Print WWW.SBEIY.COM
 قەیران و ئاغاکانی دیموکراسیەت
چیا عه‌باس
11/02/2011

ئەم هەرێمە و باشوری کوردستان لە راپەڕینی ساڵی 1991وە بەردەوام بەدەست چەندین قەیرانی سیاسی و سەربازی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە گیرۆدە کراوە.

لەبەرئەوەی دو حیزبی دەسەڵات هۆکارێکی سەرەکی سەرهەڵدان و ئاڵۆزکردنی بەشێک لەو قەیرانانەن، بۆیە بە باسکردنیان دڵگران دەبن. لایەنەکانی دەسەڵات لە ساتەکانی دامرکاندنەوە و کاڵبونەوە و نەمانی قەیرانێکدا نەعامە ئاسا رەفتاریان کردوە و وەک ئەوەی نە بایان بینیبێت و نە باران خۆیان نمایشکردوە.

پوختەیەکی ئەو قەیرانە ئاڵۆزانەی بەدرێژایی بیست ساڵ یەخەی هەرێمیان گرتوە:
لەپێش راپەڕینەوە قەیرانێکی درێژخایانی ئاڵۆز ئاسمانی پەێوەندیەکانی ئەو دوهێزەی ئێستای دەسەڵاتی تەنیبو. ئەم قەیرانە لە گەورەیی سەرکەوتنی راپەڕیندا بە حەشاردراوی و تەنگەنەفەسیەوە لەناخی ئەو دو لایەنەدا پەنگی خواردبوەوە و دواتر بە شێوازی جۆراوجۆر سەری هەڵداوەتەوە.

قەیرانی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992 بە فیفتی فیفتی شکایەوە و لەگەڵیشیدا قەیرانی رابەری هەرێم بێ چارە مایەوە.

قەیرانی پەکەکە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابوردو بە دەرپەڕینی پێشمەرگەکانی باکوری کوردستان لەچەند ناوچەیەکی باشور لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتدارانەوە کۆتایی هات.

قەیرانی حوکمڕانی فیفتی فیفتی لەتکردنی خاک و زمان و کەلتور و داهات و ئاسایش و پێشمەرگە و ...تاد قوڵترکردەوە.

قەیرانی ناکۆکی لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکان لە ساڵی 1993 بەشەرێکی خوێناوی خاتیمەکرا.

قەیرانی زەوتکردنی سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێم لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل بەشەڕی ناوخۆ لە 1994دا تەقیەوە، شه‌ڕێکی خوێناوی درێژخایەن کە لە سەنگەرەکاندا 4 ساڵی خایاند و دەرون و جەستە و بەهاکانی کوردایەتی ئەتککرد و نەتەوەیەکی سەرگەردان کرد. قەیرانێک تێدا دەسەڵاتداران پەنایان بۆ سوپا و هێزەکانی دوژمن و داگیرکەرانی کورستان لە عێراق و ئێران و تورکیا برد، بەم کارەیان هزری نەتەوەییان پوچەڵ و لەکەدار کرد.
 
قەیرانی کۆتایی شەڕ و سەرەتای ئاشتی لە سایەی گوریس راکێشانی نێوان دو لایەنی شەڕکەردا چەند ساڵێک حکومەت و پەرلەمان و خزمەتگوزاریەکانی هەرێمی نەک هەڵوەشاندبوەوە، بەڵکو هەمو بەها و مانا مرۆیی و نەتەوەییەکانیانی دارماندبو، ئەم قەیرانە گەیشتبوە ئاستێک لە بێئومێدی کە سیاسەتمەداران بە "عەبە باز دەدات" یان دەشوبهاند.

قەیرانی ئابوری هەرێم بەهۆی ئابلوقەی ئابوری نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق بە ئابلوقەی دو ئیدارەی کوردی لەسەر ناوچەکانی یەکتر خەستترکرایەوە و هۆکارێکی سەرەکی خراپبونی باری گوزەرانی خەڵک و ئاوەدان نەکردنەوەی کوردستان بو، ئەگەر بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک نەبوایە کورد وەک هاوڵاتیانی چەند وڵاتێکی ئەفریکا توشی برسیەتی بەکۆمەڵ دەبونەوە. لەمەشدا ئەو دو دەسەڵاتە زۆر بێباکانە لە داهاتی بەشی هەرێم لەو بڕیارە بەشێکیان بۆ خۆیان هەڵدەلوشی.

قەیرانی بێ متمانەیی نێوان دو لایەنی دەسەڵات لەناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقی پێش روخاندنی سەدام و بەتایبەت لە کۆبونەوەی ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایی 2002 لە لەندەن وایکرد کە پێگە و متمانەی کورد لاوازبێت و بەکەمترین داوای کوردەوە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و پرۆسەی روخاندنی سەدامدا شوێنی خۆیان بکەنەوە.

