Print WWW.SBEIY.COM
 سێرکی نه‌ته‌وه‌یی
چیا عه‌باس
07/08/2013
کورد له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ تا ئه‌وپه‌ری خۆرئاواو له‌لوتکه‌ی باکوره‌و تا خوارترین خاڵی باشور وروژاوه‌، هه‌ڵچوه‌ و په‌تای شۆڕشگێڕی گرتوه‌.
کورد ئه‌م ده‌روازه‌ی سنور به‌ڕوی کوردی ئه‌وبه‌ر سنور داده‌خات و له‌وی تر کونێک واڵا ده‌کاته‌وه، له‌م سنوره‌وە بۆ ئه‌و سنور به‌به‌رچاوی دنیا و ئه‌بو زه‌ید و پاسدار و جه‌ندرمه‌وه‌ چه‌ک و تفاق ده‌گوازێته‌وه‌ و ره‌وانه‌ ده‌کات بۆ داڵدان و شه‌رکردنی یه‌کتر. ‌

له‌نزیک هێڵه‌کانی سنوره‌کان له‌چه‌قی لیتاو و قوڕداو له‌قرچه‌ی درکه‌ڵاندا ساوا و منداڵ و گه‌نج و پیری کورد وه‌ک کاڵا له‌ بازاری قاچاخچیه‌تی و ره‌شی عه‌کازی سیاسی ئاڵوگۆر ده‌کرێن. نان و ئاو و پێخه‌فێک ده‌درێت به‌گه‌نجه‌کان و پاش مه‌شقێک به‌ چه‌که‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌و دیو سنو‌ر ده‌کرێن بۆ شه‌رکردن به‌پێی فه‌رمانه‌کان.‌

به‌شێکی به‌رچاوی سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌دار و کۆماندۆ کورده‌کان رۆژێک له‌م پایته‌ختی داگیرکه‌ر و رۆژێک له‌و نوسینگه‌ی "صاحب المقام" چۆکیان داداوه‌ و چه‌ماونه‌ته‌وه‌ بۆ ره‌حمه‌ت و رسته‌یه‌ک ئامۆژگاری و عبوریه‌یه‌ک بۆ تانکه‌ری نه‌وت.

وته‌بێژه‌ فه‌رمیه‌ بێ ژماره‌کانی کورد له‌ شاشه‌ی که‌ناڵه‌ حیزبیه‌کان و له‌ روبه‌ری گۆڤار و رۆژنامه‌کان ئاوا نابن، هه‌ر هه‌مویان به‌ناوی حیزب و سه‌رکرده‌کانیانه‌وه‌ خۆیان وه‌ک فریادره‌سی کوردستانی گه‌وره‌ نمایش ده‌که‌ن، وه‌ک خوی هه‌میشه‌ییان پاشقول له‌ یه‌کتر ده‌گرن و یه‌کتر ده‌شکێنن، سه‌ر و بنی زمانیان بگره‌ باسی یه‌کڕیزی کورد ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ نه‌تقی هه‌ر وشه‌یه‌کدا پێده‌چێت وه‌حیه‌کی‌ گه‌رمی تازه‌یان بۆ دابه‌زیبێت و پێیان وایه‌ دنیای پێ سه‌رسام ده‌که‌ن‌.

کۆبونه‌وه‌ و‌ دیدار و لێدوان و وێنه‌گرتن بونه‌ته‌ پێنج فه‌رزه‌ی رۆژانه، هه‌مان هه‌واڵ له‌ ده‌یان‌ پێگه‌ی راگه‌یاندنی حزبیدا ده‌بینرێت و تا دوا نقه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانیان په‌خشی ده‌که‌نه‌وه‌.

ئه‌م وێناکێشه‌ له‌ رۆژی حه‌شر ده‌چێت، سێرکێکی نه‌ته‌وه‌ییه، تێیدا‌ موهریج و ئه‌کرۆبات و جامباز تێکه‌ڵ بون‌ به‌ ئه‌کته‌ره‌ ره‌سه‌ن و به‌تواناکان و نه‌ته‌وه‌ش وه‌ک ته‌ماشاکارێک تێناگات چ باسه‌.

له‌م وه‌رزه‌ ره‌واجه‌ی حه‌شری نه‌ته‌وه‌ییدا و له‌ژێر ره‌شماڵی سێرکدا باس باسی لۆیا یۆرگای* کورده‌، به‌جیاوازیه‌کی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌وه: له‌ ئه‌فغانستان له‌ سایه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیاندا ساز ده‌کرا و به‌ڕێوه‌ ده‌برا، لای ئێمه‌ به‌مۆڵه‌ت و ره‌زامه‌ندی داگیرکه‌ران و له‌ دۆخێکدا که‌مترین ئاستی لێکتێگه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ژێر ئه‌و ره‌شماڵه‌دا به‌رچاوه‌.

کێ سودمه‌ند ده‌بێت له‌ "کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی"؟
سێ هێزی سه‌ره‌کی کاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر کۆبونه‌وه‌که‌ ده‌بێت، دوانیان کوردی و راسته‌وخۆ: پارتی و په‌که‌که‌ و سێیه‌م حکومه‌تی تورکیا
(ئۆردوگان).
په‌یوه‌ندیه‌ به‌هێزه‌کانی نێوان پارتی و تورکیا‌ بواری ئابوری و سیاسیشی گرتۆته‌وه‌ و تا ئاستێکی توند هه‌ماهه‌نگی سیاسیان هه‌یه‌ ده‌رباری حزوری هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ باشوری کوردستان، دۆخی که‌رکوک و تورکمانه‌کانی عێراق، ده‌سه‌ڵات و نفوزی ئێران له‌ عێراق و کوردستان و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا سه‌باره‌ت به‌ گۆرانکاریه‌کان له‌ سوریا و زۆر تایبه‌ت ئاینده‌ی خۆرئاوای کوردستان و رۆڵی په‌که‌که‌ تێیدا.

