|
بۆچی و چۆن گۆڕان به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوات؟ چیا عه‌باس |
29/12/2013 |
چه‌ند ده‌نگێک له دڵسۆزی و خهمخۆریانهوه بۆ ئایندهی گۆڕان و حوکمڕانی له باشور له به‌شداربونی گۆڕان و کاریگه‌ری له‌کابینه‌ی هه‌شته‌مدا دڵنیا نین، پێشئه‌وه‌ی کابینه‌که چاوه‌کانی هه‌ڵبهێنێت تارمایی رهشبینیهک دید و بۆچونهکانیانی داپۆشیوه و ترسیشیان هه‌یه له‌وه‌ی گۆڕان بخلیزێته نێو نیعمه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و په‌یامه ره‌سه‌نه‌که‌ی خۆی په‌راوێز بکات و له‌ئاکامیشدا دوچاری پاشه‌کشه‌ی جه‌ماوه‌ری و سیاسی ببێت.
چه‌مکی ده‌سه‌ڵات
پێشه‌کی گرنگه ئاماژه‌بده‌م به‌وه‌ی گرتنه‌ده‌سه‌ڵات یا به‌شداری تێیدا له‌باشوری کوردستان له‌ئاکامی پرۆسه‌ی ده‌نگداندا تا ئه‌م ساته‌ش کارێکی ئاسان نیه، ئه‌و لایه‌نانه‌ی زه‌مینه‌ی مێژویی و پێگه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیان به‌هه‌ر هۆکارێکه‌وه بێت به‌هێزبون له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه ده‌سه‌ڵاتیان به‌شه‌رعیه‌تی شۆڕشگیری و دواتر له‌رێگه‌ی رێکه‌وتنی سیاسی و په‌رله‌مانه‌وه گرتۆته‌ده‌ست.
به‌گشتی چه‌مکی ده‌سه‌ڵات له‌ناوچه‌که‌مان له‌سه‌ر کۆڵه‌که‌کانی مێژو و ئاین و بنه‌ماڵه داڕێژراوه، حیزب و هه‌ڵبژاردن و حوکمڕانی له‌خزمه‌تی ئه‌و چهمکهدان. کاتێک گۆڕانکاریه‌کانی دنیای عه‌ره‌بی دژ به‌م چه‌مکه به‌رپابون به‌هۆی لاوازی و په‌رته‌وازه‌یی ئهڵتهرنهتیڤهکانهوه نه‌توانرا ئامانجه‌کان به‌ته‌واوی بپێکرێن و ئه‌و وڵاتانه دوچاری شه‌ڕی ناوخۆ و نائارامی و تێکچونی ئاشتی و جێگیری کۆمه‌ڵایه‌تی بونه‌وه.
پارتی به‌حوکمی 67 ساڵ ته‌مه‌نی و کاریگه‌ری رۆڵی مێژویی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌رده‌وام له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه له‌لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا پێگه‌ی به‌هێزی هه‌بوه. یه‌کێتییش به‌هۆی مێژوی خه‌باتی پڕ سه‌روه‌ری و کاریگه‌ری به‌ڕێز مام جەلال به‌رده‌وام لایه‌نێکی به‌هێزی ده‌سه‌ڵات بوه. هێزهئیسلامیهکانش به‌هۆی ئاینی ئیسلام و بوژاندنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی له‌ناوچه‌که و رۆڵیان له‌بزافی نه‌ته‌وه‌ییدا پێگه‌یه‌کیان بۆ خۆیان به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌م هێزانه رۆڵی به‌رچاویشیان له‌دۆخی عێراق و حوکمڕانیدا هه‌بوه.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه که به‌شێکی زۆری ئه‌و زه‌مینه و خه‌سڵه‌ته مێژوییانه‌ی نیه، به‌ڵام زاده‌ی دۆخی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه و خاوه‌نی دیدێکی جیاواز و به‌رفراوانه بۆ ئاینده، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێکی بنه‌ڕه‌تی سه‌رکرده‌کانی گۆڕان و تایبه‌ت به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا زه‌مینه‌یه‌کی زۆر تۆکمه و به‌رچاویان له‌مێژوی نیو سه‌ده‌ی بزافی نه‌ته‌وه‌یی له‌باشور هه‌یه‌و زیاده بۆ ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی و هه‌ڵچونی خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2009 و 2013دا ئه‌و پێگه په‌رله‌مانی و سیاسیه‌یان به‌گۆڕان به‌خشی. هه‌ردو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌که، تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تادا، گۆڕانیان بهفهلتهیهکی کاتی ده‌زانی و حسابی "خوارج" یان بۆ ده‌کرد و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک دژی وه‌ستانه‌وه. له‌ئێستادا به‌دڵنییایه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌تۆکمه‌یی له‌سه‌ر پێی خۆی وه‌ستاوه و بۆته که‌ڵه هێزێکی بنه‌ڕه‌تی له‌هاوکێشه سیاسی و ئیداری و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌باشوری کوردستان و کوردستانی گه‌وره‌شدا و هیچ که‌س و لایه‌نێک ناتوانێت پشتگوێی بخات.
