Print WWW.SBEIY.COM
 ده‌نگ بۆچی بده‌م؟
چیا عه‌باس
17/02/2010

له‌ مێژه‌وه‌ دژ به‌ویست و ئاواته‌كانمان وڵاتمان له‌تله‌ت كرا، هه‌ر پارچه‌یه‌كی خاكه‌كه‌م خرایه‌ژێر ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی داگیركه‌رێك و دوژمنێكه‌وه‌. مافه‌كانمان زه‌وت و پێشێل كران، به‌زه‌بری چه‌ك و كوشتن و تۆقاندن زۆر هه‌وڵیان دا زمان و كه‌لتور و نه‌ریت بگۆڕن به‌و سیما و ره‌نگ و زمان و نه‌ریتانه‌ی به‌دڵی دوژمنان بون. سه‌رتاپا زێدی باوباپرانیشیان به‌ ئاگر و قورقیشم وێران كرد و كرده‌ كه‌لاوه‌.

ته‌نها رێگه‌ بۆ ده‌یان ملیۆن كورد له‌به‌رامبه‌ر هێرشی سڕینه‌وه‌ و كڕنوشبردن بۆ داگیركه‌ر و ملكه‌چی بۆ كوشتن یا به‌رگریكردن و شۆڕش به‌رپاكردن هه‌ڵبژاردنی رێگه‌ی دوه‌م بو. به‌درێژایی ئه‌و مێژوه‌ ته‌نیا بواری هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌ممان له‌نێوان مان و نه‌ماندا بوه‌.

له‌ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ سه‌دان هه‌زار كوردی باشوری كوردستان هه‌مان رێگه‌یان هه‌ڵبژارد و ده‌یان هه‌زار لێیان شه‌هیدبون و سه‌دان هه‌زاری تریش سه‌رگه‌ردان و ماڵوێران و ده‌ربه‌ده‌ر و كه‌مئه‌ندام و په‌ككه‌وتو. ده‌یان هه‌زاری تریش ئه‌مڕۆ وارسی ئه‌نفال و كیمیاباران و پاكتاوی نه‌ژادی وشه‌هیدانن.

ئه‌مڕۆ له‌ناخ و ده‌رونی ئه‌و چه‌ند ملیۆن كه‌سه‌ هیوایه‌ك چه‌كه‌ره‌ی كردوه‌، هیوای ئاینده‌یه‌كی ئارام و ژیانێكی پر سه‌روه‌ری و دابینكردنی مافه‌كانیان. ئه‌م هیوا و ویسته‌ خێر و به‌ره‌كه‌تی به‌خشنده‌یی هیچ تاقم و ده‌سته‌یه‌ك نیه‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی خه‌باتكه‌ران و هێزه‌ دڵسۆزه‌كان رێگه‌ی هیواو و خواسته‌كانیان دارشتوه‌ و كاریان بۆكردوه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ری ره‌نجی میلله‌تێكه‌ و ناكرێت ئه‌و ده‌سته‌ و تاقمانه‌ی خۆیان به‌ "نایاب" ده‌زانن به‌ته‌نیا خه‌رمانی سه‌ده‌یه‌ك پاوان بكه‌ن و به‌شه‌ زۆره‌كه‌ی میلله‌تیش به‌ پاڵه‌ وسه‌پان ببینن.

له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و چه‌ند ملیۆن كورده‌ی خاكه‌كه‌م چاوی كراوه‌ته‌وه‌ و وشیاره‌ و چاك و خراپ له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه‌. خاوه‌نی ئه‌زمونێكی بیست ساڵ‌ ته‌مه‌نه‌ له‌ حوكمڕانی خۆمان و به‌باشی تێده‌گا ئاینده‌ی خۆی به‌سته‌ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی. گۆڕینێكی هێمنانه‌ی بێ شه‌ڕ و كوشتن و ماڵوێرانی و وبێ هاتوهاوار، گۆڕینێك ئاسۆی هیواكانی بدره‌وشێنێته‌وه‌. پاش بیست ساڵ‌ گۆڕینێك به‌ چه‌قی به‌ستوی حیزبایه‌تی و عه‌سا سحریه‌كه‌ی رابه‌ر و سه‌ركرده‌كان نه‌هاتۆته‌دی و نایه‌ته‌ دیش، گۆڕینێك به‌ ترس و تۆقاندن و پاره‌به‌خشین و ده‌ست له‌پشت دان فه‌رامۆش كراوه‌ و ئه‌و گۆڕانكاریه‌ نیه‌، كه‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌م ده‌نگی بۆ داوه‌ و ده‌یدات.

ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌م ترسی شكاوه‌ و كۆته‌كانی مسكێنی و پاشكۆیه‌تی شكاندوه‌ و په‌رۆشی ئاینده‌ی خۆی و خاك و میلله‌ته‌كه‌یه‌تی و بڕیاریشی داوه‌ به‌ ده‌نگی خۆی رێگه‌ بۆ ئه‌و ئاینده‌ خۆشكات.

