Print WWW.SBEIY.COM
 دوانەی ستەمکاری لە کوردستان: هێز و دەسەڵات
چیا عه‌باس
03/07/2011

تا باشتر لە حوکمڕانی دو حیزبی دەسەڵاتدار تێبگەین دەشێت پێناسەیەکی بابەتیانەی هەر دو چەمکی هێز و دەسەڵات بکەین، لەو روانگایەوە لە کوردستان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین.

هێز و دەسەڵات بەگشتی
چەمکەکانی هێز و دەسەڵات لە ساتە سەرەتاییەکانی مرۆڤەوە سەریان هەڵداوە، بەتایبەت کاتێک مرۆڤەکان بەیەکەوە لە گروپدا ژیاون، هەمان دیاردەش لەناو گروپە ئاژەڵەکاندا، وەک گورگ و مەیمون، بەدیکراوە.

ئەم دو دەستەواژەیە زۆر بەکاردەهێنرێن و لە رواڵەتدا وەک دو چەمکی نزیک لەیەک بەرچاودەکەون، ئاسان نیە لە پراکتیکدا دەسەڵات و هێز لە یەکتری جیابکرێنەوە. شیکردنەوە و پێناسەکردنی وردیان دەریدەخەن ئەم دوانەیە لە زۆر روەوە جیاوازیان هەیە و دەبنە دژ بەیەکیش، په‌یوەندی نێوانیان تا ئاستێکی زۆر لەلایەن جۆر وبەهاکانی کەلتورەوە دیاری دەکرێت.

هێز پێناسە دەکرێت بەو کاریگەریەی کە خاوەن هێز هەیەتی تا کەسان و لایەنەکانی تر وا لێبکات ئەو کارانە بکەن، کە هێز مەبەستیەتی و مەرج نیە لە بەرژەوەندی هەڵسوراوانی کارەکەدا بن. لە سیستەمە دکتاتۆر و تاکڕەوەکاندا ئاستی زۆر نزمی گوێڕایەڵی ئارەزومەندانە یا تەواوی رەتکردنەوە کرۆکی کار و کاردانەوە و رەفتارکردن لە بازنەی هێزدا دادەڕێژن.

دەسەڵات دەربڕینێکی تایبەتیە بۆ هێز و دانپێنانە یا رەوادانە تا هێز بەکاربێت، مانای ئەوەیە بتوانرێت رێنمایی و بەگەڕخستنی خەڵکی تر بکرێت بۆ ئەنجامدانی کارەکان.

جیاوازی نێوان هێز و دەسەڵات لە هەڵوێستی ئەوانەی دەکەونە ژێر رەحمەتیانەوە دەردەکەوێت، خەڵکی بەگشتی زیاتر ئەرێنانە لەگەڵ دەسەڵاتدا وەک لەوەی لەگەڵ هێزدا رەفتاردەکەن. هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستیەی کە ئەوانەی خاوەنی هێزن یا هێزیان زۆر لا مەبەستە هیچ بەها و مانایەک بۆ هێزیان نیە ئەگەر کارێک بەو هێزە نەکەن، بۆیە بەزەبری ئەو هێزە کار بەخەڵکی تر دەکەن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خاوەن هێز مەبەستیەتی بە بەکارهێنانی سودی سیاسی و مادی و مەعنەوی بکات.

بەهۆی ئەوەی پرۆسەی دەسەڵات پیویستە بۆ بەڕێوەبردن و کارکردنی کۆمەڵگایەک بەرز رێکخرابێت، دەبینین لە کۆمەڵگا و کەلتورە پێشکەوتوەکاندا دانپێنان بە هەڵەدا راستەخۆ بە چەمکی دەسەڵاتەوە گرێدراوە و کردەیەکی زۆر گرنگ و ئاساییە. لە سیستەمی دەسەڵاتی تاکڕە و ستەمکاردا دانپێنان بەهەڵە و راستکردنەوە زۆر ئەستەمە و بەگشتی خەڵک بۆ پاراستنی خۆیان لە جەزرەبەی هێز کاری پێویست بۆ دەستنیشانکردنی هەڵەکان و راستکردنەوەیان ناگرنەبەر، لە ئاکامدا هەڵەکان بەردەوام و کەڵەکە دەبن. لە چەمکی هێزدا دیاردەی دانپێنان بە هەڵەدا زۆر کەم بەرچاوە و خاوەن هێز پشکی شێری بەرپرسیاریەتەکەی بەردەکەوێت، بەلایەنی کەمەوە لوتکەی هێز چاوی لێدەنوقێنێت یا رێگری لە هەڵەکان ناکات. ئەم کەشوهەوایە رەنگدانەوەی ناکۆکی و ململانێی کۆمەڵایەتی لەنێوان هێز و دەسەڵاتدا لێدەکەوێتەوە. لەو شوێن و دۆخانەی هێز زۆر لە دەسەڵات باڵادەسترە، بۆنمونە ئەو شوێنانەی بە کەلتوری دیموکراسی نامۆن، یاخود کەلتوری عەشایری و بنەماڵە و کەلەپوری ئاینیی و ناسیۆنالیزم زاڵن ئەم دۆخانە دەبنە ئەستەنگ و رێگر لەبەردەم گوزەرانێکی گونجا و هێمنانەی نێوان هێز و دەسەڵات.

