|
گه‌نده‌ڵی -2- ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح مه‌عروف |
18/03/2015 |
له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نوسینه‌دا، شرۆڤه‌یه‌كی هه‌مه لایه‌نی گه‌نده‌ڵیمان كرد‌و ئه‌و هۆكارانهشمان خسته‌ڕو، كه ده‌بنه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵی، له‌م به‌شه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی زانستیانه‌تر شوێنی ئازاره‌كانی په‌تای گه‌نده‌ڵی ده‌ستنیشان بكه‌ین و دەرگاكانی ده‌ربازبون له چه‌قبه‌ستوی به‌ڕوی ئه‌گه‌ره چاره‌سه‌رییه‌كاندا بكه‌ینه‌وه، شرۆڤەی جۆره‌كانی گه‌نده‌ڵی و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و نه‌خۆشیه کوشنده‌یه ده‌خه‌ینه به‌رده‌م خه‌مخۆران و دڵسۆزانی ئێستا‌و ئایندهی نیشتمانه توش بوهكهمان به په‌تای گه‌نده‌ڵی.
یه‌كه‌م / جۆره‌كانی گه‌نده‌ڵی
1/ گه‌نده‌ڵی سیاسی:
له‌چوارچێوه‌ی ههرئایدۆلۆژیاو سیسته‌مێكی حوكمڕانیدا بێت، گه‌نده‌ڵی سیاسی بریتیه له (لادان له‌به‌رنامه و ئامانج و په‌یڕه‌و و پره‌نسیپه سیاسییه‌كان)، له‌دنیای سیاسه‌تیشدا كه (دیموكراسی بۆته ئایدۆلۆژیای ئایدۆژیاكان، و سیسته‌می په‌رله‌مانیش بۆته باشترین سیستمی حوكمڕانی)، نه‌شیاوه له‌ڕه‌وشێكی بڕوابون به (دیموكراتی و فره‌یی و ئازادی و هه‌ڵبژاردن)، بیری پارتی پێشڕه‌و و پیرۆزكردنی حیزب، له‌رێگه‌ی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئابورییدا له‌پێناو به‌كارهێنانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و حیزبی بێته‌كایه‌وه، كه له‌بڕی به‌رجه‌سته بونی مهفاهیمهكانی هاونیشتمانی بون و سه‌روه‌ری یاسا، (حیزب خۆی به‌خاوه‌ندار و بڕیارده‌ری هه‌مو كایه‌كانی (سیاسی و ئابوری و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و راگه‌یاندن و... هتد) زانی، ئه‌وه قۆرخكاری و به‌حیزبیكردن هه‌مو كایه‌كانی حوكمڕانی و مهفاهیمهكانی ژیانێكی شایسته به تاك، تا راده‌ی پێداگری و به‌رده‌وامیدان به ناشه‌رعییه‌تی حوكم)، ده‌بێته قۆناغێكی ترسناكی گه‌نده‌ڵی سیاسی، به‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌كه‌وێته به‌رده‌م نه‌شته‌رگه‌ری حیزبی، له‌ڕه‌وشێكی له‌و شێوه‌یه‌شدا كه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خرایه ژێر به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌وه، ئه‌وه سیاسه‌ت خولانه‌وه ده‌بێت له بازنه‌یه‌كی داخراودا، له‌ئاوا سیاسهتێكیشدا وه‌ك بینیمان و ده‌بینین پیرۆزیه‌كانی (سه‌روه‌ری نیشتیمانی) به جۆرێك له جۆره‌كانی خیانه‌ت كه‌وتن و ده‌كه‌ونه ده‌ست دوژمنانی نیشتیمان،و بون و ده‌بنه شانازی بكەرانیشی كه حیزبن. په‌رله‌مان و حكومه‌تیش له‌بری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و حوكمڕانی گه‌ل ده‌بنه ئامرازی ده‌ستی حیزب بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان .
