Print WWW.SBEIY.COM
 بەغدا لە مالیکی دوەمدا چی لە کورد دەوێت؟
چیا عه‌باس
13/11/2010

سەرکردەکانی کورد لەگەڵ نزیکبونەوەی یەکڵاییکردنەوەی قەیرانی سیاسی ئەمجارەی عێراق ناچاربون لەو پرۆسەیەدا خاڵ بخەنە سەر وشەکان و شوێنی خۆیان لەو یەکلاییکردنەوەیەدا بکەنەوە.

گەمەی بێلایەنی
هەشت مانگە سەرکردە و لایەنەکانی کورد لە بەغدا و کوردستان بە دو ئاڕاستە کاریان دەکرد، لە کوردستان سەرقاڵی کۆکردنەوەی کورد و داڕشتنی داواکاریەکان لە حکومەتی ئایندەی عێراق و پێگەکانی بەشداریکردن بون، لێرەدا تا ئەم ساتەش دەسەڵات سەرکەوتو نەبوە بتوانێت شەرعیەتی نەتەوەیی لەو پرۆسەیەدا بەدەست بهێنێت. لەئاستی عەرەبەکانی عێراق دەسەڵاتی کوردی گەمەیەکی زەقی دەکرد بەوەی نیەتی خۆی بۆ هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هیچ لایەنێک یا لایەنەکانی تر لە عێراق ئاشکرا نەدەکرد و موجامەلە و دانوستاندن لەگەڵ هەمویان کاری رۆژانەیان بو. سەرکردایەتی سیاسی کورد چەمکی "هەمو دۆست و ناحەزیشن" بە تەکتیکێکی ژیرانە و ورد لەقەڵەم دەدا و ئیدیعای دەکرد ئەم گەمەیە بە زۆرترین قازانج بۆ کورد دەشکێتەوە.

ئەم گەمەکردنە زۆر زو لەلایەن دنیاوە خوێندراوەتەوە و بەشێکی بەها و کاریگەریە سیاسیەکانیشی لەدەستدا. هۆکاری سەرەکی ئەو لەدەستدانەش سروشت و خەسڵەت و ئەجێندا تایبەتیەکانی لایەنە عەرەبەکانی عێراق و خواستی دەسەڵاتدارانی کورد لە بەغدا بو. ئەو لایەنانەی کە لەیەکەم چرکەوە هۆکاری سەرەکی قەیرانەکە بون، وێرای ئەوەی هەمو لە یەک "بەنی قەوم"ن وەلێ یەکتر رەتدەکەنەوە و گەر بۆشیان بلوێت یەکتری دەسڕنەوە. هێزە سیاسیەکانی عەرەبی عێراق وا راهێنراون هەر کاتێک، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت پاش رێککەوتن، لەئاسۆی سیاسیاندا دەسەڵاتدارانی کوردی دەبینن و لە ئەزمونەکانی حوکم و سیاسەتی ساڵانی رابوردو لەگەڵیاندا فێربون کە ئەو هێزە کوردیە لە کۆتایی مەتافدا لەبەرامبەر چەند بەڵێنێکی سەر کاغەز و چەند پۆستێک و پارە وپول پشتگیریان لێدەکات و متمانەی خۆی پێیان دەبەخشێت، بۆیە هەر لایەنێک لەوانە لە پلانی سیاسیاندا بیریانکردۆتەوە لەبەرامبەردا چۆن رازیان بکەن.

لە ئاکامدا گەمەکەی کورد زیاتر بە قازانجی ئەو لایەنانە شکایەوە، چونکە لە هوشیاری سیاسیاندا هێزێکی نەتەوەیی گەورە لە عێراق ئامادەیە زو بێتە سەرخەت، گەمەکەش ناڕاستەوخۆ ئاگرەکەی بەغدای خۆشتر دەکرد.

ئێستا کە حکومەتی نیشتمانی هاوبەشی بەڕێوەیە، خەڵک بەئومێدە کورد لە بەغدا نەکەوێتە نێو بەرداشەکانی ئاشی ئەو لایەنانە. با چاوەڕوان بین بزانین کۆنە بەعیسیەکان و توندڕەوە ئایینی و نەتەوەییەکان کە پێگەی بەهێزیان لەم حکەمەتدا پێدراوە چۆن لەگەڵ کورد تەعامول دەکەن. ناشێت لەیادیشی کەین کە رۆڵی کورد لە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا بڕیاردەر نەبوە و نابێت بەقەدەر ئەوەی بەشداریکردن و هاوبەشیە و تاڕادەیەکی بەهێزیش پشتئەستورە بە ئاڕاستەیەکی ستراتیژی ئەم سەردەمەی عێراق کە ئیرادەی یاسایی و سیاسی نێودەوڵەتی سەپاندویەتی، بەتایبەت بۆ ئەمه‌ریکا دروستکردنی حکومەتێکی نیشتمانی هاوبەشی لە عێراق بۆتە کرۆکی ستراتیژیەتی دەرچونی لە عێراق.