نه‌خشه‌ی سیاسی باشور
بۆ به‌رچاوڕونی نه‌خشه‌ی سیاسی باشور شیاوه باسێک له‌دوا هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ین، ده‌نگده‌رانی هه‌رێم له‌نێوان سێ جۆر هێزدا بژارده‌یان کردوه:
1- هێزی نه‌ته‌وه‌یی کلاسیکی موحافیزکاری تۆکمه و داپۆشراو بهقهتماغهیهکی لیبراڵیزم، له‌لایه‌ن پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه نوێنه‌رایه‌تی و سه‌رکردایه‌تی ده‌کرێت.
2- هێزی نه‌ته‌وه‌یی عه‌لمانی و گۆڕانخوازی په‌رش و بڵاو و داپۆشراو به‌چه‌ند هزرێكی تێکه‌ڵاو له‌چه‌مکه کۆن و تازه‌کان ده‌رباری ئازادی و دیموکراسی و حوکمڕانی، به‌راده‌ی سه‌ره‌کی له‌لایه‌ن یه‌کێتی و گۆڕانه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرێت.
3- هێزی ئیسلامی پارچه‌پارچه و داپۆشراو به‌ئاراسته جیاوازه‌کانی ئیسلامی سیاسی و قه‌تماغه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی.
له‌نێو ئه‌م سێ هێزانه‌شدا چه‌ندین حیزب و لایه‌ن و رێکخراو و ره‌وتی سیاسی و فکری تر بونیان هه‌یه‌و کار ده‌که‌ن و جێگۆرکێ به‌پێگه و دۆستایهتیهکانیان ده‌که‌ن.
گۆڕان له‌ساتی دروستبونیدا تا دوا هه‌ڵبژادن به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی هه‌ڵبژارد، ئۆپۆزسیۆنێکی بنیاتکهر نه‌ک روخێنه‌ر، له‌په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی به‌توندی چاودێری حکومه‌تی هه‌رێمی کردوه‌و له‌گه‌نده‌ڵی و پشێلکردنی یاسا و ئازادیه‌کان و دادپه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئاگادار کردۆته‌وه‌و ئهڵتهرنهتیفیشی پێشکه‌ش کردوه.
له‌دۆخی ئێستادا ئه‌م سێ هێزه به‌گشتی له‌ژێر چه‌ترێکی نه‌ته‌وه‌ییدا کۆنه‌بۆته‌وه، به‌ڵکو له‌سایه‌ی سێبه‌ری چه‌تری نه‌ته‌وه‌ییدا گوزه‌ر ده‌که‌ن، هه‌رچه‌نده به‌یه‌که‌وه یه‌ک پێناسه‌ی راشکاوانه‌ی هاوبه‌شیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی نیه، به‌ڵام له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌باشور لێکتێگه‌یشتن و نزیکبونه‌وه‌یان هه‌یه. ئه‌م راستیه یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانی نائارامی سیاسی ره‌وشی کوردایه‌تی بوه له‌سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ و له‌دوای راپه‌ڕینیشه‌وه. له‌گه‌ڵ رێکه‌وتنی ستراتیژیدا زه‌مینه‌ی ئه‌و نائارامی و پهرتهوازهبونه تاڕاده‌یه‌ک له‌سه‌ر حسابی دیموکراسیه‌ت و ئازادی و کراوه‌یی کاڵبوه‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانی ببێته رێگه چاره‌یه‌ک و به‌پێچه‌وانه‌وه له چه‌ند بوارێک‌دا دۆخه‌که‌ی ئاڵۆزتر و گرژتر کردوه، چونکه رێکهوتنهکهمافی ره‌ها و مافی ڤیتۆی به‌پارتی و یه‌کێتی به‌خشیوه.
