Print WWW.SBEIY.COM
 گۆڕان و هاوسەنگی هێز لە کوردستان
چیا عه‌باس
11/08/2011

لە سەرەتای دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانەوە چەمکێکی سیاسی بەرۆکی تێڕامان و هەڵسەنگاندنه‌کانی بۆ هاوکێشەی هاوسەنگی هێز لە کوردستاندا گرتبو. بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی دۆخەکە وتوندی هەڵچون و ناڕەزایی خەڵک لە دەسەڵات تادەهات ئەو چەمکە فەزای ستراتیژی گۆڕانی لەو هاوکێشەیەدا بە ئاراستەی دابڕاندن ونادیاردا دەبرد.

رەتکردنەوە و دابڕاندن
زەمینەی سیاسی سەرهەڵدانی گۆڕان و تەوژمی راگەیاندنەکەی بزوتنەوەکەی بەرادەی سەرەکی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن نمایشکرد و لەگەڵ خۆیدا چاوەڕوانیەکی زۆری لای جەماوەر وروژاند. بەڕێوەبردنی گۆڕان بەو ئاڕاستەیەدا لەلایەن بەشێکی بنەڕەتی لە کادر وهەڵسوراوەکانیەوە زەمینەی ئەو بیرۆکەیەی خۆشدەکرد، کە گۆڕان دروستبوە تەنها بۆ بەرەنگاربونەوەی دو هێزی دەسەڵاتدار و کۆتایی هێنان بە حوکمڕانیان. تەنانەت هەندێک لە هەڵسوراوانی بزوتنەوەکە ئەو شێوازی بەرەنگاربونەوە دیموکراسیەیان بە بێسود و کەم دەزانی و لایەنگری روبەروبونەوەی یەکلاکەرەوە بون لەگەڵ دو هێزی دەسەڵاتدا. لەم کەشوهەوایەدا دەسەڵاتداران و بەتایبەت لەناو یەکێتی ئەم ئاراستەیەیان بەنیەتی گۆڕان بۆ دژایەتیکردن و تێکدانی یەکێتی نیشاندەدا و هۆکارێکی گرنگ بو، کە بەشێکی بنکەی رێکخراوەیی یەکێتی بەحەزەرەوە لە گۆڕان بڕوانن. بەکورتی زۆربەی گۆڕان چاوەڕوانی بەرەنگاربونەوەی پەلە و یەکلاکەرەوە بو و جومگەی دوەمی چەمکەکە، کە تەواوکەری بۆچونی رەتکردنەوەی دەسەڵات بو، پێی وابو نابێت هەڵوێست و رەفتاری جیاواز لەگەڵ دو هێزەکەی دەسەڵاتدا هەبێت و بکرێت و وەک یەک هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. دو بۆچون و هەڵسەنگاندنی نەگەییوی پێشوەخت، کە پێرەوکردن و جێبەجێکردنی بەشێک لێیان ئاکامی جیاوازیان لێکەوتەوە. کاریگەری کۆی هەر دو جومگەکە لەگەڵ رۆڵی نەرێنی دەسەڵات گۆڕان یان خزانە سوچێکی سیاسی دابڕاو لە پەرلەمان و حوکمڕانی و بەرەیەکی فراوانی ناکۆکی و ململانێی بۆ گۆڕان بوژاندەوە کە وزە و توانایەکی زۆری بزوتنەوەکەی قۆستەوە و دوچاری کێشەی زۆری کرد. لە هەمان کاتیشدا هۆکارێکی گرنگی لەیەک دابراندن و دورکەوتنەوە لە هێزەکانی کوردستان و بەتایبەت ئیسلامیەکانی لێکەوتەوە، ئەو هێزانەی کە زەمینە و نەفەسی ئۆپۆزسێنیان تێدا هەبو. لەم قۆناغەدا بەهۆی سەرقاڵیبونی گۆڕان بەو فرە بەرانەی ململانێ و ناکۆکی و کێشەکانەوە و چەقبەستنی لە دورگەیەکی دابڕاوی ئوتۆپیدا فریای ئەوە نەکەوت پەیامە نەتەوەییەکەی تێهەڵکێشی بەرنامە و کاری چاکسازی و ئۆپۆزسیۆنکردن بکات، بۆیە گیرسانەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئاستی خۆیدا ئاکامی ئەو قەتیسبون و دابڕاندن و تەم و لێڵیە بو.

