Print WWW.SBEIY.COM
 كارله‌كار ترازاوه‌
چیا عه‌باس
03/03/2010

له‌واده‌ی بانگه‌شه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن وپێشوه‌ختیش سه‌ركرده‌كانی كورد لێمان ده‌بن به‌ كۆتری دیموكراسیه‌ت، له‌و ساتانه‌ی ئاراسته‌كانی پرۆسه‌كه‌ ته‌نگیان پێهه‌ڵده‌چنن خه‌سڵه‌ته‌ ره‌سه‌نه‌كانی خۆیان به‌ گرژی وتوره‌ییه‌وه‌ نمایش ده‌كه‌ن. دیموكراسیه‌ت له‌و ساتانه‌دا وله‌ هزری ده‌سه‌ڵاتداراندا هه‌مان مانای پربه‌پێستی سه‌دان ساڵی ناوچه‌كه‌مان له‌خۆ ده‌گرێت. وه‌ك نوسه‌ری ناوداری عه‌ره‌ب، فاتیمه‌ مه‌رسینی ده‌ڵێت: دیموكراسیه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئێمه‌دا چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه‌ برینه‌ سه‌خته‌ رزیوه‌كه‌یه‌تی و ماناكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ تاكی كه‌س ئازاده‌ بۆ وه‌لاكردن بۆ سه‌رۆك و رابه‌ر و ئیمام. ئه‌م برینه‌ رزیوه‌ی تێگه‌یشتن و لبَكدانه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵات بۆ دیموكراسیه‌ت ده‌رون و هه‌ست و هوشیاری ئێمه‌شی زه‌وتكردوه‌ وئافات وكاره‌ساتێكه‌ لێمان نابێته‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆرهه‌ڵات، به‌وانه‌ی كوردیشه‌وه‌، له‌ ساته‌كانی هه‌ڵچون و تێكچونی پارسه‌نگی سیاسیان په‌نا بۆ به‌ها پیرۆزه‌كانی دۆزه‌كه‌ ده‌به‌ن، چۆن ئایندارێك له‌گۆمی گومان و دڵه‌راوكێدا په‌نا بۆ به‌هاكانی ئاینه‌كه‌ی ده‌بات، خۆیان له‌په‌نای ئه‌و دیماگۆگیه‌ موراڵ وسیاسیه‌دا حه‌شارده‌ده‌ن، هه‌م ده‌یانكه‌ن به‌ قه‌ڵغان وهه‌م به‌ تیری ئاراسته‌كراو بۆ نه‌یار وركابه‌ره‌كانیان.

تۆ بڵێیت ئه‌م گه‌مه‌ كلاسیكیه‌ی په‌لاماردان و به‌رگریكردن نیشانه‌كانی خۆی له‌ كوردستانه‌كه‌ماندا بپێكێت؟
من گومانم نیه‌ كه‌ به‌شێكی ده‌پێكێت، به‌ڵام چۆن پێكانێك؟
دوای راپه‌رین وله‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن بۆ پارله‌مانی كوردستان سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان به‌گه‌رمی و په‌رۆشیه‌كی بێئه‌ندازه‌ پێشوازی له‌ یه‌كیتیی و پارتی كرد ومتمانه‌یه‌كی نزیك له‌یه‌كتری پێبه‌خشین. وه‌لێ خه‌ڵك ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌ گه‌مژه‌ بو ونه‌ یاده‌وه‌ریه‌كانی له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و دو لایه‌نه‌ له‌بیركردبو. یاده‌وه‌ریه‌كانی شه‌ره‌ خه‌سته‌كانی زه‌مانی مه‌لایی و جه‌لالی، نسكۆی 1975، كاره‌ساتی هه‌كاری، خوله‌كانی شه‌ری ناوخۆی سه‌رده‌می شاخ، كوشتن وقركردنی تێكۆشه‌ران وپێشمه‌رگه‌ ره‌سه‌نه‌كانی به‌شه‌كانی تری كوردستان. به‌ڵام كورد تامه‌زرۆی ئازادی و حوكمڕانی خۆی بو و بۆ ساتێك چاوی له‌و لاپه‌ره‌ قێزه‌وانه‌ی مێژو داخست وشانسێكی تری به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و دو هێزه‌ دا.

