Print WWW.SBEIY.COM
 كاره‌كانی‌ حكومه‌ت‌و گومانه‌كانی‌ خه‌ڵك
عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
24/02/2015

رۆژ به‌ رۆژ قه‌یرانه‌كان قوڵتر ده‌بنه‌وه‌، كێشه‌ی‌ دارایی‌‌و نه‌مانی‌ پاره‌و له‌ ده‌ستدانی‌ متمانه‌ له‌ سیستمی‌ دارایی‌‌و بانكی‌، دابه‌زینی‌ به‌رده‌وامی‌ نرخی‌ نه‌وت، له‌سه‌رو هه‌مو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ شه‌ڕی‌ تیرۆر، ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ هێندێك له‌ شاره‌زایانی رۆژئاوا به‌ شه‌ڕی‌ نه‌وه‌كانی‌ ناوده‌نێن. به‌ڵام ره‌فتاری‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانانه‌دا وه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت‌و ره‌فتارێك وایه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ روداوێكی‌ ئاسایی‌ مامه‌ڵه‌ بكات، كرۆكی ره‌خنه‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ له‌ ماوه‌ی رابردودا ره‌فتاری‌ خۆی‌ به‌ جۆرێك ئاراسته‌ بكات كه‌ له‌ ئاست ئه‌م قه‌یرانانه‌و داهاتوی‌ كوردستاندا بێت.

ده‌زانم له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌ڕه‌گرافه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ هێندێك له‌ خوێنه‌ران یه‌كسه‌ر پرسیارێكیان لا دروست ده‌بێت: ده‌بو یان ده‌بێت حكومه‌ت چی‌ بكات؟ شه‌ڕی‌ داعش‌و بڕینی‌ بودجه‌ له‌ به‌غداوه‌ كه‌ كرۆكی‌ كێشه‌كانن چ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و كاره‌كته‌ره‌كانییه‌وه‌ هه‌یه‌؟

من له‌م چه‌ند خاڵه‌ی‌ خواره‌وه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌:
1ـ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی‌ كێشه‌كان‌و به‌رله‌وه‌ی‌ بگاته‌ ئاستی‌ قه‌یران حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ تیمی‌ قه‌یرانه‌كان پێكبهێنێت، وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكیش بۆ ئه‌و تیمه‌‌و كاره‌كانی‌ كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی‌ به‌ په‌له‌و خێرا هه‌ڵگرێت كه‌ له‌ ئێستادا هه‌م ئاسانن‌و هه‌م ده‌كرێت تاڕادده‌یه‌كیش پڕ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و چاڵانه‌ بێت كه‌ قه‌یرانه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ جه‌سته‌ی‌ هه‌رێمی‌ ده‌كات، به‌ نمونه‌: ئه‌نجامدانی‌ كۆمه‌ڵێك چاكسازی‌ له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌ی‌ ساڵانی رابردو، یان كۆكردنه‌وه‌و یه‌كخستنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ داهاتی‌ ناوخۆیی‌‌و له‌م روه‌وه‌ دڵنیایی‌ دان به‌ هاوڵاتیان كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌كه‌مان چه‌ندی‌ داهات هه‌یه‌و پێویسته‌ چۆن چۆنی‌ داهاتی‌ تر په‌یدا بكات.