جیاوازیەکی تری بەرچاوی هێز و دەسەڵات ئەوەیە، کە هێز یەک ئاراستەی هەیە، فەرمان و رێنمایی و زانیارییەکان لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەڕۆن و زۆر کەم کۆنتڕۆڵی ئاکامەکان دەکرێت، هەڵسەنگاندنی هەڵە و بەرپرسیاریەتی تەنها لە کاتی شکستی تەواوی هێزەکەدا بەرچاو دەکەوێت و مێژوش پێمان دەڵێت: تەنانەت لەو حاڵەتەشدا گرێدانەوەی ئەو دو لایەنە ئەوەندە سودبەخش نیە. دەسەڵات بەپێچەوانەوە پرۆسەیەکە لە ئاکامی تێهەڵکێشکردنی چەندین پرۆسەی جیاجیا دێتە کایەوە و بۆیە ئەو گرێدانەوەیە کارێکی ئاساییە. دانپێنان بەهەڵە و گرێدانەوە زەمینەی سەرەکی سازدانی هاوسەنگیە لە چەمکی دەسەڵاتدا.

رەچەڵەکی هێز لە ناوچەکەمان بەرتەسک و دیاریکراوە (بۆ نمونە پادشایەتی، بنەماڵە، دکتاتۆر، سەرکردە بۆ هەمو ژیان، سەرکردە و رابەری ئاینیی...تاد) و لە هەمان کاتیشدا پشتئەستور نیە بە توانا و لێهاتویی و شایستەیی، ئەمەش بەپێچەوانەی دەسەڵاتەوە، بەتایبەت لە وڵاتەکانی خۆرئاوا، مێریتۆکراسی (لێهاتویەتی و شارەزایی و شایستەیی بۆ پۆست و ئەرکەکان) بڕبڕەکەی دروستکردوە، ئەمە بەو مانایە نایەت کە مێریتۆکراسی نوخبەیەکی بەهێزی لێهاتوی دابڕاو لە پرۆسەی دیموکراسی و دەسەڵات دروستدەکات.

هێز لە کوردستان
هێز لە باشوری کوردستان بەرهەمی پرۆسەی بەزۆرەملێی تێکەڵاوکردنی بێسەروبەری چەمک و سیمبولە بەهێزەکانی مێژوە لەگەڵ وارسەکانی ئەو مێژوە لە واقیعی ئێستادا. سەرچاوەی هێز لە بنەماڵە و حیزب و سەرکردە و ئاین و مێژو و شۆڕشگیڕیەوە بەدەستهێنراوە. کرۆکی سیاسی چەمکی هێز لەسەر ئێسک و پروسکی رابوردو بنیاتنراوە و بەشە زیندوەکەشی کە ماوەتەوە دەسەڵاتی سازداوە و لە سێبەری ئەو رابوردوەدا و لە سایەیدا رەوایەتی بۆ هێز پچراندوە و سەپاندوە، پرۆسەی دەنگدانیش لەسایەی وارسەکانی رۆحیانەتی ئەو رابوردوەدا سەما و زکرێکە بەدەوری ئاگردانی مێژویاندا دەخولێتەوە.

