|
کورد له‌به‌رده‌م دو‌ڕیانێکدا چیا عه‌باس |
05/06/2014 |
هیچ کاتێک به‌قه‌ده‌ر ئه‌م ساته‌وه‌خته کورد له باشور بۆ خۆئاماده‌کردن بۆ قۆناغی ئاینده و ئه‌گه‌ره گه‌وره‌کانی به‌رده‌می پێویستی به‌خۆی نه‌بوه.
ره‌چه‌ته‌ی ئه‌مەریکا
له‌دوای روخاندنی رژێمی سه‌دام رۆڵ و پشکی کورد له به‌ناو "عێراقی نوێ‌دا" به‌شێک بون له ره‌چه‌ته ئاماده‌کراوه‌که‌ی، که ئه‌مەریکا پێش په‌لاماردانی عێراق دایڕشتبو. ره‌چه‌ته‌یه‌ک سود و زه‌ره‌ری بۆ کورد له‌خۆ گرتبو، بۆ نمونه سه‌پاندنی سیسته‌می ته‌وافق له حوکمڕانی عێراق، پشکی کورد له حوکمڕانی و داهاتی عێراق، ده‌ستوری هه‌میشه‌یی و سیسته‌می فیدراڵی و چه‌ند خاڵێکی تر تاراده‌یه‌ک کورد لێیان سودمه‌ند بوه، به‌ڵام هێشتنه‌وه‌ی کێشه‌ی ناوچه دابرێنراوه‌کان و به‌تایبه‌ت که‌رکوک وه‌ک خۆی، تهمولیڵی سه‌باره‌ت به ئایندهی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و سامانه سروشتیه‌کانی کوردستان و پشتگوێخستنی پێگه‌ی کورد و ئایندهی له رێکه‌وتنی ستراتیژی ئه‌منی نێوان ئه‌مەریکا و عێراق و به‌هێزکردنی پێگه‌ی به‌ره‌ی شیعه تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ن کێشه‌ی گه‌وره‌یان بۆ کورد خهڵقاندوه.
ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به‌سیاسه‌تی ئیقلیمی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌خه‌باتی به‌شه‌کانی تری کوردستان ئه‌مەریکا له پێشه‌نگی هێزه کاریگه‌ر و ده‌ره‌کیه‌کان بوه که رێنمایی سه‌رکرده‌کانی کوردی کردوه، تایبه‌ت به‌ڕێزان مام جەلال و مەسعود بارزانی، چۆن ئه‌و سیاسه‌ته دارێژن و به‌خه‌ستیش چاودێری پێره‌وکردنی کردوه. له سایه‌ی ئه‌و شێوازه مامه‌ڵه‌کردنه‌دا ماڵی کورد په‌رته‌وازه بوه و سه‌ربه‌خۆیی بریاردان له‌رزۆک بوه و ده‌رئه‌نجامیش بزافی کوردایه‌تی زه‌ره‌ری لێکردوه.
له‌و ساته‌وه‌ی له کۆتایی 2011 ئه‌مەریکا هێزه‌کانی له عێراق کشانده‌وه عێراق و هه‌رێمی کوردستانیش له‌نێو به‌رداش و له‌ناو ئاگری میحوه‌ره گه‌وره‌کانی ناوچه‌که‌دا گوزه‌ر ده‌که‌ن و ئاکامه‌کانیشی تا ئه‌م ساته ماڵوێرانی و توندوتیژی و نائارامی سیاسی له عێراق و ناوچه‌که، که به‌رده‌وام بونه‌ته مه‌ترسی له‌سه‌ر کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێم. بۆ یه‌که‌مجاره هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی کوردستان و عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم ئه‌نجامدران به‌بێ حزوری به‌هێزی سه‌ربازی و سیاسی و ئه‌منی ئه‌مەریکا له عێراق. پێده‌چیت ئه‌مجاره له به‌غداد کابینه‌ی زۆرینه دروست بکرێت و پره‌نسیپی ته‌وافق به‌لاوه بنرێت، ئه‌زمونێکی نوێ بۆ کورد که مه‌ترسی زۆری له‌سه‌ر شه‌راکه‌تی راسته‌قینه و یه‌کریزی نێو ماڵی کورد تێدا حه‌شاردراوه.