له‌دوا هه‌ڵبژاردنه‌کاندا پێکهاته‌ی ئه‌م نه‌خشه سیاسیه‌ی باشوری کوردستان ئه‌وه‌نده گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هات، ئه‌وه‌ی گۆڕا پێگه و هێزی لایه‌نه‌کان بو له‌و نه‌خشه‌یه‌دا، به‌واتایه‌کی تر زه‌مینه‌کانی نائارامی سیاسی و ناجێگیری کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌رته‌وازه‌بونی نه‌ته‌وه‌یی که‌م یا زۆر وه‌ک خۆیان مانه‌وه.
مامه‌ڵه‌کردنی گۆڕان دوای هه‌ڵبژاردن
یاسایه‌کی نه‌نوسراو له‌دنیای سیاسه‌تدا ئهوهیهتا به‌هێزتر بێت ئه‌رک و ئه‌گه‌ره‌کان به‌رفراوانتر ده‌بن، ناحه‌ز و رکابه‌ره‌کانیش زیاتر ده‌که‌ونه خۆیان. گۆڕان له هه‌ڵبژاردنی 21 ئه‌یلول پێگه‌ی خۆی به‌هێزتر کرد و بوه دوه‌م هێزی گۆڕه‌پانه‌که، ئه‌م پێگه‌یه ده‌روازه‌کانی ئه‌گه‌ره جیاوازه‌کانی بۆ گۆڕان واڵا کرد. له‌سه‌ره‌تادا ده‌بو گۆڕان به‌شێوه‌یه‌کی دروست و ئارام جه‌مسه‌رگه‌ری دیموکراسی و سیاسی نوێ له‌باشوری کوردستان ئاراسته‌بکات، له‌م قۆناغه‌دا گرنگترین ئه‌رکی گۆڕان تێپه‌ڕاندنی ئارام و ئاشتیانه‌ی ساته هه‌ستیار و ناسکه‌کانی گۆڕانکاری هاوسه‌نگی هێز بو له‌ئاکامی پاشه‌کشه‌ی به‌رچاوی یه‌کێتی له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، روداوه‌که‌ی ئه‌لبیسه‌که نمونه‌ی زیندوی هه‌ستیاری ئه‌و قۆناغه بو.
کاتێک گۆڕان به‌دروشمی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا ده‌بو له‌ناو ئه‌و نه‌خشه سیاسیه‌دا و له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی مامه‌ڵه‌یه‌کی واقیعیانه بکات، ئه‌وه‌ش نه‌ده‌کرا له بازنه ئاڵۆز و به‌رته‌سکه‌کانی ئه‌و نه‌خشه سیاسیه‌وه ده‌ست پێ‌بکات، به‌ڵکو ده‌بو هه‌مو هێز و توانایه‌کی ئاراسته‌ی سه‌نته‌ری نه‌خشه سیاسیه‌که بکات، ئینگلیز وته‌نی To The Point.
بۆ به‌دیهێنانی دروشمی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات گۆڕان واقیعبینانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هاوکێشه‌ی سیاسی نوێ‌دا کرد، له‌پێشه‌کیدا به‌رچاوڕونیه‌کی باشی بۆ ئه‌گه‌ره به‌هێزه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات هه‌بو، هێڵێکی ئه‌ستوری کێشا به‌ژێر ئه‌و خاڵانه‌ی ئه‌گه‌ری به‌دیهێنانیان به‌هێزه‌و خۆی له‌فره دروشم و به‌ڵێنی زۆر دورخسته‌وه. بۆ گۆڕان ئارامی و سه‌قامگیری کۆمه‌ڵایه‌تی و لێكتێگه‌یشتن و نزیکبونه‌وه و هه‌وڵدان بۆ سازدانی پاکێجێکی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری رێگه‌خۆشکه‌ر و سه‌ره‌تایه‌کن بۆ گۆڕانکاری زیاتر له حوکمڕانی خۆماڵیدا.
