|
ئەرکی گۆڕان لەناو رەوەندی کوردی بۆ قۆناغی نوێ فایەق سەرچناری |
31/01/2015 |
رەوەندی کوردی لە دەرەوە ئەو چەمکە گرنگ و بەهێزەی کۆمەڵگایە کە لە هەمو کات و ساتێکدا پێویستی کردبێ ئامادەیی خۆی پیشانداوە و کاریگەری و رەنگدانەوەی زۆر باشی هەبوە لەسەر هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی لە سەر کۆی پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان، یان هەر کارەساتێکی نەخوازراو کە روبەڕوی هەر پارچەیەکی کوردستان بوبێتەوە، ئەمە لە لایەك و لەلایەکی تریش لە کۆمەك کردن و هاوکاری خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەك درێغیان نەکردوە و هەمیشەش لە هەوڵدابون و دەستی یارمەتیان هەبوە بە تایبەتی لەکاتی روداوەکاندا، دیارە ئەمەش هەستێکی نەتەوەیی پیرۆزە بە تایبەتی لەو قۆناغانەی کە مەترسی ئەکەوێتە سەر کوردستان. بە نمونە ئەو شەڕەی ئەمڕۆ کە دەرگای هەمو ماڵێکی گرتوە. بەگشتی ئەتوانین بڵێین رەوەندی کوردی لەدەرەوە رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە.
دیارە هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕاندا و بەتایبەتیش ئەو دروشمانەی کە بۆ قۆناغی کاری داهاتوی بزوتنەوەکە بەرجەستەی کردن، کە گرنگترینیان باوەڕبون بە رەوەندی کوردی و پشتبەستن پێیان، رێکخستنی رەوەندی کوردی و بەشداری پێکردنیان لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەکەدا، ئەمە ئەو دەرگا داخراوانەی تێکشکاند و بوە مایەی خۆشحاڵی بۆ ئەم بەشە گرنگەی کۆمەڵگای کوردی لە دەرەوەی وڵات. کە لە زۆربەی وڵاتان توانی ئەنجومەنی وڵات و لە شارەکانیشدا رایەڵەی بازە دروست بکات، ئەمە سەرەتایەکی زۆر گرنگ و مژدەبەخش بو بۆ رەوەندی کوردی کە بەشداریان پێکرا لە بڕیاردانی ناو بزوتنەوەکە و ئەتوانین بڵێین کاریگەری زۆر باشی دروستکرد لە بەرەوپێشچونی، چونکە بەڕاستی لەو ماوە مێژوییە دورودرێژەی حیزبە کوردستانیەکاندا ئەمە مۆدێلێکی زۆر دیموکراسیانەی نوێ بو کە بزوتنەوەی گۆڕان دایهێناو لەناو رەوەندی کوردیدا پەخشی کرد و کاری لەسەر کرد. دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم راستیە ئەسەلمێنێ.
دیارە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی بازنەی شارەکاندا ئەنجامدراو بەسەرکەوتوانە کۆتایی پێهات، ئەویش دور لە سانسۆر، بە چاودێری خەڵکی بێلایەن و دڵسۆز و خەمخۆری بزوتنەوەکە، ئەگەر کەموکوڕییش هەبوبێ ئەوا زۆر بچوکبون و تێکڕای پرۆسەکە سەرکەوتوبو. قۆناغی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی وڵات و جڤاتی نیشتیمانی بەم نزیکانە ئەنجامئەدرێ. ئەوەی جێی سەنجە و لە دو ساڵی رابوردودا زۆر کاری لەسەر نەکراوە یان بوەتە جێی رەخنەی زۆرێك لە ئازادیخوازان و هەمیش هەڵسوڕاوان، ئەوەیە ژنان زۆر بەکەمی ئەبینرێن لەناو کاندیدەکاندا بۆ پۆستەکان، هەر بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە دەستەی بەڕێوەبەرانی بازنەی شارەکان و ئەنجومەنی نوێی دەستبەکار گرنگیەکی تەواو بەم لایەنە بدەن و کاری جدی بۆ بکەن، چونکە بەڕاستی ژنانی ئێمەش هیچیان کەمتر نیە لە پیاوان و ئەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن لەبەرەو پێشچونی بزوتنەوەکە و بەشداری راستەوخۆ بکەن لە بڕیارداندا، ئەمەش لەسەر هەمو لایەك پێویستە کاری تەواوی بۆ بکەن، لەلایەکی تریشەوە پێویستە ژنانی کوردیش خۆیان بێنە ناوەوە و چاوەڕێی پیاوان نەکەن، چونکە ئەم دیاردەیە هەر لە کۆمەڵگا شەرقییەکاندا بەدی ناکرێ، بەڵکو لە کۆمەڵگای پێشکەوتوشدا ژنان خۆیانن ئەو رۆڵە گرنگە ئەگێڕن و هەوڵ ئەدەن بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان لەناو حیزبە سیاسیەکاندا و هەمیش بڕیاردەرن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. بزوتنەوەی گۆڕان ئەو دەرفەتەی رەخساندوە بۆ ژنان و لە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕاندا چەسپیوە کە بەشی حەوتەم تایبەتە بە رەوەندی کوردی لە ئەنجومەنی وڵاتدا کە حەوت ئەندامن دیارە یەکێکیان تایبەتە بە ژنان و ئەو بەڕێزەی ئەم ئەرکە ئەگرێتە ئەستۆ هەروەك لە دەستورەکەدا ئاماژەی پێدراوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.
2/7 نوێنەری ئافرەتان بەرپرسە لە:
1/7/2 بەدواداچونی پرسی ئافرەتی کوردستانی لەو وڵاتەدا.
2/7/2 هەوڵدان بۆ دۆزینەوە و پێگەیاندنی هەڵسوڕاوی نوێی چالاکی بواری ئافرەتان لەناو کابان، فەرمانبەران، کارمەندان و خوێندکاراندا.
3/7/2 دامەزراندنی تۆڕی پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتانی پشتیوانی گۆڕان و لەگەڵ ئافرەتانێ کە ناخوازن کاری رێکخراوەیی بکەن.
4/7/2 دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی تایبەت بە ئافرەتان و رێکخراوی ئافرەتانی سەر بە لایەنە سیاسیەکان.
5/7/2 دەبێ خوێندەوار بێت.
بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان و دەستورەکەی هەمیشە دەرگای ئاوەڵا کردوە بۆ ژنانی کورد، کە بێن و بەشداربن لە پرسە چارەنوسسازەکانداو خۆیان کاندید بکەن لە هەر بوارێکدا کە بیانەوێ کاری تێدا بکەن. ئیتر کاتی ئەوە هاتوە ژنانی کورد بە گشتی و ژنانی دەرەوەی وڵات بە تایبەتی بەشداربن لە بەرەوپێشبردنی وڵات و شانبەشانی پیاوان بڕیاردەربن لە پرسە گرنگرکاندا. |
|
|