|
کوردستان و مۆدێلی تیرۆر فایەق سەرچناری |
07/12/2013 |
بێگومان تیرۆر بەشێکە لەو حەزە قێزەونەی کە یەکێ یان گروپێك پێی هەڵئەسن و ئەنجامی ئەدەن، ئەم تیرۆرە لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا و ئەو وڵاتانەی کە کۆمەڵێك بە زۆرەملێ بەڕێوەی ئەبەن و هەرکاتێ لە بەرژەوەندیان نەبو یان رەخنەیان لێ گیرا ئەوا ئەکەونە خۆیان و هەوڵی یەکەمیان ئەم جۆرە سەرکوتکردنەیە، کە هەم کەسەکەش لەناو ئەبەن و لەم لاشەوە هەر خۆیان کردەوەکە شەرمەزار ئەکەن، یان کوژراوەکە بەجۆرێك سیناریۆی بۆ دائەڕێژن، ئەیانەوێ لەبەرچاوی خەڵکی وای پیشان بدەن کە کەسێکی تاوانبارە و لە کۆمەڵگا لایداوە.
بۆیە لە سەردەمی تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمە بەدواوە ئەوەتا چەندین نوسەر و رۆژنامەنوس هەرجارە و لە شوێنێك و هەرکاتەی بە بیانویەك لەم هەرێمەدا شەهید ئەبن و ئەبنە قوربانی، بەبێ ئەوەی کەسێ گیرابێ و لێکۆڵینەوەی لەسەر کرابێ.
بێگومان تیرۆر هەر تیرۆرە، ئەگەر کوژران یان بریندارکردنی کەسێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگاش بێ، منداڵێ یان ژنێك ئەمانە هەمویان ئەچنە قاڵبی تیرۆرکردنەوە، ئەمانە بونیان زۆرە لەم هەرێمەدا. بۆیە بەردەوامی ئەم کارە قێزەون و ناشارستانیە ئەوە ئەسەلمێنێ، کە زەنگێکی زۆر خەتەر و ترسناکە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
ئەمڕۆ و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی بە بەرچاوی خەڵکەوە و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا، ئەوەمان بۆ دەرئەخات کە هەر کاتێ گروپێك بیانەوێ کەسێ تیرۆر بکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەیکەن و زۆر بەئاسانی لەناوی ئەبەن، بێگومان ئەوەی بینیمان لەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم ئەوەبو کە هەر یەکەی لێدوانی خۆی بەو جۆرە ئەدا کە بەزوترین کات تاوانباران بگیرێن، بەبێ ئەوەی دەست بۆ یاسا درێژکەن و ئەم جۆرە کەیسانە بخەنەبەردەم دادگا و پۆلیس، چونکە گرتنی هەر تاوانبارێك لە ئەستۆی دادگا و پۆلیسدایە لە هەر وڵاتێکی دیموکراسی و پێشکەوتودا، هەرچەندە بەداخەوە لەم هەرێمەدا نە دادگا سەربەخۆیە و نە یاسایەك هەیە کە دەسەڵاتی تەواوی بۆ پۆلیس فەراهەم کردبێ، بۆیە ئەم مۆدێلی تیرۆرە کە لەم دواییەدا لە کوردستان و بەتایبەتیش سنوری پارێزگای سلێمانی رۆژ لەدوای رۆژ لە پەرەسەندندایە و هیچ خێزانێك بەتایبەتی دایکان ئارام نین هەتا رۆڵەکانیان نەیەنەوە ماڵ، چونکە ئاسایشی ئەم شارە بەجۆرێك شێواوە کە هەر دەستە و تاقمێك کارئەکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و سەروەتەکانیان، بۆیە لای هەمو کەس ئاشکرایە و خەڵکیش لەو راستیە تێگەیشتوە کە دادگاکان ناتوانن لەم کەیسانەدا کاری یاسایی خۆیان بکەن و هەوڵی گرتنی تاوانباران بدەن، چونکە نمونە زۆرن کە تەنها و تەنها دەسەڵاتداران لێدوان ئەدەن ئیتر بەچاك یان خراپ.
ئەم مۆدێلە نوێیەی تیرۆر نە یەکەم ئەبێ و نەدوا تیرۆریش، بەڵکو لە پەرەسەندندایە و ئاواش بڕوات ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان زیاتر ئەخاتە مەترسیەوە و خەڵکیش زیاتر توشی دڵەڕاوکێ ئەبێ، ئەو کەسانەی کە بەڕۆژی روناك و بەبەرچاوی خەڵکەوە تیرۆر ئەکەن، پرسیار ئەوەیە بۆ ناگیرێن، خۆ ئەمانە تیرۆریستن. یاخین لە کۆمەڵگا خاڵین لە عەقڵ، هەر لەم هەرێمەدان. یان ئەم ئەمانە خۆیان ئاغا و خۆیان کوێخان و بڕیار ئەدەن لە باتی دادگا و یاساکان.
بەردەوامی تیرۆر کوردستان بە عاقارێکی زۆر خراپدا ئەبات و پرسیار لەسەر حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان و هەم پرسیار لەسەر بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان بەگشتی دائەنێ، کە ناوچەی سەوزە تیرۆرکردنی نوسەر و رۆژنامەنوسان دڵنیایی ئەداتە گوێی تیرۆرستان کە نە بەدڵی پیس و بۆگەنیان، نە بە فیشەکی قین و تۆڵەیان نە بەدەمامکی دەموچاوی قێزەونیان ئەمڕۆ رۆژنامەنوسێك شەهید ئەکەن و بەخەیاڵی خۆیان قەڵەمێك ئەوەستێنن کە بۆ ئازادی ئەنوسێ، ئەوا هەزاران قەڵەم دێنە جواب و دەیان هەزارجار ئازادی بەخوێن ئەنوسنەوە. |
|
|