تێکچونی هاوسەنگی هێز
بزوتنەوەی گۆڕان هاوسەنگی هێزی لە کوردستان بەشێوەیەکی بنەڕەتی تێکدا، تێکچونێک دو لایەنە، هەم سودمەند و هەم مەترسیدار، گۆڕان لە لاوازبونی یەکێتی سودی کرد و لە تێکچونی هاوسەنگی هێز نێوان پارتی و یەکێتی مەترسیەکی ناوخۆیی جدی لەسەر حوکمڕانی خۆماڵی دروستبو. بۆ دەسەڵاتدارانی یەکێتی زۆر ئەستەم بو تێکچونی هاوسەنگی هێز لەگەڵ پارتی بەئاسانی هەزم بکەن و بکەونە نێو بەرداشی پارتیەکی بەهێز و دەسەڵاتدار و تەماعکار و گۆڕان کە بەتایبەت لە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی کێرڤی زۆر رو لە هەڵکشاندن بو. بارزانی بەرێگەی رێکەوتنامەی شەراکەتەوە و یەک لیستی بەشێکی گەورەی کورسیە لەدەستچوەکانی یەکێتی لەسەر حسابی حیزبەکەی لە پەرلەمان بۆ قەرەبوکردنەوە (بەپێی سەرچاوەکانی پارتی و زۆربەی چاودێران نزیکەی 14 کورسی) و بەمەش ئاستێکی لاسەنگیەکە لە پەرلەمان بەفەرمی راستکرایەوە، لەلایەکی تریشەوە ئامادەنەبونی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی دکتۆر بەرهەمدا ئەوەندەی تر دڵنەوایی و ئارامی بە یەکێتی بەخشی کە وێرای ئەو شکستە گەورەیەی توشیبوبو شتێکی وای لە دەسەڵات و پێگەی فەرمی لە حکومەتی هەرێمدا لە دەستنەدا وتەنانەت لە بەرامبەر ئەو شکستە تاڵە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێدرا. تاڵەبانی و دەوروبەری لەبری نرخاندنی هەڵوێستی ستراتیژی نەتەوەیی گۆڕان لەو ساتانەدا زۆر ناڕەوا و کوێرانە شەڕیان دژ بە گۆڕان دەستپێکرد، بێئەوەی دەرک بەئاکامە مەترسیدارە دورەکانی کار و رەفتارەکانیان بکەن.

گرێ کوێرەکه‌ی یەکێتی
پەیوەندی سێ سوچی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەماوەی دو ساڵی دواییدا چەندین هەڵکشاندن و دابەزاندن و وێستگەی ئاڵۆز و نادیار و پڕ کێشەی بینیوە. بەرپرسیاریەتی بەشی زۆری نائارامی پەیوەندیەکان و دۆخەکە بەرادەی یەکەم بۆ دەسەڵاتدارانی یەکێتی دەگەڕێتەوە. دەسەڵاتێک کە پێگە و هێزی گۆڕان و ئاست و جۆری پەیوەندیەکانی نێوان گۆڕان و پارتیان کردۆتە پێوەرەکانی سیاسەت و هەڵوێست و کار و رەفتارکردنیان. ئەم گرێ کوێرە (ئۆبسێشن obsession) سیاسیەی یەکێتی لە ترسەوە سەرچاوەی کردوە و بە رقوکینە ونیەتی تۆڵەکردنەوە داڕێژراوە. هەر لە گێژاوی ئەو گرێ کوێرەدا بو کە نەرمی هەندێک لە دەسەڵاتدارانی پارتی بەرامبەر بە گۆڕان یەکێتی توشی هیستیریایەک کرد، کە شەل کوێرم ناپارێزم ئاسا کەوتنە پەلاماردانی گۆڕان و تادەهات زۆرتر لە یەکتر دوردەکەوتنەوە و پارتیش سەیری دەکردن و زەردەخەنەیەکی فرە مانا روخساریانی تەنیبو.

