Print WWW.SBEIY.COM
 ئایا مام جه‌لال یش براوه‌ نیه‌؟
چیا عه‌باس
09/08/2009

ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ دو حیزبی ده‌سه‌ڵات متمانه‌ی رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دانیشتوانانی هه‌رێمیان له‌ده‌ست داوه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا لیستی گۆڕان به‌ ته‌نها وله‌ ماوه‌یه‌كی كورت و به‌ ئیمكاناتێكی كه‌می دیاریكراو شان به‌شانی هه‌ر یه‌ك له‌و دو حیزبه‌ ده‌نگی هێناوه‌ وچاودێرانی سیاسی ورۆژنامه‌گه‌ران وكه‌سانێكی زۆر له‌ كوردستان وده‌ره‌وه‌ له‌و باوه‌ره‌دان بێساخته‌كاری وفروفێلِ، لیستی گۆڕان ده‌بوه‌ گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم.

هه‌مو كوردێك دڵسۆز وبه‌ ئه‌مه‌ك بۆ خاك ونه‌ته‌وه‌ حه‌زی ده‌كرد سه‌ركرده‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌فتار وسیاسه‌تیان بكردایه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ‌ قسه‌ ولێدوانه‌كانیان یه‌كبگرنه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ واده‌رنه‌چو.

ئه‌و دو حیزبه‌ به‌یه‌ك لیست له‌سه‌ر رۆشنایی "رێككه‌وتنامه‌ی شه‌راكه‌ت" به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كرد وبه‌پێی ئه‌نجامه‌كانی به‌رده‌ست ئێستا ده‌توانن كابینه‌ی شه‌شه‌می هه‌رێم دروستبكه‌ن. كابینه‌یه‌ك كه‌ پارتی زۆر باڵاده‌ست ده‌بێت وپاره‌ وبڕیاره‌ گرنگه‌كان له‌ده‌ستی خۆیدا ده‌بن، بۆ پارتی ئاساییه‌ وا ره‌فتار له‌گه‌ڵ‌ "شه‌ریكه‌ حه‌یاتیه‌كه‌ی" بكات، چونكه‌ زۆربه‌ی كورسیه‌كانی لیستی شه‌راكه‌ت پارتی به‌ده‌ستیهێناون وله‌ به‌رامبه‌ر ره‌حمه‌ت وشه‌فاعه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارنی یه‌كێتی له‌ دابه‌شكردنی برایانه‌ی كورسیه‌كان داوای نرخێكی زۆر ده‌كات.

بۆ نمونه‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌به‌شی كورد له‌ پۆسته‌ سیادیه‌كان له‌ عێراق دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وه‌رگرتنی زۆربه‌ی نوێنه‌رایه‌تیه‌كانی هه‌رێم به‌ فه‌رمی له‌ده‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ كه‌ ئێستا ئه‌مرێكی واقیعه‌، زیادكردنی رێژه‌ی پارتی له‌ بودجه‌ی هه‌رێم، داواكردنی رێژه‌یه‌كی زیاتر له‌ قازانجی گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان وناردنی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌و رێگایه‌ی پارتی ده‌یه‌وێت، داواكردنی سه‌رۆكایه‌تی فراكسیۆنی لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌یان له‌ به‌غدا، داواكردنی چه‌ند وه‌زاره‌تێكی گرنگ له‌به‌رامبه‌ر پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌كێتی، داوای به‌ستنه‌وه‌ی راسته‌وخۆی سه‌رجه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌ وده‌زگاكانی ئاسایش وهه‌واڵگریه‌كان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌، داوای دانانی یه‌كێك به‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ ته‌واوی ره‌زامه‌ندی پارتی هه‌بێت... تاد، ئه‌گه‌ری ئه‌م هه‌مو داواكاریانه‌ زۆر له‌ ئارادایه‌ وسیاسه‌تیش دان و وه‌رگرتنه‌ وهێز وعه‌قڵ‌ وپلان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.

به‌لایه‌ن سه‌رانی پارتیه‌وه‌ و به‌تایبه‌تی دوای كاره‌ساتی 31 ئاب سیاسه‌ت ته‌نها هونه‌ری ئه‌گه‌ره‌كان نه‌ماوه‌، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر لاوازی لایه‌نه‌كانی تردا فێری هونه‌ری خه‌ڵقاندنی ئه‌گه‌ری تازه‌ وله‌بار بوه‌ بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆیان وبۆ ئه‌مه‌ش سه‌بریان درێژه‌ وهێدی هێدی كارده‌كه‌ن و وه‌ك داشی دامه‌ كۆسپه‌كان به‌لادا ده‌ده‌ن.

