Print WWW.SBEIY.COM
 "گێژه‌ڵوكه‌ی نێو فنجان" یا شنه‌بای گۆڕان
چیا عه‌باس
02/10/2009

ماوه‌یه‌كه‌ راگه‌یاندن و پێنوسه‌كانی ده‌سه‌ڵات چه‌مكی ململانێكانی دوای هه‌ڵبژاردن به‌ گاسنێكی كول و ژه‌نگاوی ده‌كێڵن. له‌كاتێكدا سه‌ركه‌شیانه‌ به‌ زمانێكی نه‌رم و شارستیانه‌ ئاسا داوا له‌ گۆڕان و به‌رپرسان و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ده‌كه‌ن خه‌ریكی خۆیان بن و ده‌ست له‌كاورباری یه‌كێتی نه‌ده‌ن و داواده‌كه‌ن گۆڕان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و ئۆپزسیۆن به‌ پێوه‌ره‌كانی "نه‌ریت وره‌وشتی" سیاسی و دیموكراسیانه‌ ركابه‌ری و ره‌فتار له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تردا بكات، له‌هه‌مان كاتیشدا به‌شێكی تر له‌ روخساره‌كانی ده‌سه‌ڵات رۆژانه‌ به‌ زمانێكی زبر به‌رده‌وامن له‌ هێرشكردن و په‌لاماردانی گۆڕان و كاراكته‌ره‌كانی.
ئه‌م دو فاقیه‌ی ده‌سه‌ڵات زۆر باس له‌خۆ ده‌گرێت.

ده‌سه‌ڵات و گۆڕان
ئه‌م زمانه‌ نه‌رمه‌ و په‌نابردن بۆ ململانێی دیموكراسی ئاكامی دۆخێكه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی ناچاركردوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌كتیكی و كاتی، به‌تایبه‌ت دوای شكستیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و مه‌ترسی شكستێكی تریان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌دا، سه‌نگه‌ری ململانێكانیان له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان دا كه‌ له‌ناو جه‌رگه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆشیاندا و روژاوه‌ و ته‌شه‌نه‌ده‌كات به‌و جۆره‌ بانگه‌وازانه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك هێوركه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات باش ده‌زانێت كه‌ ئه‌گه‌ر كاروابروات و ئه‌وان به‌رده‌وام بن له‌ گه‌مارۆدان و دژایه‌تیكردنی گۆڕان و توندكردنی ئه‌و ته‌وقه‌ سیاسیه‌ی به‌پاساوی یاساییه‌وه‌ له‌گه‌ردنی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ناو پارڵه‌ماندا له‌رێگه‌ی بلۆكی فراكسیۆنی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ئاڵاندویانه‌، هه‌رچه‌نده‌ پارتی خۆی له‌ململانێی راسته‌وخۆی گۆڕان لاداوه‌ و به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی "خۆبه‌خشانه‌" زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌یان له‌ئه‌ستۆی خۆیان گرتوه‌، و ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كان بگه‌نه‌ بنبه‌ست، ئه‌وا خه‌ڵك هه‌روا داماو و بێ نقه‌ له‌و داوه‌ی ئه‌واندا ناگیرسێته‌وه‌ و چاوه‌روانی ره‌حمه‌ت و شه‌فاعه‌تی ئه‌وان بن. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی دركیان به‌و راستیه‌ كردوه‌ كه‌ پشكی زۆری پرشی ئاگری توندبونی ململانێكان له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان دا به‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ری ئه‌وان ده‌كه‌وێت.

