Print WWW.SBEIY.COM
 بەڕێزان و متمانە
چیا عه‌باس
14/06/2012

کێشەی هەرێم ومالیکی لە بنبەستی نزیکبۆتەوە، وەک لە یاری شەترەنجدا شا ناتوانێت جوڵە بکات، بابزانین دۆخەکە چۆن لەم ئاستەدا گیرسایەوە.

لایەنە سیاسیەکانی کورد وهەمو جۆرە راگەیاندنەکان باس لە سەندنەوە ونەسەندنەوەی متمانە لە مالیکی دەکەن، باس لە رێگە وئامرازە دەستوریەکان دەکەن، باس لە ژمارەی ئەندامانی بەرەی سەندنەوەی متمانە دەکەن، باس لە تەزویر وساختەکاری واژۆکان دەکەن. لە لوتکەی ئەم هەمو هەرا وبەزمەدا دو سەرکردەی کورد، تاڵەبانی بە نەسەندنەوەی متمانە پەنا بۆ پاسا وبیانو دەبات وبارزانیش بۆ سەندنەوەی متمانە وروخاندنی مالیکی هەرچی لە توانایدایە خستویەتە گەڕ وجەخت لە ئامانجەکەی دەکاتەوە.

سەیرە ئەم هەمو بۆچون وچەمکانە وا باس دەکرێن ونمایش دەکرێن وەک ئەوەی مالیکی وبارزانی وتاڵەبانی وعەلاوی وسەدر ونوجەیفی وەستا رەسەنەکانی دیموکراسی بن ویەکەم پارێزەر وداکۆکیکەر بن لە دەستور وسەروەری یاسا، وەکو ئەوەی عێراقی کۆن وئێستا مۆڵگەی رەسەنی دیموکراسیەت وژیانی پەرلەمانتاری بێت وبە دەقی خاڵەکانی یاسا ودەستور کار دەکرێت.

ئەو بەڕێزانە یا هێشتا تێنەگەیشتون یا چاویان لە راستیەکان دەنوقێنن، ئەویش عێراق وڵاتێکە خاوەنی خۆی نیە، وڵاتێکە بەکوشتن وخوێن رشتن و شەڕی مەزهەبی وتایفیەوە شەکەت بوە، لە دوای روخاندنی سەدامیشەوە خەونی عێراقێکی دیموکراسی فیدراڵی لە وەهمێکی کوشندە زیاتر نیە، هەر کەسێک ئیدیعای دروشم وئەو جۆرە چاوەڕوانیە پوچەڵانە بۆ ئایندە بکات یەکەم کەس خۆی دەخەڵێنێت. باوەڕی تەواوم هەیە ئەگەر عێراق خاوەنی نەوت وگاز نەبوایە بەڕێزە کوردەکان بە فلسێکی قەڵب نەیان دەکڕی.

لەگەڵ رێز ونرخاندنی مێژوی خەباتی ئەو بەڕێزانە، بەڵام هەر هەمویان لەو مێژوەدا لە سایەی خێر ورەحمەتی وڵاتانی درواسێ ژیاون وماونەتەوە. بە تایبەت کوردەکان وشیعەکان بێ ئێران نه‌یانده‌توانی بمێننه‌وه‌.

من باسم لە تاکڕەوەی وپێشێلکردنی دەستور ویاسا نیە لەلایەن مالیکییەوە، باسیشم لەو کێشە وئەستەنگانە نیە کە مالیکی بۆ کورد دەیان خەڵقێنێت، باسم لە خۆکوژی سەکردەکانی کوردە لەم قەیرانەدا کە ل گەڵ خوشیاندا میللەت بەرەو سەرگەردانی وماڵوێرانی دەبەن.

لە ئاکامی ئەو رێگەیەی کورد گرتویەتەبەر بەرامبەر مالیکی وبۆ لابردنی لە عەرشی پاشایەتی پەنای بردۆتەبەر سوننە وسەرکردە توندڕەوەکەی شیعە موقتەدا سەدر.

