|
خه‌ون و شه‌ڕه شیرینه‌کان چیا عه‌باس |
18/07/2013 |
ماوه‌ی چه‌ند مانگێکه پرسه‌کانی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستور و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ره‌وشی سیاسیان له باشوری کوردستان وروژاندوه، به‌شێوه‌یه‌ک که خه‌ڵکی له گێژاوی ورده‌کاری و شێکردنه‌وه فرهرهنگهکان و لێدوانه بێ ژماره‌کان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه سه‌ریان لێ شێواوه.
یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته به‌رچاوه‌کانی ئه‌م قۆناغه وروژاوه هه‌ڵوێست و لێکدانه‌وه‌ی گۆڕاو و ناجێگیری ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتیه. پێده‌چێت زمانیان بیگرێت و به هه‌رجوڵه‌یه‌کی زمان جۆره ده‌نگێک ده‌بیسترێت و که‌سێکیش نیه به‌ته‌واوی له مه‌به‌ستیان حاڵی بێت.
ئه‌م زمانگرتنه له نیشانه‌کانی ترس و دڵه‌ڕاوکێیانه، ترس له داکشانی زیاتر و زیاتر په‌رته‌وازه‌بونی نێوخۆیان، دڵه‌ڕاوکێ له یه‌کتر و له سێبه‌ره وه‌همیه‌کان. ئه‌مان، بێئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ باسی بکه‌ن، مردنی سیاسی تاڵه‌بانییان راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ته‌نها تۆزه چاوه‌ڕوانیه‌کیان به گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ژیانی سیاسی هه‌بوایه، ده‌بوا یه‌ک ملیۆنجار بچنه‌وه نێو قهواغهکهی خۆیان پێشئه‌وه‌ی بهبیریشیاندا بێت به‌و شێوه‌یه‌ی کردیان مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌ڕاج بکه‌ن و یه‌کێتی بکه‌نه پاشکۆیه‌کی بێ ئیراده‌ی پارتی.
ئه‌مان له غیابی تاڵه‌بانیدا سه‌لماندیان تیمێکی نه‌گونجاوی عازفژهنی میلۆدیایه‌کی بێ نۆته‌ن و له ئاستی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌ته گه‌وره‌یه‌دا نین، که خستویانه‌ته ئه‌ستۆی خۆیان. به‌کورتی، ئه‌مان قه‌ده‌ری مێژویه‌کی خه‌بات و ئێستایه‌کی له‌رزۆکی خۆڵه‌مێشی نادیار کۆی کردونه‌ته‌وه. به‌شێک له نه‌هامه‌تی و سه‌رگه‌ردانی یه‌کێتی له‌وه‌دایه که لهمساتهدا که‌سایه‌تیه‌کی گه‌وره حزوری نیه و تێدا نه‌ماوه تا ئه‌و هه‌مو که‌ره‌سته ناکۆکانه به‌یه‌کتر کۆبکاته‌وه و رایانبگرێت، بۆیه بارزانی ژیرانه ئه‌مه‌ی قۆسته‌وه، یه‌که‌م هه‌نگاو کردنی به‌گژ گۆڕاندا و دوه‌م په‌نجه‌مۆری وه‌رگرتن بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌که‌ی و سێیه‌م و چوراه‌م و... کردنی به‌به‌شێک له ره‌عیه‌ته‌که‌ی خۆی و ئێستا سه‌رقاڵی به‌خشینی شاباشه به‌سه‌ریاندا.
هه‌رکه‌سێک پارتی ناسیبێت ده‌زانێت چاوه‌ڕوانی چ کار و ره‌فتارێکیان بێت، ئه‌وه‌ی پارتی بوبێت و پارتی بێت له کۆده نه‌نوسراوه‌کانی پارتیبون تێده‌گات. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، که پارتی بۆته هێزێکی چاوچنۆکی تێرنه‌خۆر، هه‌رچه‌ند ئه‌م کۆدانه دێنیت و ده‌یانبه‌یت سه‌رجه‌میان له پانتاییه‌کی ره‌شی بێده‌نگیدا به‌کارن و یه‌کده‌گرنه‌وه. پانتایی سۆفیگه‌ریه‌کی کوێرانه، که موریده‌کان دنیا له بیلبیله‌ی چاوه‌کانی شێخه‌که‌یانه‌وه ده‌بینن و به‌ئه‌قڵ و فه‌رمانی ئه‌و مامه‌ڵه و ره‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌و دنیایه‌دا ده‌که‌ن، ئه‌وان پێیانوایه وه‌لا و تاعه‌ت بۆ شێخ تاکه رێگه‌یه بۆ گه‌یشتن به هه‌مو خواست و ئامانجێک.