جارێكی تر دوای 13 ساڵ‌، 13 ساڵ‌ ته‌نراو به‌شه‌ری ناوخۆ و ماڵوێرانی و كوشتن و له‌ناوبردنی هه‌زاران رۆڵه‌ و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و دو هێزه‌وه‌، میلله‌ت چاوی لێپۆشین و متمانه‌ی به‌ لیستی هاوبه‌شی هه‌ر دوكیان به‌خشی تا بتوانن له‌ كوردستان و به‌غدا به‌ڵێنه‌كانیان بهێننه‌دی. ئه‌مجاره‌ش شه‌ڕ شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی بو له‌ به‌غدای دوای سه‌دام و كورد به‌ده‌ر له‌و دو هێزه‌ هیچ ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤێكی جدی تری له‌به‌رده‌ستدا نه‌بو.

مه‌خابن، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ سه‌رقاڵی شتێكن ومیلله‌تیش خه‌مێكی تری هه‌ڵگرتوه‌، ئه‌م جیاوازه‌یه‌ی خواست و كار له‌گه‌ڵ‌ توڕه‌بونی خاك و میلله‌ت عه‌رشی رازاوه‌ به‌ دروشمی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و دو لایه‌نه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی رابورد و بۆ پارڵه‌مانی كوردستان هێنایه‌ له‌رزان.

هه‌نوكه‌ لایان وایه‌ ده‌توانن ره‌وره‌وه‌ی مێژو بۆ دواوه‌ بگه‌رێننه‌وه‌ و جارێكی تر عه‌رشی له‌رزۆكیان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و تۆقاندن و گرژی و كڕین و فرۆشتن و به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌هێزبكه‌نه‌وه‌. باوه‌ڕی ته‌واوم هه‌یه‌ كه‌ هه‌ست و سۆزی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌یی لای هه‌ر تاكێك یا بونی هه‌یه‌ یا نیه‌تی. كاڵایه‌ك نیه‌ به‌پێوه‌ری بازاڕ كریاڕ و فرۆشیاری هه‌بێت، هه‌ر سیاسه‌تێك یا سیاسه‌تمه‌دارێك له‌كه‌ی قێزه‌وه‌نی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناوچه‌وانیدا ته‌نها بۆ جارێكیش و بۆ ساتێكیش به‌ دیكرا بێت بێگومان هه‌م موڕاڵ‌ و هه‌م متمانه‌یی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ده‌ستداوه‌ و به‌هیچ جۆرێك پینه‌ ناكرێت.

بۆیه‌ فیشه‌كه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ پێكانی نیشانه‌كانی لاده‌كه‌ن و ته‌نها هات و هاژه‌یان دێت.

ساڵ‌ 1972 و به‌نده‌تان له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌و ساڵه‌دا له‌ سلێمانی بۆ مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵبژێردرابو. له‌گه‌ڵ‌ به‌شێك له‌ ده‌سته‌ی هه‌ڵبژێردراو سه‌ردانی خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فامان له‌ بنكه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ چۆمان كرد. له‌ ئێواره‌یه‌كی فێنكی رۆژێكی سه‌ره‌تای هاویندا مه‌لا مسته‌فا له‌ "قه‌سری سه‌لام" له‌ نێوان چۆمان وده‌ربه‌ندی رایات ده‌رفه‌تی ره‌خسان تا له‌گه‌ڵ‌ به‌رێزیدا دانیشین. له‌ ئاماده‌بوان ئه‌م به‌رێزانه‌ له‌ یادن: عادل مراد، محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی، سالار عه‌زیز، حسێن سنجاری، جه‌لال خۆشناو وبه‌رێز دكتۆر محمود عوسمان له‌گه‌ڵ‌ شه‌هید فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری. خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا دركی به‌وه‌ كردبو كه‌ له‌ناو قوتابیان و گه‌نجدا هزری چه‌پ و پێشكه‌وتنخواز باو بو و له‌ نێو رسته‌كانی ئامۆژگاری و قسه‌كانی بۆمان هیچ نیگه‌رانیه‌كی له‌مه‌ڕ ئه‌و دیارده‌یه‌ نیشان نه‌دا. ته‌نها ئامۆژگاری كه‌ له‌ هه‌ست و ده‌رونیه‌وه‌ جه‌ختی لێكرد ئه‌وه‌بو: ئه‌گه‌ر چه‌پ یا راست بن له‌ پێش هه‌مو شتێكدا كوڕی میلله‌ته‌كه‌تان بن. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌و ئامۆژگاریه‌ سه‌غڵه‌ت بوم. ساڵانێكه‌ كه‌ ره‌وشی بزافه‌كه‌مان له‌ باشور دێته‌ به‌رچاو و ره‌فتار وكاری سه‌ركرده‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌، به‌ خانه‌واده‌ی خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فاشه‌وه‌، هه‌ڵده‌سه‌نگێنم هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ گه‌وره‌یه‌ی كورد تا ئه‌م ساته‌ش چه‌ند ته‌نیا وته‌نیایه‌. 