تاڵەبانی ئێستا وسەد ساڵی تریشی لەگەڵدا بێت ناتوانێت لەگەڵ سەندنەوەی متمانە بێت لە مالیکی ئەگەر موعجزەیەک رو نەدات، کە دۆستایه‌تی بەڕێزی لەگەڵ ئێران وشیعەدا تێک نەدات. تاڵەبانی قەرزاری بەرەی شیعە و ئێران وسوریایە کە رەزامەند بون لە سەر خولی دوەمی بۆ سەرۆک کۆمار. شەڕی هەنوکەی تاڵەبانی بەڕادەی یەکەم بۆ پێگەی خۆی و حیزبەکەی و... وجۆرێک لە تۆڵەسەندنەوەی سیاسیشی تێدا بۆن دەکرێت.

بەرەی سوننە بە راشکاوی وەک سەربازی شەترەنج سعودیە وقەتەر وتورکیا دەیان جوڵێنن وسەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەو مەبەستانە تەرخان کردوە. شەڕی بارزانیش بۆ بە رەهاکردنی پێگەی خۆیەتی لە رێگەی زامنکردنی کۆنترۆڵی نەوت و گازی کوردستانەوە وبۆ ئەو مەبەستە هاوپەیمانیەتیەکی ئابوری وسیاسی لە گەڵ زلهێزی ناوچەکە کە تورکیایە هه‌یه‌ وکاری لەسەر دەکات. مالکیش رون وئاشکرایە شەڕ بۆچی دەکات.

لەو باوەڕەدام گەر ئاغاکانی عێراق بیانەوێت مالیکی لاببەن ئەوا خودی مالیکی یەکەم کەس دەبێت دەنگ بە سەندنەوەی متمانە لەخۆی دەدات.

بەڕێزان ئەمە ئەو عێراق ودەستور ومەستورەیە کە خۆتان پێوەی هەڵواسیوە، مێژوی عێراق دەیسەلمێنێت گرێبەست لەگەڵ ئەو وەهمەدا تەنها ماڵوێرانی لێ دروێنە کراوە.

لە ئاکامە زۆر مەترسیدارەکانی ئەم گەمە سیاسیە ئەوەیە کە پێگەی کورد زۆر لاوازتر بوە، لێکترازانی نێو ماڵی کورد بەزەقی دەبینرێت، دەسەڵاتدارنی کورد بەپێی بەرژەوەندیە تایبەیەکانی خۆیان قۆناغەکانی گەمەکە بەڕێدەکەن.

لە هەموی مەترسیدارتریش ئەوەیە کە زمامی موبادەرە لە دەست کوردا نیە، ئەوەی بڕیاردەرە لەو مەسەلەیەدا موقتەدا سەدرە. فراکسیۆنێگی شیعەی گەوەری لە پەرله‌مان هەیە، ئێران پشتی لێنەکردۆتەوە وبۆ دروشمی بێتامی (حکومەتی شەراکەتی نیشتمانی) کورد پێویستی پێیەتی. کورد وتایبەت بارزانی بێ موقتەدا سەدر بۆ روخاندنی مالیکی ناتوانێت بستێک جوڵە بکات. سەدر کە بەرەنگاری سەربازی وسیاسی ئەمه‌ریکای کرد وتێدا سەرکەوتو بو، هەنوکە ئەجێندایەکی تایبەتی خۆی هەیە وبێگومانم لەوەی کورد بەشێکی بەرچاوی نرخە کاڵاکانی سەدر دەدات.

پێموایە ئەمە گەمەیەکی قوڵی ئێرانە، ئێران لە سەر هەردولا کاردەکات وبەچ لایەکدا بشکێتەوە ئەو دەیقۆزێتەوە، بەواتایەکی تر کورد سفر بەدەستەوە دەمێنێتەوە. تورکیاش لە لاکەی ترەوە بەرامبەر بە رۆڵی کورد لەم قەیرانەدا کار لەسەر هەمان مەبەستی ئێران دەکات، بەڵام بە رێگەو ئامرازی جیاوازتر. تورکیا قوڵایی مێژویی وەک ئێرانی لەگەڵ کوردی باشوردا نیە ولەم قەیرانەدا زیاتر پشتئەستورە بە بەشێک لە کورد وسەرکردەی سوننەکان کە زۆربەیان کۆنە بەعسی بون.