|
گۆڕان و ئیرسی مام جەلال چیا عه‌باس |
27/01/2014 |
غیابی سیاسی مام جەلال کاریگه‌ریه‌کی بێئه‌ندازه‌ی له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی یه‌کێتی کردوه و ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی ره‌نگدانه‌وه‌ی جیاجیای له ره‌وشی سیاسی و حوکمرانی باشور داوه‌ته‌و، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ناو یه‌کێتیدا گوزه‌ر ده‌کات که‌م یا زۆر به ئیرسی مام جەلال ناو ده‌به‌م، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی مام جەلال خواستی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا بوه، به‌ڵکو ئه‌م ده‌سته ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ئێستای یه‌کێتی که‌م یا زۆر بژارده‌ی به‌ڕێزی بون و به‌شێک لێیان هه‌ڤاڵی نزیکه‌ی 40 ساڵی خه‌بات و کارکردن بون له گه‌ڵیدا.
مام جەلال و گۆڕان
له راپۆرتی تایبه‌ت و نهێنی ژماره: 09BAGHDAD3316_a ئامادکراو له 23 کانونی یه‌که‌می 2009 و له خاڵه‌کانی 6 و 7 دا هاتوه:
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوین،Jeffrey Feltman ، پرسیاری رۆڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌ناو ژیانی سیاسی کورد له تاڵه‌بانی کرد، تاڵه‌بانی دروستبونی گۆڕانی به‌ئاکامی ناڕه‌زایی له دۆخه‌که پێناسه کرد. تاڵه‌بانی ره‌خنه‌ی له "ئه‌جێندای نه‌رێنی" گۆڕان گرت و وتی؛ بزوتنه‌وه‌که په‌یکه‌ری رێکخراوه‌یی حیزبی و ئه‌جێندا و سه‌رکردایه‌تی نیه. له درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: ئه‌ندامانی گۆڕان له‌ڕوی سیاسیه‌وه نازج نین و له ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی عێراق له سیاسه‌ت تێناگه‌ن و ره‌تیکرده‌وه گۆڕان گرنگی له ژیانی سیاسی کوردا هه‌بێت، تاڵه‌بانی ئیدیعای کرد که "هه‌زاران" که‌س له‌وانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ته‌مموزدا بۆ په‌رله‌مانی کوردستان پشتگیری گۆڕان یان کردبو بێ‌ئومێد بون و ئێستا گۆڕان جێده‌هێڵن.
پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25 ته‌موزی 2009 بۆ په‌رڵه‌مانی کوردستان مام جەلال له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی Washington Post باس له ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌کات، Anthony Shadid رۆژنامه‌نوس له 29 ته‌مموزی 2009 له رۆژنامه‌که‌دا ئاماژه به‌چه‌ند به‌شێک له چاوپێکه‌وتنه‌که ده‌کات.
سلێمانی، عێراق، 28 تهمموز: له روبه‌روبونه‌وه‌ی خاڵی وه‌رچه‌رخاندن له ره‌وشی ئاڵۆزی سیاسی کوردی، سه‌رۆکی عێراق، جەلال تاڵه‌بانی، رۆژی پێنجشه‌ممه سوێندی خوارد و بهڵێنیدا که ته‌واوی به‌رپرسیاریه‌تی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی حیزبه‌که‌ی ده‌گرێته ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ش دوای سه‌رکه‌وتنی چاوه‌ڕوانه‌کراوی رکابه‌ره‌کان له هه‌ڵبژاردنی هه‌فته‌ی رابوردودا که وایکردوه هه‌ندێک که‌س به‌ئه‌گه‌ری سه‌ره‌تای کۆتایی حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی ده‌یبینن.
له چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا، تاڵه‌بانی، سیاسه‌تمه‌داری ته‌مه‌ن 75 ساڵ و پێشتر گه‌ریلا و زیاتر له 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی دامه‌زراند، رایگه‌یاند که سه‌یری ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که له لایه‌نه رۆشنهکهیهوه ده‌کات. سه‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان، به‌سه‌رکردایه‌تی دۆستی پێشوی تاڵه‌بانی، به‌رامبه‌ر به یه‌کێتی و حیزبه کوردیه ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی تر، بۆ تاڵه‌بانی چاوه‌ڕوانه‌کراو بو.
تاڵه‌بانی بهڵێنیدا که گۆڕانکاری له پرۆگرامی حیزبه‌که‌یدا بکرێت و وتیشی: "بێگومان گۆڕانکاری له سه‌رکردایه‌تیدا ده‌کرێت". وێڕای ته‌مه‌نی و ململانێی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا تاڵه‌بانی وتی؛ که ئه‌و کاره له پێشه‌نگی ئه‌رکه‌کانیدا ده‌بێت.
تاڵه‌بانی وتی: "سه‌رۆکی عێراق شتێکی کاتیه، به‌ڵام ئه‌ندامبونی یه‌کێتی شتێكی هه‌میشه‌ییه".
دۆستێکی تاڵه‌بانی وتی؛ تاڵه‌بانی چاوه‌ڕوانی ده‌کرد گۆڕان چه‌ند کورسیه‌کی که‌م به‌ده‌ست بهێنێت، زۆر که‌متر له 25 کورسی.
له درێژه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا تاڵه‌بانی وتی: "کاتێک گروپێک شۆڕش به‌رپا ده‌که‌ن و ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست، ده‌ڵێن مافیانه سه‌رکردایه‌تی وڵاته‌که بکه‌ن، له وڵاتی ئێمه، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئێمه که سه‌رکردایه‌تی شۆڕشمان کردوه، ده‌رفه‌ت بۆ خه‌ڵکی تر ده‌ره‌خسێنین تا بڕیار بده‌ن".
زۆربه‌ی رکابه‌ریه‌که له‌وانه‌ی له حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی چونه‌ته ده‌ره‌وه ده‌کرێت، وه‌ک خۆی وتی 50 ساڵه به‌شیک لێیان ده‌ناسێت، ئه‌م به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یه له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری پێشوی تاڵه‌بانی، سه‌رکردایه‌تی ده‌کرێت، که به‌ڵێنی داوه خۆسه‌پاندنی حیزبی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا بگۆڕێت.
تاڵه‌بانی پێی وتم: "زۆر راشکاوانه پێت ده‌ڵێم، من زۆر دڵخۆشم که ئه‌وانه یه‌کێتیان به‌جێهێشت، بۆ چه‌ندین ساڵ ئه‌وانه کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه بون، سه‌ریه‌شه‌ی سه‌ره‌کی ئێمه بون"، وتیشی؛ ئه‌گه‌ر به‌یانی مسته‌فا ببینێت ته‌نها قسه‌ی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کات و وتیشی؛
"پیرۆزبایی لێده‌که‌م که له په‌رله‌مان کورسی به‌ده‌ست هێناوه". (کۆتایی وتاری رۆژنامه‌که).
