Print WWW.SBEIY.COM
 کوردستان پێویستی بە سوپای سەربازی زیاترە
فایەق سەرچناری
05/11/2014

دیارە هەر وڵاتێك یان هەرێمێك کە پەرلەمان و حکومەت و هەمو دامودەزگای دامەزراوەیی هەبێت، ئەوا پێویستە دامەزراوەیەکی یاسایی سەربازی هەبێت کە وەزارەتی پەیوەندیدار بەڕێوەی ئەبات، لێرەدا ئەمەوێ راستەوخۆ بچمە ناو ئەو پێداویستیەی کە ئەمڕۆ ئەبێ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری بەپەلەی بۆ بکەن کە ئەویش سوپای سەربازیە.

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە زۆر قەیراندا تێئەپەڕێ و لە هەموشیان ئاڵۆزتر ئەم قەیرانی شەڕەیە، کە لە هەمو لایەکەوە بەرۆکی نیشتیمانی گرتوە، ئەوەتا هەر لە خانەقین و جەلەولاوە تا ئەوپەڕی کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان دوژمنان لە هەوڵی پەلامارداندان بۆ داگیرکردن و کوشتن و بڕینی میللەتەکەمان، نمونەش شەنگال کە چۆن بە سەدان کچ و ژنانی کورد بران و بەئاشکرا و بەبەرچاوی هەمو جیهانەوە سوکایەتییان بە کەرامەتی هەمو گەلی کورد کرد و بەسەدانیشیان گولەباران و سەربڕین شەهید کرد، بۆیە ئەمڕۆ ئەوەی زۆر پێویستە بکرێ و بتوانرێ بەرگری لە دوبارە نەبونەوەی ئەم هەمو کارەساتە بکرێ ئەوا هێزی سەربازیە و ئەرکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە کە هەوڵی تەواو بدات بۆ بە دامەزراوەیی کردنی سوپا یان هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

بەهۆی بەرفراوانی شەڕەکەوە و هێرشی هەمیشەیی و ڕۆڵی وڵاتانی دەوروبەر و بگرە سوپای عێراقیش کە هێندە دڵسۆزی میللەتەکەمان نین کە بەرگری لێبکەن ، وە نابێ و ناکرێ ئێمە چاوەڕێی هیچ کام لەمانە بین کە لەبەرژەوەندی ئێمەدا تەنها یەك هەنگاو بنێن، هەر لەبەر ئەم هۆیانە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش لە قەیرانی بارودۆخەکە ئەوا پێویستی ئەمڕۆمان بە هێزی زیاتری سەربازیە بۆ بەرگری کردن لە خاك و نەتەوەکەمان.

دیارە ئەمرۆ سوپای پێشمەرگە لە هەمو لایەکەوە بەرگری تەواویان کردوە و قارەمانانە ئەجەنگن و کەرامەتی هەمومان ئەپارێزن لە دوژمنان و مەجالی ئەوە نادەن، کە دوژمنانی مرۆڤایەتی خاکی نیشتیمان گڵاو بکەن، بەڵام ئەوە بەس نیە، چونکە پێویستی هەرێم بە هێزی زۆرترە و سەربازی زیاتربۆ ئەوەی لەم جەنگە و هەر بارودۆخێکی تری نەخوازراودا پێشهاتبێ بتوانین تێیدا سەرکەوین، ئەوەی گرنگە بۆ ئەمڕۆ ئەوەیە:

یەکەم: هەوڵ بدرێ ئەو سەربازانە یان ئەو پێشمەرگانەی کە لە ساڵەکانی 2003وە تەمەنیان گونجاوە و خانەنشین کراون، بەڕەسمی بگەڕێنەوە ناو سوپای هێزی پێشمەرگە ئەوانەی کە خانەنشین کراون و ناویان لە لیستی خانەنشینیدا هەیە، بەهەمان شێوە ئەمانیش بگەڕێنرێنەوە ناو سوپای هێزی پێشمەرگەو رێکبخرێنەوە و مەشقیان پێ بکرێ.

دوەم: هەوڵ بدرێ سەربازی زیاتر وەرگیرێ بە ناونوسین بۆ هەمو کەسێ بە ئازادانە و لە بەرامبەریشدا موچەی تەواویان بۆ دابین بکرێ ، وە هەوڵیش بدرێ با سەربازی سلێمانی لە زاخۆ و بە پێچەوانەشەوە، چونکە خاك یەك خاکە و میللەتیش هەر یەك میللەت و ئامانجیش یەك ئامانجە، وەك ئەوەی ئەمڕۆ کە پێشمەرگەی باشور بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەکات، کە هەنگاوێکی سیاسی زۆر باشە لەسەر ئاستی کوردستان و هەم وڵاتانی دەرەوەش بۆ پاڵپشتی زیاتر.

سێیەم: هەوڵ بدرێ ئەو فەوج و لیواو هێزانەی کە سەربە حیزبن یان سەربە کەسانی سیاسی ناو حیزبەکانن ، موچەیان هەر لە بودجەی حیزبەکانیان یان لەلایەن ئەو کەسە باڵا دەستانە خۆیانەوە بۆ دابین بکرێ ، ئەگەر لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نەبن.

چوارەم: هەوڵ بدرێ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆش بەهەمان شێوە کار بکەن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا بۆ ئەوەی بتوانرێ بە شێوەیەکی یاسایی تر کارەکان ڕێکبخرێتەوە و کوردستانیش هەم لە هەمو بەرەکانی شەڕدا باشتر بپارێزرێ و هەمیش ناو شارەکان لە کردەوەی تیرۆرستی بەدوربن، ئێمە نابێ چاوەڕێ بین لەوەی کە ئەگەر ئەمڕۆ لەم جەنگە سەرتاسەریەدا سەرکەوین ئیتر کۆتایی بە هەموی دێت ، بەڵکو ئەبێ هەر لە ئێستاوە هەمومان بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە چاوەڕێی ڕوداوی زۆر لەمانەی ئەمرۆ زیاتر بکەین، تا ئەوکاتەی لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا مافەکانی گەلەکەمانی تیا ئەچەسپێ و تا ئەو رۆژەی کە کوردستانێکی یەکپارچە دروست ئەکەین و تێکڕای گەلەکەمان بە ئازادی تەواوی خۆمان ئەگەین، هەر بۆیە پێویستە بە هەمومان کار بکەین بۆ هێنانەدی هەمو ئاواتەکانی میللەتەکەمان ، کە بەدرێژایی مێژو خوێنی پێ بەخشیوە.