|
کورد لەنێوان مادەی 140 و هەلێکی مێژوییدا فایەق سەرچناری |
18/06/2014 |
دیارە کورد هەر لەسەرەتای دابەشبونی و پارچەپارچەکردنی بە پلانی دوژمنان، بەوەشەوە نەوەستاون و بەردەوامبون لەزوڵم و چەوسانەوەی ئەم گەلە. بۆیە لەهەر پارچەیەکی کوردستانی گەورەدا هەمیشە شۆڕش تیایاندا سەریهەڵداوە و بەردەوام ئەم بەرەنگارییە بونی هەیە.
ئەگەر ئاوڕێك لەمێژوی سیاسی عێراق بدەینەوە ئەزانین هەرکاتێ دوژمنانی کورد لەبەهێزیدا بوبن ئەوا درێغیان نەکردوە لەچەوسانەوە و ماڵوێرانی و ئەنفال و کیمیاباران، ئەوەی یاساکانی مافی مرۆڤ قەدەغەی کردوە ئەمان شکاندویانەو هەوڵی بچوککردنەوە و لەناوبردنیان داوە، هەرکاتێ کە بارودۆخی سیاسی یان عەسکەری شکستی خواردبێ یان کەوتبێتنە شەڕی وڵاتانی دەوروبەر، ئەوا پەنایان بۆ کورد هێناوە و بەهەر شێوەیەکبێ بەشێکی زۆریان بەکارهێناوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو شکستە سیاسی و عەسکەریەی کە لەعێراقدا سەریهەڵدابێ.
ئەم مێژوە زۆر کۆن نیەو لای زۆربەمان رەنگدانەوەی خراپی بەجێهێشتوە، کە هەرچەندە ئەبو کورد ئەوکات رەچاوی تەواوی لەسەر یەکگرتنی خۆی بکردایە لەسەر مافە رەواکانی خۆی، و چەندین هەلی مێژویی تریش کە هاتۆتە پێش و کورد خۆی خستۆتە ناو هەڵەیەکی سیاسی ترەوە، بۆیە نەتوانراوە وەك پێویست کاربکات لەسەر مەسەلە رەواکەی خۆی.
ئەوەتا لەدوای ساڵی 1991 وە کە هەرێمی کوردستان کورد خۆی حوکمی خۆی ئەکات و هەمو ئەو دامەزراوانەی هەر وڵاتێك هەیەتی ئەوا ئێمەش هەمانە، وەك دەزگای تەشریعی و تەنفیزی و قەزائی و لەڕواڵەتدا هیچ کەموکوڕیمان نیە، جگە لەوەی کە کێشەمان لەبەڕێوەبردنیدا هەیە و ئەم دەزگایانە تا ئەمڕۆش حیزب بەسەریاندا زاڵە، بۆیە ئەمەش هۆکارە بۆ شکستی سیاسی و دیبلۆماسی هەر وڵاتێك، و مادەی 140 و سستی کورد لە جێبەجێکردنی نمونەیەکە.
ئەمڕۆ و ئەم هەلە مێژوییەی لەبەردەمماندایە دیارە هەلێکی تری زۆر گرنگە و ئەبێ کورد کاری جدی لەسەربکات، چونکە ئەو ناوچانەی لەمێژە لاوانی ئەم نیشتیمانە گیانی خۆیانی لەپێناودا بەخش ئەکەن، ئەوا ئەمڕۆ بە ئازادی ئاڵای کوردستانیان بەهۆی دروستبونی ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ تیا ئەشەکێتەوە. بۆیە ئەوەی لەسەر ئێمەی کورد پێویستە ئەبێ پارێزگاری تەواویان لێبکەین و نەهێڵین جارێکی تر ناحەزانی کورد داگیری بکەنەوە و بیکەنە شوێنی تەقینەوە و ماڵوێرانی خەڵکەکەی.
پێویستە کورد لەهەمو کاتێ زیاتر هەوڵی یەکخستنەوەی ماڵی خۆی بداو یەکڕیزی خۆی بپارێزێ، و ئەم هەلە مێژوییە نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی حیزب، چونکە تا ئەمڕۆ چەندین جار بەرژەوەندیە گشتیەکان بۆ دەسەڵات و کورسی بونەتە قوربانی، هەر ئەمەش بوەتەهۆی شکستی سیاسی و سستی کارەکانی کورد لەسەر ناوچە کوردوستانیەکان.
ئەمڕۆ پێویستە پەرلەمان بکرێتە مەرجەعی بڕیاردان و بڕیارەکان لێرەوە بدرێن لەسەر مەسەلە چارەنوسسازەکان، و لێرەوە گفتوگۆی تەواوبکرێ بەدەستخستنەوەی ئەم ناوچانەی کوردستانین و تا ئەمڕۆ نەگەڕاونەتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
زۆر گرنگە کە هەمو بەرژەوەندیە حیزبیەکان وەلانرێن و کار بکرێ بۆ ئەم بارودۆخەی کە ئەمڕۆ هاتوەتە پێش بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق و ناوچەکە. پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە مەشخەڵ بۆ دروستکردنی هێزێکی یەکڕیزی نیشتیمانی، چونکە ئەمڕۆ چەند بڕیار لای سیاسیەکانی کوردە، دە هێندە لەسەر شانی پارێزەرانی نیشتیمانە، ئەو پێشمەرگانەی کە بە موچەیەکی کەم پارێزگاری لەم هەرێمە و سەلامەتی گیانی خەڵکەکەی ئەکەن. هەر تەبایی و یەکڕیزیە ئەبێتە فاکتەر بۆ بڕیاردان و گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، چۆن هەمو هاوارئەکەین بۆ یەکڕیزی و یەك سەنگەری هێزی پێشمەرگە، ئەوا پێویستە سیاسیەکانی کوردیش لەسەر یەك مێزی نەتەوەیی قسە لەسەر کێشەکان بکەن و کۆدەنگبن لەسەر پرسە گرنگەکان و ئەوەی پەیوەندی بەئایندەی نەتەوەکەمانەوە هەیە، بە پێچەوانەوە ئایندەمان هێشتا نادیارە. |
|
|