به‌شێک له رهتدانهوهکانی یه‌کێتی مایه‌ی تێگه‌یشتنه نه‌ک قبوڵکردنی، به‌تایبه‌ت ره‌تدانه‌وه‌ی مام جەلال له سه‌ره‌تادا، وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێکردوه، زیاتر زاده‌ی دۆخێکی ده‌رونی تایبه‌ت بو پاش شکستی یه‌کێتی و سه‌رکه‌وتنی گۆڕان و تێکچونی هاوسه‌نگی هێز له کوردستان، تێکچونێک ئاکامه‌که‌ی بۆ مام جەلال لاوازبونی پێگه‌ی به‌هێزی بو به‌رامبه‌ر به مسعود بارزانی و له پۆستی سه‌رۆک کۆمار‌دا. به‌رپرسانی گۆڕان و له سه‌رویانه‌وه نه‌وشیروان مسته‌فا باش له‌و راستیه تێگه‌یشتبون و له‌و باوه‌ڕه‌دا بون رۆشتنی کات به‌شێک له برینه‌کان ساڕ‌ێژ ده‌کات و هه‌لی نوێ ده‌ره‌خسێت بۆ جۆرێک له په‌یوه‌ندی تر. له په‌یوه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی نێوان مام جەلال و نه‌وشیروان مسته‌فا که زۆربه‌ی به‌رێگه‌ی دۆستانی هه‌ردو به‌ڕێزه‌وه ده‌کران دۆخه‌که ئارام کرایه‌وه و له رێكه‌وتنی ده‌باشان راشکاوانه له‌سه‌ر چه‌ند دیدێکی ستراتیژی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له گرنگه‌کانی هه‌رێم رێکه‌وتن. ئه‌م رێکه‌وتنه جارێکی تر سه‌لماندی که وێڕای جیاوازی به‌رچاوی نێوان ئه‌و دو دۆسته دێرینه، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا لێکتێگه‌یشتنێکی ستراتیژیان بۆ چه‌ند ته‌وه‌رێکی گرنگ هه‌بوه.
له حزوری سیاسی مام جەلالدا ئه‌مه دیوێکی په‌یوه‌ندیه‌کان بوه، چونکه به‌ڕێزیشی ناتوانێت خۆی له به‌رپرسیاریه‌تی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵه‌ی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ گۆڕاندا به‌ده‌رخات. هه‌ر له سزادانی سیاسیه‌وه تا نانبڕین و ده‌رکرن له کار و به‌کارهێنانی توندی و گرتن و تۆقاندنی گۆڕانخوازان و هه‌وادارانی بزوتنه‌وه‌که. هه‌رچۆنێک بێت وه‌ک ناسراوه مام جەلال له رهتدانهوهدا جێگیر نه‌بوه، چونکه که‌سایه‌تیه‌ک نه‌بوه رق و کینه دڵی هه‌راسان بکه‌ن. زۆر جار ره‌تدانه‌وه سیاسیه‌کانی مام جەلال قه‌تماغه‌یه‌کی عاتیفی و هه‌سته جیاوازه‌کانی پێوه دیار بوه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی و گۆڕان
له ساتی دروستبونی گۆڕان تا ئه‌م کاته‌ش په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا زۆرتر داکشان و ئاڵۆزی و گرژی بینیوه، به‌پێچه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتیدا که سروشته‌که‌ی هه‌رچۆنێک بوبێت ئاراسته‌کانی جێگیر و رون بون، په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا ناجێگیر و ته‌مومژاوی و ئاشکرا نه‌بون. ئه‌م شێوازه به‌رده‌وام بو تا نزیکه‌ی سێ ساڵ دواتر و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت نه‌بێت که به‌هێوری و بیده‌نگی هه‌ر دولا جورێک له ئارامی و روناکی تێیدا به‌دی ده‌کرا. به نه‌خۆشکه‌وتنی مام جەلال ئاڵۆزی و گرژیه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه و تا ئه‌م ساته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت دۆخێکی ناله‌باری ته‌نراو به گومان و بێمتمانه‌یی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوانیانی به‌سستی و لاوازی و شێوازه کۆنه‌که راگرتوه.
له درێژه‌ی ئه‌و زنجیره دۆکیۆمێنتانه‌ی ئهمەریکیهکاندا هاتوه که پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2010 بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رپرسه باڵاکانی یه‌کێتی دژایه‌تیه‌کی بێئه‌ندازه‌ی گۆڕان یان له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کردوه، که گه‌یشتۆته ئاستی ئه‌زیه‌تدانی فیزیکی و له ئاکامدا ئه‌مەریکیه‌کان هۆشیاریان داوه‌ته ئه‌و به‌رپرسانه که به‌و شێوازه ناشێت ره‌فتار بکه‌ن.