تێكچونی پارسه‌نگی هێز له‌نێوان دو لایه‌نی شه‌راكه‌ت له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاند گه‌وره‌ترین خه‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتییه‌. یه‌كێتی له‌ رۆژی دروستبونیه‌وه‌ نه‌ی ویستوه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ‌ پارتی بكات، به‌تایبه‌ت مام جه‌لال ئه‌زمونی 66ی لێبوه‌ به‌ گرێ كوێره‌یه‌ك كه‌ نه‌ی ویستوه‌ به‌هیچ جۆرێك دوباره‌ی بكاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی دوای كۆتایی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ژێر فشاری ئه‌مه‌ریكادا ده‌سته‌كانی داغ بوه‌، بۆیه‌ش له‌دوای رێككه‌وتنامه‌ی واشنتۆنه‌وه‌ زۆربه‌ی داواكاریه‌كانی پارتی جێبه‌جێ كردوه‌. به‌تایبه‌ت دوای روخاندی سه‌دام كه‌ ئاسۆی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان زۆر به‌رین بو ومه‌رجێكی سه‌ره‌كی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ریكا یه‌كده‌نگی كورد بو، ئه‌مه‌ریكا باش تێگه‌یشتبو دو ده‌نگی مانای شه‌ڕی ناوخۆ،  لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی زۆر تاكڕه‌وانه‌ وبێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بی سیاسی وسه‌ركردایه‌تی چه‌ند بڕیارێكی گرنگی له‌ بواری حوكمڕانی وسیاسیه‌تی هه‌رێم وپه‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ پارتیدا داوه‌، كه‌ ببوه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی ودڵگرانی هه‌ندێ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ناو یه‌كێتی.

مام جه‌لال هه‌مو جارێك به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌هێنایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داواكانی پارتی جێبه‌جێ نه‌كات ئه‌وا پارتی هێزیكه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یه‌ هه‌مو شتێك بكات و باشتره‌ كه‌ یه‌كێتی خۆی له‌شه‌ڕی پارتی لابدات (له‌چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی بیانییدا له‌و سه‌رده‌مانه‌دا ئه‌م قسانه‌ی به‌ راشكاوی كردوه‌).

له‌ ئه‌نجامی پشتگیری پارتی بۆ كاندیدكردنی مام جه‌لال بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار وهه‌وڵه‌كانی پارتی بۆ رازیكردنی هه‌ندێك هێزی ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، ئیتر مام جه‌لال به‌ته‌واوی گۆڕه‌پانی كوردستانی دایه‌ ده‌ست "شه‌ریكه‌ وه‌همیه‌كه‌ی"، و له‌ڕێگای بازنی سه‌ره‌كی ده‌وروبه‌ری له‌ ناو یه‌كێتی وله‌ خاناواده‌كه‌ی كۆنتڕۆڵی به‌شی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی له‌و شه‌راكه‌ته‌ له‌ به‌غداوه‌ ده‌كرد.

له‌پێش دوا هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمدا لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی زۆر بێباكانه‌ وخه‌مساردانه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یان هه‌ڵسه‌نگاند وموریده‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌ندین جار راشكاوانه‌ رایانده‌گه‌یاند كه‌ لیستی گۆڕان له‌چه‌ند كورسیه‌كی كه‌م زیاتر هیچی تر به‌ده‌ست ناهێنێت. ناوه‌ڕۆكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی ئاڕاسته‌ی دژایه‌تیكردنێكی توندی لیستی گۆڕانی له‌خۆ گرتبو، وه‌ك ئه‌وه‌ی لیستێكی نامۆ به‌ كوردایه‌تی وبه‌كرێگیراوی دوژمن وخاوه‌ن لاپه‌ڕه‌ی زۆر ره‌ش وقێزه‌وه‌ن بێت. ئیدیعای سه‌رانی یه‌كێتی كه‌ ئه‌وان ئه‌و كه‌ش وهه‌وا "دیموكراسیه‌" یان خه‌ڵقاندوه‌ كه‌ له‌ سایه‌یدا لیستی گۆڕان كاری خۆی ده‌كات زۆر دوره‌ له‌ راستیه‌وه‌ وله‌گه‌ڵ‌ عه‌قلیه‌تی تاكڕه‌وی و تاڕاده‌یه‌ك شه‌ڕه‌نگخوازی هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی دا ناگونجێت، ئه‌وان ناچار بون دان به‌خۆیاندا بگرن، هه‌رچه‌نده‌ له‌و تاقیكردنه‌وه‌دا سه‌ركه‌وتو نه‌بون، ناچاربون، چونكه‌ باش ده‌یانزانی كه‌ هه‌ڵبژاردن خوازبێنی نێو دو خێزان نیه‌، به‌ڵكو روداوێكه‌ قولاَیی ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ وسنوربه‌زاندن زۆریان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت.

