Print WWW.SBEIY.COM
 ئه‌تككردنی جوانیه‌كان
چیا عه‌باس
22/03/2009

تێبینی: "باسكردن له‌ شاره‌كه‌م وه‌ك نمونه‌یه‌كی شاره‌كانی باشوری كوردستان باسم لێكردوه‌، مه‌به‌ستم ته‌نها شاری سلێمانی نیه‌". نوسه‌ر

جاران، نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌ له‌مه‌وپێش، له‌ ماڵ وخوێندنگا وكۆڵان، سروده‌كانی ئه‌ی ره‌قیب وخوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی وده‌می راپه‌رین له‌ گڕوكڵپه‌ی ناخێكی ته‌نراو به‌ خۆشه‌ویستی خاك ومیلله‌ت وبه‌ده‌نگێكی دلێری پرسۆز ده‌وترا وده‌وترایه‌وه‌. بۆ بیستنی ده‌نگه‌ به‌سۆز وبێ وێنه‌كه‌ی شوكراڵای بابان چوارمه‌شقی وله‌سه‌ر ئه‌رزێكی ره‌ق وته‌ق وبه‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌ دیار ئێستگه‌ی رادیۆی كوردی كرمانشا چاوه‌ڕوانی تكاندنی دڵۆپ به‌دڵۆپی حه‌رفه‌كانی شیعره‌كانی شاعره‌ گه‌وره‌كانی كورد بوین.

شه‌وانی نه‌ورۆز له‌ سه‌ربانی باڵه‌خانه‌ به‌رزه‌كانی شار (ئه‌وكات زۆر كه‌م بون) به‌ تایه‌ی كۆن وچیلكه‌ وپوش وپه‌رۆ گڕدارترین وبڵندترین ئاگرمان ده‌كرده‌وه‌ وته‌حه‌دای سه‌ربازه‌ لچ ئه‌ستوره‌كانی زه‌عیم سدیق مان ده‌كرد كه‌ له‌سه‌ری كۆڵانه‌كان وشه‌قامه‌كان له‌كه‌مینه‌كانی مه‌رگدا خۆیان مات دابو. جاران دایك وباوكمان، كه‌ زۆربه‌یان نه‌خوێنده‌وار بون، فێریان كردبوین كوردبون چه‌ند گه‌وره‌ وپر به‌هایه‌. فێریان كردبوین خۆشه‌ویستی بۆ خاك ومیلله‌ت ده‌ریایه‌كی به‌رین وقوڵه‌ ناكرێت لێلی كه‌ین وبیشڵه‌قێنین. فێریان كردبوین پاروه‌ نانێك بێ دراوسێكانمان نه‌خۆێن.

ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ كچان وژنان شه‌وان له‌ ماڵێكی گه‌ڕه‌ك سه‌ریان ده‌نا به‌یه‌كه‌وه‌ ومشتومڕ وهه‌واڵه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ویه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان شه‌وچه‌ره‌یان بو، به‌ گروپ سه‌رقاڵی درونی پێداویستیه‌كانی جلو به‌رگی پێشمه‌رگه‌ بون. خۆبه‌خشانه‌ وئازایانه‌ وله‌ تاریكی ئه‌و شه‌وه‌ پڕ مه‌ترسیانه‌دا به‌ كۆڵ‌ تا گردی سه‌یوانیان ده‌گواسته‌وه‌ وله‌وێشه‌وه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌برا.

جاران جوانیه‌كانی ژیان وبون په‌ڵه‌ هه‌وره‌ ره‌شه‌كانی ترس ومه‌رگیان له‌ ئاسمانی شاره‌كه‌مان ده‌ره‌وێنیه‌وه‌. ئێمه‌ به‌ ته‌مه‌ن مناڵ‌ وهه‌رزه‌كار بوین، به‌ ویست وئاره‌زو وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی تر بوین، به‌ باوه‌ر وخۆشه‌ویستیه‌وه‌ كێوێكی ئێجگار باڵابه‌رز بوین وله‌ رۆح وهه‌ستماندا پارچه‌كانی تیشكی رۆژێك بوین نامۆ به‌ ئاوابون.

