|
پێکنەهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنێکی تر فایەق سەرچناری |
26/03/2014 |
دیارە لەهەڵبژاردنەکانی 09/21 هەمو خەڵك بۆی دەرکەوت هاوکێشەکان گۆڕانکاری زۆریان بەسەر هات و بەتایبەتیش هاوکێشە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان گۆڕدرا، ئەویش بە دەنگی خەڵك بو. بەڵام سەیر لەوەدایە کە بەرەو حەوت مانگ هەنگاو ئەنرێ و ئەو حکومەتەی کە ناویان لێنا هاوبەش، کە هەمو حیزبە براوەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن، حکومەتێکی هاوبەشی نیشتیمانی دروست بکەن جیاواز لە کابینەکانی پێشو، و کۆکبون لەسەر ئەوەی ئەم کابینە نوێیە لە خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستاندا بێت و هەوڵی زۆر کاری گرنگ بدات بۆ کۆمەڵانی خەڵك، هەر لەخزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان لەحیزبیەوە بۆ نیشتیمانی و هەوڵی باشکردنی ژێرخانی ئابوری کوردوستان و باشکردنی ئەدای کاری دادگاکان و زۆر شتی تریش لە بەڵێندا خەڵك گوێبیستی بون. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی خەڵکە ئەوەیە، نەك هەر ئەو بەڵێنانە نەچونە بواری جێبەجێکردن ، بەڵکو هەر نەیانویست حکومەتیش دروست بکەن.
گوێی خەڵکی ئەم هەرێمە زۆر ئاشنا بوە بەو هەمو بەڵێن و قسانەی کە لەسەردەمی هەڵبژاردنەکاندا وتراوە و دوبارەش ئەوترێتەوە، بەبێ ئەوەی کرداری جێبەجێکرن لەئارادا بوبێ، هەر ئەوەشە خەڵك بێدەنگ و بێ هیوابونی لا دروست بوە، چونکە ئەم ئەزمونە هی مێژویەکی کۆنی 23 ساڵەیە کە ئەیانەوێ هەر خۆیان بڕیاردەری چارەنوسی خەڵك بن نەك خەڵك خۆی ئێستاش وا هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیکبۆتەوە و ئەم حیزبانەش لەهەوڵی ئەوەدان کە ئامادەکاری بۆ بکەن. بەڵام ئەمجارەیان چی بەڵێنێك بە خەڵك ئەدەن و لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکانا چیان پێ ئەڵێن..
ئەگەر بەڵێنی باشکردنی گوزەرانی خەڵك ئەدەن، خۆ ئەوەتا خەڵکێکی یەکجار زۆر لەژێر هێڵی هەژاریەوە ئەژین، سەرەڕای ئەو هەمو سەروەت و سامانەی کە لەهەرێمی کوردوستاندا هەیە، وەکو ئەوەی خەڵکی ئەم هەرێمە نەبن.
ئەگەر بەڵێنی باشکردنی موچەی فەرمانبەران ئەدەن بە زیادکردن و باشکردنی، ئەوەتا قەیرانێکی زۆر ئاڵۆز هەیە و هەر رۆژەو لەشوێنێك بایکۆتی دەوام ئەکرێ بۆ بێ موچەیی، ئەگەر بەڵێنی گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان ئەدەن، ئەوەتا لەماوەی 23 ساڵدا گوندێکیان بۆ نەگەڕاوەتەوە سەر هەرێم، جگە لەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات رۆژ بە رۆژ بەرەو داڕمان ئەڕواو ئەگەر یەك مانگ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوەستێ ئەوا هەمو بازاڕ ئەوەستێت.
دیارە ئەم هەمو قەیرانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە، بەرپرسیاری یەکەم حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکانن، ئەمە لەهەمو دونیادا وایە. بۆیە ئەبوایە هەڵبژاردنەکانی 09/21 بکرایە بە پێوەر، هەرزو حکومەتێکی نیشتیمانی بەهێز دروستبکرایەو بەپێی رێژەی دەنگەکان هەر حیزبێك مافی خۆی پێبدرایە، بۆ ئەوەی ئیتر میللەت ئاسودەبێ و بە یەکسانی و گیانی یەکتر قبوڵکردن هەوڵی ئەوە بدرایە کە نیشتیمانێکی یەکپارچەی گەورە درستبکرایە و ئێمەی کوردیش وەك وڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیا بە ئازادی و سەربەستی پێکەوە بژیاینایە، کە ئەمە خەونی هەمو کوردانە.
ئەگەر وا نەکرێ ئەوا قسەیەکی کورد هەیە ئەڵێ، کە جام پڕبو لێی ئەڕژێ. ئێستا جامەکە لێوانلێوەو تۆڵەی چارەسەری قەیرانەکانیش بەشێوەی دیموکراسی هەر هەڵبژاردنە و ئەمڕۆ میللەتیش هوشیارە لەئاست بەڵێنەکاندا، بۆیە پێویستە میللەت بڕیاردەربێ بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمی بەڕێوەبردنەی کە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە پیادە ئەکرێ، چونکە هەر رۆژێك زیاتر هەوڵی پەکخستن و پێکنەهێنانی حکومەت بدرێ ئەوا لە بەرژەوەندی ئەواندایە و بۆ میللەتیش پێچەوانەکەی.
|
|
|