گومان و پرسیار
کار و سیاسەتێکی دروست و رەوایە کاتێک دەسەڵاتدارانی کورد گومانیان لە نیەتەکانی بەغدا هەبێت، لەماوەی حەوت ساڵی رابوردو بەغدا تەنانەت بەقسەی بەتاڵ نیەتی چارەکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان راگەیاندوە و لەپراکتیکدا کێشەکانی زیاتر ئاڵۆزتر و خەستتر کردونەتەوە. ئەوانەی لەو هەشت مانگەدا شەڕیان لەسەر کورسیەکانی بەغدا دەکرد هەر هەمان دەموچاون وهەمان هەڵگر و خاوەن مەزهەب و عەقیدانەن کە لەو هەشت ساڵەدا کۆماری ترسی سەدامیان گۆڕیوە بە گۆڕستانێکی بێسەروبەر و بێسنوری ترسناک. بۆیە مافێکی رەوای هەمو تاکێکی کوردە پرسیار لە دەسەڵاتدارانی کورد بکات ئیتر ئەم هەمو سۆز و گیان بەگیانیەی دەسەڵاتی کورد بۆ "برا" عەرەبەکان چ مانایەک دەبەخشێت؟ ئایا ئەم هەمو هەوڵ و کۆششانە بۆ رێکخستنی ناوماڵی عێراقی بە سودی بزافەکەمان دەکشێتەوە؟ ئەگەر ئێمە خۆمان نەمانەوێت ببین بە تۆپی گەمەی نێوان سوننە و شیعە، ئەی ئەو گەمە زەقەی هێزە کوردیەکان لە نێوانیاندا چی رادەگەیەنێت؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تر نیەتی راستەقینەی دەسەڵاتی کوردی روبەروی پرسیاری زۆر جدی دەکەنەوە.

ساتی راستیەکان
دەکرێت سیاسەت بە زیگزاگی و بەقسەی رازاوە و سواو و بەهەڵڵاکردن بۆ ماوەیەک بڕبکات، بەڵام لە ساتێکی دیارکرا و لە چەقبەستنێکی بێهودەدا و لە دوریان و دۆخێکی چارەنوسسازدا دەبێت هێڵە راستەکەی سیاسەت وێنابکرێت. ئێستاش بۆ کورد لە عێراق "ساتی راستیەکان" دەستی پێکردوە.

بابزانین ئەم هەوڵانەی دەسەڵاتدارانی کورد کە دەیانەوێت نمونەی کوردستان بکەنە ئەو گوڵەی روخساری شەتەک و تاریک و رزیوی عێراق برازێنێتەوە بۆ چین؟ هەروەک نوری مالیکی وتویەتی: ئەمجارە سەرەتای دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراقە، بابزانین پشکی کورد لە ئەرک و مافدا لەو دەوڵەتەی عێراق چۆن دەبن.

باوەڕ ناکەم لەهیچ شوێنێکی دنیادا وڵاتێک هەبێت خۆبەخشانە و ئارەزومەندانە رێگە بدات زیاتر لە 10 وڵاتی دۆست و ناحەز راستەوخۆ دەستوەردەنە پێکهێنانی حکومەتەکەی و ئەو حکومەتە بێ تیشکی سەوزیان سەقامگیر و بەکارنەبێت. ئـەمەی لە عێراقدا رودەدات دەلالەتی ئەوەیە کە عێراق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی یەکگرتو و خاوەن سیادەت لە قاموسی سیاسی دنیادا بونی نەماوە، ئاماژەشە بە لاوازی و پەرتەوازەیی و پاشکۆیەتی هێزەکان و سەرکردەکانی و بێدەستگرتن و پاڵپشتی ئەم وڵات ئەو وڵات بۆیان توانایان نیە سەربەخۆیانە دەسەڵات بگرنەدەست و حوکم بکەن. دەمێکە عێراق خاوەنی خۆی نەماوە، پێکهاتە "رەسەنە" عەرەبەکانیشی وەک ئیرسێکی مێژوییان سەرقاڵی خۆیان و مەزهەب و فەرهودکردنی سامان و دەسەڵات و قڕکردنی یەکتری و حساباتی تاوان و دوژمنایەتیە مێژویەکانیانن. ئەوان عێراق و دەسەڵات و حوکمڕانی لە روانگای ئەو دیدوبۆچونانەی خۆیانەوە دەبینن، دید و هەڵوێست و رەفتاریی رەسەنی ناخیشیان لەمەڕ کۆی گشتی عێراق لە چوارچێوەی یاسایەکی ئاینی و فەتوایەکی پەککەوتوی هاوردەکراو و رستەیەکی شۆڤێنیزمی عەرەبیەوە دیاریدەکەن. ئەوەنیە بەدرێژایی بەشی زۆری مێژوی بەغدا هیچ ساتێک شوێنی ئۆپۆزسیۆنی نەکردۆتەوە و ئەوەشی هەبون هەمەجیانە قەتل وعام کراون. ئێستاش پاش چەندین سەدە هەمان عەقڵیەت و هەمان نیەت ژیانی سیاسی لە بەغدا بەڕێوەدەبات، نابینین دەنگی لیستە گەورەکانی عەرەبی عێراق لەسەر بنەماکانی مەزهەبی و توندڕەوی و عەقائیدی داخراو کۆکراونەتەوە و لە دور و نزیکەوە هیچ پەیوەندیەکی ئەوتۆیان بە کارنامەی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانەوەی عێراق و ئایندەی پەیوەندی کوردستان و بەشە عەرەبیەکەی عێراقەوە نیە، بۆیە وا پارچە پارچە و دژ بەیەکتر هەر لایەنێک خۆی بەخاوەنی "عێراقی عەرەبی یەکگرتوی موسڵمان" دەزانێت. ئەوەشی لەدوای روخاندنی سەدامەوە تائێستا بۆ کورد ئیقراریان کردوە شەقی زەمانە پێیکردون.
 