ئه‌وان كه‌ په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر دیموكراسیه‌ت مه‌به‌ستیشیانه‌ هاوكات درێژه‌بده‌ن به‌سیاسه‌تی گه‌مارۆدانی گۆڕان و ته‌وقكردنی و فشارخستنه‌ سه‌ری له‌هه‌مو بوارێكدا و به‌ده‌ستهێنانی كات تا دوای هه‌لبژاردنه‌كانی داهاتو به‌و مه‌به‌سته‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ گۆڕان بێ ئومێدبكه‌ن و پێیان بڵێن بزوتنه‌وه‌كه‌تان ناتوانێت هیچتان بۆبكات و كار بۆبه‌ڵێنه‌كانی پێی داون بكات. زه‌مینه‌ی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌سه‌ڵاتداران بریاریان داوه‌ گوێ له‌ گۆڕان نه‌گرن و دژایه‌تیشی بكه‌ن. ئامانجی سه‌ره‌كی له‌م دو روه‌ی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران، توندكردن و خاوكرنه‌وه‌، سلێمانی و ته‌نی: " له‌خشتنه‌بردنێكی" خشكه‌یی و بێده‌نگی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌.

ده‌سه‌ڵاتداران به‌هه‌ڵه‌داچون و بابزانین بۆچی هه‌ڵه‌ن
له‌سه‌ره‌تادا و پێش هه‌ڵژباردنه‌كان لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و په‌راوێزه‌كانی به‌راشكاوی مه‌زه‌نده‌یان ده‌كرد كه‌ لیستی گۆڕان خۆشی بكوژێت زیاتر له‌ پێنج كورسی یاده‌نگی شارۆچكه‌یه‌كی بچوك ناهێنێت و سه‌رانی پارتیشیان ئاگادار كردبوه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ئه‌و چه‌ند كورسیه‌ی گۆڕان به‌ده‌ستی ده‌هێنێت له‌ پشكی یه‌كێتی له‌لیستی كوردستانی ده‌به‌خشنه‌ پارتی. به‌م قسه‌و به‌ڵێنانه‌ پارتیان خسته‌ ژێر فشاره‌وه‌ تا به‌یه‌ك لیست دابه‌زن.

دوای هه‌ڵبژاردن مه‌زه‌نده‌كردنه‌كانیان زۆر دور بون له‌ و اقیعه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وان به‌ته‌واوی له‌سروشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تێنه‌گه‌یشتبون و ته‌نها له‌چاوێلكه‌ی ناكۆكیه‌كانی ناو یه‌كێتی یه‌وه‌ و مێژوی ئه‌و ململانێیانه‌ و كه‌سایه‌تیه‌ ناسراوه‌كانی گۆڕان ه‌وه‌ روانینیان ده‌كر و پێوه‌ره‌كانی خۆیان دارشتبو و به‌ درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژوه‌ییه‌یان ئه‌ژمارده‌كرد، به‌واتایه‌كی تر لایان و ابو گۆڕان " گێژه‌ڵوكه‌یه‌كه‌ له‌ فنجانێكدا" و زو داده‌مركێته‌وه‌.

ئێستا كه‌ سه‌لمێندرا و ئاشكرابو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێویستیه‌كی مێژوییه‌ بۆ بزافه‌كه‌مان و به‌رهه‌مێكی لابه‌لا و نه‌ویستی ئه‌و مێژویه‌ی یه‌كێتی و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌مرۆی نیه‌ و پانتاییه‌كی قوڵی جه‌ماوه‌ری له‌خۆ گرتوه‌ و ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ جڵه‌وی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و نه‌ده‌شتوانن فه‌رامۆشی بكه‌ن. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شدا بۆشیان رونبۆته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی پشتگیری له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ كردوه‌ و نامه‌یه‌كی ناره‌زایی توندیان به‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی راگه‌یاند كه‌ ئه‌وان چیتر زیاتر هیوایان به‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ نه‌ماوه‌ بۆ چاكسازی و نوێبونه‌وه‌ و كوێرانه‌ ناكه‌ون به‌دوای سه‌رابدا. جیاوزای گه‌وره‌ی ده‌نگه‌كانی لیستی گۆڕان و لیستی كوردستانی له‌ ناوچه‌كانی سلێمانی و گه‌رمیان ئه‌و راستیه‌ ده‌سه‌لمێنن.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م راستیانه‌ و درككردنه‌شدا ده‌سه‌ڵاتداران له‌ كه‌مپینی به‌رده‌وامدان تا بۆ خۆیان و لایه‌نگرانیان پیشان بده‌ن كه‌ گۆڕان درێژه‌دانه‌ به‌ مێژوی ململانێكانی ناو یه‌كێتی و ئێستا چه‌ند لایه‌نێكی ملمڵانێكان له‌گرده‌كه‌ جێگیربون و له‌یه‌كێتی جیابونه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامن له‌و ملمڵانێیانه‌ بۆ لاوازكردنی یه‌كێتی و شه‌ر بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن. له‌م بانگه‌واز و بۆچونانه‌یاندا هاتون خۆیان وه‌ك تاكه‌ خاوه‌نی ره‌سه‌نی یه‌كێتی پێناسه‌ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یاندا بێت به‌ خائین و ئاژاوه‌چی و تێكده‌ر وه‌سفده‌كه‌ن و به‌رده‌وامیشن له‌ "پاككردنه‌وه‌ی" ریزه‌كانیان لێیان و نانبراویان ده‌كه‌ن و ده‌سته‌ده‌ستی و ئه‌زیه‌تێكی زۆریان ده‌ده‌ن.