ئۆردوگان سیاسه‌تمه‌دارێکی تورکیه‌ چه‌ندین ده‌سکه‌وتی به‌ده‌ست هێناوه و تا ئه‌م ساته‌ش پێگه‌یه‌کی به‌هێزی له‌ حوکمرانی و سیاسه‌تی تو‌رکیادا هه‌یه‌‌، به‌پێی پێڕه‌وی حیزبه‌که‌ی ناتوانێت جارێکی تر خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران کاندید بکات، خۆشی له‌ ئێستادا ته‌ماعی له‌و پۆسته‌ نه‌ماوه‌. ئۆردوگان زۆر مه‌به‌ستیه‌تی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2014 خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار کاندید بکات، یه‌که‌م جار ده‌بێت له‌ تورکیا سه‌رۆک کۆمار به‌ده‌نگی راسته‌وخۆی خه‌ڵک هه‌ڵبژێرێت. ئۆردوگان سیاسه‌تمه‌دارێکی ته‌ماعکه‌ر و تاکڕه‌وه‌، نایه‌وێت پۆستی سه‌رۆک کۆماری وه‌ک ئێستای ته‌شریفاتی بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور پێویستی به‌ 2/3 ده‌نگی په‌رله‌مانی تورکیایه‌، کارێکی ئه‌سته‌مه‌ بۆی، بۆیه‌ په‌نا ده‌بات بۆ راپرسی.

ئۆردوگان له‌م پرۆسه‌یه‌دا دوچاری چه‌ند ئه‌سته‌نگێکی قورس بۆته‌وه‌: ناڕه‌زایی به‌شێکی به‌رچاوی عه‌سکه‌ر، ململانێی توند له‌ گه‌ڵ به‌هێزترین گروپی ئیخوان له تورکیا – بزوتنه‌وه‌ی گوێڵن – که‌ له‌ناو حیزبه‌که‌یدا زۆر به‌هێزن، کێشه‌ی کوردو په‌که‌که‌ و ته‌حه‌داکان له‌ سوریاوه‌.

پرۆسه‌ی به‌ناو ئاشتی له‌ گه‌ڵ په‌که‌که‌ به‌شێکه‌ له‌ ئاڵوگۆری سیاسی‌ به‌رامبه‌ر پشتگیری به‌شێکی کوردی باکور بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ئۆردوگان هه‌ندێک ده‌سکه‌وتی کاتییان پێده‌به‌خشێت، ئه‌م ئاڵوگۆره‌ مایه‌ی ره‌زامه‌ندی به‌شێکی به‌رچاوی په‌که‌که‌ نیه‌ که‌ زیاتر له‌ باڵه‌ سه‌ربازیه‌که‌یدا کۆبۆته‌وه‌، ئه‌و باڵه‌ی له‌ گۆره‌پانی خۆرئاوای کوردستان هێزی سه‌ره‌کیه.

کاتێک ئۆردوگان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ده‌رچێت، مانای ئه‌وه‌یه‌ تا ساڵی 2024 ده‌توانێت له‌و پۆسته‌دا بمێنێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش یانه‌سیبێکی زێرینه‌ بۆ پارتی له‌ زۆر روه‌وه‌.

سێکوچکه‌ی پارتی و به‌شێکی په‌که‌که‌ و ئۆردوگان ده‌بێته‌ دینامۆی لۆیا یۆرگای کوردی، ته‌نها ئه‌سته‌نگی سه‌خت له‌ به‌رده‌میاندا هێزه‌ کوردیه‌ سه‌ربه‌خۆ و دڵسۆزه‌کانی خۆرئاوا و به‌شه‌کانی تری کوردستانن که‌ ده‌توانن رێگری بکه‌ن له‌ به‌دیهێنانی پلان و خه‌ونه‌که‌ی ئۆردوگان، به‌تایبه‌ت هیچ زامنێک نیه‌ کاتێک بوه‌ سه‌رۆک کۆمار ئه‌تاتورکێکی تر نابوژێته‌وه‌.

•loya jirga – لۆیا یۆرگا: کۆبونه‌ویه‌کی به‌رفراوانه‌ له‌ ئه‌فغانستان. له‌ سه‌ره‌تادا تایبه‌ت بو به‌ هۆزه‌کانی پاشتو، دواتر به‌رفراوان کرا. به‌شداربوان بریتین له‌ سه‌رۆک هێزه‌کان و سه‌رکرده‌ لۆکاڵیه‌کان، کاراکته‌ره‌ سه‌ربازی و ئاینییه‌کان و کارمه‌نده‌ باڵاکانی حکومه‌ت. پێده‌چێت ته‌مه‌نی ئه‌م جۆره‌ کۆبونه‌ویه‌ له‌ 100 ساڵ زیاتر بێت. ئه‌م کۆبونه‌وانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن تا بریار وه‌رده‌گیرێت و تێیدا چه‌ندین بابه‌تی گرنگ و هه‌ستیار باس ده‌کرێن، وه‌ک ده‌ستور و سیاسه‌تی ده‌ره‌وەو و په‌سندکردنی سه‌رکرده نوێکان... تاد.  ‌   ‌