پارتی حیزبێکه دوای نه‌مانی خوالێخۆشبوان مه‌لا مسته‌فا و ئیدریسی کوڕی به‌ته‌واوی بۆته حیزبێکی موخابه‌راتی پشتئه‌ستور به پاره و میلیشیا و ره‌حمه‌تی داگیرکه‌رانی کوردستان. پارتی حیزبێکه زۆر فکری جیا و ره‌سه‌ن تێدا گوزه‌ریان کردوه، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا شوێنیان نابێته‌وه، پارتی حیزبێکه تا هه‌ره‌سی 1975 سه‌رقافڵه‌ی کوردایه‌تی کردوه، به‌ڵام له‌دوا بیست ساڵی ته‌مه‌نیدا هزره نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی به‌جۆرێک کاڵبۆته‌وه، که ته‌نانه‌ت دروشم و قسه سواوهکانیشیان بۆ ئیستهلاکی ناوخۆ ئێکسپایەر بون، چونکه بونیاتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی پارتی بۆته "شرکة محدودة غیر مساهمة".
ئه‌م دوهێزه به‌م خه‌سڵه‌تانه‌یان هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ی ئێستاش زۆرینه‌بن و دهسهڵاتدارتربن هه‌ر ده‌که‌ونه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ره‌سه‌نی کوردایه‌تی، خۆیان سه‌لماندیان کوردایه‌تی بۆ ئه‌وان ئه‌و مریشکه‌یه که هێلکه‌ی ئاڵتونیان بۆ دروستده‌کات و پشکی شێر بۆ خۆیانه و به‌شێک له توێکڵ و پاشماوه‌که‌ی به میلله‌ت ده‌ده‌ن. ئه‌وان سه‌لماندیان که‌ره‌سته تێکشکاو و ژه‌نگاوی و به‌سه‌رچوه‌کانی چه‌مکی دیموکراسیه‌تیان که دێته سه‌ر سه‌نگی مه‌حه‌ک هه‌ر له‌وانه ده‌چن، که له کوچه‌ی عه‌ره‌به‌وه هێنابویان و به‌های فلسێکی قه‌ڵبیان نیه. کاتێک سه‌دان هه‌زار که‌س له کۆمه‌ڵگایه‌کی بچوک و له هه‌رێمێکی پڕکێشه و گه‌مارۆدراودا، نه‌ک ته‌نها له‌وان ناڕازییه و به‌ره‌ی ئۆپزسیۆنبونی هه‌ڵبژاردوه، به‌ڵکو تاسه‌ر ئێسک گومانی له نیه‌ت و ئه‌قڵیه‌تی دیموکراسی ئه‌وان هه‌یه و گه‌یشتۆته قه‌ناعه‌ت دیموکراسیه‌تی ده‌سه‌ڵات " بودعهیهکی" بێ سوده، ده‌بێت خه‌له‌لێکی ئێجگار کوشنده له‌ئارادابێت.
خه‌له‌له‌که له سه‌رتاپای زهن و ئه‌قڵیه‌ت و ره‌فتاری ده‌سه‌ڵاتدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه، ئه‌وه ئه‌وانن که به‌ڕێگه‌ی ئه‌و بودعهیهوه خۆیان سه‌پاندوه و قێزه‌وه‌نترین شێوازی حوکمرانی و ناڕه‌واترین سیسته‌می دادپه‌روه‌ری و سه‌ختترین نائارامی کۆمه‌ڵایه‌تیان به‌رهه‌مهێناوه، به واتایه‌کی تر سێ کۆڵه‌که بنه‌ڕه‌تیه‌که‌ی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ییان خستۆته مه‌ترسیه‌وه. چونکه ئه‌وان دیموکراسیه‌ت ته‌نها به ئهژماردهکردنی "به‌ڵی و نه‌خێری" نێو چوار دیواره‌که‌ی زیندانی په‌رله‌مان ده‌بینن، بۆیه ئه‌وان له فه‌تواکه‌ی 30 حوزه‌یراندا و له ته‌سدیقه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمدا جارێکی تر سه‌لماندیان، که میلله‌ت له هزری ئه‌واندا ئه‌و گه‌له تاقم و ده‌سته‌یه‌یه، که کوێرانه چهپڵهبارانیان ده‌که‌ن و سه‌ریان بۆ ده‌له‌قێنن و له بڕی چنگێ دۆلار ده‌ڕابه‌ی دوکانی سیاسیان بۆ ده‌خه‌نه سه‌رپشت. له هزری ئه‌واندا ته‌سلیمبون پێیان لوتکه‌ی پێگه‌یینی دیموکراسیه‌ته. ئه‌وان سنوره‌کانی ئاکاری نه‌ته‌وه‌ییان به‌زاندوه و بێده‌نگبون لێی زامه‌کان قوڵتر ده‌که‌نه‌وه.