گۆڕان و ده‌سه‌ڵات
گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌ك ناسنامه‌یه‌كی حیزبی تایبه‌تی نیه‌ و ده‌رگاكانی كراوه‌یه‌ بۆ هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا به‌بێ جیاوزای فكری و سیاسی و دینی و مه‌زهه‌بی و ئه‌تنی و هه‌میشه‌ش ئه‌و ده‌رگایانه‌ به‌واڵاكراوه‌یی بۆیان ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ده‌ستتێوه‌ردان نیه‌ له‌ كاروباری حیزبه‌كان به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی ملمڵانێیه‌كی سیاسی دیموكراسیانه‌ی كراوه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی گه‌وره‌ترین پشتگیری بۆخۆی له‌نێو هه‌مو توێژ و گروپ و رێكخراو و حیزبێكی كوردستاندا. ئه‌مرۆ كه‌ زۆربه‌ی ناره‌زاكانی ناو یه‌كێتی له‌ده‌وری گۆڕان كۆبونه‌ته‌وه‌ خۆبه‌خشانه‌ وازیان له‌ پشكی خۆیان له‌ خاوه‌ندارێتیی مۆراڵی یه‌كێتی هێناوه‌ و جیێان هێشتوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ و هیچ جۆره‌ دڵه‌راوكێیه‌كی سیاسیان له‌و رووه‌ نیه‌. ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ناوی باڵی ریفۆرمی یه‌كێتی یه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت درێژه‌ به‌كاركردنیان بده‌ن و پشتگیری له‌ گۆڕان ده‌كه‌ن مافی ره‌وای خۆیانه‌ واز له‌ پشكی مۆراڵی خۆیان له‌ خاوه‌ندارێتی یه‌كێتی نه‌هێنن. ئه‌م مافه‌ به‌ده‌ستهێنراوه‌ (مكتسب) خێر و سه‌ده‌قه‌ی كه‌س نیه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر كۆی بنه‌ماكانی خه‌بات و قوربانی و مێژو و باوه‌ر و ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانه‌وه‌ گه‌ڵاله‌ بوه‌ و ساغ بۆته‌وه‌ و به‌های خۆ به‌ به‌رپرس زانینی بۆ ئه‌و مێژوه‌ هه‌یه‌ و خه‌سڵه‌تێكی رێژه‌یی هه‌یه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مافی خاوه‌ندارێتی هه‌مو یه‌كیتیی یان پێنابه‌خشێت. ئه‌م جۆره‌ له‌ خاوه‌ندارێتیه‌ به‌ تاپۆ و پسوڵه‌ و پاكانه‌پركردنه‌وه‌ و یا ره‌زامه‌ندی كه‌س و بریاردان ناسه‌لمێنرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ له‌ ده‌رون و هه‌ستی كه‌سه‌كه‌دا له‌دایكبوه‌ و گروگاڵی كردوه‌ و گه‌وره‌بوه‌. ئه‌م جۆره‌ خاوه‌ندارێتیه‌ش نه‌قابیلی سازشكردنه‌ و نه‌ ده‌شسرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر خیانه‌تكردن له‌ ئارادا نه‌بێت یا ئاره‌زومه‌ندانه‌ وازی لێنه‌هێنرابێت.

