Print WWW.SBEIY.COM
 بێ ناونیشان
چیا عه‌باس
12/05/2009

له‌م ساته‌ گه‌رم وكوڵاوه‌ی پێش هه‌ڵبژاردن كه‌ش وهه‌واكه‌ له‌ هه‌ڵچون وكه‌فكردندانه‌ وبه‌راست وچه‌پدا په‌لامار ده‌درێت. له‌م كه‌ش وهه‌وایه‌دا مرۆڤ له‌و به‌شه‌ بچوكه‌ رزگاركراوه‌ی كوردستان واهه‌ست ده‌كات شه‌ڕ شه‌ڕی میرات وماره‌ییه‌.
 
ده‌سه‌ڵات وكاراكته‌ره‌كانی بێلایه‌ن نین وله‌ په‌لامارداندان، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م نیشانه‌ی مه‌ترسیداره‌. ده‌سه‌ڵات ئیمپراتۆریه‌تێك له‌ كادر وبه‌رپرس وراگه‌یاندن وداموده‌زگا وئۆرگانه‌كانی ژێر ده‌ستی له‌ هێرشكردندا خستۆته‌ كار.

هه‌رچۆنێك بێت له‌ كۆمه‌ڵگای خۆمان وبه‌ ناسینی فاكتۆره‌كانی مێژوی وكۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی ده‌سه‌ڵاتداران نابێت نامۆ بین به‌م جۆره‌ ره‌فتاركردنه‌یان.

ئه‌زمونه‌كانی نیه‌ت كه‌ له‌ بونیه‌تی كه‌سایه‌تیه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی له‌سه‌ر حیزب وسوپا وحوكمرانی ژێر ده‌ستیان هه‌بوه‌ وهه‌یه‌ هه‌ر هه‌مان راستی دوپات ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ ده‌سه‌ڵات وبه‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاماده‌ن له‌ یه‌ك چركه‌دا په‌نا بۆ هه‌مو جۆره‌ رێگه‌و ئامرازێك به‌رن ونه‌ باشیان بینیوه‌ ونه‌ باران.

باسكردن له‌ روداوه‌ بێ ژماره‌كانی مێژو له‌م بواره‌دا برینه‌كانمان "ده‌كولێننه‌وه‌" وباشتره‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پاشهات له‌سه‌ر ئه‌و رابوردوه‌ به‌جێبهێڵین.

ئه‌وه‌ی شیانی سه‌رسورمان وهه‌زار ویه‌ك پرسیاره‌ وناكرێت به‌جێیبهێڵین كه‌ نه‌وه‌كانی یه‌ك حیزب ویه‌ك مێژو ویه‌ك خه‌بات ویه‌ك ئامانج، تێكۆشه‌ره‌كانی ده‌یان ساڵ كه‌به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌نگه‌ری خه‌بات وپارچه‌ نانێكی ره‌ق وقومێ ئاو وتاشه‌ به‌ردێكی ره‌ق وته‌قیان بۆ خه‌وتن به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ش ده‌كرد، به‌یه‌كه‌وه‌ شه‌ری مان ونه‌مانیان له‌گه‌ڵ‌ دوژمن وناحه‌زان ده‌كرد وبه‌یه‌كه‌وه‌ خاوه‌نی چه‌ندین داستانی قاره‌مانیه‌تی وسه‌ركه‌وتن وژێركه‌وتنن، به‌یه‌كه‌وه‌ خاوه‌نی راپه‌رین وده‌یان ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی ترن بۆ میلله‌ته‌كه‌مان، ئه‌وانه‌ ئه‌مرۆ كه‌وتونه‌ته‌ سه‌نگه‌ر گرتن له‌یه‌كتر.

ته‌نها گه‌رانه‌وه‌ وپشتئه‌ستوربون به‌و مێژوه‌ هاوبه‌شه‌ له‌ نه‌ستۆلجیایه‌كی وروژێنه‌ر وهه‌ستیار زیاتر نیه‌. به‌ڵام ئایا ده‌كرێت ئه‌و مێژوه‌ هه‌روا بۆ " مه‌جهولێكی" ناسراو بگۆرینه‌وه‌ وبیده‌ینه‌ ده‌ست قه‌زاوقه‌ده‌ری ئاینده‌ وده‌ستبه‌رداری هه‌مو به‌ها وجوانیه‌كانی مێژوی هاوبه‌ش بین؟