ته‌نها چاوپێخشاندنێک به سه‌دان به‌ڵگه‌ی ده‌ره‌کی ده‌ریده‌خات تا چ ئاستێکی مه‌ترسیدار له گه‌نده‌ڵی و تاڵان‌کردنی سامانی میلله‌تدا نوقم بون، ئه‌و به‌ڵگانه ده‌ریده‌خه‌ن چه‌ند بێباکانه و تا بیناقاقهیان ته‌نراو به رق و کینه و بێ متمانه‌یی ماچ و موچی یوداس ئاسای یه‌کترده‌که‌ن و زۆر ئارهزوماندانه بۆ داگیرکه‌رانی کوردستان چه‌ماونه‌ته‌وه، ئه‌مان سه‌لماندیان وه‌ک راپۆرتێکی ئه‌مریکا ده‌ڵێت: "له کوردستان سیاسه‌ت بازرگانیه و بازرگان‌یش سیاسه‌ته" که بازرگانی عه‌یاره 24ن. وێرای ئه‌م هه‌مو راستیانه دێن منه‌تیش به‌سه‌ر میلله‌تدا ده‌که‌ن، وا به‌فیز و خۆبادانه‌وه نمایشی ده‌که‌ن که خۆشگوزه‌رانی و ئه‌و چه‌ند خزمه‌تگوزاریه‌ی حکومه‌ت به‌ڕێوه‌ی ده‌بات زاده‌ی ئه‌قڵ و په‌رۆشی و بودعهی دیموکراسی ئه‌وانه، ده‌رک به‌وه ناکه‌ن که زۆربه‌ی کاره‌کانیان له دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌روه‌ری یاسا و پلانرێژی وردبین بێبه‌رین.
ئه‌وان ده‌رکی پێناکه‌ن ئه‌م کارانه‌یان زو یا دره‌نگ توشی شه‌ڕێکی تام شیرینیان ده‌کات، شه‌ڕێک هه‌ق بۆ خاوه‌نه‌کانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، شه‌ڕێک رێگه نادات قوربانیه‌کانی نه‌وه‌کانی هه‌ڕاج بکرێت و لۆرده‌کانی شه‌ڕ وه‌ک ژاڵه به‌ڕه‌نگ شیرین و به‌تام تفت و تاڵ بن. شه‌ڕێک جاشه‌کانی میلله‌ت ده‌خزێنێته ئه‌و شوێنه‌ی شایسته‌ن و به‌حوکمی یاسا و گه‌ل دادگایی ده‌کرێن و سزای ره‌وای خۆیان ده‌چێژن.
ئه‌مه ئه‌و شه‌ڕه شیرینه‌یه میلله‌ت ناچاربکرێت به‌رپای ده‌کات، تا دره‌نگ نه‌بوه و کار له کار نه‌ترازاوه ده‌بێت ده‌سه‌ڵات زۆر بوێرانه دان به‌پێشێلکردنی یاسا‌و و هه‌ڵه و گه‌نده‌ڵی و کارهناڕهواکانیدا بنێت. ده‌ست بکات به دیالۆگێکی هاوسه‌نگ و بنیاتنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌مو توێژ و لایه‌نه ره‌سه‌نه‌کانی کوردایه‌تی، نه‌ک ته‌نها به‌مه‌به‌ستی سازانی نیشتمانی، به‌ڵکو بۆ په‌سندکردن و ره‌زامه‌ندی و به‌شداریه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌شه‌پێدانی نمونه‌ی حوکمڕانی و ئاینده‌یه‌کی گه‌شه‌دار بۆ میلله‌ته‌که‌مان. له به‌رامبه‌ریشدا ده‌بێت به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌ده‌نگ هه‌نگاوی له‌و جۆره‌وه بێت و پشک و ئه‌رکی خۆی له‌و پرۆسه‌یه‌دا ببینێت.
ئه‌م دوا خواسته‌م له خه‌ونێکی شیرین ده‌چێت، هه‌رچۆنێک بێت خه‌ونی شیرین له شه‌ڕی شیرین چێژی به‌تام تره. |
|
|