له دوای نه‌خۆشکه‌وتنی مام جەلال و کاتێک به‌شێک له جه‌مسه‌ره ده‌ستڕۆیشتوه‌کانی یه‌کێتی دڵنیا بون ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مام جەلال بشگه‌ڕێته‌وه بۆ کوردستان ئه‌و توانایانه‌ی جارانی نه‌ماوه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌کێتی، ئیتر ئاراسته‌ی گه‌مه سیاسسیهکانیان گۆڕی و هاوته‌ریبیش که‌وتنه مامه‌ڵه‌ی جیاواز له‌گه‌ڵ گۆڕاندا.
له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتیدا چه‌ند ئاراسته‌یه‌ک بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌کردار و هه‌ڵوێست خه‌ریک بون، بێجگه له گروپێکی بچوکی که‌م ده‌سه‌ڵات گروپه‌کانی تر له روانگای جیاوازه‌وه بۆ دوژمنایه‌تیکردنی گۆڕان یه‌کتریان ده‌گرته‌وه. سه‌رجه‌م ئه‌م رکابه‌ره سه‌رسه‌ختانه‌ی گۆڕان رق و کینه‌ی کۆن و تازه‌یان و ترسیان له ده‌ستدانی جاه و نیعمه‌تیان، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی سلێمانی، هانیانی ده‌دان هه‌مو رێگه‌یه‌ک بگرنه‌به‌ر بۆ دژایه‌تیکردنی گۆڕان، له هه‌مان کاتیش‌دا سودیان له دودڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی به‌رامبه‌ر به گۆڕان ده‌کرد بۆ خه‌ستکردنه‌وه‌ی دژایهتیکردنهکهیان و به‌شێک لێیان ئاره‌زومه‌ندانه بوبون به مقاشی ده‌ستی پارتی.
ئه‌م گروپانه باڵاده‌ست له راگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتیدا و له به‌شێک له ده‌زگاکانی ئاسایش و هه‌واڵگری و له‌ناو هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا سه‌رقاڵی راوکردنی گۆڕان بون.
وێرای جیاوازی هه‌میشه‌یی نێوان ئه‌م ده‌ستانه، به‌ڵام بۆ دژایه‌تیکردن و شه‌ڕکردنی گۆڕان به‌رنامه‌یه‌کی شاراوه‌یان ساز کردبو و له‌م بوارانه‌دا کاریان له‌سه‌ری ده‌کرد:
1- راگه‌یاندن: بینراو و بیستراو و رۆژنامه و گوڤار و میدیا کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان: له‌و سه‌رده‌مانه‌دا زیاتر له چه‌ند سه‌د نوسینی زۆر توند و نامۆ به ئێتیکی رۆژنامه‌گه‌ری و سیاسی و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تیش رۆژانه تیره‌کانیان ئاراسته‌ی گۆڕان و به‌رپرسانی ده‌کرد، که‌ش و هه‌وای شه‌ڕیان ساز ده‌کرد. بێجگه له‌مه‌ش به‌رده‌وام، گۆبڵز ئاسا، باسیان له "گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه گه‌وره‌که" و "بێ به‌رنامه‌یی گۆڕان و نه‌بونی فکر و عه‌قیده" و "جیاوازیه کوشنده‌کانی ناو گۆڕان" و "مایه‌پوچی هه‌وڵ و کاره‌کانی گۆڕان" و "تێکدانی یه‌کریزی کورد" و چه‌ند چه‌مکێکی سواو و به‌تاڵی تر ده‌کرده‌وه. ته‌نانه‌ت له‌م کامپینه‌دا ده‌روازه‌ی نوسینیان زۆر ئازاد کردبو بۆ چه‌ند نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی سه‌رده‌می به‌عس که زۆریان به‌شان و باڵی سه‌دامدا هه‌ڵدابو.