جیاوازی وناكۆكیه‌كانی نێو كورانی ئه‌و ماڵه‌ خاوه‌ن ئه‌و مێژوه‌ هاوبه‌شه‌ نیشانه‌ی په‌رۆشین بۆ پاشهات، نیشانه‌ی خه‌مخۆری ودڵسۆزین بۆ راستكردنه‌وه‌و وگۆران. تۆ بڵێیت كورانی ئه‌و ماڵه‌ كه‌ ئه‌مرۆ دروشمی گۆرانیان به‌رزكردۆته‌وه‌ هه‌وروه‌ها وبه‌ئاسانی مێژوی خۆیان له‌یادكه‌ن وخۆیانی لێداببرن وسه‌نگه‌ر له‌ هاوخه‌باته‌كانی سه‌ختترین رۆژانی ره‌شی ئه‌م میلله‌ته‌ بگرن؟ بیركردنه‌وه‌ به‌و ئاراسته‌دا یا هه‌وڵدان بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك به‌و ئاراسته‌دا ته‌نها خه‌تمی گومان له‌خۆ ده‌گرێت.

لیستی گۆران له‌م دواییه‌دا له‌ناوجه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی یه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ وگه‌شه‌ی كردوه‌ وبه‌ هیمه‌ت ودڵسۆزی به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌ندام وكادیرانی یه‌كێتیی وخه‌ڵكانی رۆشنبیر ودڵسۆزی میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌م ئاسته‌ی ئه‌مرۆی پێكاوه‌. لیستێك نیه‌ نامۆ به‌ ئامانجه‌ ره‌سه‌نه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لیستێك نیه‌ سه‌نگه‌ری له‌ یه‌كێتیی وهیچ لایه‌نێكی كوردپه‌روه‌ری تر گرتبێت، بزوتنه‌وه‌یه‌ك نیه‌ بۆ لاوازكردنی یه‌كێتیی یا دژایه‌تی رێككه‌وتنامه‌ی ستراتیژی پارتی ویه‌كێتیی بكات یا هاوپه‌یمانیه‌تی نێوان لایه‌نه‌كانی تر، به‌ڵكو دید وبۆچونی خۆی له‌مه‌ر ئه‌و جۆره‌ رێككه‌وتن وهاوپه‌یمانیه‌تیانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌گوێگرتن لێی ولێدوان له‌سه‌ری بنه‌ما ستراتیژه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان تۆكمه‌تر وده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن. بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریه‌ خاوه‌نی به‌رنامه‌یه‌ بۆ گۆرانی سیسته‌می حوكمرانی به‌ ئاراسته‌یه‌ك كه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ‌ ئامانج وئاواته‌ ره‌سه‌نه‌كانی یه‌كێتیی دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌. به‌ده‌سهێنانی هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك بۆ ئه‌م لیسته‌ سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ سه‌رجه‌م بزافی كوردایه‌تی وله‌ راده‌ی یه‌كه‌مدا هه‌قی ته‌واو به‌ سه‌ره‌وه‌ری وخه‌بات وقوربانیه‌كانی یه‌كێتیی ده‌داته‌وه‌ وبه‌رز رایان ده‌گرێت و وه‌فاداریه‌ بۆ هه‌مو شه‌هیدان وقوربانیانی میلله‌ته‌كه‌مان.

به‌ده‌زگاكردنی ژیانی حیزبایه‌تی، پێره‌وكردن ورێزگرتن له‌یاسا وده‌وڵه‌تی یاسا، كاركردن بۆ دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی وباشكردن وگه‌شه‌پێدانی خزمه‌تگوزاریه‌كان وده‌سكه‌وته‌كانمان ودابینكردن وگه‌شه‌پێدانی كه‌ش وهه‌وای ئازادی ودیموكراسیه‌ت له‌ كوردستان وهه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ نه‌ته‌واییانه‌ی له‌ ئاسمانی سیاسیدا گیرساونه‌ته‌وه‌ ...هتد. به‌دیهێنانی ئه‌م هه‌مو ئامانجه‌ پیرۆزانه‌ به‌سرینه‌وه‌ی ئه‌م نمونه‌ی حوكمڕانیه‌ی ئێستا نایه‌نه‌دی، به‌ڵكو به‌به‌شداریكردنی چالاكانه‌ تێدا وگۆڕانی شێوه‌ی حوكمڕانی وسیسته‌مه‌كه‌ی، نه‌ك به‌له‌باربردنی رۆڵی حیزبه‌كان وخه‌بات وماندوبونیشیان نابێت، به‌ڵكو به‌ رێزگرتن له‌ ئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی دیموكراسیه‌ت وگرێبه‌ستی سیاسی كراوه‌ له‌ نێوانیان، نه‌ به‌قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان ودوژمنایه‌تی كردن وپه‌لاماردان نابێت، به‌ڵكو به‌رێككه‌وتن له‌پێشه‌كیدا له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی رێكن له‌سه‌ری وبپَره‌وكردنی میملانێی دیموكراسی وهێمنانه‌ بۆ خاڵه‌كانی جیاوازی.