جاران كورد وكوردستان وشۆڕش وپێشمه‌رگه‌ تریفه‌ بێ ئۆقره‌كه‌ی ئه‌ستێره‌ بزێوه‌كانی شه‌وه‌ دژوار وبێئارامه‌كانی چوار وه‌رزی ساڵه‌كانمان بون، ئه‌و وشانه‌ بون كه‌ میلۆدیای شایه‌تمانی كوردایه‌تی ره‌سه‌نیان پێكهێنابو.

كه‌م نه‌بون ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی مردنیان هه‌ڵبژارد نه‌ك جنێوێك، قسه‌یه‌كی نابه‌جێ به‌ كوردستان وشۆڕش وسه‌ركرده‌كانی بده‌ن.

جوانیه‌كانی ژیان له‌ گه‌ڵ‌ جه‌زره‌به‌ وسامناكی ترس ومه‌رگدا ئولفه‌تیان گرتبو، سه‌رقاڵی زۆرانبازی مان ونه‌مان بون.

ترس سه‌رسورماو وحه‌په‌ساو، درنده‌ وبێ ئۆقره‌ نه‌یده‌زانی چۆن زه‌فه‌ر به‌م جوانیه‌ به‌رێت وله‌كه‌دار وقێزه‌وه‌نی بكات وچۆن ئه‌تكی پێبكات.

جاران زۆر ته‌نیا بوین، گه‌مارۆ درابوین، خاوه‌نی كۆشك وته‌لار وماشێن وته‌له‌فزێۆن نه‌بوین، بێده‌رامه‌ت بوین، به‌ڵام به‌ جوانی وبه‌هاكانمان ده‌وڵه‌مه‌نترین وشكۆدارترین مه‌خلوقی سه‌ر خاكی خۆمان بوین.

زۆری نه‌خایاند بازرگانه‌كانی سیاسه‌ت وكوردایه‌تی، بازرگانه‌كانی ناو ماڵی خۆمان وده‌ڵاله‌كانیان سه‌رقاڵی زیندو به‌چاڵكردنی جوانیه‌كانی بون، بێشه‌رم وچاوچنۆكانه‌ تاو به‌تاوی جوانی وبه‌هاكانیان كردبوه‌ خوری رسینی به‌رماڵێكی نوێژ وسوجده‌بردنه‌كانی خۆیان رو له‌ قیبله‌یه‌كی نامۆ ودور له‌ نه‌ریت وئاین وباوه‌رمان. یه‌كه‌م حه‌زی ئه‌تككردنی جوانی كوردبون له‌مانه‌دا وروژابو، بێئۆقره‌ وبێشه‌رم له‌كاردابون.

له‌ یه‌كترازان، شه‌ر ومه‌رافه‌ و كوشتن وجاشایه‌تی نه‌ك جوانی وبه‌هاكانی نێو ماڵ‌ وكۆڵان وتوله‌ رێگاكانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ درێژه‌ی ئێمه‌یان ئه‌تككرد، به‌ڵگو له‌گه‌ڵ‌ ئه‌تككردنیش پێمان خزانیانینه‌ نێو تونی مه‌رگی ویسته‌ شه‌یتانیه‌كانی خۆیانه‌وه‌. ئه‌وان سه‌رقاڵی روخاندن وتێكدان بون وئیمه‌ش سه‌رقاڵی دوارۆژ وبنیاتكردن.

نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ‌ دواتر، ئێمه‌ی هه‌رزه‌كار وگه‌نجی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، ئێستا ژیانمان هه‌نگاوی ناوه‌ته‌ ناو دوا قۆناغی كاڵبونه‌وه‌ وماڵئاوایی. ئاوردانه‌وه‌ له‌و مێژوه‌ وبێزوكردن به‌ ره‌نگ وتام وبۆنی جوانیه‌كانی جاران له‌ نه‌ستۆلجیایه‌كی ساكاری خه‌یاڵاوی زیاتر نیه‌. بۆ ساتێك، بۆ واده‌یه‌كی كورت له‌باوه‌شی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ دژواره‌مان داده‌برێت وبه‌ باڵه‌ ناسكه‌ قه‌شه‌نگه‌كانی ده‌مان فڕێنێ به‌فه‌زا بێگه‌رده‌كه‌ی جاراندا و وه‌ك تاوێ بارانی به‌هاران دڵۆپ به‌دڵۆپ ده‌تكێینه‌ سه‌ر گوڵه‌ گه‌نم وكانی وگه‌ڵای دارگوێز وكێلی گۆری بێناوه‌كان. بۆ ساتێكی زۆر كورت ته‌مه‌ن سه‌رله‌نوێ گۆرانی وسروده‌كان ده‌چڕینه‌وه‌، بۆنی ره‌سه‌نی گوڵه‌ نێرگزه‌كانی جاران سینه‌ی سنگمان وه‌ك كۆرپه‌یه‌كی له‌دایكبو واڵا بكاته‌وه‌.