له‌و دۆخه‌دا چه‌ند ئه‌گه‌رێکی واقیعیانه له‌به‌رده‌م گۆڕاندا گوزه‌ریان ده‌کرد:
یه‌که‌م: مانه‌وه‌ی وه‌ک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن، به‌ره‌چاوکردنی ئه‌نجامی به‌ده‌ستهاتو له‌هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا ئه‌م بژارده‌یه پێچه‌وانه‌ی دروشمی سه‌ره‌کی گۆڕان بو و له‌و پێگه‌یه‌وه جۆرێک لهخۆدزینهوهبو له‌به‌رپرسیاریه‌تی، له‌هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌گه‌رێکی زۆر به‌هێز له‌ئارادا هه‌بو که گۆڕان وه‌ک تاکه هێزی ئۆپۆزسیۆن بمێنێته‌وه. هزری فکری له‌پشت مانه‌وه به‌ئۆپۆزسیۆن زاده‌ی چه‌مکی کۆتایی هێنانه به‌حوکمڕانی خۆماڵی پارتی و یه‌کێتی و هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه له‌و هزره‌دا باوه‌ری تێدا به‌دی ناکرێت که ئه‌م دو هێزه بیانه‌وێت یا بتوانن گۆڕانکاری به‌رچاو له حوکمڕانیدا بکه‌ن. هزرێکی رادیکاڵ، له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی گۆڕاندا بونێکی به‌رچاوی هه‌بو، که‌چه‌ند راستیه‌کی له‌خۆگرتوه، به‌ڵام پێگه‌ی ستراتیژی له‌دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچه‌که‌دا هه‌م لاوازه و هه‌م واقیعیانه نیه. ره‌وره‌وه‌ی مێژو به‌رده‌وام به‌حه‌ز و خواستی کاراکته‌ره‌کانی به‌ڕێوه ناچێت، له‌م سه‌رده‌مه‌دا هونه‌ر له‌وه‌دایه له دۆخێکی نه‌گونجاو و ناله‌باردا بتوانیت خۆت بگونجێنێت بێئه‌وه‌ی ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کانت له‌ده‌ست بده‌یت و کار بۆ خهلقاندنی ئه‌گه‌ری نوێ بکه‌یت. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش پێویستی بهفۆرمیڵهکردنهوهی هاوپه‌یمانیه سیاسیه‌کان و ئامانجه‌کانه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا هیزهناکۆک و رکابه‌ره‌کان (ته‌نانه‌ت وڵات و هێزه رادیکاڵه‌کانیش، وه‌ک کۆریای باکور و سوریا و ئێران، حه‌ماس و حیزبالله و بزوتنه‌وه توندڕه‌وه‌کانی ئه‌مەریکای لاتینی) به‌رێگه‌ی لێدوان و دیالۆگهوههاوکێشه سیاسیه‌کانیان ئاراسته‌ی نزیکبونه‌وه و لێکتێگه‌یشتن و چاره‌ده‌که‌ن.
دوه‌م: سازدانی هاوپه‌یمانیه‌کی په‌رله‌مانی و سیاسی نوێ که‌بتوانێت هاوسه‌نگی هێز له‌باشور بپارێزێت و ئه‌رکی سه‌ره‌کی قۆناغی نوێ بگرێته ئه‌ستۆی. ئۆپۆزسیۆن زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست نه‌هێنا، بۆیه بۆ گۆڕان یه‌کێتی له‌لایه‌ک و پارتی و یا هه‌ردوکیان له‌لاکه‌ی تره‌وه سه‌ره‌تا هه‌نگاو بو بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانیه نوێیه، به‌پێی روداوه‌کان ده‌شێت بڵێین یه‌کێتی ئاماده‌نه‌بو بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانیه و داوای حکومه‌تی یه‌کڕیزی نیشتمانی کرد، پارتی دو دڵ بو و به‌حه‌زه‌ره‌وه له گۆڕان نزیک ده‌بوه‌وه، پارتی زۆر باش ده‌رکی کرد بو به‌وه‌ی سه‌رده‌می حوکمڕانی دو قۆڵی له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا به‌سه‌رچوه‌و مه‌به‌ستیشی نه‌بو یه‌کێتی په‌راوێز بکات، له‌م ته‌م و ڵێڵیهدا پارتی بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی و پاراستنی ئارامی سیاسی و جێگیری کۆمه‌ڵایه‌تی بژارده‌ی حکومه‌تی بنکه‌فراوانی په‌سند کرد.