ئه‌مڕۆ، باوه‌ڕی ته‌واوم هه‌یه‌ كه‌ كوڕانی هه‌ڵمه‌تی گۆڕان موڵكی میلله‌تن وهه‌مو گۆڕانخوازانی میلله‌ته‌كه‌م به‌یه‌كه‌وه‌ بێ جیاوازی چه‌پ و راست و ناوه‌راستی هزره‌كان ده‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن. من خوازیاربوم سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ده‌سته‌ جه‌معی قوڵ‌ و بازویان بۆ گۆڕانكاری بخستایه‌گه‌ر بۆ دابینكردنی پاشهاتێكی ئاسوده‌ بۆ كورد. ئه‌زمونه‌كانی مێژو و تایبه‌ت دوای راپه‌رین ده‌یسه‌لمێنن كه‌ ئه‌وان نه‌ك ئه‌هلی گۆڕان نین، به‌ڵكو كۆسپی سه‌رسه‌ختی به‌رده‌م پرۆسه‌ وهه‌ڵمه‌تی گۆڕانكاری دیموكراسی وهێمنانه‌ن. له‌مه‌ش تێده‌گه‌ین چونكه‌ هزر وچه‌مك وده‌سه‌ڵاته‌ كۆنه‌كان به‌ئاسانی رێگه‌ ناده‌ن به‌ هزر وچه‌مك و ده‌سه‌ڵاتی نوێ. هێز وده‌سه‌ڵاته‌ نامۆكان به‌ دیموكراسی به‌درێژایی مێژوی مرۆیاتی ته‌نها له‌سایه‌ی شه‌ڕ و گرژیدا توانیویانه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌یان بده‌ن. خوازیارم كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردستان پێره‌وی پرۆسه‌ی دیموكراسیه‌ت بكات له‌و به‌رهه‌ڵًستی وبه‌رگریكردنه‌ له‌خۆی.

خۆشبه‌ختانه‌ گه‌وره‌ترین زلهێزی دیموكراسی دنیای ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كات ولای گرنگه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ئارامی وهێمنی ئه‌نجام بدرێت چونكه‌ بۆته‌ به‌شێك له‌ ستراتیژیه‌تی ده‌رچونی له‌ زه‌لكاوی عێراقدا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ عێراق به‌ كوردستان یشه‌وه‌ خه‌ڵتانی خوێن كرابو.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات درك به‌وه‌بكات كار له‌كار ترازاوه‌ و ئاڕاسته‌كان به‌ ئاره‌زوی ئه‌وان به‌ڕێوه‌ناچن. له‌مێژوی هیچ میلله‌تێكدا نه‌بوه‌ وناشبێت زوڵم وناعه‌داله‌تی وپێشێلكردنی یاسا له‌سایه‌ی پاساوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئایینیه‌وه‌ به‌رده‌وام بن. دواچه‌كی میلله‌تیش وه‌ك له‌ مێژودا هه‌زاران جار دوپاتبۆته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌لاَته‌ به‌بازوی به‌تینی خه‌ڵك.