کورد له‌م دۆخه‌دا تاڕاده‌یه‌ک ته‌نیایه، گه‌مارۆ دراوه، فشارێکی زۆری له‌سه‌ره، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش لاوازی پێگه‌ی یاسایی و سیاسی و سه‌ربازی و ناسکی دۆخی ئابوری و ئه‌منی و دورکه‌وتنه‌وه‌ی "دۆسته" بێوه‌فاکانی مێژو لێی و ته‌نانه‌ت پاشقولگرتنیان له کورد، وایان کردوه زۆربه‌ی هێزه‌کانی ناوچه‌که و دنیا له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ دۆشینی هه‌رێمی کوردستان له هه‌مو رویه‌که‌وه، ناچاری بێت یا ئاره‌زومه‌ندانه هه‌ر گوانێکه و بهدهستێکهوهیه.
حیزب و جه‌مسه‌رگه‌ری سیاسی
کورد له به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌دا پێشئه‌وه‌ی پێویستی به‌هیچ که‌سێک هه‌بێت و په‌نای بۆ به‌رێت و به‌ردی نزای حیزبی و نهستۆلژیای شۆرشگیرانه و پۆپۆلیزم به‌کێلی هیچ مهزارێکدا بلکێنێت پێویستی به‌خۆیه‌تی. پێویستهیهک دور له دۆگمای حیزبی و چه‌واشه‌کردن و وروژاندن و قسه‌ی زل و سواو و به‌تاڵ که هه‌زاران جار گوێبیستیان بوین، هه‌مو جارێکێش نه‌ک ته‌نها زو گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ خاڵی سه‌ره‌تا، به‌ڵکو بۆ پێش سه‌ره‌تاش، وه‌ک له کێشه‌کانی ناوچه دابڕێنراوه‌کان و ماده‌ی 140 و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و سامانه سروشتیه‌کان و پێگه‌ی کورد له به‌غداد و رێکه‌وتنی هه‌ولێر و بودجه و خه‌باتی به‌شه‌کانی تری کوردستاندا ده‌رده‌که‌ون.
ماشا‌ڵڵا به‌قسه‌ی حیزب و سه‌رکرده‌کان بێت به‌رده‌وام به‌هاریان هێناوه‌ته سه‌ر چۆک، بۆیه باسکردنی مێژو بۆ ئێمه‌ی کورد هاوته‌ریب له گه‌ڵ چاوهرهوانیهکانمان بۆ ئاینده گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، چونکه ئه‌و مێژوه لێوان لێوه له هه‌ڵه و لادان و چه‌واشه‌کردن و خۆپه‌رستی و چه‌ندین ده‌ریای خوێنی رژێنراوی کورد به‌ده‌ستی خۆی. لێره‌دا نامه‌وێت، وه‌ک ده‌ڵێن، برینه خه‌سته‌کان بکولێنمه‌وه، ته‌نها ده‌ڵێم ئه‌زمونه‌کانی ده ساڵی دوایی (باس له شه‌ڕی ناوخۆ و دو ئیداره‌یی ناکه‌م) سه‌لماندیان هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات له ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا نه‌بون. ئه‌وان هه‌رچۆنێک بیرازێننهوه و باسی بکه‌ن و نمایشی بکه‌ن به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم ئه‌وان به‌راده‌ی سه‌ره‌کی هۆکاره ناوخۆییه‌که‌ی ئه‌م دۆخه‌ن، بۆ دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه ده‌بێت کورد بیر له ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤی تر بۆ ئه‌و ئه‌زمونه شکستخواردوانه بکاته‌وه.
کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی باشور له‌وه‌دا به‌دیده‌کرێت که هێزه کلاسیکیه‌کان هه‌ر یه‌ک به‌جیا (رێکه‌وتنی ستراتیژی ئیجازه و پسوڵه‌ی دابه‌شکردن و له‌تکردنی ده‌سه‌ڵات بو نه‌ک کۆکردنه‌وه‌ی له بۆتهقهیهکی یه‌کگرتوی ره‌وا و یاسایی نه‌ته‌وه‌ییدا) به‌پشتبه‌ستن به‌مێژو و خه‌بات و قوربانی ماف به‌خۆی ده‌دات به‌ته‌نیا داڕێژه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی نه‌ته‌وه بێت و هه‌م به‌و شێوازه‌ی به‌دڵ و ئاره‌زوی خۆیه‌تی کاریشی بۆ بکات، له لوتکه‌ی ئه‌م شێوازه چهوتهشدا ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆتۆریتێر دوا بڕیار ده‌دات. زه‌ره‌ره‌کانی ئه‌م دیارده و ئاراسته سیاسیه له مێژودا له سوده‌کانی بۆ کورد به‌رچاوترن. ئه‌زمونه‌کانی دنیا، تایبه‌ت شۆڕشگێڕ و شۆڕشه‌کان لێیان، سه‌لماندویانه کاتێک رێگری له‌م جهمسهرگهریه سیاسیه ئۆتۆریتهریه نه‌گیرێت به‌ئاسایی و ئاسانی ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتیكی تۆتالیتێر و دواتر دکتاتۆر. روداوه‌کانی چه‌ند وڵاتێکی عه‌ره‌بی شایه‌تی زیندوی ئه‌م راستیه‌ن.
له سایه‌ی ئه‌م دۆخه‌دا ئێستا چی ده‌بینین سه‌باره‌ت به چه‌ند ته‌وه‌رێکی سه‌ره‌کی؟
یه‌که‌م: به‌غداد
یه‌کێتی و پارتی هه‌ر یه‌ک به‌جیا راشکاوانه و شاردراوه بژارده‌ی یه‌که‌می خۆی بۆ حکومه‌تی داهاتوی به‌غداد هه‌یه، به‌جیاش ژێربه‌ژێر له گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه عێراقیانه‌ی ئولفه‌تیان له گه‌ڵیان گرتوه سه‌رقاڵی دارشتنی جه‌نجاڵی به‌رنامه سیاسیه‌کانیانن، ئه‌میان روی له دۆسته دێرینه مه‌زهه‌بیه بێوهفاکهیه و ئه‌وی تریان له زه‌ره‌رمه‌نده‌کانی حوکمڕانی به‌ره‌ی شیعه‌یه، ئه‌ویش به‌زه‌بری ئه‌و په‌نده سیاسیه‌ی ده‌ڵێت: "دوژمنی دوژمنم دۆستمه".
- به‌غداد و سه‌رۆک کۆمار
هێشتا نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق بۆ چوار ساڵی ئاینده یه‌کلانه‌بۆته‌وه یه‌کێتی پۆستی سه‌رۆک کۆمار به مافی خۆی ده‌زانێت. له رابوردودا ئه‌و پۆسته له سایه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیژیدا به‌ر یه‌کێتی که‌وتبو. وێرای ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تی خودی مام جەلال (بێ رێکه‌وتنه‌که‌ش) شایسته‌ی ئه‌و پۆسته بو و هه‌وڵێکی بێئه‌ندازه‌ی دا سه‌رۆکی هه‌مو عێراقیه‌کان بێت، به‌ڵام مام جەلال نه‌یتوانی سه‌رکه‌وتنی به‌رچاو به‌ده‌ست بهێنێت بۆ چاره‌کردنی کێشه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی نێوان کورد و به‌غداد و بۆ ته‌بایی و به‌یه‌که‌وه کارکردنی هیزه‌کانی تری عێراق، له‌و ماوه‌یه‌شدا نه شه‌راکه‌تی راسته‌قینه له حوکمڕانیدا به‌رجه‌سته کرا و نه ئاشتبونه‌وه‌ی نیشتمانیش به‌دیهێنرا، بۆیه وجودی مام جەلال له به‌غداد زیاتر ره‌مزێکی نه‌ته‌وه‌یی کورد بو وه‌ک له‌وه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراقێکی نوێی فیدراڵی دیموکراسی بێت. ئه‌و کارانه‌شی ئه‌نجامیانی ده‌دا له بزێوی به‌رێزی و قورسایی که‌سایه‌تییه‌وه بون، چه‌ند خه‌سڵه‌تێک به‌ده‌گمه‌ن له که‌سایه‌تیه‌کانی تردا به‌دی ده‌کرێن.
وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته بۆ ریکلام ماده‌یه‌کی باشه، به‌ڵام له روی سیاسیه‌وه به کێشه‌یه‌ک بۆ کوردی (نه‌ک حیزب) ده‌بینم. کورد له روی یاسایی و سیاسی و ئه‌خلاقیه‌وه به‌توندی پابه‌ند ده‌کات به کێشه بنه‌ره‌تیه مه‌زهه‌بیه‌کانی عێراق که ره‌گ و ریشه‌یان بۆ 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه، پابه‌ندی ده‌کات به‌و لاسه‌نگیه خه‌سته سیاسیه‌ی نێوان شیعه و سوننه که له سایه‌ی حوکمرانی تاکره‌وانه‌ی به‌ره‌ی شیعه‌و و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی خه‌ستتر ده‌بێته‌وه و ساڵانه ده‌یان هه‌زار قوربانی لێده‌که‌وێته‌وه، له‌ڕوی یاسایی و مه‌عنه‌ویه‌وه به‌رپرسیاریه‌تی ده‌بێت له‌و دۆزه‌خی گه‌نده‌ڵیه‌ی نزیکه‌ی 80% جومگه‌کانی حوکمرانی به‌شه عه‌ره‌بیه‌که‌ی عێراقی ته‌نیوه، به‌رێگه‌ی کۆمکاری عه‌ره‌بیه‌وه پابه‌ندی ده‌کات به چه‌ندین ئیلتزاماتی وڵاتانی عه‌ره‌به‌وه، پابه‌ندی ده‌کات به ململانێکانی وڵاتانی ناوچه‌که و... تاد، سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش پۆستێکی ته‌شریفاتیه، ئیتر که‌س تێناگات ئه‌م هه‌مو بێنه و بیبه بۆ ئه‌و پۆسته له سایه‌ی چیدایه؟ راسته کۆمه‌ڵێک مقاولی سیاسی و ئۆپۆرچینیست له ده‌وری سه‌رۆک کۆمار زۆر سودمه‌ند ده‌بن.
له ئێستادا ئه‌و پۆسته بئاڵێنیت له باڵای هه‌ر که‌سایه‌تیه‌کی تری کورد، وێرای ئه‌وه‌ی ناتوانێت به‌شێکی زۆر بچوکی ئه‌وه‌ی مام جلەال کردویه‌تی بیکات، له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێته مایه‌ی کێشمه و گرفتی گه‌وره که پێویسته کورد خۆی لێیان دور رابگرێت. له‌لایه‌کی تره‌وه بۆ عێراقچی و عهرهبچیه عه‌یاره 24 ه‌کانی کورد که شه‌یدای ئه‌و پۆسته‌ن وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته له‌لایه‌ن کورده‌وه جارێکی تر ئاڵۆزی و کوشتن و برینی نێو سوننه و شیعه قوڵتر ده‌کاته‌وه. من پێموایه ئه‌و پۆسته بدرێت به‌لایه‌نێکی تر و ئێمه‌ی کورد هێمنانه و به چاوێکی تیژه‌وه چاو‌دێر و سودمه‌ند بین و نرخی ئه‌و پۆسته‌ش بهشتی تر بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان وه‌ربگرینه‌وه. راسته ئێران پێی خۆشه کوردێکی نزیک له‌خۆی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، به‌ڵام ناشێت کورد به‌رده‌وام بۆ خاتری خاتران به‌رده‌وام نرخی سه‌ماکردنی به‌ته‌پڵی ئێران بدات.