پرسیاری من و سه‌دان هه‌زار كه‌سی تر ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگ به‌ گۆڕان بده‌م یا ده‌نگ بۆ گۆڕان بده‌م؟

من ویڵی گۆڕینێكم كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ها و نه‌ریته‌ به‌نرخه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و ئاینی ئیسلامم بۆ بپارێزێت و به‌رز رایانگرێت، من دێوانه‌ی ئه‌و یاسا و عورفانه‌م كه‌ من و ده‌سه‌ڵاتدارێك و دراوسێكه‌م و خانه‌واده‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌ك به‌یه‌كچاو ببینێت و یه‌كسان ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكات، من په‌رۆشی سیسته‌مێكم كه‌ بۆ توێژه‌ كه‌مده‌رامه‌ت و لاواز و په‌ككه‌وتو و كه‌مئه‌ندام و پیره‌كانی میلله‌ته‌كه‌م له‌ روانگای به‌رپرسیاریه‌تی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، نه‌ك به‌زه‌یی و دڵسوتان پێیان، پێگه‌ و ژیانێكی پر ئاسوده‌یی و سودمه‌ند دابین بكات و به‌هاكانی هاوڵاتیبون و مرۆییان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و له‌ سایه‌ی ره‌حمه‌تی كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتدا گوزه‌ران به‌سه‌رنه‌به‌ن. من تامه‌زرۆی خوێندنگایه‌كم له‌ گوندێكی كوردستانه‌كه‌م كه‌ كیژۆڵه‌یه‌كی ئه‌و گونده‌ بێ ترس و سه‌رما و سۆڵه‌ و توله‌رێی به‌رده‌ڵان ئارام و روخسار گه‌شاوه‌ به‌ دڵخۆشی و په‌رۆشیه‌وه‌ رۆژانه‌ روی لێبكات، من... عاشقی ئه‌و گۆڕینانه‌م.

تا ئه‌و ساته‌ی وه‌ك مرۆڤێكی كورد نوزه‌م لێوه‌یبَت ئه‌م چیرۆك و ئاواتانه‌ی من بێ كۆتایین. ئه‌مه‌ ژیانه‌ و له‌ ده‌وراندایه‌ و هیوا و خواستیش ئه‌زه‌لین. دیوه‌كه‌ی تری خواسته‌كانم نه‌ته‌وه‌ و خاكه‌كه‌م ئازاد و یه‌كگرتو ببینم، كۆیله‌ی هیچ بیرێكی نامۆ و ده‌سه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر نه‌بم، ده‌ستی خێر و شه‌فه‌عه‌ت بۆ ماف و گوزه‌رانی میلله‌ته‌كه‌م ماچ نه‌كه‌م، هاونه‌ته‌وه‌كانم به‌دڵه‌راوكێی و ترس له‌ كوشتن و گرتن و هه‌ڵهاتن نه‌ژین، تا سه‌رئێسك په‌رۆشم كه‌ وڵاتێكم هه‌بێت، ئاڵایه‌كی گه‌شاوه‌م هه‌بێت، گرنگ نیه‌ شا یا سه‌رۆك حوكمم بكات به‌مه‌رجێك دادپه‌ره‌وه‌ر و یاسا په‌رست و خه‌مخۆری خاك و میلله‌ت بێت.

ئه‌مڕۆ به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌یان ساڵی مێژو ده‌توانم به‌ ده‌نگه‌كه‌م له‌نێوان چه‌ندین ئه‌گه‌ر و وتاردا یه‌كێك هه‌ڵبژێرم و متمانه‌ی خۆمی پێببه‌خشم. به‌داخه‌وه‌ یاسا و عورف مافی ته‌نها یه‌ك ده‌نگم پێده‌ات. ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه‌ هه‌میشه‌ له‌نێو هه‌مو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ و روخسارانه‌ و وتارانه‌ ئه‌وانه‌م هه‌ڵده‌بژارد كه‌ باوه‌ڕم به‌ نیه‌تیان هه‌یه‌ بۆ گۆڕانكاری و به‌دیهێنانی خواسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانم، له‌هه‌مو ئه‌وانه‌ به‌ زه‌بر و هێزی ده‌نگه‌كانم چه‌پكه‌ گوڵێكی ره‌نگینم لێ ده‌ڕازانده‌وه‌ و ده‌مكرد به‌یه‌خه‌ی خاك و میلله‌ته‌كه‌مه‌وه‌.

به‌ڵام من ته‌نها تاكێكم و خاوه‌نی یه‌ك ده‌نگم، بۆیه‌ بڕیارم داوه‌ ده‌نگه‌كه‌م بده‌م بۆ ئه‌وه‌ی لوتكه‌ی هیوای گۆڕانی تێدا ده‌بینم.

نامه‌وێت به‌و ده‌نگه‌م هاونه‌ته‌وه‌ وركابه‌ره‌كان بسڕمه‌وه‌، نامه‌كه‌ی من بۆ هه‌مو لایه‌كه‌ و بێ پێچ و په‌نا و ئاشكرایه‌: به‌ئاگایان ده‌هێنمه‌وه‌، بۆ وه‌رگرتنی متمانه‌ی ده‌نگم له‌ ئاینده‌دا كاروانێكی سه‌ختیان له‌به‌رده‌مدایه‌ و تاقیكردنه‌وه‌یه‌، كه‌ و كێ به‌كرده‌وه‌ بیسه‌لمێنێت له‌ئاستی خواسته‌كانی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ست و ده‌رونمدا ده‌ژین ئه‌وا خاوه‌نی ده‌نگی منه‌.