|
هه‌مو رۆژێك ده‌مرین‌و زیندو ده‌بینه‌وه عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی |
25/03/2015 |
ئه‌م نیوه دێڕه‌ی ناونیشانه‌كه‌ی سه‌ره‌وه، قسه‌ی باوكی یه‌كێك له پێشمه‌رگه دیله‌كانه لای چه‌ته‌كانی داعش، قسه‌یه‌ك كه ناخ ده‌هه‌ژێنێت‌و دڵ‌و ویژدانی مرۆڤی كوردی به هه‌ست‌و ویژدان ده‌كات به ئاو.
ئه‌م وته‌یه، له ناخێكه‌وه دێته ده‌ر كه جێنگڵ ده‌دات به‌ده‌ست ئازاره‌وه، ئازارێك كه هیچ چاره‌سه‌ری نییه ته‌نها ئارامگرتن نه‌بێت له‌سه‌ر ئازار، ئاخر زۆر ئه‌سته‌مه مناڵێك به‌و هه‌مو نازو خۆشه‌ویستییه‌وه، به‌و هه‌مو سۆزه‌وه كه له‌نێو دایك‌و باوك‌و خوشك‌و برادا هه‌یه‌تی، بكه‌وێته ده‌ست هێزێكی تیرۆریست‌و دڕنده‌ی وه‌ك داعش، گروپێك ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته چنگیان وه‌ك ئه‌وه‌یه چۆله‌كه‌یه‌ك به‌و هه‌مو به‌رائه‌ته‌وه بكه‌وێته ده‌ست گورگێكی برسی له بیابانێكی كاكی به كاكیدا.
ئه‌م ئازاره، ته‌نها ئه‌و كه‌سانه هه‌ستی پێده‌كه‌ن كه چه‌شتویانه، وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رده‌می دڕنده‌یی‌و جه‌به‌روتی به‌عسدا ده‌خرانه كونجی زیندانه‌كانه‌وه‌و دایك‌و باوك‌و كه‌س‌و كاریش ده‌بو بێجگه له خه‌م‌و ئازاری كوڕه‌كانیان خه‌می خۆ حه‌شاردانی خۆشیان بێت، ئااای ئازاری له‌مجۆره چ ئازارێكی سه‌خته!
من نامه‌وێت به عاتیفه‌وه تۆی خوێنه‌ر زۆر سه‌رقاڵ كه‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت بێمه‌وه نێو چوارچێوه‌ی عه‌قڵه‌وه‌و له خۆم‌و له هه‌مو كوردێكی دڵسۆزیش بپرسم: ئه‌وه چییه وا ده‌كات مرۆڤی كورد وه‌ك تاك‌و گه‌ل، وه‌ك سه‌ركرده‌و وه‌ك هاوڵاتی، له ئاستی پێویستدا هاوبه‌شی ئه‌م ئازاره سه‌خته‌ی هاوڵاتی‌و هاونیشتیمانییه‌كانمان نه‌كه‌ین؟ ئه‌وه چیییه وا ده‌كات به‌شێك له‌گه‌ڵ له‌نێو ئازاری چاوه‌ڕوانی مه‌رگی مناڵ‌و باوك‌و براكانیدا بێت‌و به‌شێكی تریش له هه‌مان گه‌ل هێشتا وه‌ك پێویست له‌م ئازاره تێنه‌گات‌و له كه‌یف‌و سه‌فای خۆی نه‌كه‌وێت؟
من كه لێدوانی كه‌سوكاری ئه‌و خێزانه دڵبریندارانه ده‌بیستم حه‌ز ده‌كه‌م خوا دو باڵم پێ ببه‌خشێت‌و دور بفڕ‌م بۆ وڵاتی مولازم عه‌لی‌و مولازم عه‌بوده‌كان‌و ئه‌بو جه‌هله‌كانی سه‌رده‌م، حه‌زده‌كه‌م هه‌ر ئه‌و له‌حزه‌یه بفڕم‌و ئه‌و رۆڵه پێشمه‌رگانه‌ی نیشتیمان له‌ژێر چنگی ئه‌و دڕندانه ده‌ربهێنم‌و بیانخه‌مه‌وه ئامێزی دایكیان، یا حه‌زده‌كه‌م سه‌ربازێك بم له‌نێو ده‌سته‌یه‌كدا وه‌ك فیلمه ئاكشنه‌كان له كرده‌یه‌كی سه‌ربازیدا ئه‌و خێر له خۆنه‌دیوانه رزگاركه‌م‌و بیانخمه‌وه نێو سۆزی خانه‌واده‌و مناڵه‌كانیان.