ئێستا له‌ شاره‌كه‌م، كۆڵانی منداڵیم وپیرمه‌سور وچوارباغ ومزگه‌وتی گه‌وره‌كه‌م، گردی سه‌یوان وهه‌مو گرده‌كانی تری شاره‌كه‌م وكێلگه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانم هه‌راسان كراون. كه‌ڵه‌ پیاوه‌كانی شاره‌كه‌م له‌ مامۆستا یاسین وئه‌نوه‌ر وئارام وخاڵه‌ شه‌هاب وجه‌باری حاجی ره‌شید وهه‌زارانی تر له‌ شه‌هیده‌كان له‌ژێر گڵی گۆڕه‌كانیانه‌و چاوی چاوه‌ڕوانیان بڕیوه‌ته‌ ره‌شبه‌ڵه‌ك و سمفۆنیای جوانیه‌كانی گه‌رمی ئه‌و هه‌تاوی ئازادیه‌ی ژیانیان بۆبه‌خشی.

ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان، سه‌رده‌می حوكمی خۆمان، سه‌رده‌می پاره‌ی زۆر، ماشێن وده‌یان ته‌لاری به‌رز، سه‌رده‌می كه‌یف وسه‌فا، سه‌رده‌می كۆمپیوته‌ر وده‌یان كه‌ناڵی سه‌ته‌لایت، سه‌رده‌می نه‌مانی به‌عس وچاوبازی له‌گه‌ڵ‌ داگیركه‌رانی كوردستان، سه‌رده‌می ده‌یان رۆژنامه‌ وكه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆن ورادیۆ وماڵپه‌ر، سه‌رده‌می....تاد. ئا له‌م سه‌رده‌مه‌دا خۆمان به‌ نامۆ ده‌زانین له‌ شاره‌كه‌مان، له‌ مێژومان.

ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن جوانیه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناشینترین نمونه‌ی جوانین له‌ چه‌ند هه‌زار ساڵی مێژوی كورد دا.
دزی، پاشكۆڵ‌ پیسی، بێشه‌رمی، ئاغایه‌تی، زه‌وتكردن، به‌ره‌ڵڵایی، درۆ وده‌له‌سه‌، كۆت وبه‌ندكردنی ناڕه‌زایی وگله‌یی، قسه‌ی زل وهیچ وپوچ وهه‌ڕه‌شه‌كردن، فڕكه‌فڕكی به‌رده‌وامی مۆنیكا وعه‌لوجه‌كان، كوشتن وده‌ربه‌ده‌ركردنی كوردپه‌روه‌ر وپاراستنی جاش وخۆفرۆش وخاوه‌ن فایلدار وخائین، فره‌كوێخایه‌تی، دادگا هۆلاكۆ ئاساكان...تاد، ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ روخساری جوانیه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی شاره‌كه‌م. بیانییه‌كان، نامۆكان به‌ ره‌گ وریشه‌ی شاره‌كه‌م ئاوه‌كانی سه‌رچنار وتانجه‌رۆ وزه‌ڵم و شوێنه‌كانی تریان نه‌ك ته‌نها پاوان كردوه‌، به‌ڵكو نامۆیان كردون به‌و رێگه‌یه‌ی هه‌زاران ساڵه‌ تێدا ژیان ده‌به‌نه‌ سه‌ر.

ئه‌مڕۆ ته‌نها جوانی ئه‌تك نه‌كراوه‌، به‌ڵكو شاره‌كه‌شم به‌ده‌ردی جوانیه‌كانی براوه‌.