لایه‌نه‌كانی تریش بۆیان نیه‌ ئه‌و هه‌سته‌ ده‌رونی و مۆراڵه‌ی خه‌ڵكانی تر برینداربكه‌ن و بسرنه‌وه‌ كه‌ به‌شێكی گرنگ بوه‌ له‌ ژیانیان و به‌ ئێستاشه‌وه‌ له‌ ناخیاندا شوێنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. ئه‌و جۆره‌ ره‌فتاركردنه‌ بۆ برینداركردن و سرینه‌وه‌ی هه‌ستێكی ناسكی نه‌یاران و ئۆپزسیۆنی ده‌سه‌ڵات راگه‌یاندنی شه‌رێكی ده‌رونیه‌ و ده‌ستدرێژی كردنێكه‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ به‌ها پیرۆزه‌كانی ناخ و ده‌رونی مرۆڤ.

گۆڕان نه‌ دروشمی روخاندنی حكومه‌ت و نه‌ سرینه‌وه‌ی هێزه‌كانی تری به‌رزنه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات چاوه‌روانی ده‌كات كه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی كراوه‌ و به‌پێی یاسا و عورف ده‌سه‌ڵات و ئۆپزسیۆن و رێكخراو و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌شداربن له‌ بنیاتنانی حوكمی یاسا و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی ئازادی و ده‌سكه‌وته‌كان و كاركردن بۆ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌واییه‌كانی ترمان.

گۆڕان و خه‌ڵك
بێگومان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر هه‌ڵدانیه‌وه‌ و تا ئه‌م ساته‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای كۆی قه‌ناعه‌تی تاكه‌كان دارێژراوه‌ و نه‌چۆته‌ قۆناغی دارشتنه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێكهاته‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردن له‌ چوارچێوه‌كی دیاریكراودا. بزوتنه‌وه‌یه‌كه‌ به‌رنامه‌ی سیاسی هه‌یه‌ و تا ئێستا خاوه‌نی پێره‌وی ناوخۆی تایبه‌ت نیه‌. ئه‌و كه‌سانه‌شی ده‌نگیان به‌ گۆڕان داوه‌، یا به‌جۆرێكی تر پشتگیریان كردوه‌، هه‌ڵبژارده‌ی تایبه‌تی هه‌ڵسورێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌كه‌ نه‌بون و ناكرێت ده‌نگدان و پشتگیری كردنیان ره‌ت بكرێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌مو جۆره‌ بیروباوه‌ر و فیكر و گروپ و كه‌سانی له‌ده‌ور كۆبۆته‌وه‌، به‌واته‌یه‌كی تر باش و خراپ و راست و ناراستی كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌وێشدا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه‌. ناره‌وا و زوڵم كردنه‌ ئه‌م راستیه‌ كه‌ به‌كاره‌ له‌هه‌مو حیزبه‌ ته‌مه‌ن درێژ و خاوه‌ن ئه‌زمون و پێره‌و چه‌ندین ده‌زگای فیڵته‌ردارن له‌ كوردستاندا وه‌ك تانه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ له‌ به‌های بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌كار بهێنرێت.

گه‌شه‌كردنی دیموكراسیانه‌ی ئه‌م مه‌دا جه‌ماوه‌رییه‌ی كۆران بێگومان له‌سه‌ر حسابی لایه‌نه‌كانی تریش ده‌بێت و ئه‌مه‌ كارێكی به‌رنامه‌رێژكراو نیه‌ به‌مه‌به‌ستی دژایه‌تیكردن و لاوازكردن و په‌راوێزكردنی گروپ یا حیزبێكی تایبه‌ت، به‌ڵكو له‌سروشتی هه‌مو بزوتنه‌وه‌ نوێكان له‌مێژودا به‌ده‌ی ده‌كرێت، گه‌وره‌بون و گه‌شه‌كردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر قه‌واره‌ و گه‌وره‌یی لایه‌نه‌كانی جێگیربو له‌گۆره‌پانی سیاسیدا ده‌بێت.

