|
هه‌ڵه تێمه‌گه‌ن... مالیکی بۆخۆی راست ده‌کات چیا عه‌باس |
29/11/2012 |
پیته‌ر گاڵبرایت، دیبلۆماتکاری ناوداری ئه‌مەریکا و دۆستی کورد و گه‌وره راوێژپێکراوی سه‌رکرده‌کانی کورد له کاته‌کانی دانوستان له‌سه‌ر ده‌ستوری کاتی و هه‌میشه‌یی عێراق، له کتێبه‌که‌ی به‌ناوی کۆتایی عێراق: چۆن لێنههاتویهتی ئه‌مەریکا شه‌ڕێکی بێ کۆتایی به‌رپا کرد، له 2006دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، له لاپه‌ڕه 166دا نوسیویه‌تی: "له مانگی مایسی 2003 ده‌رکم به‌وه کرد که سه‌رکرده‌کانی کورد کێشه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی به‌رته‌سکیان هه‌یه له پلاندانان بۆ عێراقێکی فیدڕاڵ. ئه‌وان بیریان له شۆڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌کرده‌وه، به واتایه‌کی تر به‌غدا مافه‌کانیان پێ ببه‌خشێت. من جه‌ختم ده‌کرده‌وه هاوکێشه‌که پێچه‌وانه بکرێته‌وه... تاد". له مانگی ئۆگۆستی 2003 دا گالبرات نامه‌یه‌ک بۆ دو سه‌رکرده‌که‌ی کورد ده‌نوسێت و پێیان ده‌ڵێت: "سه‌یرم لێدێ له‌و پێگه بههێزهتانهوه چاوه‌ڕوانن له به‌غداوه ده‌سه‌ڵات و مافه‌کانتان بۆ شۆڕبکرێته‌وه". مه‌خابن ئه‌و سه‌رکردانه نه گوێیان له دۆسته‌کان گرت و نه شورایه‌کی به‌هێزی سیاسی و ده‌ستوریان بۆ خۆپاراستن له نه‌یار و دوژمنه‌کان له به‌غدا و ناوچه‌که و بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی ئاینده هه‌ڵچنی. ماده‌ی 140یش له موناوهرهیهکی یاسایی و سیاسی زیاتر نه‌بو، له روانگەی ناچاری و بێده‌سه‌ڵاتی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورده‌وه، دواخستنی ته‌قینه‌وه‌یه‌ک بو تا به‌غدا پێگه‌ی خۆی به‌هێز ده‌کات. رازیبونی سه‌رکردایه‌تی کورد پێی مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه له‌و ساته‌دا تامه‌زرۆی خورمژ بوه. ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه هه‌ر به‌ئه‌قڵیه‌تی ساته‌کانی خه‌باتی شاخ و گیرسانه‌وه له‌سه‌ر سنوره‌کان ره‌فتار و مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵ به‌غدا کرد. ئه‌قڵیه‌تی ناچاری و چاوه‌ڕوانی و کڕوزانه‌وه و وه‌رگرتنی به‌ڵگه‌یه‌کی عبور له پاسدار و جه‌ندرمه‌یه‌ک و... هتد. (له‌گه‌ڵ رێز و تێگه‌یشتنی ته‌واو بۆ ناچاری ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی خه‌باتی شاخ).
ئه‌گه‌ر له به‌غدا...
ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌م قه‌یرانه سیاسی و ده‌ستوریه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا خۆیان بێبه‌ری ده‌که‌ن له هۆکار و هه‌ڵه و کاره چه‌وته‌کانیان.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد به‌و ئه‌قڵیه‌ته و به‌و په‌رۆشیه‌وه چاوه‌ڕوانی شه‌فاعه‌ت و مهکرهمهکانی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بۆ پاره و پله و ئیمتیازات نه‌بونایه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران به‌رگریان له دز و جه‌رده کورده‌کانی ده‌وروبه‌ریان نه‌کردبایه و له هه‌ولێر و سلێمانی داڵده‌یان نه‌کردنایه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌ست و پێوه‌ندیان له ده‌زگاکانی حوکمڕانی له به‌غدا به‌ڕاستی نوێنه‌رایه‌تی کوردیان بکردایه، ئه‌گه‌ر نوێنه‌ره گیرفان چه‌وره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران له به‌غدا ته‌نانه‌ت بۆ جارێکیش به لاچاوێک چاوسورکردنهوهیهکی جدی و توندیان به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو دهستهدهست پێکردنه بۆ جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140 بکردایه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران به‌رامبه‌ر یه‌کتر نیه‌ت پاک بونایه و ژێربه‌ژێر مالیکی و جه‌عفه‌ری و عه‌لاوی و هاشمی و هه‌مو (یاکانی) تریان دژ به‌یه‌کتر هان نهدابهیه، ئه‌گه‌ر جه‌نابی سه‌رۆک کۆمار ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی عه‌شایری عه‌ره‌ب و صوڵح کردن و مه‌رجه‌عه مه‌زهه‌بیه‌کان و کۆنه ئه‌فسه‌ره‌کانی سوپا و چهقاوهسوهکانی شۆسته‌ی سیاسی عێراق بوه ئه‌وه‌نده‌ش ئاوڕێکی جدی و پلانڕێژی له ره‌عیه‌ته‌که‌ی خۆی بدایه‌وه، ئه‌گه‌ر جه‌نابی سه‌رۆکی هه‌رێم زیاتر دانی به‌خۆدا بگرتایه و له ساته‌کانی هه‌ڵچون و وروژاندندا چه‌پ و راستی تێکه‌ڵ یه‌کتر نه‌کردایه، ئه‌گه‌ر و ئه‌گه‌ر و ... هه‌ر هه‌موی چون.
