|
شارە حەیاتەکە و ململانێ فایەق سەرچناری |
27/08/2014 |
لێرەدا نامەوێ وەسفی شاری سلێمانی بەوجۆرە بکەم بەوەی کە لە هەیبەتی شارەکانی تر کەمکەمەوە، ئەوە قسەی بەتەنها من نیە، بەڵکو راستیەکە و پێویستە بوترێ، هەرچەندە لە لایەن زۆربەی سەرکردە کوردە خۆماڵیەکان و رۆشنبیران و شاعیران و ئەدیبان ئەم شارە بەشاری رۆشنبیری و پێشەنگی خەبات و کۆمەڵێ وەسفی تر وەك شارە حەیاتەکە ناوبراوە.
بێگومان سلێمانی ئەو شارەیە کە لە ئەنفال، کیمیاباران، پەتی سێدارە و هەتا لە راپەڕینەکەی ساڵی 1991یشدا پێشەنگی شارەکانی دەستەخوشکی بوە و لێرەوە راپەڕینی جەماوەری دەستی پێکرد، بەڵام هەیبەتی ئەم شارە لەوەتەی کورد حوکمی خۆی ئەکات هەر لە خزمەتگوزاری و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار و ژینگە و زۆر شتی تریش شکاوە و نەتوانراوە بەقەدەر نیوهێندەی باڵای خۆی ئاوڕی لێبدرێتەوە و خزمەتی بکرێ، هەر ئەم هۆکارانەش وای کردوە کە چەندین جار خۆپیشاندانی گەورەی تیا ئەنجامبدرێ، نمونەش خۆپیشاندانەکەی 17ی شوبات کە بوەهۆی شەهیدبونی دەیان رۆڵەی ئەم شارە و بریندارکردنی سەدان تیایدا.
دیارە ئەمانە نمونەی زیندوی خەڵکی سلێمانی و شارەکانی تری کوردستانن، مێژوش ئەیاننوسێتەوە، چونکە کارەساتی مێژویین. دوای ئەو هەمو قوربانیەش خەڵکی زیندوی ئەم شارە بە زەبری چەك و لێدان و ئازاردان نێردرانە ماڵەوە و دەنگەکانیان لەباتی ئەوەی بەهەند وەرگیرێ بۆ چاکسازی و خزمەتگوزاری کپکران.
ئەوەی پێویستە بوترێ، ئەم بارودۆخەی کە هەرێمی کوردوستانی تێکەوتوە و توشی شەڕێکی خوێناوی بوەتەوە، ئەوەتا هەر رۆژە و لە میحوەرێك چەند رۆڵەیەك گیانی خۆیان ئەکەنە قوربانی و بەخوێن شەڕی دوژمنانی نیشتیمان ئەکەن و نایەڵن خاکەکەمان داگیر و وێران بکرێ، لەملاشەوە هەمو لایەك کۆدەنگن لەسەر یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بۆ داکۆکی کردن لەم خاکە، کە هەمومان لێی بەرپرسین. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا یەکڕیزی هەر لەشەڕ و تەنگانەدایە و بەس، ئەی نابێ بکرێتە پێوەر بۆ رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵك،
ئەی ناپرسن خەڵك بۆ دەنگی دا، ئەی هەڵبژاردن بۆ کرا، لای هەمو ئاشکرایە کە هەڵبژاردن بۆ ئەوە کرا کە خەڵك نوێنەری خۆی هەڵبژێرێ و بینێرێتە پەرلەمان و حکومەت بۆئەوەی کاری جدی بکات و لە خزمەتی خەڵکدابێ، بۆئەوەی بەهیمەتی هەمولایەك هەوڵبدرێ نیشتیمان جوانتر و جوانتر بکرێ بۆئەوەی شارەکان خزمەتگوزاری زیاتریان بکرێ، بۆئەوەی لادێکان زیاتر ئاوەدان بکرێنەوە، کەرتی کشوکاڵ پەرەی باشتری پێبدرێ، پێشمەرگە یەکخرێتەوە و گوزەرانیان باشبکرێ، سوپا و هێزی حیزبی نەمێنێ، ...
ئەوەی ماوە هەڵبژاردنی پارێزگاکانە و ئەوەی جێی نیگەرانی خەڵکە دڵسۆزەکەیەتی نەبونی پارێزگارە بۆ سلێمانی بەپێی یاسای هەڵبژاردن، کە ماوەیەکی تێپەڕبوی زۆرە لەم شارە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و بەهەمو کەموکورتیەکانیشەوە لایەنی براوەی یەکەم بزوتنەوەی گۆڕان بو، زۆر بەداخەوە لەوکاتەوە کە ئەم شارە بوەتە جێی ململانێی حیزبی و رێز نە لە دیموکراسی ئەگیرێ و نە لە رای خەڵکیش، بۆیە پێویستە ئەم ململانێیە کۆتایی پێبێت و کەسیش خۆی نەسەپێنێ بەسەر رای خەڵکدا، ئیتر کاتی ئەوە هاتوە ئەم شارە لەوە زیاتر یاری بەچارەنوس و بە موقەدەساتی نەکرێ و بەهەمولایەك بتوانرێ خزمەتی بکرێ، درێژەپێدانی زیاتری ململانێکان ئەبێتە هۆی لێدانی گورزی کاریگەر لە چارەنوسی هاوڵاتیان و نەهێشتنی بەهای دیموکراسی و بەرزبونەوەی ئاستی بێزاری خەڵك، ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمە هەر بەتەنها خەڵکی ئەم شارەن. |
|
|