- به‌غداد و کابینه‌ی ئاینده
خهستکردن و توند به‌ستنه‌وه‌ی کورد به عێراق له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتیژی گه‌وره‌یه، چونکه له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌زهه‌بی شۆڤێنی نادیموکراسیدا که پێشبینی ده‌کرێت تا ساڵانێکی زۆر ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بێت هه‌روا ده‌مێنێته‌وه سه‌روه‌ری و ئازادی سیاسی کورد زۆر سنوردار ده‌کرێت، چونکه کورد ئاسانتر گه‌مارۆ ده‌درێت و زیاتر له دنیای کراوه‌ی ده‌ره‌وه دایده‌برێت و توندتر کورد به جورعه میزاجیه‌کانی "خێر‌و و به‌ره‌که‌تی عێراق" گرێده‌داته‌وه، له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌زهه‌بی نامۆ به دیموکراسی و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که ماوه‌ی ده ساڵه حوکمرانی ده‌کات له یه‌که‌م ده‌رفه‌تی شیاو و بههێزبونیدا یه‌ک و دو ناکات له سه‌پاندنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی، خه‌ونی ئیمپراتۆریه‌تێکی شیعه له ناوچه‌که‌دا.
له ئێستادا به‌فه‌رمانی فه‌رمی سه‌رۆکی هه‌رێم لیژنه‌یه‌کی دانوستان له گه‌ڵ به‌غداد پێکهێنراوه، گوناهێکی گه‌وره‌یه ئه‌م لێژنه‌یه بکرێته ده‌سکه‌لا بۆ بژارده‌ی سیاسی تایبه‌ت و لایه‌نێک، کاره‌کانی ئه‌م لیژنه‌یه ده‌بێت له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی کورد و حکومه‌تی هه‌رێمدا دابرێژرێن و مهرجهعهکهشی په‌رڵه‌مانی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێم بن، ئه‌مه‌ش زۆر دروست و ره‌وایه بۆ هه‌ر پۆستێک کورد له به‌غداد وه‌ری بگرێت.
له گێژاوی دروستکردنی حکومه‌ت له به‌غداد مالیکی بۆ مسۆگه‌رکردنی خولی سێیه‌م وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی به‌ڵێنی پوچه‌ل سه‌باره‌ت به داخوازیه‌کانی کورد ده‌دات، پێشتریش بۆ جێگرتنه‌وه‌ی جه‌عفه‌ری له 2006 و دواتر له رێکه‌وتنی هه‌ولێر له 2010 بۆ خولی دوه‌می به‌ڵێنی نوسراوی زۆری دا که زو لێیان پاشگه‌ز بوه‌وه، بۆیه ئه‌وه‌ی بکه‌وێته داوی ئه‌و به‌ڵێنه ساختانه‌وه به‌بێ زه‌ماناتی به‌هێزی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی یه‌کریزی کورد تێکده‌شکێنێت و دۆخی نێۆماڵی کورد ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه.
ناشێت باس نه‌کڕیت که پێکهێنانی حکومه‌تی ئاینده ئه‌مجاره زۆر خه‌ستتر له‌وانه‌ی پێش‌و ئیراده‌ی میحوهرگهری تێیدا زاڵ ده‌بێت، میحوهرگهریهک له ئیحتلالی سیاسی ده‌چێت وه‌ک له خه‌مخۆری ده‌رودراوسێ و دۆسته‌کانی عێراق. کاتێک کورد به‌خه‌ستی خۆی هاویشته نێو ئه‌م گه‌مه‌یه‌وه ده‌ربازبون لێێ زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت و بێگومانیش به سودی کوردایه‌تی ناشکێته‌وه.