لیستی گۆڕان دروشمی ئه‌وه‌ی هه‌ڵگردوه‌ كه‌ دژ به‌هێچ لایه‌ن وكه‌سایه‌تیه‌كی تایبه‌ت نیه‌، به‌ڵكو دژه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی وناعه‌داله‌تی وپێشێلكردنی یاسا وده‌ستێوه‌ردانی حیزب له‌ هه‌موكاروباری حوكمڕانیدا ودژه‌ به‌ پاوانكردنی بازار وسه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵ‌ وكار بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسا ودادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی وجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كات وخۆشی به‌ سوپه‌رمانی گۆره‌پانه‌كه‌ نازانێت، ده‌بێت به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ مافی ئه‌و كه‌ش وهه‌واوه‌ی هه‌بێت كه‌ له‌ ملمڵانێه‌كی دیموكراتیدا دروست وراستی به‌رنامه‌ ودروشمه‌كانی بۆ خه‌ڵكی رابگه‌یه‌نێت.

لیستی گۆران ئاكامێكی سروشتی سه‌رجه‌م روداو ناكۆكی وملمڵانێ بنه‌ره‌تیه‌كانی ناو بزافی كوردایه‌تی له‌ باشوری كوردستان له‌ ماوه‌ی نیو سه‌ده‌ی رابوردودا له‌ خۆ گرتوه‌، بۆیه‌ فابریكه‌ی ئه‌مرۆ نیه‌ وله‌ مێژه‌وه‌ وره‌گ وریشه‌ی توند وقوڵی خۆی له‌جه‌سته‌ی كوردایه‌تیدا داكوتیوه‌.

ئه‌مرۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ ماڵئاوایی له‌ بیرۆكه‌ی "دایكی چاكسازیه‌كان" كردوه‌ كه‌ تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ره‌واجێكی زۆری هه‌بو وبوبوه‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی ژێر زمانی سیاسه‌تمه‌دار ونوسه‌ره‌كان وكاری پێده‌كرا ئه‌ویش بیرۆكه‌ی: چاكسازی سیاسی ناو حیزب سه‌ره‌تایه‌ بۆ هه‌مو گۆرانكاریه‌ك. وه‌ك ده‌وترێت ئه‌م بیرۆكه‌ "حیزبی شه‌ته‌ك وئیفلیج كردبو". لیستی گۆران سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی هه‌واداره‌كانی هۆكاری سه‌ریه‌شه‌ی ناو حیزب نیه‌ وئاراسته‌كان به‌ره‌و یه‌كلاكردنه‌وه‌ ده‌بات. گۆران رێگه‌ی ململانێی دیموكراسی په‌رڵه‌مان ده‌كاته‌ سه‌ری رمه‌كه‌ی وبه‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجه‌شی روخساری نمونه‌ی حوكمرانی كورد له‌باشور نه‌ك ته‌نها جوانترده‌كات به‌ڵكو تۆكمه‌تر وكاریگه‌رتر ده‌كات...

له‌م ساتانه‌ی پێش هه‌ڵبژاردن رۆژانه‌ گوێمان له‌و قه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌ بۆچون وشێكردنه‌وه‌كه‌ی پێشنیازی وا له‌ مێشكی خوێنه‌ر وهاوڵاتیدا ده‌وروژێنێت كه‌ لیستی گۆران بۆی نیه‌ به‌ناوی یه‌كێتیی یه‌وه‌ بێت وزوڵم وبێ وه‌فایی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتیی كردوه‌ وده‌كات.

باشتره‌ حوكمی زو نه‌ده‌ین وتۆزێك چاوه‌ڕوان بین، با میلله‌ت وهه‌مو لایه‌ك بزانین ئه‌م بزوتنه‌وه‌ نوێیه‌ له‌ فۆرمی لیستی گۆڕان دا چی پێه‌ بۆمان وئه‌وكات ده‌رده‌كه‌وێت ئایا زوڵمه‌ یا راستگۆیی و وه‌فاداری.