Print WWW.SBEIY.COM
 كام جۆری‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان گونجاوه‌؟
کارزان محەمەد ئەمین
21/05/2015
سیسته‌می‌ سیاسی‌ داینه‌مۆی‌ ده‌وڵه‌ت و ژیانی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌، به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت كه‌ بریتییه‌ له‌به‌شێكی‌ گرنگی‌ كۆی‌ سیسته‌می‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، كارده‌كات بۆ رێكخستنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و حكومكردنه‌وه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ كۆمه‌ڵێك یاساو رێسای‌ رێكخراو.

سیسته‌مه‌ سیاسیه‌كان له‌جیهاندا جیاوازو فره‌شێوه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، له‌دیارترینیان سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ و سه‌رۆكایه‌تی‌ و نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌، بەڵام به‌رله‌وه‌ی‌ بڕیار له‌دیاریكردنی‌ هه‌ر سیسته‌مێك بدرێت بۆ هه‌ر وڵاتێک ده‌بێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ ورد بۆ ئه‌و وڵاته‌ بكرێت له‌ڕوی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و كلتوری‌ و پێشینه‌ی‌ دیموكراسییه‌وه‌، چونكه‌ سیسته‌مه‌كان به‌پێی‌ بارودۆخی‌ تایبه‌تی‌ وڵاتان ده‌گۆڕێن، واته‌ مه‌رج نییه‌ كه‌ جۆره‌ سیسته‌مێك بۆ وڵاتێك گونجاو سه‌ركه‌وتو بو ئه‌وا له‌ وڵاته‌كانی‌ دیكه‌شدا سه‌ركه‌وتو ده‌بێت.

بۆ نمونه‌ سیسته‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌كه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاتانه‌دێت كه‌ له‌ڕوی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌و پێشكه‌وتون و پێشینه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ به‌هێزیان هه‌یه‌، واته‌ هه‌ر وڵاتێك ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ تێدا بێت ئه‌وا سیسته‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌كه‌ڵكی‌ دێت، هه‌ربۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م  سیسته‌مه‌ له‌ ئه‌مەریكا به‌هۆی‌ ئه‌م مه‌رجانه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ گونجاوه‌ كه‌ تازه‌ به‌ره‌و دیموكراسی‌ ده‌چن و له‌ڕوی‌ شارستانیشه‌وه‌ دواكه‌وتون، چونكه‌ له‌م سیسته‌مه‌دا په‌رله‌مان ده‌توانێت چاودێری‌ حكومه‌ت بكات، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌زۆرێك لەو وڵاتانەدا سه‌ركه‌وتو بوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ هندستان. له‌هه‌مانكاتدا زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ به‌ره‌و دیكتاتۆری‌ رۆشتن به‌تایبه‌ت لەڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا یان له‌ڕێگه‌ی‌ سیسته‌می‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ بوه‌ یان له‌ڕێگه‌ی‌ سیسته‌می‌ نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ بوه.
 
بۆیه‌ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ گونجاوترین سیسته‌مه‌ بۆ ئەو وڵاتانە، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
یه‌كه‌م هۆكار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانیدا په‌رله‌مان مه‌رجه‌عه‌ بۆ دروستكردنی‌ حكومه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ په‌رله‌ماندا فره‌ڕایی‌ هه‌یه‌ ئه‌م فره‌ڕاییه‌ له‌ناو حكومه‌تیشدا ره‌نگده‌داته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش شتێكی‌ باشه‌ بۆ وڵاتانی‌ دواكه‌وتو.

هۆكاری‌ دوه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌سیسته‌می‌ په‌رله‌مانیدا ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ده‌ستی‌ سه‌رۆكدا كۆناكرێته‌وه،‌ به‌ڵكو سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی‌ ڕه‌مزی‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش رێگه‌ له‌چون به‌ره‌و دیكتاتۆری‌ ده‌گرێت.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو هۆکارانەو بەوپێیەی کە هه‌رێمی‌ كوردستان پێشینه‌یەکی‌ وای دیموكراسی‌ نییه‌، بۆیه‌ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان گونجاوترین سیسته‌مه‌، چونكه‌ لێره‌دا ده‌رفه‌تی‌ به‌ره‌و دیموكراسی‌ بون زیاتره‌. له‌ ئێستادا هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر رێی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوردایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و ده‌ستوره‌ی‌ كه‌ له‌ ئاینده‌دا ئاماده‌ده‌كرێت ده‌ستورێكی‌ مه‌ده‌نی‌ دیموكراسی‌ بێت و ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ش كه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌چه‌سپێنرێت ده‌بێت په‌رله‌مانی‌ ته‌واوه‌تی‌ بێت، چونكه‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ژینگه‌یی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ بێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت و ده‌سه‌ڵاتیشی‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كوردستان زیاتر سه‌قامگیربێت و بنه‌ماكانی‌ دیموكراسی‌ زیاتر تێیدا بچه‌سپێت.