هه‌روه‌ها مافێكی ره‌وای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ كه‌ ئه‌و پشتگیریه‌ی لێیكراوه‌ به‌شێواز و رێگه‌ی گونجاو و دروست به‌رفراوانتر بكات تا بتوانێت له‌ پانتایی نه‌ته‌وه‌ییدا ببێت به‌هێزێكی سه‌ره‌كی، جا كێ لێی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆی خۆیدا ده‌بێت، چونكه‌ ناشێت گۆڕان چاوه‌روان بێت تا لایه‌نه‌كانی تری مۆڵه‌تی ململانێ و كاری پێبده‌ن.

له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌لكترۆنیك و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌په‌له‌ زۆر له‌ پێوه‌ر و ئامرازه‌ كلاسیكیه‌كانی كاری ململانێ و حیزبایه‌تی گۆردراون. وه‌ك چۆن له‌م سه‌رده‌مه‌دا شه‌ره‌كانی دنیا له‌ژوری دانیشتنی ناو ماڵه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌بینرێ، هه‌روه‌هاش به‌شیك له‌ ملمڵانێ و زۆرانبازیه‌ فكری و سیاسبه‌كانیش له‌و رێگه‌یه‌وه‌ یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌.

چونكه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا قه‌ناعه‌تی تاك بریار له‌زۆربه‌ی شته‌كان ده‌دات نه‌ك و یست و خوازی ده‌سته‌ و تاقمێكی تایبه‌ت له‌نێو ژوره‌ داخراوه‌كاندا. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌سود وه‌رگرتن له‌و راستیه‌ له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا كه‌ له‌ سێ مانگ تێپه‌ری نه‌كرد توانی قه‌ناعه‌تی تاكی دانیشتوی كوردستان به‌و ئاراسته‌یه‌دا سازبدات كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ بو كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ مێژوی زیاتر له‌ 60 ساڵ‌ و 30 ساڵ‌ و به‌و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و زۆره‌و و به‌ سوپایه‌كی مه‌زن له‌ حیزبی، نوسه‌ر و راگه‌یاندن و ئاسایش و پۆلیس و به‌ ده‌یان ملیۆن دۆلاریشه‌وه‌ و ته‌زویرییشی له‌گه‌ڵدا بو بچێك زیاتر ده‌نگیان هێنا.

چی بكرێت؟
ناكرێت ئه‌م ركابه‌رایه‌تی كردنه‌ به‌رده‌وام به‌م شێوازه‌ی ئێستای له‌م دۆخه‌دا گوزه‌ران بكات و ئه‌و گرژی و توندیه‌ی هه‌ناوه‌كه‌ی ته‌نیوه‌ و زه‌وتكردوه‌ كاردانه‌وه‌ی زۆر نێگه‌تیفی له‌سه‌ر ژیانی سیاسی كۆمه‌ڵگای كوردی و بزافی كوردایه‌تی و نمونه‌ی حوكمرانیمان ده‌بێت.

چاره‌كردنیش مه‌حاڵ‌ نیه‌، كرۆكی ئه‌و رێگه‌ چاره‌یه‌ ئه‌ركی هه‌مو لایه‌نێكی دڵسۆز و راستگۆیه‌. پشكی ده‌سه‌ڵات له‌م چاره‌كردنه‌دا زۆر گه‌وره‌ و بریارده‌رتره‌، نه‌ك ته‌نها به‌هۆی بونی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌لكو ئه‌ركێكی یاسایی و مه‌عنه‌ویشیه‌تی كه‌ ئه‌نجامی بدات.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات زۆربه‌ی جومگه‌كانی حوكمرانی و دارایی و راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌ ئیقلیمی و نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و له‌ به‌غداش هه‌م بون و هه‌م ده‌سه‌ڵاتێكی زۆریان هه‌یه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی ئه‌ركه‌كانی هێوركردنه‌وه‌ چاره‌ی راسته‌قینه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌رشانی ده‌سه‌ڵات.