له قاموسی چ نه‌ته‌وه و عه‌شره‌ت و گروپێکی سه‌ر زه‌ویدا هاتوه که تاوانبار و بکوژی نه‌وه‌ی میلله‌تێک، که له لایه‌ن دادگای تاوانه‌کانی عێراقه‌وه بۆ دۆسیه‌ی ئه‌نفال و کاره‌ساته‌کانی کورد داوکراوه بۆ راوێژکاری هه‌رێم بۆ ئه‌و دۆسیانه لای حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی کاندید بکرێت.
به کورتی و کوردی ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌مو به‌ڕێزانه رێزیان له یه‌کڕیزی کورد و یه‌کتر و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی بگرتایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه زۆر تاکڕه‌وانه و داخراوانه هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاره‌کانی خۆیان نه‌سه‌پاندایه و تۆزێک گوێیان بۆ بۆچون و دیدی تر واڵا بکردایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه په‌رۆشتر و گورتر له نوجه‌یفی و عه‌لاوی نه‌بونایه بۆ به‌غدا و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده له‌رزۆک و تهماعدار به‌دوای ئه‌مەریکا و ئێران و تورکیا نه‌که‌وتنایه و ئه‌گه‌ر... هتد. ئه‌وا ئه‌م رۆژه‌ی ئه‌مڕۆ به‌م شێواز و جۆره توشمان نه‌ده‌بو، ئێستا که رویداوه ئه‌وه‌نده خاڵی لاوازمان به ده‌ست نه‌یاره‌کانمانه‌وه نه‌ده‌بو.
بێگومان ده‌سه‌ڵات و حاشیه‌کانی به‌م جۆره باسانه زۆر سه‌غڵه‌ت ده‌بن، ناهه‌قیان نیه، کامیان له سایه‌ی به‌غدا و نیعمه‌ته‌کانی (جه‌عفه‌ری و مالیکی) ناشه‌رعیانه نه‌بۆته ده‌وڵه‌مه‌ندی پله یه‌ک و دو و خاوه‌نی به‌رژه‌وه‌ندی بێ سنوری قه‌به نیه و باسیش له لیوا و فه‌وجه تایبه‌تیه‌کانیان ناکه‌ین که حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی پاره و پولیان ده‌دا، کامیان له‌وانه به‌ڕێگه‌ی به‌غداوه چه‌ندین ده‌سکه‌وتی بۆ بنه‌ماڵه و حاشیه و ده‌ست و پێوه‌ند به‌دی نه‌هێناوه، کاتێک ئه‌م راستیانه ریزبه‌ند ده‌کرێن که‌س گومانی نه‌بێت که بێ به‌ڵگه و ناو و کات و شوێن باس ده‌کرێن.
ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌وه‌نده لاواز و چاوچنۆک و په‌رته‌وازه و داخراو و تاکڕه‌و، ده‌بێت چاوه‌ڕوان بکرێت مالیکی و هه‌ر حاکمێکی تری به‌غدا که به‌رده‌وام له که‌میندا بون بۆیان، به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵدا بکات. ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌رده‌وام جه‌خت له شتێک ده‌که‌نه‌وه ته‌نها له قاموسی سیاسی ئه‌واندا به ده‌رزی و دهرزوی خه‌یاڵ هۆنراوه‌ته‌وه، ئه‌ویش هاوپه‌یمانیه‌تی کورد و شیعه، له چ کون و قوژبنێکی دنیادا هاوپه‌یمانی سیاسی نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌ک له گه‌ڵ مه‌زهه‌بی ئاینی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تردا کراوه، ئه‌زمونی چوار سه‌ده‌ی ئیرله‌ندای پر خوێنڕشتن و مه‌ینه‌تی مه‌زهه‌بی ده‌بێت له بەرچاومان بێت.
