|
پۆستی پارێزگار یان خزمەتی خەڵك؟ فایەق سەرچناری |
02/12/2014 |
ئەوەی لە چەمکی دیموکراسی گەیشتبێ تێئەگات لە ماناکەی و ئاراستەکەی کە تاك چۆن پەروەردە ئەکات و تێکڕای کۆمەڵگاش بەچی ئاراستەیەکی زیندودا سەرئەخات، دیارە هەڵبژاردن لە لایەن خودی خەڵکەوە ئەمەش چەمکێکی زۆر گرنگی ترە لە دیموکراسیدا، چونکە ئازادی تەواو فەراهەم ئەکات بۆ دەنگدەر کە خۆی خاوەنی بڕیاردان بێ و بێ سڵەمینەوە و دودڵی هیچ شتێك کاری تێ نەکات تەنها ئەوە نەبێ، کە خۆی بڕوای تەواوی پێیەتی لە کاتی دەنگدانیدا، بۆیە ئەم چەمکەی کە پێی ئەڵێن ئازادی تاك زۆر گرنگە بۆ بەرەوپێش چونی هەر کۆمەڵگایەك، نمونەی دیموکراسی راستەقینەیە ئەوەیە کە بەچاوی خۆمان ئەیبینین و ئەیبیستین کە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکادا چۆن هەر چەند خول جارێ سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حیزبەکان ئاڵوگۆڕ پێ ئەکەن، بۆئەوەی ببنە شاڕێگایەك بۆ خزمەتی وڵات و خەڵکەکەی، لەملاشەوە هیچ مەجالی ئەوەیان پێنادەن کە هێلانەی گەندەڵی دروست بکەن و شوێنەکانیان گەرم بکەن بۆئەوەی بە ئاسانی بەکاری بهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
کوردستانی باشور هەر لەسەرەتای ساڵی 1991وە بە ئاراستەیەکی باش لە کارکردن و ئازادی تەواو فەراهەم بکرایە بۆ هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، دڵنیام کۆمەڵگاکەمان هیچی کەمتر نەئەبو لە هەمو وڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیای ئەمڕۆ، چونکە بەم هەمو کەموکوڕیەی ئەم حیزبانەشەوە کە چەندین ساڵە کاری لەسەر ئەکەن، ئەوەتا ئەمڕۆ هاوڵاتی کورد ئەتوانێ بڕیاری خۆی بدا و زۆر لە هەوڵیشدایە بۆ پێشخستنی چەمکی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا. مەسەلەیەکی کوردی هەیە ئەڵێ: خویەك گرتت بە شیری، تەركی نادەی بە پیری.
ئەم حیزبانەی کە خۆیان بە خاوەنی هەمو کوردستان و خەڵکەکەشی ئەزانن، نە لە دیموکراسی تەواو گەیشتون و نە ئەشیانەوێ تێبگەن، چونکە ئەوان هەر لەسەرەتاوە دەسەڵاتدار بون و ئەشیانەوێ ئەو دەسەڵاتە هەر لەدەست خۆیاندابێ، لەبەرئەوەی درێژەی کێشاوە و خویان پێوە گرتوە، هەر بۆیەش تا ئەمڕۆ نە دەنگدان کاری تێکردون و نە دەنگدەریش بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتەکەیان.
لە سلێمانی بە دەیان هەزار کەسی ئەم شارە رژانە سەر شەقامەکان، کێ بو گوێی لێگرتن، هەمویان کەڕبون لە ئاست داواکاری خەڵکەکەیدا، بەوەشەوە نەوەستان و چەندینیان شەهید و بریندار کرد، کە تا ئەمڕۆش دادگای وڵاتێك نەیتوانیوە کەسێك لە تاوانبارەکان زیندانی بکات. لەسەر نوسین چەندین خەڵکی ئاازادیان شەهید و بریندار کرد لەم نیشتیمانەدا کە دواهەمینیان کاوە گەرمیانی بو، بەڵێ دادگاکان چیان کردوە بۆ حەقی راستەقینەی ئەم خەڵکە.
لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانیش ئەوان تەنهاو تەنها کورسی سەرەوەیان زۆر لا مەبەستە، نەك لەوێوە مەبەستیان چاکسازی و خزمەتی خەڵکی ئەم شارەبێ، چونکە راهاتن شتێکە و کارکردنیش یان خزمەتکردنی خەڵك شتێکی ترە، دڵنیاشم لەوەی کە پاساوی زۆر سەیروسەمەرە ئەهێننەوە و ئەیکەن بە لەمپەر لەبەردەم دیموکراسی و هەڵبژاردندا تەنها بۆئەوەی خۆیان لەو دەسەڵات و فەرمانکردنەدا وەکو خۆیان بمێننەوە، ئەگەر دەسەڵاتەکەشیان لێوەربگیرێتەوە، ئەوکاتە ئەبنە رێگر لەبەردەم چاکسازیدا، ئێمە نمونەمان زۆرن باوەڕناکەم بە دە هێندەی تر بتوانین نمونەکان هەموی باس بکەین.
ئەوەی زۆر گرنگە ئەمرۆ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، کارکردنی زیاتر لە پێناو بەدەستهێنانی داواکانی خەڵکدا، راستە پێشێلکردنی دیموکراسی لەهەر وڵاتێکدا ئەبێتە هۆی بێئومێدی خەڵك و دەنگدەران، بەڵام ئەمڕۆ خەڵکیش پێویستی بە خزمەتکردنە، لەو بڕوایەدام زۆرینەی خەڵك بڕوایان وابێ گرنگ نیە کێ ئەیبا بەڕێوە، بەڵام گرنگترین شت بەلایانەوە کارکردن بێ.
زۆر بەداخەوە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم شەڕێکی نەخوازروادا وەستاوە و لە هەمو لایەکیشەوە ناحەزان و دوژمنان چاویان تێبڕیوە، بۆیە ئەبو ئەم پرسەی پارێزگاری سلێمانی و کێشە ناوخۆییەکان هەر زوتر چارەسەر بکرانایە، لەبەرئەوەی لە ناوخۆدا پێویستە کاری زیاتر و خزمەتی زیاتری نیشتیمان و خەڵکەکەی بکرێ، ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان هاوکێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گۆڕیوە و ئەتوانێ کەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاندا دابنێ و چاودێری تەواویان بکات لە راپەڕاندنی ئیش و کارەکانیاندا بۆئەوەی بیسەلمێنی بۆچی دروست بوە و ئامانجی چیە.
ئەوەی زۆر گرنگ و پڕبایەخە بۆهەمو لایەکمان کارکردنی ئەو بەڕێزانەیە کە خەڵك دەنگی پێداون لەناو بزوتنەوەکەدا، بە دڵسۆزانە لەبەرامبەر خوای گەورە و میللەتدا، بۆیە مانەوەی حوکمڕانی درێژخایەن پێویستی بە کاری زیاتر و پشودرێژی زیاترهەیە، هەر ئەم رێگایەشە ئەبێتە هۆی ساڕێژکردنی هەمو برینەکانی چەند ساڵەی کۆمەڵگاکەمان و سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی.
|
|
|