بەشێکردنەوەی هێز لە کوردستان ئەزمونەکان و پێکهاتەکانی دەیسەلمێنن کە هێز لە مەقامی یەکەمدا بە کەسایەتی و گروپی تایبەتەوە گرێدراون و بۆیە پێکهاتەکانی هێز بەردەوام لەگەڵ یەکتردا نەگونجاون و یەکتریان لاواز کردوە. سەرچاوەکانی هێزیش، وەک هێزە چەکدار و دەزگا تایبەتیەکانیان، بەدەر لە یاسا و دەسەڵات پێکهێنراون و بەگیانی فەوتاندن و تۆڵەسەندنەوە (بۆ نمونە کارەساتی هەکاری و خولەکانی شه‌ڕی ناوخۆ و گەردەلولی تۆڵە) و ستەمکاری و تۆقاندن و توندوتیژی پەروەردە و خۆشەکراون (بۆ نمونە میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی لە روداوەکانی 17 شوباتەوە). داڕشتن و هەیکەلەی ئەم هێزانە داخراون و سیستەمی میلیشیاکان پێڕەو دەکەن، (لەگەڵ ئەوەشدا کەسانی شایستە و لێهاتوی تێدایە) فەرمان و رێنمایی و بەڕێوەبردنیان لەلایەن بنەماڵە و لوتکەی هەرەمی هێزەکانەوە دەکرێت ( وەک سەرۆک و برا و کوڕ و برازا و ئامۆزا و...تاد). سەرجەم ئەزمونەکانیش سەلماندویانە کە دەسەڵاتی فەرمی بستێک دەستی بەسەریاندا ناڕوات و بەپێچەوانەوە ئەوە هێزە کە پێکهاتە و ئەرکەکان و کارەکانی دەسەڵات دیاریدەکەن و شەرعەیەتە لەرزۆکەکەشی دەپارێزن. بەواتایەکی تر دەسەڵات وەک مسکێنێکی هێز کاردەکات و پێوەندی نێوانیان لەسەر بنەما و نەریتەکانی کۆمەڵگایەکی دواکەوتوی فویداڵ و تاکڕەوی داڕێژراوە و بە ترش و خوێی کەلەپورێکی بەسەرچو تامدار دەکرێت. هێز لە کوردستان سیما و رەفتاری پیرۆزیی بە سیمبولەکانی بەخشیوە (هێڵە سورەکان) و یەک سەنتیمەتر لەنزیک سنورەکانی کوردستانەوە زەلیل و بێدەسەڵات چۆک دادەدات. ترسی سەرەکی هێز لە رەتکردنەوە و نائارامی ناوخۆییە و بۆ ئەو مەبەستە پێکهاتەکانی خۆی و دەسەڵاتیش ئاراستە دەکات بە مەبەستی سەرکوتکردن و کپکردنی ناڕەزایی و ستەمکاری بەرامبەر بە نەیارەکانیان.

سیمای و خەسڵەتی نەتەوەیی هێز ئەوەندە لەرزۆک و لاواز بون کە کار و رەفتارکردنیان لە زۆربەی قەیران و ساتە سەختەکاندا سیمای هێزێکی نامۆ بە نەتەوە و خاکی پێبەخشیون، شەڕەکانی ناوخۆ، کارەساتی 31 ئاب و پەنابردنە بەر هێزە سەربازیەکانی ئێران و تورکیا ئەو راستیە دەسەلمێنن.

روداوەکانی 17 شوبات و دواتر سروشتی نانەتەوەیی هێزیان باشتر و زەقتر نمایش کرد و سەلماندیشیان کە وەفا و ئینتیمای نەتەوەیی هێز لە کوردستان رویان لە هەڵکشاندن نیە. تێگەیشتنی خاوەن هێزەکان لە کوردستان بۆ چەمکی هێز بۆ سەدەکانی ناوەڕاستی هەزارەی پێشو دەگەڕێتەوە: گەشەکردن و پەرەسەندنی هێز، پاراستنی بەرژەوەندی خاوەن قەڵاکان و شوراکانی مەملەکەتیان، شەڕکردن و ئەگەر پێویستیش کرد ستەمکاری و کوشتن و زەوتکردن. هێز لە کوردستان هێزی ئایدیا و ئایین و نەتەوە نیە، بەڵکو هێزی تاکە سەرکردە و گروپە داخراوەکانە کە ئەو سێ چەمکەیان خزانۆتە ناو هەوێنەکەیەوە.

ئەم هێزانە بە (میلیشیا سەربازیەکانیشەوە) بەپارەی زەوتکراوی میللەت گوزەران دەکەن و ئامادەشن دژ بەو میللەتە بجەنگێنرێن. ئاستی هوشیاری و شایستەیی و لێهاتویی پێکهاتەکانی هێزەکان لە پرۆفیشیۆنالیزمیەوە دورن و بە وەلا و گوێرایەڵی کوێرانە بۆ لوتکەی هێزەکان و بنەماڵە و حیزب پێوەر دەکرێن. وێرای ئەم خەسڵەتانەی ناکۆک لەگەڵ هێزێکی نەتەوەیی، کۆڵەکەکانی هێز فێربون بەدەر لە دەسەڵات و رەوایی هێزی میلیشیای تایبەت بەخۆیانیان هەبێت و لەسەر قوتی میللەت دەیان ژێنن. هێزە کلاسیکیەکان لەگەڵ ئەو هەمو هەڵە و لادان و کردارە ستەمکاریانەی لە دە ساڵی رابوردودا کردویانە ئامادەنین شایەتمانێکی کوردانەی رەسەن بێنن و خۆیان پاک بکەنەوە.