2- ئاسایش و هه‌واڵگری: به‌سه‌رپه‌رشتی 3-4 ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی و لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای سلێمانی و ده‌سه‌ڵاته ئیداری و حیزبیه‌کانیان له که‌رکوک و ئیداره‌ی گه‌رمیان کاری زۆر قێزه‌وه‌نیان به‌رامبه‌ر گۆڕانخوزان و هه‌وادارانی گۆڕان ده‌کرد، وه‌ک تۆقاندن، لێدان، هه‌وڵی کوشتن، ده‌ستگیرکردن، تۆمه‌ت دروستکردن، چاودێری نایاسایی و دزه‌کردنه ناو ده‌زگا و ریزه‌کانی گۆڕانه‌وه.
3- ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی: به‌شێکی به‌رچاو له نوێنه‌ره‌کانی یه‌کێتی له حکومه‌ت و له پارێزگاکان به‌پێی بهرنامهرێژیهکی پێشوه‌خت سزای گۆڕانخوازانیان ده‌دا، هێزه‌کانی پۆلیسیان کردبوه قه‌ڵغانێکی به‌رچاوی دژایه‌تیکردنی گۆڕان، هاوکاتیش له مجه‌وری مزگه‌وتێکه‌وه تا باڵاترین پۆست که به‌دست گۆڕانخوازانی ئاشکراوه بون دورده‌خرانه‌وه و ئه‌زیه‌ت ده‌دران. پسپۆڕان و کارمه‌ندی یاساییان به‌کڕی گرتبو تا سه‌رپێچی و خاڵی لاوازی یاسایی له گۆڕان و راگه‌یاندنی بدۆزنه‌وه.
4- فراکسیۆنی سه‌وز: به‌شیکی زۆر له ئه‌ندامانی فراکسیۆنی سه‌وز که به‌سه‌ر جه‌مسه‌ره‌کانی یه‌کێتیدا دابه‌ش بوبون گوێڕایه‌ڵی کوێرانه‌ی سه‌ری خۆیان کردوه له وه‌ستان دژ به زۆربه‌ی پرۆژه و داواکاریه‌کانی فراکسیۆنی گۆڕان، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان و دواتر کرا به سه‌رۆکی په‌رله‌مان له خولی پێشودا که ئه‌ندامێکی مه‌کته‌ب سیاسی یه‌کێتیه سه‌رقافڵه‌ی ئه‌م کامپینه‌ی دژ به گۆڕانی له‌ناو په‌رله‌مان گرتبوه ئه‌ستۆ.
5- هێزی پێشمه‌رگه: بێجگه له فه‌رمانده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی و لیوا و فه‌وجه تایبه‌ته‌کان وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ش ده‌سه‌ڵات و توانای خۆیان خستبوه‌گه‌ڕ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یه‌کی نایاسایی و ناڕه‌وای ئه‌و گۆڕانخوازانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا کاریان ده‌کرد، هێزی پێشمه‌رگه‌یان وه‌ک میلیشیای حیزبی و تایبه‌ت به‌کارده‌هێنا، که‌س دیمه‌نی ده‌بابه و موردهرهعاکان که سه‌نگه‌ریان به‌رامبه‌ر گرده‌که‌ی گۆڕان لێدابو له‌یاد ناکات. بێ ویژدانیه باسی ئه‌و پێشمه‌رگه و کادیره به‌ئه‌مه‌کانه‌ی یه‌کێتی نه‌کرێت که له چرکه‌ساتێکی ئه‌و مێژوه‌دا پشتێن و تاقم و تفه‌نگی وه‌فایی و شه‌هامه‌تیان توندکرده‌وه و له خۆبه‌ست بۆ به‌رگریکردن له مه‌سه‌له‌یه‌ک که بهههڵسهنگاندنیان ره‌وا بو.