پێداچونەوە
دوای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕان پێداچونەوەیەکی چڕوپڕی بەخۆیدا کرد. لە ئاکامدا گۆڕان تا دەهات ماڵئاوایی لە چەمکی رەتکردنەوەی دەسەڵات و وەک یەک مامەڵەکردنی دو هێزی دەسەڵات دەکرد. وەک هێزێکی سیاسی بەتوانا سەرقاڵی چەسپاندنی پێگەکانی خۆی بو و واقیعبینین و پراگماتیکی سیاسی رێرەویان دەکرد و داواکردنی تەوافقی سیاسی لە پەرلەمانی هەرێم و تەنانەت لە حوکمڕانیشدا بوە بەشێکی گرنگی بەرنامەی کاری گۆڕان، بۆیە وێرای ئەو هیستیریایەی دەسەڵات و پەلاماردان بزوتنەوەی گۆڕان رازی بو بچێتە ناو ئیتلافی لیستە کوردستانیەکان. مەخابن زۆر زو دەرکەوت مەبەستی ئەو ئیتلافە گەمارۆدان و ئیحتواکردنی گۆڕان بو لەبری تێهەڵکێشکردنی بزوتنەوەکە لە داڕشتنەوەی بەرنامەی نەتەوەیی و پاراستنی دەسکەوت و بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەمان.

بۆیە لە روداوەکانی دواتر و بەتایبەت پێکهێنانی حکومەتی دوەمی مالیکی جارێکی تر بەهۆی لادانی دەسەڵاتداران لە هێڵی نەتەوەیی دەرکەوت کە بەو ئەقڵیەتەوە ئەستەمە ئەو سێ لایەنە بەیەکەوە بەئارامی گوزەر بکەن. ئەم راستیانە لە رەتدانەوەی توندی دەسەڵات بۆ بەیاننامەکەی سەرەتای ئەمساڵی گۆڕان و روداوەکانی 17 شوبات و دواتر بونە واقیعێکی ئەقڵیەتی سیاسی دەسەڵاتداران.

وەرچەرخاندن
لە ئاکامی روداوەکانی 17 شوبات و دواتر و بەتایبەت هێنانی هێزە تایبەتەکانی زرێڤانی بۆ سلێمانی بەمەبەستی سەرکوتکردنی ناڕەزایی و پرۆتێستی بەرفراوانی ئەو شارە، تاڵە مویەکی مابو پارتی لەشەڕ و ململانێیکی خەستدا لەگەڵ گۆڕان و خەڵکی سلێمانی و دەوربەری تێوەبگلێنن. خۆشبەختانە دەسەڵاتدارانی پارتی زۆر زو دەرکیان بەم هەنگاوە چەوت و ترسناکەیان کرد. ئەوان تێگەیشتن کە شەڕکردنی گۆڕان ئەگەر مانای سەرەتای کۆتایی پێگە و دەسەڵاتیان لە کوردستان نەبێت، ئەوا بێگومان سەرەتای لاوازبون و تێکچونیانە. پارتی زۆر دوربینانەتر و واقیعبینانەتر لە یەکێتی هەڵسەنگاندنی روداوەکانی دنیای عەرەبی و ناوچەکەی کرد، تەنانەت لوتکەی دەسەڵاتی پارتی دەرکیان بەوە کرد کە تەنها پابەندبونیان بە رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی دا کەلێنی زۆر گەورە لە هاوکێشەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی کورد دا دروست دەکات، بۆیە دەسەڵاتدارەکانی ناو پارتی لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان پێدەکرد. تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنێک کە تا ئەم ساتەش دەسەڵاتدارانی یەکێتی رەتیدەکەنەوە. ئەمان لە سەر نەستۆلژیا و کەلەپوری رابوردو گرێدراو بەگرێ کوێرەکەی دەرونیانەوە سیاسەت دادەرێژن و دەکەن و بۆیە ئەو هەمو پۆزلێدان و خۆبایبونەوەیان پێوەدیارە، ناوبەناویش و لەنێو گۆماوی کەڵێنەکاندا هەوڵدەدەن راوی خۆیان بکەن وەکو لە بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ کۆتاییهێنان بەخۆیشاندانەکان دەرکەوت.