پێگەی کورد وەک نەتەوە، نەک کەسایەتی و حیزبەکان، لەو هاوکێشە و چوارچێوەیەدا لە کۆتایی مەتافدا ناتوانێت بێدەنگ و بیلایەن بمێنێتەوە و ناشتوانێت لەکاتی تەقینەوەیەکی سیاسی و سەربازی لەو جۆرە بەرگری لە دەسکەوت و مافەکانی خۆی لەنێو ئاگر و خوێنی مەزهەبی و نەتەوەیی عەرەبدا بکات. ئەم راستیانە روح و هەناوی وڵاتێک پێکبهێنن، دەبێت کورد چاوەڕوانی چی لێبکات؟ ئەو لایەنە و سەرکردەیەی چاوەڕوانی وەهمی لای کورد دەچێنێت دەبێت مەبەستێکی شاردراوە خولیای هەست و بیرکردنەوەی بێت.

کانزای دۆلار و داواکاریەکانی به‌غدا
بەغدا کانزای دۆلاری پترۆڵە و لەو سەرچاوەیەوە هەرێم بودجەی خۆی وەردەگرێت و کاروباری حکومەتی هەرێمیش تا رادەیەکی زۆر بەو پارەیە بەڕێوەدچێت. کورد لەم دابەشکردنەی دۆلار تا ئەم ساتە قازانجی مادی زۆری کردوە و لە بەرامبەریشدا چەندین کێشەی چارەنوسسازی نەتەوەیی لەگەڵ بەغدا بە بێچارەیی ماونەتەوە و ئاڵۆزتر کراون. پێناچێت دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕەدا ئەوەندە کێشەی هەبوبێت و لەگەڵ ئەم حکومەتە تازەیەشدا هەیبێت. بە کورتی ئەوەی بەغدا لە کوردی دەوێت لە رازاندنەوەی روخسار و تەسدیقکردنی ناسنامەی حکومەتی نیشتمانی هاوبەش و بێدەنگی تێپەڕناکات. سەردەمێکە لە ناوەندەکانی میدیا و سیاسەتی دنیادا باسدەکرێت کە داواکاریەکی سەرەکی دەسەڵاتدارانی کورد لە بەرامبەر پشتگیری و کارئاسانی و بەشداریکردن لە حکومەتی عیراقدا سەرپشکیانە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی نەوتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان، راستە وتویانە سیاسەت بەخشین و وەرگرتنە.

دەسەڵاتدارانی کورد بۆ جارێکی تر لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکدان زۆر ئاڵۆزتر و توندتر لەوەی مالیکی ژمارە یەک، ئەمجارەیان هەمو عەرەبی عێراق بەشدارن و پێگە و دەسەڵاتی راستەقینەش بەدەست ئەوانەوەیە و کەسیش ئەوەندە کاڵفام نیە لەنیەتی راستەقینەیان نەگەیشتبێت. ئەگەر ئەزمونی نەتەوەیی ئەمجارەی کورد لە بەغدا وەک ئەوەی پێشوتر سەرکەوتو نەبێت، ئەوا خەتابارانی سەرەکی دەسەڵاتدارانی کوردن. هەمو ئومێد و هیوایەک ئەوەیە ئەمجارە سەرکەوتوتر بین لە جارانی پێشوتر.