دوه‌م: پرسی سامانه سروشتیه‌کان
له جه‌نجاڵی دژواری گاز و نه‌وتدا کورد گه‌مه‌که‌رێکی تازه‌یه و خاوه‌ن ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ند نیه، دروست و واقیعیه ئه‌و سامانانه ده‌بێت بفرۆشرێن، وه‌ک پێشوتر ئاماژه‌م پێداوه زۆر لایه‌ن ده‌یانه‌وێت له سایه‌ی گیرسانه‌وه‌ی حوکمرانی خۆماڵی کورد له‌نێو به‌رداشی خواست و ئامانجه‌کانی بۆ ئاینده و ئه‌و ئه‌سته‌نگه زۆره یاسایی و ئابوری و سیاسیانه‌ی له ئێستادا ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون هه‌رێم بدۆشن (کورد وته‌نی ئه‌و لایه‌نانه... فرسه‌تن)، ئه‌م دۆشینه به‌لاش نیه و له به‌رامبه‌ردا کورد نرخێک وه‌رده‌گرێت. سه‌رکرده و لایه‌نه خه‌مخۆره‌کانی کورد له‌و هاوکێشه‌یه‌دا، وێرای هه‌مو که‌موکوڕی و ناشه‌فافی پرۆسه‌که، مه‌به‌ستیانه سه‌ربه‌خۆیی ئابوری هه‌رێم بکه‌نه بناغه‌یه‌کی به‌هێز بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی ئاینده.
ئێستا گه‌رمایی باسکردنی ئه‌م بابه‌ته له کوردستان و ناوچه‌که و ده‌ره‌وه له به‌رزبونه‌وه‌دایه. هه‌رێم و حکومه‌ته‌که‌ی دوچاری چه‌ندین کێشه و گرفت و فشار کردوه، دوژمنانی کورد و هێزه شۆڤینزمهکانی نه‌ته‌وه‌کانی تر په‌لامار ده‌ده‌ن و هێرش ده‌که‌ن و قوتی منداڵانی کورد ده‌برن، ده‌بینین یه‌ک هه‌ڵوێستی کورد له‌مه‌ر پرسه‌که له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع زیاتر له وه‌همێکی سیاسیه‌وه نزیکه وه‌ک له‌وه‌ی کۆنسێپتێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سیاسی و ئابوری یه‌کگرتو بێت.
یه‌کێک له موسیبه‌ته گه‌وره‌کانی بواری نه‌وت ئه‌وه‌یه که هێزێک ماف به‌خۆی بدات به‌ئاره‌زو و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی ته‌سه‌روف به نه‌وت و گازی کوردستانه‌وه وه‌ک موڵکی خۆی بکات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گۆره‌پانی ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کان له سه‌رده‌می دو ئیداریه‌وه کراوه‌ته زه‌مینه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی به‌شێک یا گشت ئه‌و کیڵگه و پاڵاوگه و بیرانه‌ی ده‌که‌ونه ئه‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه. به‌مه‌ش تێر نه‌بون دو کۆمپانیای حیزبی (قه‌یوان و عێراقی) ساڵانێکه شه‌و و رۆژ به سه‌دان تانکه‌ر نه‌وت به قاچاخی به‌نرخێکی هه‌رزان به ئێران ده‌فرۆشن، ئێرانیش یه‌کسه‌ر به قازانجێکی زۆر ده‌یفرۆشیته‌وه به ئه‌فغانستان و چه‌ند وڵاتێکی ئاسیای ناوه‌راست. سه‌یره کاتێک له په‌رله‌مان پرسیاری ئه‌م بازرگانیه ره‌شه و داهاته زۆره‌که‌ی له ده‌سه‌ڵاتداران ده‌کرێت روخساریان گرژ ده‌بێت و توڕه‌ش ده‌بن.