2/ گه‌نده‌ڵی ئیداریی:
ئه‌نجامدانی (هه‌ڵسوكه‌وت و ده‌ركردن و وه‌رگرتنی) بڕیاری نافه‌رمیه دژ به په‌رژه‌وه‌ندی گشتی، كه هه‌ڵسوكه‌وته نافه‌رمیه‌كان دژ به مافه‌كانی ژیانی تاك جێگه‌ی هه‌ڵسوكه‌وته فه‌رمیه‌كانی گرتۆته‌وه، ده‌رئه‌نجام پێشێلكردنی یاساكانی خزمه‌تی شارستانی و پشتگوێخستنی پره‌نسیپه كارگێڕییه‌كان، گۆڕانكاری نه‌خوازراوی دژ به‌گه‌شه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی دێنێته كایه‌وه، له هه‌ر سیسته‌مێكی حوكمڕانی و كایه‌یه‌كی كارگێڕیدا كه كۆده‌نگی له‌سه‌ر بونی دیارده‌كانی: (باوه‌شكردن به كورسی ده‌سه‌ڵاتدا)، (به‌كارهێنانی توندڕه‌وی و تاكڕه‌وی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت)، (هه‌ڵئاوسانی وه‌زیفی و زۆربونی بێكاریی شاراوه)، (نه‌بونی كه‌سی شیاو له‌شوێنی شیاودا)، (هێنانه پێشه‌وه‌ی كه‌سانی نائیداری به‌پێوه‌ری ناوچه‌گه‌ری و حیزبایه‌تی و خزمایه‌تی و ده‌سته‌گه‌ری و...هتد)، (به‌فیڕۆدانی كات و توانا‌و پاره به‌هۆی نه‌شاره‌زایی و بێتوانایی)، (نه‌بونی راشكاوی له‌ده‌ربڕینی بیروڕاو ده‌ستنیشانكردنی راستییه‌كان له‌ترسی سزادان)، (ناهاوسه‌نگی له‌نێوان په‌یوه‌ندییه فه‌رمی و مرۆییه‌كان و بێدادیی له‌دابه‌شكردنی ئه‌رك و ماف‌دا)، (بێپلانی لهڕێكخستن و هاندان و چاودێری ولێپرسینه‌وه)، (لاوازیی دادگای ئیداریی و جیاوازی لهدیسپلینی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی ده‌وڵه‌تدا) به هاتنه‌كایه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌و ده‌یان كێشه‌ی ئیداریی تریش، ئه‌و ده‌مه پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و تاقم و ده‌سته و حیزبی جێگه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئه‌گرێته‌وه .
3/ گه‌نده‌ڵی دارایی و ئابوری:
ئه‌م جۆره‌ی گه‌نده‌ڵی، به‌هۆی (لاوازی داموده‌زگا گشتییه‌كان و نزمیی ئاستی وه‌به‌رهێنان و ئاڵۆزی له‌داهات و دابهشكردنداو لاوازبونی ژێرخانی ئابورییه‌وه، ده‌بنه یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی زیادبونی رێژه‌ی بێكاری و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كانی نه‌بونی و هه‌ژاری)، له‌لایه‌كی ترەوە (به‌هه‌ده‌ردان و ده‌ست بهسهراگردنی داهات و گهڵهكهكردنی سامانه له‌لایه‌ك كه‌مینه‌یه‌كی ده‌ستڕۆشتوه)، له هه‌ر سیسته‌م و كایه‌یه‌كی دارایی و ئابوری دا كه لادان (له‌یاسا و رێنماییه داراییه‌كان و لاوازی له جێبه‌جێكردنیاندا) هاتنه‌كایه‌ی، كۆده‌نگی له‌سه‌ر هه‌بونی دیارده‌كانی: (به‌رتیل، شیرینی، به‌خشیش، دزی و ته‌زویرو ساخته‌كاری، چاوبڕینه ماڵی ده‌وڵه‌ت)، (ناردنی پاره له‌لایه‌نی به‌رپرسانه‌وه بۆ بانك و بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات)، (ناڕۆشنی له‌داهات و خه‌رجی و حساباتی كۆتایی و بودجه‌ی گشتیدا)، (دیارنه‌مان و به‌فیڕۆدانی پاره‌ی زۆر له پرۆژه‌كان و هاورده‌و هه‌نارده‌و له‌كاتی كڕینه‌كان و چاككردنهوهكان و دروستكردنه‌كان و بهڵێندهرایهتییهكاندا)، (بونی جۆره‌ها میدیا‌و ده‌زگای جۆراوجۆر له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌ت، كه ته‌نها ئه‌ركیان پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و شكاندنی به‌رامبه‌ره‌كه‌یه‌تی به‌نه‌فه‌سی كاتی بانگه‌شی هه‌ڵبژاردن)، (نه‌بونی سیاسه‌تی ئابوریی بۆ چاره‌سه‌ركردنی دیارده‌كانی نزمیی ئاستی وه‌به‌رهێنان و په‌كخستنی پرۆژه بچوكه‌كان)، (له‌بری به‌كارخستنی هێزو تواناكانی كار بهموچهخۆركردنی كۆمه‌ڵگا كرایه به‌خشیشی حیزبه‌كان) ئهمانەو ده‌یان هۆكاری تریش واتا نه‌پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌كان و كۆسپی به‌رده‌م گه‌شه‌و بنیاتنان و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری.