کاتێک له کوردستان...
کاتێک دو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له شوێنێکی گرنگی وه‌ک که‌رکوک ده‌که‌ونه گیانی یه‌کتر و ته‌نانه‌ت دۆست و هاوپه‌یمانه‌کانی یه‌کتر له تورکمان و عه‌ره‌ب له‌ناو ده‌به‌ن و که‌رکوک و شه‌قامه‌کانیشی به خهتوختوتی ره‌نگی حیزبایه‌تی دابه‌ش ده‌که‌ن، کاتێک به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌و جوته ده‌سه‌ڵاته له شاری که‌رکوک ده‌یان به‌نزینخانه و سه‌دان خانوی ته‌جاوز و هه‌زاران بازرگانی ئه‌ملاوئه‌ولا ده‌که‌نه پیشه‌ی رۆژانه‌یان، ده‌بێت چ چاوه‌ڕوان بکه‌یت له ده‌سه‌ڵاتداره شۆڤێنهکانی به‌غدا، بێن و که‌رکوکت به پاکراوی بده‌نه ده‌ستت؟
کاتێک ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده بێباکانه سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان بۆخۆی ره‌وا بزانێت و زه‌وتیان بکات و کوشتن و تۆقاندن و نانبڕین و فه‌لاقه‌کردنی رۆشنبیر و رۆژنامه‌نوس و که‌سانی ئۆپۆزسیۆن له فایله‌کانی حوکمڕانیدا تۆمار کرابن.
کاتێک ده‌سه‌ڵاتیك په‌نا بباته به‌ر مالیكی، دۆستی حه‌میمی جارانیان، هه‌م بۆ دامرکاندنی ناڕه‌زایی خه‌ڵکی کوردستان و تا گۆڕانیش له به‌شداریکردن له به‌ناو "حکومه‌تی شه‌راکه‌تی وه‌ته‌نی" بێبه‌ش بکات، ده‌بێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چاوه‌ڕوان بکات مالیکی، حاکمێکی نه‌ته‌وه‌په‌رست و مه‌زهه‌بی رادیکاڵ، له‌سه‌ر سینیه‌کی ئاڵتون مافه‌کانی کوردیان پێببه‌خشێت؟ به‌داخه‌وه تا ئه‌م ساته‌ش به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد نایانه‌وێت ته‌نانه‌ت ئه‌و وه‌همه له مێشکیاندا کاڵ بێته‌وه.
سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی یا نهسهندهوهی گه‌مه‌یه‌کی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارانه، بینیمان دو سه‌رکرده ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کورد له گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا چۆن مامه‌ڵه‌یان کرد، ره‌گ و ریشه‌ی کێشه‌که ته‌نها له نیه‌ته خراپه‌کانی مالیکدا نین، به‌ڵکو بۆ ئێمه‌ی کورد له له‌رزۆکی متمانه‌ی نێوان خودی سه‌رکرده‌کانی کورددایه، که‌سیش ئه‌وه‌نده گه‌مژه نیه چاوه‌ڕوان بکات ئه‌م ئیرسی نیو سه‌ده‌یه به ده‌رکه‌وتنی باڵا که‌ته‌که‌ی و سمێڵه قه‌ترانیه ئه‌ستوره‌که‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دیجله وه‌ک به‌فری به‌ر هه‌تاو بتوێته‌وه. کورد له‌و روه‌وه له گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه ئه‌زمونێکی دورودرێژی هه‌یه. پێویست به ناوبردنی روداوه‌کان ناکات، وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن با برینه‌کان زیاتر نه‌کولێنه‌وه، چه‌مکێکی سه‌قه‌ت مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی لێی داپۆشینی عه‌یب و عاره.
ئه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ن، خۆشیان بوێت یا تاڵ، زه‌مینه‌یان بۆ ئه‌م قه‌یران و دۆخه خۆشهکردوه، به‌ڵام له مێژه له کەلتور و که‌له‌پوری سیاسی کورد هه‌میشه تیۆری موئامه‌ره‌ی ده‌ره‌کی بۆ داپۆشینی خه‌تا و عه‌یب و عاری خۆماڵی به‌کارهێنراوه.
چاوه‌ڕوانیه‌کان و ئێستا
چاوه‌ڕوان ده‌کرا حاکمێکی تاکڕه‌وی نه‌ته‌وه‌په‌رستی مه‌زهه‌بی وه‌ک مالیکی به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه بکات، کاتێک بارزانی زه‌نگی ئه‌و مه‌ترسیه‌ی لێدا، شه‌ریکه ستراتیژیه‌که‌ی له کوردستان کردی به هه‌ڵڵا، ده‌بوا چاوه‌ڕوان بونایه مالیکی ئاگره‌که زیاتر خۆش ده‌کات. مالیکی له گه‌ڵ دید و بۆچون و خواست و ئامانجه‌کانی خۆیدا راستگۆیانه مامه‌ڵه‌ده‌کات (جا ئه‌وانه به‌دڵی ئێمه بن یا نا).
