Print WWW.SBEIY.COM
 كاری‌ رۆژنامه‌نوسان مه‌كه‌ن تكایه!
عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
29/03/2015

پرسی‌ چاكسازی‌‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ پرسێكی‌ نیشتمیانی‌ گرنگه‌، پرسێكه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌‌و ناوبانگی‌ وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ به‌دیهێنانی‌ ئه‌م راستییه‌ش هه‌مو لایه‌ك ئه‌ركیان به‌ كه‌م ناگیرێت، به‌ڵام دامه‌زراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی‌ ئه‌م بواره‌، وه‌ك: دادگاكان، په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتاران، ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ ده‌ستپاكی‌، میدیاو رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌، ئه‌ركه‌كانیان راسته‌وخۆ و گرنگه‌.

ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئێسته‌دا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه‌ هه‌مو ئه‌م دامه‌زراوانه‌ تاڕادده‌یه‌كی‌ زۆر ته‌نها یه‌ك ئه‌رك ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، ئه‌ویش ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ كه‌ هی‌ میدیاكان‌و ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسان‌و دامه‌زاروه‌كانی‌ سیستمی‌ دادوه‌ری‌، په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ ده‌ستپاكی‌، ده‌یكه‌ن ته‌نها هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ رۆژنامه‌نوسه‌كان ده‌یكه‌ن، له‌ هێندێك حاڵیشدا كه‌متر له‌ رۆژنامه‌نوسان‌و ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن، ئه‌ویش بڵاوكردنه‌وه‌و لێدوان له‌سه‌ر بونی‌ گه‌نده‌ڵی‌، له‌ كاتێكدا به‌پێی‌ یاساو چاوه‌ڕوانی‌ خه‌ڵك‌و هاوڵاتیان ده‌بێت ئه‌و دامه‌زراوه‌ فه‌رمیانه‌ به‌ ئه‌ركی‌ پیشه‌یی‌ خۆیان هه‌ستن له‌ لێپرسینه‌وه‌و راگرتنی‌ گه‌نده‌ڵكاران‌و ئه‌وانه‌ی‌ به‌ تاوانی‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ده‌گلێن‌و به‌ سزاگه‌یاندنیان.

ناكرێت ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ ئه‌ركی‌ ئه‌وه‌بێت له‌ رێگه‌ی‌ وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ باس له‌ بونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بكات! ناكرێت په‌رله‌مانتاران له‌ رێگه‌ی‌ راگه‌یاندن‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ته‌نها كاریان وه‌ك كاری‌ رۆژنامه‌نوسێك بێت‌و باس له‌ بونی‌ ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌و ئه‌و به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌ بكه‌ن كه‌ گه‌نده‌ڵی‌ پیشانده‌ده‌ن، ناكرێت ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ ده‌ستپاكی‌ ته‌نها ته‌ماشاكاربێت، ئه‌گه‌ر وابێت كه‌واته‌ ئه‌م دامه‌زراوانه‌ بۆچی‌ ئه‌رك‌و ده‌سه‌ڵاتیان پێسپێردراوه‌و بۆچی‌ ئه‌و هه‌مو ماف‌و ئیمیتیازاته‌ مادییانه‌ وه‌رده‌گرن‌و به‌كاریده‌هێنن؟ ئایا كاری‌ ئه‌وان ته‌نها له‌ كاری‌ رۆژنامه‌نوسێكدا كورت هه‌ڵدێت؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ باشتره‌ هیچیان له‌باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانه‌وه‌ قسه‌ نه‌كه‌ن‌و ئه‌و ئه‌ركه‌ بۆ میدیاكان جێبهێڵن‌و هێنده‌ی‌ تر هاوڵاتیانی‌ كوردستان بێئومێد نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌مكاره‌ی‌ ئه‌وان ته‌نها توڕه‌كردنی‌ خه‌ڵك‌و بێئومێدكردن‌و بێمتمانه‌كردنی‌ زیاتریانه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی‌ كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌مادا له‌ روی‌ پیشه‌یی‌‌و ئه‌رك‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌وانه‌ په‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌و چاره‌سه‌ریشی‌ بۆ بدۆزنه‌وه‌، هاوڵاتیان‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان چاوه‌ڕێن كوردستان ئه‌و قۆناغه‌ی‌ تێپه‌ڕاندبێت، قۆناغی‌ وروژاندن‌و باسكردن له‌ نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی‌ له‌ شێرپه‌نجه‌ بۆ جه‌سته‌ی‌ وڵات مه‌ترسیدارتره‌.