گرێ کوێره‌کانی هه‌رێم
گۆڕان به‌باشی ده‌رکی کردوه به‌وه‌ی که ئه‌م بژارده‌یه به‌شێک له‌پێگه‌و هێزی یه‌کێتی له حوکمدا که‌م ده‌کاته‌وه، له‌هه‌مان کاتیش‌دا هه‌مو لایه‌ک چاوه‌ڕوانن یه‌کێتی مامه‌ڵه‌یه‌کی واقیعیانه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بکات و شکستی خۆی ته‌نها به‌مێژو و رێکه‌وتنی ستراتیژی په‌رده‌پۆش نه‌کات. له‌م دۆخه‌دا ناشێت چه‌ند گرێ کوێره‌یه‌کی سیاسی که له باشوردا بونه‌ته واقیعێک له هاوکێشه سیاسیه‌کاندا پشتگوێ بخرێن و حسابی وردیان بۆ نه‌کرێت:
یه‌که‌م: سه‌رجه‌م ئه‌زمونه‌کانی نێو سه‌ده‌ی رابوردو ده‌یسه‌لمێنن کاتێک پارتی په‌راوێز بکرێت یاخود گه‌مارۆ بدرێت هه‌مو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ راستکردنه‌وه‌ی لاسه‌نگی پێگه‌ی خۆی له‌تای ته‌رازودا. ناکرێت تا هه‌تا هه‌تایه کورد ئه‌م نازه مێژوییه‌ی پارتی قبوڵ بکات و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ناشێت ئه‌و نازه پشتگوێ بخرێت و حسابی بۆ نه‌کرێت، بۆیه یه‌که‌م راستی روبه‌روی گۆڕان بوه‌وه له‌گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات بهشداریبونه له‌گه‌ڵ پارتی له حوکمڕانیدا، تایبه‌ت وه‌ک یه‌که‌م هێز مافی یاسایی هه‌یه بۆ ده‌ستپێکردنی پێکهێنانی کابینه‌ی حکومه‌ت.
دوه‌م: له‌ئێستادا و له‌غیابی تاڵه‌بانیدا یه‌کێتی ئه‌و هێز و بزێویهی جارانی نه‌ماوه و سه‌رکرده باڵاده‌سته‌کانی کۆک نین و هێزێکی خاوه‌ن یه‌ک بڕیار و تۆکمه نیه و له‌گێژاوێکی بێ سنوردا گوزه‌ر ده‌کات. به‌گشتی یه‌کێتی هێزێکه له‌مه‌ودایه‌کی مامناوه‌ندا له‌مه‌ترسیدایه و توانای ئاراسته‌کردنی ستراتیژی لاواز بوه، بۆ نمونه له پرسه‌کانی درێژکردنه‌وه‌ی ولایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم، گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستور، گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کان، کێشه‌کانی کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، کێشه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی تری کوردستان و زۆر تایبه‌ت له‌گه‌ڵ رۆژئاوا و چه‌ند پرسێکی ستراتیژی تر یه‌کێتی قسه‌و بۆچونی خۆی وه‌ک هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن نه‌ک ده‌سه‌ڵاتدار هه‌بوه، زۆربه‌ی ئاراسته‌کردنی ئه‌و کێشانه له‌ده‌ست پارتیدا بون. وێرای ئه‌و راستیانه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت یه‌کێتی وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن خاوه‌نی جبه‌خانه‌ی زۆر‌و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و ئاسایش و دژه‌تێرۆر و هێزی پێشمه‌رگه و پاره‌یه‌کی ئێجگار زۆریشه، ئه‌مانه فاکته‌ری گرنگن له دۆخی سیاسی و حوکمڕانی له کوردستان، ئه‌مانه‌ش وه‌ک نازه مێژوییه‌که‌ی پارتی بونه‌ته ئامرازی فشار و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ردوه‌ام له‌سه‌ر به‌ره‌ی ناڕه‌زا و زۆر تایبه‌ت گۆڕان. ناشێت گۆڕان و لایه‌نه‌کانی تر له‌سایه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌دا کار بکه‌ن و هاوکێشه سیاسییه‌کان به‌و هۆیه‌و به‌سه‌قه‌تی و ناکاملی به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
گۆڕان هه‌وڵی بێئهندازهیدا بۆئه‌وه‌ی یه‌کێتی زیاتر له‌وه‌ی توشی بوه به‌ره‌و هه‌ڵدێر نه‌ڕوات و لاسه‌نگیه‌کی سیاسی ئه‌وتۆ نه‌یه‌ته ئاراوه که راستکردنه‌وه‌ی زۆر ئه‌سته‌م بێت. من بێگومانم له‌وه‌ی که گۆڕان ئاماده‌بو سه‌رجه‌م کارته به‌هێزه‌کانی په‌رله‌مانی و سیاسی و جه‌ماوه‌ری خۆی بخاته خزمه‌تی دروست نه‌بونی ئه‌و لاسه‌نگیه، مه‌خابن ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی ئه‌م "عهرزهسهخیه"ی گۆڕان یان ره‌تکرده‌وه.