قەیرانی بەشداریکردن لە دەسەڵاتی بەغدای دوای سەدام لەیەکەم رۆژەوە بە چەند رێککەوتن و یاسا و بڕگەی لەرزۆک لەگەڵ هێزی داگیرکەردا خوڵیان بەسەردا کرد و خاک و نەتەوە لەباشور زەرەریان لێکرد.

لەگەڵ زیاتر چەسپاندنی حکومەتی بەغدا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەسەڵاتداران بۆنی دەسەڵات و پلە و پارەیان کرد. بەزەبری توندی ئەمه‌ریکا و دۆخە تازەکە دەسەڵاتدارنی کورد تێگەیه‌نران کە باشترە لەنێوان خۆیان رێککەون و ئەو دەسکەوت و مەقامانە وەک برا بەشکەن و لە پەناشەوە بۆ رازیکردنی خەڵک شتێکی پێبدەن، وێرای ئەوەی میللەتیش لەمە سودمەند بو، وەلێ نرخەکەی گرانبەها دەرچو. سڕکردن و داپۆشینی قەیرانی بێمتمانەیی و ترس و رق و کینەی نێوانیان بە کاریگەری جادوگەرانەی دەسەڵات و پارە رێککەوتن و قۆرخکردن و دابەشکردنی لێکەوتەوە و لەمەوەش گەندەڵی و بەرتەسککردنەوەی دیموکراسی و ئازادی و پێشێلکردنی یاسا.

لەم دۆخە پر جاە و نیعمەتەدا قەیرانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیان بە مادەیەکی نادیاری دەستور و هەڵسپاردن و بێنەوبیبە فەرامۆشکرد و کار و رەفتاریشیان لەو ناوچانە قەیرانەکەی زیاتر قوڵترکردۆتەوە.

دەسەڵات مافە رەواکانی نەتەوەی کوردی لە کوردستانی گەورە ئەوەندە بچوککردۆتەوە کە تەنانەت لە سوچێکی خەون و خەیاڵی شاعیرێکیشدا جێگەی نابێتەوە.

لەوساتەوەی لەسایەی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتدارانە هەرێم بەڕێوەدەچێت چەندین قەیرانی بەردەوام بەرۆکی هاوڵاتیان و ژیانی رۆژانەیانی گرتوە: قەیرانەکانی رۆتین و بیرۆکراسیەت، کارەبا و هاتوچۆ و تەندروستی و خوێندن و خوێندنگا، بێکاری و گرانی و قەیرانی نیشتەجێبون و گواستنەوە، قەیرانی بە بنەماڵه‌کردنی دەسەڵات و حوکمڕانی، دەستێوەردانی حیزب لەکاری حکومەت و پێشێلکردنی یاسا و بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و قه‌یرانه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا و ....تاد.

بەدرێژایی ئەو مێژوە درێژە ئەم قەیران و کێشانە وەک کوتەکێکی گورزوەشێن رۆژانە جەستە و هەستی نەتەوە و خاکێکیان ئەزیەتداوە، سارێژکردنی ئەم برینانە هەروا ئاسان و هەرزان بەها بەدەست ناهێنرێت.

دەسەڵاتداران داوادەکەن باسی ئەم هەمو قەیران و شەڕ و کوشتن و زام و ئازار و سەرگەردانیە نەکەین، زمانحاڵ و قەڵەمحاڵەکانی دەسەڵات بە قەد ئەستوری تاڵە مویەکیش خۆیان لەقەرەی نادەن نەکا ساحب مەعالیەکان پێی دڵتەنگ بن و نەکا ناحەزان زەفەرمان پێببەن و خوانەخواستە ئەم ئەزمونە لەدەست بدەین. هەڵوەستەیەکی نەزۆک و نامۆ بە بەرپرسیاریەتی لە فەزای بەرینی پڕ نیعمەتی دیماگۆگی حیزب و عەقیدە و پاراستنی حکومەت و ئەزمون.

