Print WWW.SBEIY.COM
 مه‌ترسی‌ راسته‌قینه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌سێ‌ بواردا
عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
21/07/2013
یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ ترس له‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ره‌گی‌ خۆی‌ له‌ سیستمێكدا دابكوتێ‌‌و ببێته‌ سیمای‌ حكومه‌ت‌و ده‌وڵه‌ت، ئه‌و مه‌ترسیانه‌یه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌دوای‌ خۆی‌ له‌سه‌ر كایه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی‌ ژیانی‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ به‌جێده‌هێڵێت، وه‌ك له‌م وتاره‌ماندا رونیده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌ت مه‌ترسییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئابوری‌‌و سیاسییه‌كان، له‌ خواره‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌و مه‌ترسییانه‌ ده‌وه‌ستین‌و ده‌یانخه‌ینه‌ڕو:

1ـ مه‌ترسییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان:
1. گه‌نده‌ڵی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ كێشه‌و گرفت له‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و بڵاوبونه‌وه‌ی‌ بێ‌ هێوایی‌‌و بایه‌خنه‌دانی‌ خه‌ڵكی‌ به‌ كاروباری‌ وڵات.

2ـ بڵاوبونه‌وه‌و سه‌رهه‌ڵدانی‌ توندوتیژیی‌‌و تێپه‌ڕاندن‌و زیاده‌ڕه‌وی‌ له‌ ده‌ربڕینی‌ بیروڕاو تاوان وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له‌ دژی‌ گەنده‌ڵی‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی‌ شكستی‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌.

3ـ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ هه‌ستی‌ بێ‌ بایه‌خ ته‌ماشاكردنی‌ كارو پیشه‌و بڵاوبونه‌وه‌ی‌ هه‌ستی‌ گرنگی نه‌دان به‌ مافی‌ گشتی‌.

4ـ هه‌روه‌ك گه‌نده‌ڵی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ست به‌ سته‌م بكه‌ن به‌رانبه‌ریان، هه‌روه‌ها بڵاوبونه‌وه‌ی‌ هه‌ژاریی‌‌و دروستبونی‌ جیاوازی‌ چینایه‌تی‌‌و دروستبونی‌ گروپی‌ جۆراوجۆری‌ خه‌ڵكی‌ په‌راوێزخراو به‌تایبه‌ت توێژی‌ ئافره‌تان‌و مناڵان‌و گه‌نجان.

5ـ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ رۆشنبیریی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ دواجار ئه‌م رۆشنبیرییه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ئاسانی‌ رێگاچاره‌كانی‌ دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ وه‌ك‌و پێویست كاری‌ خۆیان نه‌كه‌ن.

2. مه‌ترسییه‌ ئابورییه‌كان:
گه‌نده‌ڵی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ كۆمه‌ڵێك زیانی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئابوری‌ وڵات‌و رێگری‌ له‌ گه‌شه‌كردنی‌، وه‌ك:
1ـ شكستهێننانی‌ حكومه‌ت له‌ڕاكێشانی‌ سه‌رمایه‌داران‌و سه‌رمایه‌ی‌ ده‌ره‌كی‌‌و هه‌ڵهاتنی‌ سه‌رمایه‌ی‌ ناوخۆیی‌. گه‌نده‌ڵی‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌م دروستبونی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ دروستی‌ كێبڕكێی‌ ئازاد له‌ بازاڕدا كه‌ به‌یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌ گرنگه‌كانی‌ راكێشانی‌ سه‌رمایه‌ی‌ ده‌ره‌كی‌‌و نێوخۆیی‌ دێـته‌ ئه‌ژمار بۆ كاری‌ سه‌رمایه‌گوزاری‌‌و بونیاتنانی‌ پڕۆژه‌ی‌ ئابوری‌ گه‌وره‌و به‌هێز.

2ـ به‌فیڕۆدانی‌ سامانه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ وڵات به‌هۆی‌ لێكگیرانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ گه‌نده‌ڵكاران‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ خه‌ڵكی‌.

3ـ شكستهێنان له‌به‌ده‌ستهێنانی‌ یارمه‌تی‌ وڵاتانی‌ بێگانه‌ وه‌ك ده‌رئه‌نجامی‌ ناوبانگی‌ خراپی‌ وڵات له‌ ڕووی‌ سیاسیی‌و سیستمی‌ فه‌رمانڕه‌واییه‌وه‌.

4ـ كۆچی‌ توانا ئابورییه‌ خۆییه‌كانی‌ وڵات به‌هۆی‌ پێ نه‌زانین‌و نه‌نرخاندنیانه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ حیزبایه‌تی‌‌و خزمایه‌تی‌ له‌ پۆسته‌ گشتییه‌كاندا.

5ـ كورتهێنانی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ وڵات، چونكه‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مبونه‌وه‌و كورتهێنانی‌ ده‌ستكه‌وتی‌ وڵات‌و زیادبونی‌ تێچونی‌ گشتی‌، ئه‌وه‌ش له‌ ده‌رئه‌نجامی‌ راكردنی‌ نایاسایی‌ كۆمپانیاو به‌رپرسانی‌ وڵات له‌ باج یان ده‌ستخستنی‌ لێخۆشبونی‌ باج له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یاسا.