به‌ره‌چاوکردنی لاوازبونی پێگه‌ی ستراتیژی یه‌کێتی له‌ئێستادا ده‌بینرێت له‌وه‌ی جاران به‌زۆنی سه‌وز ناسرابو شڵه‌قاندنی ئارامی و جێگیری کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌شه‌نه‌ده‌کات و مه‌رج و له‌مپه‌ر بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌م داده‌نرێن، له‌م دۆخه قه‌یراناویه‌دا ئه‌و دهرفهتهوهک جاران بۆ هه‌ندێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی ناره‌خسێت تا بتوانێت ریزه‌کانی کۆبکاته‌وه و به‌یه‌که‌وه گرێیان بداته‌وه و ئه‌وانیش له‌شوێنی خۆیان بمێننه‌وه.
گۆڕان و ئاینده
له‌م دۆخه ئاڵۆز و ته‌م و ڵێڵهدا گۆڕان دروسترین هه‌نگاوی ناوه به‌هه‌وڵدان بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌کاندا و تایبه‌ت له‌گه‌ڵ پارتیدا، ئاساییکردنه‌وه‌یه‌ک که‌چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌م بناغه‌یه‌کی گونجاو بۆ کابینه‌ی هه‌شته‌م داڕێژێت و هه‌روه‌هاش پارتی وه‌ک یه‌که‌م هێزی باشور و سه‌رۆکه‌که‌ی، که سه‌رۆکی هه‌رێمه له‌م هاوکێشه تازه‌یه‌دا سنورێک بۆ نائارامی و گرژیانه‌ی رو له‌هه‌رێم و حوکمڕانی ده‌که‌ن دابنێت.
باشترین کار له‌ئێستادا پارتی و سه‌رۆکه‌که‌ی بیکه‌ن پێش ته‌واوکردنی پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌م یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیژیه، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌و خاڵانه‌ی تێیدا پابه‌ندن به‌شێوازی حوکمڕانی لاببه‌ن یاخود به‌جۆرێک هه‌موار بکرێنه‌وه، که نه‌توانرێت وه‌ک قه‌میسه‌که‌ی عوسمان له‌هه‌مو سات و ئانێکدا زیندو بکرێنه‌وه.
ئه‌مه ئه‌و رێگه ئاڵۆزه‌یه که له‌به‌رده‌م گۆڕاندایه بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات، من دڵنیام له‌و پرۆسه‌یه‌دا گۆڕان نهکوشتهی ده‌سه‌ڵاته و نه ئالوده‌ی بوه تا خۆی و به‌هاکانی له‌پێناویدا بفرۆشێت. ئه‌زمونی گۆڕان له حوکمڕانیدا شایسته‌ی پشگیری و چاودێری و ره‌خنه و راستکردنه‌وه‌یه، ده‌بێته ئه‌زمونێک به‌ده‌ر له‌ئاکامه‌کانی ئه‌زمونی حوکمڕانی خۆماڵی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کات و قۆناغێکیشه ده‌بێت تێپه‌ڕێت.
|
|
|