4/ گه‌نده‌ڵی کۆمەڵایەتی :
(كه‌مته‌رخه‌می، ناكۆكی، ده‌مارگیری، توندڕه‌وی، تاوان، بێدادی)، (نزمی ئاستی هه‌ڵسوكه‌وتی پیشه‌یی)، (گوێنه‌دانه مافی گشتی، هه‌ستكردن به بونی زوڵم، بڵاوبونه‌وه‌ی رق وكینه، هه‌ژاری، تێكچونی په‌یوه‌ندیی کۆمەڵایەتی، نه‌بونی دادی کۆمەڵایەتی....هتد)، ده‌بنه هۆكاری نزمبونه‌وه‌ی ئاستی ویژدانی و ره‌وشتی مرۆیی و به‌زاندنی به‌ها پیرۆزه‌كانی کۆمەڵ، كه‌واتە ئه‌م جۆره گه‌نده‌ڵیه به‌زاندنی بنه‌ما (ره‌وشتی و ویژدانی) یه مرۆییه‌كانه، ده‌رئه‌نجام مافخوراو ماف زه‌وتكه‌ر و چه‌وساوه و چه‌وسێنه‌ر و ته‌نانه‌ت جیاوازی چینایه‌تی و حیزبی بون و ناحیزبی بون و گه‌لێ ناكۆكی و جیاوازی و كێشه‌ی نهشیاوتری کۆمەڵایەتی تا ئاستی بێمنهتبون و كه‌مبونه‌وه‌ی متمانه له‌نێوان هاوڵاتیان و په‌رله‌مان و حكومه‌ت دێته كایه‌وه، ئه‌م جۆره گه‌نده‌ڵیه هێزی پێشكه‌وتن و كرانه‌وه و مرۆڤدۆستی په‌ك ده‌خه‌ن .
5/ گه‌نده‌ڵی دادوه‌ری و یاسایی:
گه‌نده‌ڵی له‌بواره‌كانی یاسادا مه‌ترسیترین جۆری گه‌نده‌ڵییه، چونكه هه‌مو گه‌نده‌ڵیه‌كانی تر له‌م رێگه‌یه‌وه به‌لادان له‌بنه‌ما یاساییه‌كان، ئاره‌زومه‌ندانه له‌چوارچێوه‌ی چه‌واشه‌كاریدا به‌یاسای ئه‌كرێن، كه‌واتا ئه‌م جۆره گه‌نده‌ڵیه به ڕوخێنه‌ری حوكمی یاسا داده‌نێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری توشی په‌تای گه‌نده‌ڵی ببێت، جێبه‌جێكردنی یاسا به‌پێی خواست و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ستڕۆیشتوان واتا نا سه‌ربه‌خۆیی ده‌زگاكانی چاودێریی و دادپه‌روه‌رییه، ره‌شێكی له‌و شێوه‌یه‌ش زه‌نگێكی مه‌ترسیداری شاردنه‌وه و به یاسایی كردنی جۆره‌كانی تری گه‌نده‌ڵیه.
دوه‌م/ رێگاكانی چاره‌سه‌ركردنی گه‌نده‌ڵیی:
ئه‌گه‌ر هه‌مو لایه‌نه‌سیاسی و ناوه‌نده ئیداریی و ئابورییه‌كان پێكه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی بده‌ن، ئه‌وا كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی له ره‌گ و ریشه‌وه چاره‌سه‌رئه‌كرێت، ئێمه له‌م دۆخه چه‌قبه‌ستوه‌دا پێویستمان به دۆزینه‌وه‌ی سیسته‌مێكه كه له‌سه‌ره‌تاوه بناغه‌ی پته‌و دامه‌زرێنێت بۆ شێوازی نوێی كاركردن كه له‌گه‌ڵ جیهانی پێشكه‌وتن و مافه‌كانی مرۆڤ دا بگونجێت، دۆزینه‌وه‌ی شێوازی هاوچه‌رخانه بۆ دروستبونی شه‌فافییه‌ت له كایه (سیاسی و ئیداریی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسا)یه‌كاندا، سه‌ره‌تای هه‌نگاونانه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سود وه‌رگرتن له ئه‌زمونی وڵاتانی پێشكه‌وتودا، پێویسته خه‌مخۆرانی بنیادنانی ئێستا‌و ئاینده له‌پێناو شكۆمه‌ندی تاك و مرۆڤایه‌تی و نیشتماندا په‌یامی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دیارده‌یه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و لۆژیكی بگه‌یه‌نن، تا هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه رۆشنتر بخرێنه به‌ر دیده‌ی پارێزه‌رانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ، لەوانەش:
1- بونی ئیراده‌یی سیاسیی به‌هێز كه (دۆخی شۆڕشگێڕی حیزبی تێپه‌ڕێنێت)، هه‌نگاوه‌كانی دیموكراتیزه‌كردن و به‌یاساییكردنی هه‌مو بواره‌كانی ژیان به فراوانكردن و كاراكردنی بازنه‌كانی چاودێری وشهفافییهت دهستبێبكات .