6ـ لاوازبونی‌ توانای‌ فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌كان له‌پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و بونیان له‌ ئاستی‌ پێشكه‌وتندا له‌ڕوی‌ جۆرو ژماره‌وه‌.

3ـ مه‌ترسییه‌ سیاسییه‌كان:
1ـ گه‌نده‌ڵی‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر كرداره‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن‌و چۆنییه‌تی‌ به‌ڕێوه‌چونیان.

2ـ ئه‌نجامدانی‌ ته‌زویرو كاری‌ ساخته‌ی‌ جۆراو جۆر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌بێته‌ هۆی‌ لاوازی‌‌و نه‌مانی‌ متمانه‌ی‌ هاوڵاتیان‌و دوركه‌وتنه‌وه‌و بێئومێدبونیان له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان.

3ـ گه‌نده‌ڵی‌ سیاسی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌و بێ‌ به‌شبون‌و نایه‌كسانی‌ بكه‌ن له‌ نێوان خۆیاندا.

4ـ گه‌نده‌ڵی‌ كاریگه‌ری‌ نه‌رێنی‌ ده‌كاته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كانی‌ وڵات‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن وه‌ك‌و خۆیان كارنه‌كه‌ن‌و بێلایه‌نی‌ له‌ده‌ست بده‌ن له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ‌و دروستكردنی‌ رای‌ گشتی‌.

5ـ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌رئه‌نجامی‌ حكومه‌تێكی‌ لاوازه‌، هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌م لاوازییه‌شه‌وه‌یه‌ ناتوانێت وه‌ك‌و پێویست روبه‌ڕوی‌ گه‌نده‌ڵكاران ببێته‌وه‌و رێوشوێنیان به‌رانبه‌ر بگرێـته‌به‌ر.

6ـ به‌هۆی‌ جیهانگیری‌‌و گه‌شه‌كردنی‌ سیستمی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وڵاته‌وه‌ جۆرێك له‌ سه‌رمایه‌دار دروست ده‌بن كه‌ ئامانجیان تێكه‌ڵاوكردن‌و گرێدانی‌ ئابوری‌ وڵاته‌ به‌ ئابوری‌‌و سیستمی‌ سه‌رمایه‌داری‌ ده‌ره‌كییه‌وه‌و هیچ سۆزێكیان بۆ وڵات‌و نیشتیمانه‌كه‌ی‌ خۆیان نییه‌.

7ـ  بژارده‌ی‌ سیاسیی له‌ڕێگه‌ی‌ گروپێكی‌ دیاریكراوی‌ خه‌ڵك‌و ناوه‌ندگیره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ئاسانكاری‌ بۆ كۆمپانیاو گروپه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن له‌ ده‌ستخستنی‌ گرێبه‌ستی‌ پڕۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ئابوری‌ به‌هاوكاری‌ كۆمپانیای‌ ده‌ره‌كی‌‌و له‌سایه‌ی‌ ئه‌و بیرۆكراتییه‌ بكوژه‌ی‌ وڵاتدا هه‌یه‌.

8ـ گرێبه‌ستی‌ ناشه‌رعی‌ ئه‌و نه‌وه‌ی‌ به‌ شۆرشگێڕان ناوده‌برێن‌و له‌ پشتی‌ شۆڕشه‌وه‌ دێن، له‌نێوان ئه‌وان‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ كه‌ گه‌نده‌ڵی‌ خاڵی‌ هاوبه‌ش‌و كۆكه‌ره‌وه‌یانه‌‌و له‌ ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌و گرێبه‌سته‌ ناشه‌رعییه‌شدا گه‌نده‌ڵییه‌كی‌ گه‌وره‌ دێته‌ ئاراوه‌.

9ـ دروستنه‌بونی‌ سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌‌و هاتنه‌كایه‌ی‌ سیستمێكی‌ شلۆق.
10- كرداره‌كانی‌ بڕیاردان به‌شێوه‌یه‌كی‌ دروست‌و ژیرانه‌ به‌ڕێوه‌ ناچن له‌ ئاسته‌ باڵاكانی‌ وڵاتدا، به‌تایبه‌ت بڕیاره‌ گرنگ‌و چاره‌نوسسازه‌كان كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بارودۆخی‌ ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسی‌ وڵات داده‌نێن.

په‌راوێزو سه‌رچاوه‌كان
1ـ هاشم الشمري، إيثار الفتلي(2011): الفساد الإداري والمالي واثاره الإقتصادية والإجتماعية. الاردن، عمان: دار اليازوري للنشر والتوزيع.

2ـ ميخايل جونسون، (ترجمة: عبدالحكم احمد الخزامي)(2009): فساد الادارة و الابداع في الاصلاح. مصر، القاهرة: الدار الاكاديمية للعلوم.

3ـ خالد بن عبدالرحمن ال الشيخ(2007): الفساد الاداري انماطه و اسبابه و سبل مكافحته. رسالة ماجستير، جامعة نايف العربية، السعودية.

4ـ دليل المجتمع المدني العراقي(2006): برنامج المجتمع المدني العراقي، الدليل الارشادى لمساعدة منظمات المجتمع المدنى للحد من الفساد الاداري.