له‌ سیسته‌می دیموكراسی راسته‌قینه‌دا ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ (زۆرینه‌) كه‌ مافه‌كانی ئۆپزسیۆن (كه‌مینه‌) دابین بكان و بپارێزێت. ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ رێگری له‌ مۆنۆپۆلیكردنی پارڵه‌مانی بكات و رێگه‌ی كاركردنیش به‌ شێوازی دوالێزمی ناو پارڵه‌مان بدات بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی نوینه‌رانی میلله‌ت، نه‌ك ته‌نها حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، له‌ پارڵه‌مان و له‌ پرۆژه‌ باسا و بریاره‌كاندا. ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ بریاره‌ چاره‌نوسسازه‌كان له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ نوێنه‌رانی میلله‌ت بگه‌رێته‌وه‌ و به‌شدارییان پێبكات له‌ جۆری بریار و بریاردانه‌كه‌. ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ ژیان و مومته‌له‌كات و كه‌رامه‌ت و به‌هاكانی تاكی كۆمه‌ڵگا بپارێزێت و له‌كاتی پێویستدا به‌ده‌نگیه‌وه‌ بچێت و هاریكاری و كارئاسانی بۆ بكات. ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ میلله‌تی و نوێنه‌رانی رابگه‌یه‌نێت چی له‌ده‌ستدایه‌ و چی ده‌ست ده‌كه‌وێت تا به‌ یه‌كه‌وه‌ بریار له‌ شێوه‌ و جۆری سه‌رفكردنی بده‌ن. ده‌سه‌ڵات ئه‌ركی زۆری له‌ ئه‌ستۆدایه‌.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئۆپزسیۆنیش چه‌ندین ئه‌ركی قورسی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی، له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا ئۆپزسۆنكردنێكی بابه‌تیانه‌ و بنیاتكه‌ر، ئه‌ركی پاراستنی یاسا و كۆڵه‌كه‌ ده‌ستوریه‌كان، ئه‌ركی دروستكردنی باشترین پرده‌كانی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵات و فراكسیۆنه‌كانیان، ئه‌ركی گرێدانه‌وه‌ی توندوتۆڵ‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ و چه‌ندین ئه‌ركی تر.

من لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ وه‌لامدانه‌وه‌ و رونكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه‌ بخه‌مه‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات و ئۆپزسیۆن و میلله‌ته‌كه‌مان. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا له‌و باوه‌ره‌دام بۆ خۆشكردنی زه‌مینه‌ی له‌یه‌ك گه‌یشتن باشتره‌ ده‌سه‌ڵات راشكاوانه‌ دان به‌وه‌دابنێت كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نها له‌په‌راوێزی لاوازی ئه‌واندا گه‌وره‌نه‌بوه‌ و نابێت، به‌ڵكو بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌یه‌ و له‌ پارڵه‌مانی كوردستانیشدا رێگه‌ی ئۆپزسیۆنی هه‌ڵبژاردوه‌. ئه‌مه‌ش كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ نیه‌ و ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان وه‌ك هێزێكی سیاسی گه‌وره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی پارڵًه‌مانیش ره‌فتار كات و له‌رێگه‌ی دیالۆگ و له‌ یه‌ك گه‌یشتن بگه‌نه‌ ئه‌نجامی سازدانی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ ئاینده‌ی میلله‌ته‌كه‌مان.

دوا وشه‌
ئه‌گه‌ر نیه‌تی ئه‌وان له‌ئاستی بانگه‌واز و داواكردن و ئه‌ركه‌كانیاندایه‌ با وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو بوه‌ستن له‌ پێره‌وكردنی سیسته‌ماتیكی سیاسه‌تی نانبرین و ده‌ركردن و گواستنه‌وه‌ و دورخستنه‌وه‌ و ئه‌زیه‌تدانی گۆڕانخوازان و قه‌ره‌بوی ئه‌و ئه‌زیه‌تدان و برسیكردنه‌یان بده‌نه‌وه‌.