به‌ڵام مه‌خابن، نه‌من‌و نه‌هیچ كه‌سێكی تر ناتوانین ئه‌و كاره بكه‌ین، ناتوانین به هانای برا پێشمه‌رگه‌كانمانه‌وه بچین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه ناتوانین، خۆ ده‌توانین به هاوسۆزیمان بۆیان له ئازاره‌كانیان كه‌م كه‌ینه‌وه، خۆده‌توانین به كرده‌وه بیسه‌لمێنین ئه‌گه‌ر ئه‌وانمان پێ رزگار نابێت ئه‌وه ده‌توانین به خه‌مخۆریمان بۆ وڵات‌و گه‌له‌كه‌ی هاوسۆزییان بین، هه‌مو ئه‌مكاره ده‌توانین، سه‌رۆك‌و به‌رپرسانی ئیداری‌و سیاسی وڵات ده‌توانن به ئه‌نجامدانی كاری خه‌مخۆرانه‌و چاكسازیی‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی ناپێویستی خۆیان‌و ده‌سته‌و دائیره‌كانیان هاوخه‌م بن له‌گه‌ڵ گه‌ل‌و كه‌سوكاری دڵبرینداران، سه‌رۆك‌و به‌رپرسانی وڵات ده‌توانن به كه‌یف‌و سه‌فای خانه‌واده‌كانیان‌و گه‌شت‌و سه‌فره‌ی ئه‌م وڵات‌و ئه‌و وڵات ئه‌م ئازاره سه‌ختتر‌و گه‌وره‌تر نه‌كه‌ن، هاوڵاتی ئاسایی‌و كارمه‌ندی ئاسایش ده‌توانێت ئه‌وه بكات‌و خه‌مخۆری خۆی پیشانبدات، خۆ ده‌كرێت ئه‌م به‌هاره واز له سه‌یران‌و سه‌فا بێنین‌و ئه‌و خه‌رجییه زۆرانه‌ی چه‌ند ساڵه له‌سه‌ریان به‌رده‌وامین ئه‌م به‌هاره بیانكه‌ینه قوربانی هاوسۆزیمان بۆ پێشمه‌رگه‌و كه‌سوكاره‌كانیان، بیانكه‌ینه قوربانی‌و بیانكه‌ینه یارییه‌كی مناڵانه بۆ ده‌ستی مناڵی پێشمه‌رگه‌و شه‌هیده‌كانمان.
ئه‌مه بۆ ناكه‌ین؟ من تێناگه‌م، هه‌ر به‌ڕاست ئێمه ئه‌و گه‌له‌ین كه ئه‌نفال كراین‌و به گازی ژه‌هراوی خنكێنراین‌و براو خوشكه‌كانمان له ئه‌منه‌كان له سێداره‌دران؟ هه‌ر به‌ڕاست ئێمه ئه‌و گه‌له‌ین؟ ئه‌ی كوا دڵسۆزی‌و كوا خه‌مخۆری بۆ وڵات‌و نیشتیمانه‌كه‌ی؟ كوا بۆ ئه‌و دڵسۆزی‌و خه‌مخۆری‌و كوردایه‌تییه له ئاستی پێویستیی نیشتیمانیدا نابینین؟ كه‌ی ئه‌م دروشمه جوانانه ده‌كه‌ینه كردار؟ چه‌ند ئازاری تر‌و چه‌ند كۆستی ترمان پێویسته تا وه‌ك ئه‌و گه‌لانه‌ی دونیا كه كاره‌سات‌و روداوه تراژیدیاكانیان بونه بناغه‌ی ده‌وڵه‌ت‌و دادگه‌ری‌و فه‌رمانڕه‌وایی باش بۆیان؟ من ره‌ش بین نیم، هێندێك له هه‌ڵوێسته باش‌و نیشتیمانییه‌كانیش ده‌بینم، به‌ڵام به‌ڕاستی هه‌ڵوێسته باش‌و نیشتیمانییه‌كان له‌ئاست ئازاره‌كانماندا نین، كاری كارمه‌ندو به‌ڕێوه‌به‌رو وه‌زیرو سه‌رۆكه‌كانمان له ئاست تراژیدیاكی گه‌لدا نین، هێشتا حیزب‌و سیاسییه‌كانی هێشتا وه‌ك ئه‌وه وایه سه‌ده‌یه‌كمان مابێت بۆ رودانی تراژیدیی‌و روداوه كاره‌ساتباره‌كان، كه‌ی ئه‌و راچه‌نینه دروست ده‌بێت؟ نازانم، چه‌نده‌ی تر ده‌خایه‌نێت ئه‌م دۆخه؟ نازانم، هیوادارم به‌رپرسانی وڵات ئه‌م پرسیارانه به‌رگوێیان بكه‌ون‌و وه‌ڵام بده‌نه‌وه، نه‌خشه‌یه‌ك دانێن‌و كارێك بكه‌ن، نه‌خشه‌و كارێك كه دڵی دایكانی جه‌رگ سوتاوی وڵات تێراو بكات، ئومێد ببه‌خشێت، وڵات ئاوه‌دان بكاته‌وه. |
|
|