ئه‌مانه نمونه ئاشکراو و به‌رچاوه‌کانی شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی چه‌ند دهستڕۆیشتویهکی ناو یه‌کێتی بون له‌گه‌ڵ گۆڕاندا.
جه‌مسه‌ره رکابه‌ره سه‌رسه‌خته‌کانی گۆڕان یه‌که‌م هه‌نگاویان له باربردنی رێکه‌وتنی ده‌باشان بو، به‌مه‌ش نه‌وه‌ستان کورد وته‌نی له ساتێکدا گۆڕان سه‌رقاڵی هاریکاری کردنی یه‌کێتی بو تا زیاتر به‌ره‌و هه‌ڵدێر نه‌ڕوات، هاتن له پشته‌وه خهنخهرێکیان له گۆڕان دا وا لێکیان دابوه‌وه به‌رێگه‌ی رێکه‌وتنی دو قۆڵی له‌گه‌ڵ پارتیدا بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم گۆڕان په‌راوێز بکه‌ن و پارتیش زیاتر دژ به گۆڕان هانبده‌ن، ته‌نانه‌ت له‌و کاتانه‌دا گۆڕان چه‌ند په‌یامێکی بۆ جه‌مسه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی ناردبو، به‌ڵام ئه‌مان به ره‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانیان له وه‌رگرتنی شیرینی نه‌وت و به‌ڵێنی پۆست و پایه و گرێبه‌ستی بازرگانی هه‌مو ئه و عهرزانهیان نه‌ک ته‌نها به‌لاوه داب‌و، به‌ڵکو له هیچ کۆبونه‌وه‌یه‌کی مه‌کته‌بی سیاسیش دور یا نزیک ئاماژه‌یه‌کیان پێنهدابو.
هه‌ڵه‌کانی ده‌سترۆیشتوه‌کان و نرخه‌که‌ی
پاش پاشه‌کشه‌ی به‌رچاوی یه‌کێتی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 21 سیپته‌مبه‌ری 2013 سه‌لمێندرا که له ئاکامی سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی یه‌کێتی و لادانیان له کرۆکی رێبازی ره‌سه‌نی یه‌کێتی خۆیان هیچ نرخێکیان نه‌داوه، به‌ڵکو یه‌کێتی به مێژوی پڕ سه‌روه‌ری و فره مینبه‌ری و رێزگرتن له بنه‌ماکانی دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ نرخێکی زۆری داوه. نابینن ئه‌وانه‌ی یه‌کێتیان گه‌یاند به‌م رۆژه چۆن شه‌و و رۆژ سه‌رقاڵی پینه‌کردنی هه‌ڵه و لادانهکانیانن، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ناتوانن رێکبکه‌ون و ده‌بێت دراوسێه‌کی وه‌ک ئێران چاویان لێ سوربکاته‌وه تا دۆخه‌که زیاتر ئاڵۆزتر نه‌که‌ن.
له ئێستادا بێمتمانه‌یی به بڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی، بێمتمانه‌یی به نیه‌تی چه‌ند دهسهڵاتدارێکیان، بێمتمانه‌یی به ئایندهی نزیکی یه‌کێتی، بێمتمانه‌یی به ئاسایش و ئارامی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداریان و چه‌ند بێمتمانه‌ییه‌کی تر وا ده‌که‌ن گۆڕان زۆر بائاگاوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کێتی بکات و له‌هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌گه‌ر هه‌ر دو لا به‌شداری کابینه‌ی هه‌شته‌میان کرد، له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی کابینه‌که‌دا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵیدا بکات و خۆی له ململانێی دو لایانه دوربخاته‌وه.
خواستێکه، به‌ڵام زیاتر له خه‌ونه‌وه نزیکه وه‌ک له واقیع، یه‌کێتی یه‌ک مام جەلالی هه‌بو و ئێستاش سه‌لمێندرا له غیابیشدا ته‌نها هه‌ر ئه‌ویان هه‌یه. |
|
|