جاری پێنجەم خۆی هەڵبژێرێتەوە كە (17) ساڵە سەرۆكی فیفایە.
دوای بەستنی كۆنگرەی ساڵانەی فیفا، ئەمشەو (هەینی 29 ی ئایاری 2015) هەڵبژاردن بۆ  سەرۆكایەتی نوێی یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ دەكرێت.
یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ یاخود (فیفا) كە كورتكراوەكەیەتی لە ساڵی (١٩٠٤) دامەزراوەو (٧) وڵات بە دامەزرێنەری دادەنرێن كە ئەو كات ئەندامبون‌و لەئێستاشدا كە بارەگاكەی لە سویسرایە (٢٠٩) ئەندامی هەیە.
لە سەرەتادا كاتێك دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ سەرۆكایەتی فیفا كرایەوە جگە لە پلاتەرو عەلی بن حسێن، هەریەك لە لویس فیگۆی ئەستێرەی پێشوی پرتوگال‌و ڤان پراگی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی هۆڵەنداش خۆیان بۆ سەرۆكایەتی فیفا كاندید كردبو، بەڵام دواتر فیگۆ و ڤان پراگ لە خۆكاندیدكردن كشانەوەو راستەوخۆو بە راشكاوانەش پشتگیری خۆیان بۆ عەلی بن حسێن دەربڕی.
پلاتەر لەگەڵ ئەوەی لە چەند لایەكەوە پشتگیری دەكرێت، لەلایەكی دیكەوە بە كەسێكی دیكتاتۆر وەسفدەكرێت بەوەی كە ماوەی ١٧ ساڵە قۆرخی ئەو پۆستەی كردوەو ئێستاش دەیەوێت بۆ ویلایەتی پێنجەم خۆی كاندید بكاتەوە.
پلاتەر بەم دواییانە روبەڕوی چەند كێشەیەك بوەتەوە، كە ئەمە كاریگەری لەسەر خۆكاندیدكردنەوەی دەكات، ئەویش چەندین تۆمەتی بەرتیل‌و گەندەلی خراوەتەپاڵ چەند ئەندامێكی یەكێتتییەكەو لەهەمان كاتیشدا پلاتەر بەوە تۆمەتباردەكرێن كە كاتێك مەسەلەی خۆكاندیدكردن بۆ سەرۆكایەتی فیفا هاتبێتەپێشەوە بە هەزاران دۆلاریان بۆ كۆكردنەوەی دەنگی ئەندامان خەرج كردوە.
پلاتەر ئێستا كە تەمەنی لە بەرزبونەوەدایە، لەلایەن چەند یەكێتییەكەوە پشتگیری دەكرێت‌و زۆربەی یەكێتییەكانی ئەوروپاش رەخنەی لێدەگرن، بەتایبەت یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیاو ئینگلتەراو هۆڵەنداو فەڕەنسا.
ئێستا كە لویس فیگۆ و ڤان پراگ كشاونەتەوە، گۆڕەپانەكە لەبەردەم بلاتەرو عەلی بن حسێندایە، كە ئەمەی دوەمیان شازادەی ئوردنەو ئەگەرچی تەمەنێكی كەمی هەیە، بەڵام بەڵینی باشتركردن‌و خزمەتێكی گەورە تری بە تۆپی پێ داوە، ئەمەش وایكردوە كە یەكێك لە گەورەترین یەكێتی تۆپی پێی جیهانی پشتگیری بكات، ئەویش یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپایە كە بە (یوفا) ناسراوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا یەكێتییەكانی تۆپی پێی وەك ئەمریكای باشورو یەكێتی تۆپی پێی ئەفریقاو ئۆقیانیاو كۆنكاكاف‌و ئاسیاش پشتگیری خۆیان بۆ هیچ لایەنێكیان دەرنەبڕیوە.