Print WWW.SBEIY.COM
 ئاین له‌ كوردستان له‌ كوێی‌ ئه‌م ئاگره‌دایه‌؟
عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
03/12/2012
ئاینه‌ ئاسمانییه‌كان ته‌نانه‌ت به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ روبه‌ڕوی‌ شێوان بونه‌ته‌وه‌، رۆڵێكی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ هاوسه‌نگی‌ كۆمه‌ڵگه‌ و چاره‌سه‌ركردن یان كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. به‌تایبه‌ت به‌وپێیه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان موسڵمانن‌و پابه‌ندی‌ ئاینییان هه‌یه‌، ئه‌وا ده‌كرێت پانتایی‌ كاریگه‌ریی‌ ئیسلام‌و دامه‌زراوه‌‌و پێكهاته‌كانی‌ نزیك لێی‌ زیاتر بێت‌و زیاتریش جێگه‌ی‌ به‌هاناوه‌چونی‌ ئه‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ بێت كه‌ روبه‌ڕوی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌بنه‌وه‌ به‌تایبه‌ت دیارده‌ی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ئافره‌تان‌و ئه‌و رێژه‌ مه‌ترسیداره‌ی‌ كوشتن‌و خۆكوشتن، كه‌ ئه‌م توێژه‌ گرنگه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئاینی‌ ئیسلام ده‌یان ده‌ق له‌ خودی‌ قورئان‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ تری‌ شه‌ریعه‌تی‌ ته‌رخانكردوه‌ بۆ چاكسازی‌ ده‌رونی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ واقیعیانه‌ بۆ كێشه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌ركێكی‌ گه‌وره‌ لێره‌دا له‌ دایك ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئیسلام به‌شێكی‌ زۆری‌ ته‌رخانكردوه‌ بۆ لێكدانه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسیارو كێشانه‌ی‌ روبه‌ڕوی‌ مرۆڤ ده‌بنه‌وه‌ وه‌كو تاك‌ و وه‌كو كۆ، ئه‌ركی‌ گه‌وره‌ ده‌خاته‌ سه‌رشانی‌ هه‌ڵگرانی‌‌و ئه‌وانه‌ی‌ كاری‌ بۆ ده‌كه‌ن، ئاینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام له‌ ده‌یان جێگه‌ باس له‌ راستگۆیی‌‌و ده‌ستپاكی‌‌و ئه‌مانه‌تپارێزی‌‌و بێ‌ زیانی‌‌و چاكه‌كاری‌‌و سودبه‌خشی‌‌و به‌خشنده‌یی‌‌و ده‌ستگیرۆده‌یی‌ ده‌كات، له‌ چه‌ندین شوێن باس له‌ پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ‌و ده‌ستدرێژنه‌كردن بۆ ئه‌و مافانه‌ ده‌كات، كه‌ لوتكه‌كه‌یان لای‌ خوای‌ گه‌وره‌ خۆی‌ له‌ كوشتنی‌ مرۆڤێكدا ده‌بینێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت كاولكردنی‌ هه‌مو سه‌رزه‌وی‌ به‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆشییه‌وه‌ له‌م تاوانه‌ به‌ گه‌وره‌تر نازانێت، بۆ هه‌ر تاوان‌و سه‌رپێچییه‌كیش له‌سه‌ر ماف‌و ئه‌ركه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و مرۆڤییه‌كان چه‌ندین سزای‌ دیاریكردوه‌و پاداشتی‌ نه‌بڕاوه‌ش بۆ ئه‌وانه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ له‌و رێنمایی‌‌و تێكستانه‌ ره‌فتارده‌كه‌ن.

كاری‌ ئه‌م وتاره‌ی‌ من نییه‌ له‌و بابه‌تانه‌ بكۆڵمه‌وه‌و زیاتری‌ له‌سه‌ر بنوسم، هێنده‌ی‌ وه‌ك پێشه‌كییه‌ك بۆ تێگیشتنی‌ ئه‌وه‌ی‌ دواتر كه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌ویش ئه‌ركی‌ ئه‌م ئاینه‌و شوێنكه‌وتوان‌و دامه‌زراوه‌كانییه‌تی‌ له‌سه‌ر دیارده‌یه‌كی‌ زۆر مه‌ترسیدارو مه‌رگهێنه‌ری‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌كان.

لێره‌وه‌ بایه‌خی‌ ئه‌م ئاینه‌و مامۆستایان‌و دامه‌زراوه‌كان‌و حیزب‌و رێكخراوه‌ ئینتیماداره‌كانی‌ ده‌رده‌كه‌وێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌، بۆیه‌ جێی‌ خۆیه‌تی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردستان زیاتر چاو له‌م ئاینه‌ بكات تاوه‌كو یه‌كێك له‌ تیماركه‌ره‌ حه‌كیمه‌كان به‌ فریای‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌وێت‌و هه‌نگاوێك له‌ چاره‌سه‌رو بنبڕكردنی‌ دیارده‌ نامۆكان‌و بێ‌ مافی‌‌و چه‌وساندنه‌وه‌كان بگرێته‌به‌ر.

له‌ واقیع دورناكه‌ومه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڵێم هێندێ‌ جار به‌مه‌به‌ست یان بێ‌ مه‌به‌ست ئاینی‌ ئیسلام‌و تێكسته‌ پڕ حیكمه‌ته‌كانی‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پیرۆزه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن یان هێنراون، باس له‌و ته‌وزیفركردنه‌ی‌ هێزه‌ ریزپه‌ڕه‌كان ناكه‌م بۆ ئیسلام كه‌ تیایدا هێزێكی‌ سیاسی‌ له‌ هێندێ‌ وڵات په‌یڕه‌وی‌ ده‌كات‌و ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێنێت، به‌ڵكو به‌ته‌واوه‌تی‌ مه‌به‌ستم ئه‌و كێشه‌و به‌هه‌ڵه‌ به‌كارهێنانه‌ی‌ ئیسلام‌و ده‌قه‌ ئاینییه‌كانه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایانی‌ ئاینی‌‌و مزگه‌وته‌كانه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و بێدارییه‌ی‌ له‌ نیوه‌ی‌ دوه‌می‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا روبه‌ری‌ ئه‌م به‌نه‌زانی‌ یان به‌ هه‌ڵه‌ به‌كارهێنانه‌ كه‌م بویه‌وه‌، به‌ڵام راستییه‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ هێشتا كۆتایی‌ نه‌هاتوه‌و به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ بازنه‌ی‌ ئیسلام‌و شه‌ریعه‌تدا كارده‌كه‌ن زۆر گرنگه‌ وێڕای‌ كاری‌ چاكه‌خوازی‌ خۆیان روبه‌ڕوی‌ ئه‌مجۆره‌ به‌كارهێنانه‌ هه‌ڵه‌یه‌ش ببنه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ تێگه‌یشتنێكی‌ كاڵ‌و سه‌ركێڵه‌وه‌ بۆ ئیسلام‌و ده‌قه‌كانی‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت به‌رانبه‌ر به‌ ئافره‌ت‌و منداڵ‌و چۆنییه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

ئێستا پاش ئه‌وه‌ی‌ دڵنیاین له‌وه‌ی‌ له‌م كێشه‌یه‌دا ئاین‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ هۆكار نین، هه‌روه‌ها ناشتوانن به‌ ته‌نها چاره‌سه‌ری‌ كۆتاییی‌ بن، به‌ڵام پرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌ كه‌ روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌ كرۆكی‌ مه‌به‌ستی‌ ئه‌م وتاره‌شه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا هه‌ریه‌كه‌ له‌ مزگه‌وته‌كان، مامۆستایانی‌ ئاینی‌، وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف، یه‌كێتی‌ زانایان، حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان، رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن‌و رێكخراوه‌كانیان چییان كردوه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌ی‌ به‌سه‌ر ئافره‌تی‌ كورددا ده‌گوزه‌رێت؟ ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی‌ رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌و ئاماره‌كانی‌ مه‌ترسیدارتر ده‌بن‌و چاوه‌ڕێی‌ به‌ره‌و باشبونیان لێ‌ ناكرێت؟ كوا پڕۆژه‌و كوا به‌ پرسكردنی‌ ئه‌م كێشانه‌ لای‌ ئه‌م دامه‌زراوانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌؟ تا چه‌ند له‌ پلانی‌ خۆیان‌و پڕۆژه‌كانیاندا ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌یان وه‌ك‌و یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان داناوه‌؟

بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ وه‌ڵامی‌ راستی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ نزیك ببینه‌وه‌ پێویستمان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ زانستی‌ هه‌یه‌ بمانگه‌یه‌نێته‌ هێندێ‌ ئه‌نجامی‌ دیاریكراو، به‌ڵام ده‌توانین به‌ تێفكرین‌و وردبونه‌وه‌ له‌ گه‌وره‌یی‌ كاره‌ساته‌كه‌ له‌لایه‌ك‌و گه‌وره‌یی‌ ئه‌ركی‌ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی‌ ئاین بنه‌مای‌ كاریانه‌ له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌، بگه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی‌ هێشتا به‌ رۆڵ‌و ئه‌ركی‌ خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون، ئه‌م راستییه‌ش راستییه‌كی‌ ترمان لێ‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌زگاو دامه‌زراوانه‌ به‌شدارییه‌كی‌ چالاكییان هه‌یه‌ له‌ پێگه‌یاندن‌و په‌روه‌رده‌كردنی‌ تاكێكدا كه‌ هه‌ڵگری‌ ره‌وشت‌و ئاكارێكی‌ ویستراوبێت له‌ڕوی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نیوه‌ی‌ ئه‌ركه‌كه‌یه‌و نیوه‌كه‌ی‌ تری‌ راسته‌وخۆ ده‌ستی‌ خۆ گه‌یاندنه‌ به‌و ده‌ستانه‌ی‌ له‌ گێژاوی‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندان، ده‌ستگرتنی‌ ئه‌و خوشكانه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌و خێزان ته‌نگیان پێ‌ هه‌ڵده‌چنێ‌‌و هیچ چاره‌یه‌كی‌ تریان بۆ ناهێڵێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئیسلامییه‌كان راسته‌وخۆ بێنه‌ ده‌نگ‌و نه‌وه‌ستن، پێویسته‌ ئه‌وان هه‌وڵبده‌ن ئاوێك به‌م ئاگری‌ مرۆڤ كوژی‌‌و خۆكوژییه‌دا بكه‌ن، ئه‌و ئاگره‌ی‌ لای‌ خوای‌ گه‌وره‌ خراپترین‌و گه‌وره‌ترین‌و ناشیرینترینه‌، پێویسته‌ هه‌ست به‌و به‌رپرسیارێتییه‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌ن‌و بێنه‌ ده‌نگ.

بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ش یه‌كه‌مجار به‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م كێشه‌یه‌ بكرێته‌ یه‌كێك له‌ كرۆكی‌ كێشه‌و ئامانجه‌كانیان، له‌ گه‌وره‌ییه‌كه‌ی‌ تێ‌ بگه‌ن‌و كارو پڕۆژه‌ی‌ له‌سه‌ر بونیادبنێن، شه‌ووڕۆژ له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌دا بخه‌نه‌ سه‌ر یه‌ك‌و تێبكۆشن، كۆنفرانس‌و كۆنگره‌ی له‌سه‌ر سازبكه‌ن‌و له‌ هۆكاره‌كانی‌ بكۆڵنه‌وه‌، ده‌یان‌و سه‌دان ۆرك شۆپ‌و به‌رنامه‌ی‌ رادیۆیی‌‌و ته‌له‌فیزیۆنی‌‌و هه‌ڵمه‌تی‌ هۆشیاریی‌ ئه‌نجام بده‌ن، له‌و خه‌وی‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ به‌ خه‌به‌ر بێن‌و چاویان بسڕن‌و بێنه‌ سه‌رشه‌قام، چونكه‌ ئاینه‌كه‌یان ئه‌مه‌یان لێ‌ ده‌خوازێت‌و ئه‌مه‌شیان لێ‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌، هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌و ده‌یان‌و سه‌دان خوشكه‌ی‌ له‌ بێنازی‌‌و دڵڕه‌قی‌ كۆمه‌ڵگه‌و خێزان‌و ده‌وروبه‌ره‌كانیاندا خۆیان سوتاندو له‌گه‌ڵ خۆشیاندا دونیایه‌ك له‌ كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان به‌جێهێشت.