2- زۆر دروشمی حیزبی هه‌یه كه پێویسته له وته‌وه بكرێن به كردار به نمونه (پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، سه‌روه‌ری یاسا،... هتد).
3- دانانی یاسا بۆ دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و سزادانی گه‌نده‌ڵكاران به‌بێ ره‌چاوكردنی جیاوازی له پله وپایه‌دا.
4- دابینكردنی ئارامی و دڵنیایی بۆ هه‌موان و دوركه‌وتنه‌وه له‌هه‌مو جۆره‌كانی (چه‌وساندنه‌وه و پشتگوێخستن و به‌حیزبی كردن و ...هتد).
5- زامنكردنی ئازادیی بیروڕاو میدیای ئازاد و نرخاندنی هه‌وڵه‌كانیان بۆ بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی .
6- چاكسازی ئیداریی له‌ڕێگه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی داموده‌زگاكان و نه‌هێشتنی هه‌ڵئاوسانی ئیداریی،و دانانی خه‌ڵكی مشورخۆر له‌جێی مشه‌خۆر.
7- كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كان به‌ڕونی و پاكی، و خه‌رجییه‌كان و ئاماده‌كردنی بودجه‌ی ساڵانه به‌شێوه‌یه‌ك بن كه دادپه‌روه‌ریی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ربكات.
8- كاراكردنی رۆڵی ده‌سته‌ی نه‌زاهه و دیوانی چاودێریی ئیداریی و دارایی.
9- كاركردن بۆ بوژانه‌وه‌ی كه‌رته بهرههمبهخشهكان، تا له‌بری زۆركردنی بێكاری شاراوه، هێزو تواناكانی كار‌و به‌رهه‌مهێنان بهكاربخرێنهوه.
10- هه‌وڵدان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی و رۆشنبیری سه‌باره‌ت به ئه‌مانه‌ت و ده‌ستپاكی و ره‌وشت به‌رزیی و پاراستنی ماڵی گشتی.
ئه‌مانه‌و ده‌یان خاڵی تریش كه له‌بیر و هۆشی ههریهكهماندا دێت و ده‌چێ و به‌دوای مهنفهزێكی كوێگرتن و شرۆڤكردن و جێبه‌جێكردندا ده‌گەڕێن، نایه‌ته‌دی (ئه‌گه‌رهه‌ر خاوه‌نی ره‌وشێكی لێواو لێو لهحهماسی شۆڕشگێڕی حیزبی بین، ئه‌گه‌ر كاربه‌ده‌ستانمان خاوه‌نی قسه‌ی زۆر‌و كرداری كه‌م بن، ئه‌گه‌ر كاره‌كته‌ره‌كانی حیزب له‌یه‌ك كاتدا كاربهستی حیزب وحكومه‌ت و بازرگان‌یش بن،... هتد) به‌هه‌ر حاڵ كورد وته‌نی ئه‌م هه‌ویره ئاو زۆر ئه‌كێشێت، با له‌مانگی ئازاری پڕ له (بۆنه‌و یادو كاره‌سات)دا به سیاسیه‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆمان بڵێن، ره‌حمێك به‌و دروشمه (كوردایه‌تی و نیشتیمانی و مرۆڤدۆستانه) بكه‌ن كه ده‌ریایه‌ك خوێنی له پێناودا بۆ به‌خشراوه؟!
تێبینی/ بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته سودم له نوسینێكی به‌ڕێز (مه‌حمود كریم احمد) وه‌رگرتوه، كه له 2/11/2010 لەرۆژنامهی رۆژنامەدا بڵاوكراوه‌ته‌وه. |
|
|