بیست ساڵە نەتەوە بۆ رێزگرتن و بەرز هەڵسەنگاندنی لایەنی خەبات و ماندوبونی ئەو دەسەڵاتدارانە هەلێکی پێبەخشین و متمانەی پێدان بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانیان و چارەی قەیرانەکان و بەرقەرارکردنی عەدالەت و حوکمی یاسا. مەخابن لە وەڵامی پەشۆکاوی دەسەڵات بۆ بەیاننامەکەی گۆڕان جارێکی تریش دەرکەوت گەورە قەیرانی باشور عەقڵیەتی سیاسی و حوکمڕانی دەسەڵاتدارانە. عەقڵیەتێک لە مەملەکەتەکەیدا خۆی بە ئاغای دیموکراسیەت دەزانێت، خۆی بە خالق و بەخشێنەر و پاسەوانی ئازادی دەزانێت، خۆی بە یاسا و مەرجەع و پارێزەر و چاودێریکەر و جێبەجێکەری دەزانێت، خۆی، تەنها خۆی لە کۆتایی مەتافدا دەبێت هەمو شتێک بێت، ئەوانەشی لەدەرەوەی خۆی و بازنەکەیین بە رەعیەت و مسکێن دادەنێت. مانه‌وه‌ی ئەم قەیرانە بێ چارەیەک مەترسی گەورەی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

کاتێگ گۆڕان داوای چاکسازی و چاوخشاندنەوە بە کار و رەفتاریاندا دەکات، دەسەڵات پێی قەڵس دەبێت و شوراکانی مەملەکەتەکەی بە قەڵغانە ژەنگاوی وچەمکە کۆنەکانی عەقڵیەت و عەقیدەی دەتەنێت و وەک میرانی شەڕەنگخواز ئاڵاکانی میرنشینەکانیان هەڵکردوە و لە ئامادەباشیدان بۆ خەڵقاندنی قەیرانێکی مەترسیداری تر. بۆچی؟

راستە هەر کارێک یا قەیرانێک ئەو ریتمەی 7-8 ساڵی رابورد و تێکبدات لە بەرژەوەندی دەسەڵات نیە. ریتمی دابەشکردنی ژێربەژێر و خشکەیی دەسەڵات و داهات.

راستە هەر کارێک یا قەیرانێک رێککەوتنە ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەییەکانیان تێکبدات لە بەرژەوەندی دەسەڵات نیە.

راستە هەر کارێک یا قەیرانێک گرێبەست و چالاکییە بازرگانیەکانیان تێکبدات لە بەرژەوەندی دەسەڵات نیە.

راستە هەر کارێک یا قەیرانیک پلان و نەخشەیان بۆ ئایندەی ئەم هەرێمە لە دنیابینینی خۆیان و لە روانگای بەرژەوەندیەکانیانەوە تێکبدات لە بەرژەوەندی دەسەڵات نیە.

راستە ئەوەی گۆڕان داوای دەکات یەکێک لە قەیرانە گەورەکانی دەسەڵاتدارانە، چونکە تێدا دەسەڵات دەخرێتە بەر لێپرسینەوەیەکی مێژویەوە. خەسڵەتێکی هەمیشەیی ئەم دەسەڵاتدارانە ئەوەیە قەیران بە قەیران ئاڵۆزتر دەکەن و زۆر کەم رویداوە هێمنانە و بە حوکمی لۆژیک بەدوای رێگە چارەیەکی گونجاو و دروستدا بگەڕێن. یەکەم تیری کەوانیان زمانی زبر و هەڕەشە ئامێزە و ئەگەر بۆشیان بلوێت سەرجەم هێز و دەست و پێوەندیان بەرەو گۆڕەپانی شەڕ بەڕێدەکەن. ئەم جۆرە عەقڵیەت و رەفتارکردنە لە بەهەشتی دیموکراسی یا لە سەنگەری شەڕدا بێت زو یا درەنگ هەرهەمان نیەت و پێکهاتە ئاڕاستەیان دەکەن.

میللەت و نەتەوە و کۆمەڵگاکان کاتێک بیری جدی لە راستکردنەوە و نوێکردنەوە و گۆڕانکاری دەکەنەوە کە لەسەر لێواری تێکچون و تێکشکاندن و نەماندا دەگیرسێنەوە، چرکەی ئەو ساتانە لە کوردستان لێدەدات و دەبیسترێت.

ئەگەر ئەم ساتانە جەخت لە راستیەک بکەنەوە، ئەوا پرسیاری سەرەکی لەبەرامبەردا ئەوەیە: ئایا دەسەڵات ئامادەیە بەلایەنی کەمەوە ماڵئاوایی لەو عەقڵیەتەی خۆی بکات و بە رەفتار و کردار لە دڵیەوە داوای لێبوردن لە میللەت بکات بۆ ئەو هەمو شەڕ و خوێنرشتن و ماڵوێرانی و نەهامەتی و قەیران و کێشانەی بەدرێژایی مێژو خولقاندویەتی و ئایا ئاماده‌یه‌ بە کۆدەنگی نەتەوەیی تۆکمەوە هەمو قۆڵی لێهەڵماڵن بۆ بنیاتنانی ئێستا و ئایندەیەکی پڕ روناکی و گەشە بۆ نەتەوەکەمان.

پرسیارێک تەنها دەسەڵات دەتوانێت وڵامی بداتەوە...