2ـ تیمی‌ حكومه‌ت، كه‌ له‌ پێنج حزبی‌ سه‌ركه‌وتوی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان پێكهاتوه‌، یه‌كده‌ست‌و یه‌كڕا ده‌رناكه‌ون، زۆرجار له‌ ئاست‌و لێپرسراوێتی‌ گه‌وره‌دا بۆچون‌و لێدوانی‌ دژ به‌ یه‌ك ده‌بیستین، زۆر به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان خۆیان له‌ كێشه‌كان‌و به‌رپرسیارێتی‌ ده‌دزنه‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌یان هه‌وڵده‌دات خۆی‌ له‌ گله‌یی‌ هاوڵاتیان قوتاربكات، ئه‌مانه‌ بۆ هێندێك بابه‌تی‌ بچوك تا رادده‌یه‌ك ئاساییه‌، به‌ڵام لێدوانی‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی‌ سیاسی‌‌و حكومی‌‌و په‌رله‌مانی‌ له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی‌ نه‌ناردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ شتێكی‌ مه‌ترسیداره‌و به‌نزینكردنه‌ به‌ ئاگری‌ ده‌رونی‌ هاوڵاتیان‌و كورتكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و نه‌فه‌س درێژییه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیان هه‌یانه‌ به‌رانبه‌ر حكومه‌ته‌كه‌یان سه‌ره‌ڕای‌ سه‌ختییه‌كانی‌ ژیان، خه‌ڵكی‌ كوردستان زیاتر له‌ سێ‌ مانگه‌ چاوه‌ڕانی‌ گه‌شتنی‌ پاره‌ی‌ مۆڵه‌ له‌ به‌غداوه‌و خۆزگه‌و هیواكانی‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ بینا ده‌كات كه‌ له‌به‌غداوه‌ ده‌یبیستێ‌، كه‌چی‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت زۆر خوێنساردانه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌ داڕشتنه‌ نه‌رێنییه‌كه‌ی‌ به‌گوێی‌ خه‌ڵكدا ده‌ده‌ن‌و به‌رپرسانی‌ تریش له‌ هه‌مو ئاسته‌كان هه‌ریه‌كه‌یان به‌ جۆرێك لێدوان ده‌دات كه‌ زیاتر خه‌تاكه‌ وا ده‌ربكه‌وێت هی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بێت، لێره‌دا پرسیارێكی‌ گرنگه‌ دێته‌ گۆڕێ‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: ئایا خوڵقاندنی‌ دۆخێكی‌ له‌م چه‌شنه‌و پیشاندانی‌ ئاستی‌ لاوازی‌ حكومه‌ت له‌ بڕوا پێهێنانی‌ خه‌ڵك‌و دواندنی‌ هه‌ست‌و سۆزیان ته‌نها به‌وه‌ قه‌ره‌بو ده‌بێته‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ لێگه‌ڕێیت كه‌ حكومه‌تی‌ بنگه‌ فراوانت پێكهێناوه‌‌و هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌رپرسیارن له‌ كێشه‌كاندا؟

3ـ فه‌رامۆشكردنی‌ خه‌ڵك‌و هاوڵاتیانی‌ كوردستان‌و  رێزنه‌گرتنی‌ هه‌ست‌و سۆزیان‌و نه‌خستنه‌ڕوی‌ به‌ڵگه‌ی‌ بڕواپێهێنه‌ر، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌رئه‌نجامێك بۆ خاڵه‌كانی‌ یه‌كه‌م‌و دوه‌م كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمانكردن، له‌م روه‌وه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت زۆر خه‌مساردانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رای‌ گشتی‌ ده‌كه‌ن، هێندێكجار به‌ ته‌واوی‌ فه‌رامۆشیان ده‌كه‌ن‌و زانیارییان پێناده‌ن‌و راستییه‌كانیان بۆ رونناكه‌نه‌وه‌، له‌م دۆخه‌شدا خه‌ڵكی‌ له‌به‌رده‌م ره‌شه‌بای‌ بێ‌ به‌زه‌یی‌ هێندێك له‌ میدیاكان‌و هێندێك له‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌واڵدایه‌ كه‌ به‌هۆی‌ دژیه‌كی‌ زانیارییه‌كان‌و دوریان له راستییه‌وه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی‌ لێڵی‌‌و گومان له‌سه‌ر كاره‌كانی‌ حكومه‌ت دروست ده‌كات به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ به‌رچاوڕونی‌ پێشكه‌ش ناكات، یاخود هێندێكجار وته‌بێژو ده‌مڕاسته‌كانی‌ حكومه‌ت هێنده‌ لاوازن له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ لێدوان‌و وتاره‌كانیان له‌ میدیاو بۆنه‌ جیاجیاكاندا سه‌رنجی‌ هاوڵاتی‌ به‌شمه‌ینه‌تی‌ كوردستان بۆ خۆیان رابكێشن‌و بیانكه‌نه‌ به‌شێك له‌ پشتیوانی‌ مه‌عنه‌وی‌ بۆ جه‌سته‌ی‌ شه‌كه‌ت‌و ماندوی‌ حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا، كه‌چی‌ به‌ ده‌یان كیلۆمه‌تر له‌ خۆیانیان دور ده‌خه‌نه‌وه‌و هێنده‌ی‌ تر جامی‌ توڕه‌ییان پڕ ده‌كه‌ن.

دوای‌ خستنەڕوی‌ ئه‌و سێ‌ خاڵه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌كرێت بگه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌توانێت به‌ یه‌كڕیزیی‌‌و ئه‌نجامدانی‌ هێندێك هه‌نگاو له‌ بواری‌ چاكسازی‌‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و ئاشكراكردنی‌ داهاته‌كانی‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا وته‌بێژ‌و قسه‌كه‌ری‌ باش‌و زانیاریی‌ دروست پشتیوانی‌ خۆی‌ له‌نێو هاوڵاتیان‌و كارمه‌نداندا زیاتر بكات‌و متمانه‌ی‌ خۆی‌ بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێكی‌ باشتر، به‌جۆرێك یارمه‌تی‌ بدات كه‌ ئه‌گه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ دورتریش بخایه‌نێت خه‌ڵك پشتیوان‌و یارمه‌تی‌ ده‌ربێت.