Print WWW.SBEIY.COM
 كوێر و چاوساغ
چیا عه‌باس
08/06/2008

به‌رێز مسعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وسه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ 33 ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ووتاربَكی به‌نرخی پێشكه‌ش كرد وجه‌ختی له‌ ته‌بایی ورێكخستنی ناو ماڵی كوردی كرده‌وه‌. زۆر راشكاوانه‌ به‌رێزی جه‌ختی له‌وه‌ كرد كه‌ جارێكی تر شه‌ری خۆكوژی رووناداته‌وه‌ و به‌ كورتیش به‌سه‌ر مێژووی شه‌ره‌كانی ناوخۆدا رۆیشت. بێگومان ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌ دڵنیایی به‌ هاوڵاتیانی كوردستان به‌گشتی و ئه‌ندام ولایه‌نگرانی هه‌ردوو یه‌كێتیی و پارتی به‌تایبه‌تی ده‌به‌خشێت به‌ره‌چاوكردنی ئه‌و راستیه‌ مێژووییه‌ی كه‌ به‌شێكی زۆر وخه‌ستی شه‌ره‌كانی ناوخۆ به‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ده‌كه‌وێت.

یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی گه‌شه‌پێدانی نموونه‌ی حوكمرانی كورد له‌ باشووری كوردستان ته‌بایی هێزه‌ سیاسیه‌كانیه‌تی  و ئاشتی ناو ماڵی كورده‌. ته‌باییه‌ك كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماكانی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی و له‌یه‌ك گه‌یشتن ویه‌كسانی ورێزگرتن له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی یه‌كتر سه‌رچاوه‌بكات. ئه‌م فاكتۆره‌ به‌ ته‌نها ناتوانێت ئه‌و حوكمرانیه‌ بچه‌سپێنێت وگه‌شه‌ی پێبدات ئه‌گه‌ر هاوكات كۆڵه‌كه‌كانی حوكمی یاسا ودادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ودیموكراتیه‌ت وئازادی به‌توندی له‌ هه‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد نه‌چه‌سپێنرێن. به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی باری حوكمرانی هه‌نووكه‌ی كورد شان به‌شانی ئه‌مانه‌ چاكسازی حزبی و ئیداری و دارایی ته‌نها زه‌مینه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و كۆڵه‌كانه‌ی ئاینده‌یه‌كی رووناك بۆ میلله‌ته‌كه‌مان مسۆگه‌ر ده‌كات.

به‌رێز مه‌سعود بارزانی له‌به‌شێكی تری ووتاره‌كه‌یدا به‌ دڵنیایه‌كی به‌رچاو رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی په‌یره‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان حزبه‌كه‌ی و یه‌كێتیی نه‌كات ئه‌وا له‌و دوو حزبه‌دا شوێنی نابیته‌وه‌. ئه‌م لێدوانه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاری سیاسی و یاسایی ده‌وروژێنێت كه‌ ناكرێت بێشێكردنه‌وه‌یان و خستنه‌ تیشكی ته‌واو له‌سه‌ر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ئه‌و لێدوانه‌ هه‌روا به‌ئاسایی به‌لاماندا گوزه‌ر بكات.

به‌رێز كاك مه‌سعود بارزانی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی پارتیه‌ كۆمه‌ڵێك ئیلتزاماتی یاسایی له‌سه‌رشانه‌ كه‌ پێویست به‌ حیسابكردنێكی وورد بۆیان ده‌كات كاتێك به‌رێزی سیاسه‌تێك یا نه‌هجێكی دیاریكراو داده‌رێژێت و ده‌ست نیشان ده‌كات. هه‌روه‌ها پشتگوێ خستنی پرنسیپه‌كانی رای ئازاد و به‌شداری چالاكانه‌ی رێكخراو وده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ دارشتنی سیاسه‌ت و بریاره‌ گرنگه‌كان ده‌مان گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ بیره‌وه‌ریه‌كانی مێژوو و قۆرخكرنی ده‌سه‌ڵات كه‌ سه‌رجه‌م حیزبه‌ كوردیه‌كان له‌ باشوور ئه‌زمونێكی درێژیان له‌و جۆر پراكتیكه‌كردنه‌ هه‌یه‌.

ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ شایانی تێبینی و كۆمینتاری جدین له‌و لێدوانه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ن:
یه‌كه‌م: ئه‌و ریككه‌وتنه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌  و له‌ ناو هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ش بڵاوكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر كه‌می كراوه‌. چۆن ده‌بێت یه‌كێك په‌یڕه‌وی شتێك بكات نه‌ی بینیبێت ونه‌ی خوێندبێته‌وه‌ و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی نه‌خرابێته‌ به‌ر چه‌قۆی لێكدانه‌وه‌ وئاڵ و گۆری ناوخۆیی حیزب له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌كانیه‌وه‌.

دووه‌م: وه‌ك له‌ پێشه‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا رێزگرتن له‌ تایبه‌تمه‌ندی یه‌كتر بناغه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌ندروست و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ بۆ سه‌رجه‌م بزافی نه‌ته‌وه‌ییمان، ئه‌وه‌نده‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ناسرابێت خه‌سڵه‌تێكی دیموكراتیانه‌ی رێكخراوه‌یی ناوخۆیی هه‌یه‌، زۆر زه‌حمه‌ته‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی له‌ لوتكه‌ی رێكخراوه‌ییه‌وه‌ تا خواره‌وه‌ هه‌روا گوێرایه‌ڵی شتێك ببن كه‌ نه‌بینویانه‌ و نه‌ته‌واوی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌زانن ونه‌ تاوتوێشیان كردوه‌. ئه‌مه‌ كارێكه‌ دژ به‌ سروشتی یه‌كێتیی و هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی دروستیونیه‌وه‌ تاكو ئه‌مرۆ و له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی و هه‌ڤاڵی به‌رێز مام جلاله‌وه‌ هه‌میشه‌ جه‌ختیان له‌و خاڵه‌ كردوه‌ كه‌ چاوی ئه‌ندامان كراوه‌بێت و هوشیاربن وره‌خنه‌ بگرن و وئه‌مه‌ به‌رده‌وام دینامیكیه‌كی زیندووی به‌ یه‌كێتیی به‌خشیوه‌ و هه‌وێنێكی سه‌ره‌كی هه‌موو ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ی یه‌كێتیی بووه‌ و كه‌ نهێنیه‌ ئاشكراكه‌ی یه‌كێتیی بووه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر زۆربه‌ی كێشه‌ و گرفتانه‌ی تووشی بوون.