وێرای ئەوەی روداوەکانی 17 شوبات و دواتر پەڵەی رەش و قێزەوەنن بە روخساری دەسەڵاتدارانەوە لکاون ورەنگدانەوەی ئەو دیدە تەسک و خۆپەرستەیانە وەلێ لە هەمان کاتدا وەرچەرخاندنێکی لە تێگەیشتنی هەمو لایەک بۆ هاوسەنگی هێز و سەرەتای کۆتایی حوکمڕانی دوانە بەرپاکرد. ئەگەر دەسەڵاتداران نیەتی پاک و دروستیان هەبێت، دەکرێت بکرێتە هەوێنی داڕشتنەوەیەکی نەتەوەیی و نمونەی حوکمڕانی بەئاراستەی چەسپاندن و گەشەپێدانی دیموکراسیەت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و حوکمی یاسا و رێزگرتن لە ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ.

داوای سەرۆکی هەرێم بۆ دانوستاندنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەلایەن گۆڕان و لایەنەکانی ترەوە پێشوازی لێکرا. هەنگاوێک دەبێت چاوەڕوانی کار و کردەوەی دەسەڵاتداران بین بۆ سەلماندنی راستی نیەتیان.

گۆڕان و مامەڵەکردنی لایەنەکان
لەم دۆخەدا دەبێت گۆڕان چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوسەنگی هێز بکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دو لایەنەکە چۆن داڕێژێت؟

ئەزمونەکانی دو ساڵی رابوردو دەریدەخەن کە یەک هەڵوێستی و رەفتارکردن لەگەڵ دو لایەنەکەی دەسەڵات ئوتۆپیایەکە لە پراکتیکدا بێ سەمەرەیە و لەگەڵ واقیعی هاوسەنگی هێز لە کوردستاندا ناگونجێت.

بەڕەچاوکردنی پێگەی بەهێزی پارتی لە هەرێم و حوکمڕانیدا کە کلیلە گەورەکەی دۆخەکە و دەروازەکانیەتی، بەهەڵسەنگاندنی هەڵوێستە واقیعبینانەکانیان و نەرمیە نسبیەی دەینوێنن، دەشێت گۆڕان بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە و بەفشارکردنە سەر پارتی لە رێگەی پێوەندی دو لایەنەی گۆڕان لەگەڵیدا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش گەڵاڵە بکرێت و ئاکامی وەهای لێبکەوێتەوە کە شیانی رەزامەندی هەمو لایەک بێت.

گۆڕان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆسزیۆن گۆڕانکاری سیاسی گەورەیان ئەنجامداوە و دەبێت لەسەری بەردەوام بن، ئەمە رێگری لە پێوەندی دوقۆڵی لایەنەکانی ناکات.

بەهۆی لاوازی پێگە و دەسەڵاتی یەکێتییەوە و ئەو حەساسیەتەی لەگەڵ گۆڕاندا دروستبوە و رکابەریەتی سەرەکیان لەگەڵ یەکتر لە ناوچەیەکی گرنگی هەرێمدا و ئەو شەڕەی دژ بە گۆڕان بەرپایان کرد وئەو وەستاندنەوە وهەڵانەی گۆڕان لە سەرەتادا بەرامبەریان کردی، لە سەروی هەمویانەوە ئەو گرێ کوێرەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی لە بەرامبەر کردنەوە ولێکتێگەیشتن دەستبەست کردوە، لەبەر ئەم هەمو هۆیانە ساڕێژکردنی برینەکان کات و نەفەسی درێژتری پێویستە. بەمەبەستی ئەوەی هەڵچون و گرژی بەروی یەکتردا رونەدات پێوەندی نێوان هەر دولا پێویستی بە کریستەڵازەرێک (هێورکەرەوە و ئیحتواکەر) هەیە تا کەش و هەوا مەشحونەکە کەمتر دەبێتەوە. ئەم کریستەڵازەرە و میکانیزمی کارکردنی شیانی لێدوان و قسەکردنە لەلایەن هەمو لایەکەوە.

گۆڕان بەم شێوە مامەڵەکردن و هەڵسەنگاندنانە بەرگێکی واقیعیانە بەبەری پێوەندیەکانیدا دەکات و پێگەی خۆی بەهێزتر دەکات. ئەم رێگەیەی گۆڕان گرتویەتەبەر رێگایەکی دورودرێژە، سەبر و نەفەس درێژی و واقیعبینین بە مانای خوڵقاندی ئەگەری نوێ لە چەکە بەهێزەکانی بەردەستیدان.