له‌م عێراقه‌ی ئێستادا هه‌رچی پرهنسپهکانی دیموکراسیه‌ت و ته‌وافق و شه‌راکه‌ت و رێکه‌وتنه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و ماده‌کانی ده‌ستوره به رسته‌یه‌کی مه‌رجه‌عێکی باڵایی مه‌زهه‌بی ده‌خرێنه سه‌تڵی خاشاکه‌وه.
نابێت باس له‌وه نه‌که‌ین که له ناوچه دابڕینراوه‌کان، بێجگه که‌رکوک، به مه‌زه‌نده‌ی ئێستا نزیکه‌ی 15 ملیار به‌رمیل نه‌وت هه‌یه و 2-3 کێڵگه‌ی نه‌وت له‌و ناوچانه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم له کاردان (له لایه‌ن ئێکسۆ‌ن مۆبایله‌وه). ئه‌مه‌ش هۆکارێکی سه‌ره‌کی تره بۆ هاربونی مالیکی.
هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی مالیکی ئه‌وه‌یه له وه‌ته‌رێکی زۆر هه‌ستیاری نه‌ته‌وه‌یی داوه، تیره‌کانی که‌وانه‌که‌ی ئاراسته‌ی که‌رکوک و ناوچه دابڕێنراوه‌کان کردوه. له‌م حاڵه‌ته‌دا، وێڕای ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی هه‌رێم، بێده‌نگی به‌رامبه‌ر به‌م کارانه‌ی مالیکی ده‌که‌وێته چوارچێوه‌ی خیانه‌ته‌وه.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه تازه به‌تازه باس له هێزی هاوبه‌ش له‌و ناوچانه ده‌که‌ن، مانای گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵی سفر و چه‌سپاندنی ئه‌مرێکی واقیع که سه‌دام به ئاگر و ئاسن سه‌پاندی و ئێستا وه‌ک پارویه‌کی چه‌ور له ده‌م و لێوی مالیکی نزیک ده‌که‌ینه‌وه. دورنیه سبه‌ی پێشنیازێکی تری سهرسورمێنهڕ باس بکه‌ن، چونکه ههبگهکهیان پڕکردوه له‌و شتومه‌کانه‌ی دابینی حه‌ز و مه‌رامه‌کانی خۆیان ده‌کات.
له ئێستادا ته‌نها پێشنیاز که بۆ کورد جۆرێک له زه‌مانه‌تی به‌هێزی تێدایه پێشنیازی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمه، ئه‌ویش چاودێریکردنی ناوچه دابڕێنراوه‌کانه له لایه‌ن ئه‌مەریکاوه. کورد مافی خۆیه‌تی ئه‌و داواکاریه له ئه‌مەریکا بکات، چونکه:
1- عێراق به‌ته‌واوی له به‌ندی 7 میساقی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ده‌رنه‌هێنراوه.
2- رێکه‌وتنی ستراتیژی ئه‌منی نێوان ئه‌مەریکا و عێراق جه‌خت له ئارامی و ئاسایشی عێراق ده‌کاته‌وه و ئه‌م کارانه‌ی مالیکی ئه‌وانه‌ی شێواندوه و مه‌ترسی گه‌وره‌شی به‌رپا کردوه.
3- ئه‌مەریکا به‌رده‌وام جه‌ختی له پاراستنی کورد له باشوری کوردستان کردۆته‌وه.
ئه‌گه‌ر لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستان له‌و باوه‌ڕه‌دان که خاوه‌ن کێشه‌کان خۆیان ده‌توانن چاره‌ی بکه‌ن، فه‌رمون ئه‌وه ئه‌رز و ئه‌وه گه‌ز، بچنه په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانی هه‌رێم به‌گه‌ڕ بخه‌ن و دنیاش وه‌ک چاو‌دێر داوه‌ت بکه‌ن و بڕیار له رێگه چاره‌یه‌ک بده‌ن، به‌پێجه‌وانه‌وه، به‌ناوی جۆره‌ها دروشم و تایتل و چه‌مکه‌وه، ده‌سته‌ده‌ستی به‌م میلله‌ته مه‌که‌ن و ئه‌م خوێنڕشتنه له‌سه‌رخۆیه له جه‌سته‌ی کورد ده‌ڕوات رابگرن. |
|
|