به‌و نه‌فه‌سه‌ پڕ رق وكینه‌ ودژایه‌تیكردنی هاوخه‌بات و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی زیاتر له‌ 30 ساڵیان ده‌ستبه‌كاربون وله‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌یانویست بۆ پارتی بسه‌لمێنن كه‌ توانا و ده‌سه‌ڵات وهێزیان له‌قه‌ی نه‌كردوه‌ وهه‌مو شتێك له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌ ودیارده‌ی گۆڕان مه‌سه‌له‌یه‌كی كاتیه‌ وته‌مه‌نی ژیانیشی كورت ده‌بێت.

ئێستا كه‌ زۆربه‌ی زۆری هه‌ڵسه‌نگاندن وبۆچونه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شكایه‌وه‌ و "ركابه‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌یان" گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی سیاسی و جه‌ماوه‌ری له‌و ماوه‌ كورته‌دا به‌ده‌ستهێنا و ئه‌و "ركابه‌ره‌یان" توانی كه‌ش وهه‌وایه‌كی دیموكراسی بهێنێته‌ ناو ژیانی سیاسیه‌وه‌، وه‌ك چه‌ند نوسه‌ر وسیاسه‌تمه‌داری عێراقی وبیانیی باسیان لێكردوه‌، كه‌ فه‌زڵه‌كه‌ی بۆ لیستی گۆڕان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ك بۆ نه‌فه‌سی رق وكینه‌ وسڕینه‌وه‌ ونانبڕین وده‌ركردن وشه‌ق وه‌شاندن وساخته‌كاری ده‌سه‌ڵاتداران، ئا له‌م كه‌ش وهه‌وایه‌دا بۆ هه‌مو لایه‌ك بواری مناوه‌راتی سیاسیش كراوه‌ته‌وه‌ وحه‌زه‌كانیان ته‌نها به‌ به‌ردی نزا نایه‌نه‌دی، به‌ڵكو له‌ پراكتیكدا ئه‌گه‌ره‌كان زۆرن. ئه‌م راستیه‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی قورتاركردوه‌ له‌و مۆنۆپۆڵیه‌ وه‌همیه‌ سیاسی وده‌رونیه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌وه‌ یه‌خی گرتوه‌، كه‌ له‌ راستیدا به‌رهه‌مێكی ره‌فتار وسیاسه‌ته‌ چه‌وت ولادانه‌كانیان وئه‌و جۆره‌ شه‌راكه‌ته‌یان له‌گه‌ڵ‌ پارتیدا بو.

ئێستا لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ده‌توانێت له‌ روانگه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی دیموكراسیه‌ت كوێرانه‌ ملكه‌چی ئه‌و كاریگه‌ریه‌ جادوگه‌ریه‌ی شه‌راكه‌ت نه‌بێت، كورد وته‌نی كه‌ڵه‌شێریش نه‌خوێنێت رۆژ هه‌ر ده‌بێته‌وه‌.

ئومێده‌وارم له‌م كه‌شوهه‌وا تازه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان، ده‌سه‌ڵاتداره‌ كلاسیكیه‌كانی كوردستان چاوێك به‌ خۆیان ورابوردوا بخشێننه‌وه‌ وفۆرمیڵه‌یه‌كی سیاسی تازه‌ بره‌خسێت، دور له‌ پاوان كردنی ده‌سه‌ڵات وحوكمڕانی وسه‌روه‌ت وسامانی میلله‌ت.