سێیه‌م: په‌یره‌وكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كه‌ ناونراوه‌ ستراتیژی، رێككه‌وتنێك نیه‌ ته‌نها رووی ئه‌و دوو حیزبه‌ بگرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ ده‌كرا دوو لایه‌ن سێ لایه‌ن و چه‌ند لایه‌نێك كاری وا ئه‌نجام بده‌ن، بێگومان مێژوومان رێككه‌وتنی زۆری له‌وجۆرانه‌ بینیوه‌، به‌ڵكو له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ باڵا ده‌ستی ته‌واون له‌ حوكمرانی كوردستان، بۆیه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی حوكمرانی وژیان وگوزه‌رانی وئاینده‌ی دانیشتوانانی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م رێككه‌وتنه‌ به‌و شێوه‌ه‌یه‌ باسی لێكراوه‌ ناچاری ئه‌ندامانی پارڵه‌مانی كوردستان، به‌تایبه‌تی فراكسیۆنی هه‌ر دوو لایه‌نی رێككه‌وتنه‌كه‌، ده‌كات كه‌ له‌ خاڵه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ لانه‌ده‌ن وهه‌میشه‌ وه‌ك قورئانێك له‌به‌رچاویان وله‌ مێشكیاندا بێت، كاتێك مه‌فروزه‌ ئه‌وان بریاره‌كان سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێم و حوكمرانی و ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ وه‌ك نوێنه‌ری میلله‌ت و سه‌ربه‌ستانه‌ بده‌ن. خۆشمان بوێت یا تاڵ‌ سه‌پاندنی شمولیه‌تی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ به‌و جۆره‌ی باسكراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر پارڵه‌مانی كوردستان ده‌خات به‌لاوه‌.

چواره‌م: راسته‌ تا ئه‌م ساته‌ش بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌باشوور چه‌ندین ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌یه‌  به‌ده‌ستی نه‌هێناوه‌، له‌سه‌رویانه‌وه‌ گه‌رانه‌وه‌ی كه‌ركوك وناوچه‌ دابراوه‌كانی تری كوردستان بۆ سه‌ر هه‌رێم، جۆری فیدراڵیه‌ت، رێكخستننی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا له‌ زۆر بواره‌وه‌، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی بزافی كوردایه‌تی له‌به‌شه‌كان تری كوردستان وپه‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی دراوسێ وناوچه‌كه‌، ره‌فتار وئاینده‌مان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكا و تێرۆریزم. بۆیه‌ هه‌موو جۆره‌ رێككه‌وتنێك له‌نێو ماڵی كوردیدا له‌سه‌ر بنه‌ماكانی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵایی نه‌ته‌وایه‌تی، یه‌كسانی وریزگرتن وشه‌فافیه‌ت ده‌بێته‌ چه‌كیك كارامه‌ به‌ده‌ست كورده‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌. ئه‌مه‌ش ته‌نها ئه‌ركی ئه‌و دوو حزبه‌ نیه‌ به‌ڵكو زه‌مینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به‌تین وده‌ستنیشان كردنی رۆلی هاووڵاتیان وداموده‌زگاكانی حوكم وحزبی ورێكخراوه‌كان وكه‌مایه‌تیه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی كوردستان وهێزه‌ ئایینیه‌كان له‌و پرۆسه‌یدا له‌ پێویسته‌ مێژووییه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌مانن. رێككه‌وتنێكی دوو لایه‌نه‌ (باسم له‌ ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ نیه‌، به‌ڵكو له‌ مانا سیاسی ویاسایی وكاریگه‌ریه‌كانیه‌تی) وبه‌و شێوه‌ شاراوه‌ ته‌نها ته‌م وڵێلی ئێستای به‌رچاومان خه‌ستتر ده‌كات.

پێنجه‌م: به‌ئاگایی و هوشیاری ئه‌ندامان وئۆرگانه‌كانی هه‌ر دوو لایه‌نی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ ناوه‌رۆك و وورده‌كارییه‌كانی زه‌مینه‌یه‌كی به‌هێز داده‌رێژرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ په‌یره‌و بكرێت وسه‌ركه‌وتوو بێت. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ رێككه‌وتنێكی فه‌وقی وئه‌و كێشانه‌ی دێنه‌ به‌رده‌م جیبَه‌جێكردنی هه‌ر له‌خودی ناوخۆیی دوو لایه‌نه‌كه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌هێنن.

شه‌شه‌م: به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنم ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ زۆرتر به‌ نیه‌تی سیاسی ده‌كرێن، مه‌به‌ستی دروستكردنی (مه‌ناعه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی وسیاسی) له‌ناو حزبه‌كانه‌ بۆ پرۆسه‌ی چاكسازی وگۆران كه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری باشوور به‌ نیه‌ت پاكی ودڵسۆزانه‌ ده‌ستی پێكردوه‌. ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی باسم لێكردن نه‌گرێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت شتێكی تر بێت...