لە ئەزمونەکانی رابوردو و سروشتی هێز دەردەکەوێت ئەگەری ئەوە بەردەوام لە ئارادایە، کە هێزی خۆماڵی لە باشوری کوردستان مەترسیەکی ئاماده‌ی شاردراوە بێت لەسەر ئایندەی بزافەکە و ببێتە فاکتەرێکی گەورەی ستەمکاری و ماڵوێرانی. ئەم راستیە پەیوەندی بە پێکهاتەکانی هێزەکانەوە نیە بەقەدەر ئەوەی مێژو و خەسڵەتەکانی خاوەن هێزەکان چەندین جار سەلماندویانە دەتوانن ببنە مەترسی لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتی. پشتبەستن بەم هێزە بەشێوەی ئێستا و کەڵەکەکردنی هیوا لەسەریان بێئەوەی خەسڵەتە بنەڕەتیەکانیان نەگۆڕدرێن خەیاڵپلاویەکی بێسەروبەرە.

بێگومان چەمکی هێز لە "عێراقی فیدراڵدا" و لای دۆست و هاوپەیمانەکانی هێزدارانی کوردستان زۆر قێزەونتر و مەترسیدارترە، ئەوان بە هێزی ئاینی و تایفی و مەزهەبیەوە حوکم دەکەن.

دەسەڵات لە کوردستان
وێرای ئەوەی دەسەڵات لە باشور هێورتر و هەمەڕەنگترە لە هێز، وەلێ کاریگەری زۆر لاوازە و نەیتوانیوە رەوایەتی دروست بەهێز بدات و دەربڕینێکی دروستی نەتەوەیی بۆ بەکارهێنانی هێز بێت. دەسەڵات پاشکۆیەکی دەسکەلای هێزە و هێز ئارەزومەندانە گەمەی پێدەکات و بەکاری دەهێنێت. دەسەڵات زادەی ئەو هێزە ناکۆک و ناحەزانەیە کە خەسڵەتە رەسەنەکانیان زۆر کاڵبونەتەوە و بێهودەن و پەیامێکی نەتەوەیی تۆکمە و ئاشکرایان پێ نییە، بۆیە دەسەڵات لە مەقامی یەکەمدا نامۆیە بەزەمینە و گۆرەپانی دەسەڵاتی خۆی. دەسەڵات مەئموریەتێکی فەرمیە پێگەکانی هێز ئاودەدات و خۆراکی دەداتێ و روخساری هێزیش بە دەمامکەکان دەشارێتەوە. کاتێک دەسەڵاتێکی وا ببێتە درێژکەرەوە و پاشکۆی هێز ئەوا بەها یاسایی و کەلتوری و کۆمەڵایەتیەکانیشی وەک بەفری بەر هەتاو دەتوێنەوە.

مێریتۆکراسی دەسەڵات نامۆ نیە بە بنکە "دیموکراسیەکەی" و بە سروشتی فویداڵی سیاسی ئەو هێزانەی ئاڕاستەی دەکەن. 70% تا 80% پۆستە باڵاکانی دەسەڵات لە هەولێر و بەغدا و دەرەوە بەدەست لوتکەی هێزەکانەوەیە، لێهاتویەتی و شایستەیی نەکراون بە پێوەر بۆیان و تەنها وەلا و گوێڕایەڵیەتی نەبێت.

دەسەڵات بەریمۆتی هێز سەمای خۆی دەکات، بۆ ساتێکیش بێت لە ئەزمونی 21 ساڵەی دوای راپەڕینەوە نەبینراوە دەسەڵات فەرمانەکانی هێز وەک ئایەتی قورئان جێبەجێ نەکات. ئەم پاشکۆیەتی و ئیفلیجیەی دەسەڵات لە کابینەی پێنجدا کەمتر بو، چونکە دەستلێهاتوی دەسەڵات تێدا خۆی لە بازنە حەیاتەکەی هێزەوە هاتبو.

سیمایەکی تری دەسەڵات ئەوەیە کە نە لێپێچینەوە و نە چاودێری دەکرێت و نە دان بەهەڵەکانیشیدا دەنرێت و پرۆسەی گرێدانەوەی هەڵە و بەرپرسیاریەتی تێدا لە سفرەوە نزیکە. لە ئاکامدا دەسەڵات نەویستیویەتی و نەدەشتوانێت هاوسەنگی نێو خۆی و هێز، نێوان خۆی و هاوڵاتیان و نێوان خۆی و ناڕەزایی و ئۆپۆزسیۆن سازبکات. ئەم لاسەنگیە متمانەی بەدەسەڵات هێناوەتە ئاستێکی زۆر نزم.

دەرئەنجام
هێز و ده‌سه‌ڵات لای خۆمان وەک "خێری زنە" نمایش دەکرێن، هەمو کەسێک هەستی پێدەکات و بە وەهمی دەیبینێت و بەرچاویش نیە لەگەڵ جیاوازیەکی بنەڕەتیدا ئەمە چاوەڕوانی خێری زۆری لێناکرێت.