سامانی نه‌وت و گازی سروشتی تا ئه‌م ساته‌ش به‌ناو موڵکی میلله‌ته، حکومه‌تی هه‌رێم وه‌زاره‌تێکی بۆ ئه‌و سامانانه دروستکردوه و وه‌زیرێکی شاره‌زا و به‌ئه‌زمونی بۆ داناوه، مه‌خابن دوای زیاتر له چه‌ندین ساڵ وه‌زاره‌ت و وه‌زیریش تا ئه‌م ساته نه‌یانتوانیوه پرسی نه‌وت و گاز به‌توندی تێهه‌ڵکێشی ناوه‌رۆکه سیاسیه‌کانی مامه‌ڵه‌کردن به‌و کاڵانهوه بکه‌ن تا له سایه‌یدا پێگه‌ی سیاسی هه‌رێم، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له ئاستی ئه‌ورپادا، به‌هێزتر بکه‌ن، ئه‌مه سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌مو کۆنسڵخانه و کۆمپانیا بیانییانه‌ی له هه‌رێم حزوریان هه‌یه و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی له گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه. لێره‌دا یه‌ک ده‌رئه‌نجامی لۆژیک ئه‌وه‌یه حکومه‌تی هه‌رێم له پله‌ی یه‌که‌مدا مه‌راقی فروشتنی نه‌وت و گاز و دۆزینه‌وه‌ی کریاره بۆیان. بۆیه وه‌زاره‌ت و وه‌زیر له‌و بواره‌دا ده‌توانن ته‌نها باس له ژماره و جۆری گرێبه‌ست و بری پاره‌ی بازرگانیکردن پێیانه‌وه بکه‌ن، به کوردی وه‌ک دوکانێکی عه‌تاری ده‌فته‌رێکی خورشیدی حساباتیان له جانتاکه‌دا هه‌ڵگرتوه. وێرای ئه‌م که‌موکوریانه ده‌بێت پشتگیری له‌و ئاراسته‌یه‌ی ئێستا بکه‌ین له گه‌ل به‌گه‌رخستنی ئیراده و تواناکان بۆ باشترکردن و تۆکمه‌کردنی و ئه‌نجامدانی چاکسازی و شه‌فافیه‌تی زیاتر له پرۆسه‌که‌دا.
مالیکی و تاقمه‌که‌ی به‌توندی دژ به هه‌نارده‌کردنی نه‌وت به رێگای تورکیا وه‌ستاونه‌ته‌وه، پێموایه گه‌ر به‌رێگه‌ی ئێران‌دا بوایه نقه‌ی ئه‌وتۆیان لێ نه‌ده‌بیسترا، له‌م روهوهش ئیداره‌ی ئۆباما ئۆپۆرچینیست ئاسا پشتگیری مالیکی ده‌کات.
تێڕامان و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی واقیعی بۆ ئایندهی نه‌وت و گازی کوردستان ناچارمان ده‌کات به‌راده‌ی سه‌ره‌کی مامه‌ڵه له گه‌ڵ تورکیادا بکه‌ین. به‌ره‌چاوکردنی سروشتی سیاسی تورکیا و ره‌وایی داواکاری و خه‌باتی گه‌وره‌ترین به‌شی کوردستان که ده‌که‌وێته ئه‌و وڵاته‌وه، ئه‌م مامه‌ڵه‌کردنه زیاده بۆ گرێبه‌ستی بازرگانی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه پێویستیشی به لێتێگه‌یشتنی سیاسی نێوان هه‌رێم و حکومه‌تی تورکیایه.
لایه‌نی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی نه‌وت و گاز نێوان هه‌رێم و تورکیا زۆر ساده و به‌رچاوه: ئێمه نه‌وت و گازمان هه‌یه که ئه‌وان زۆر پێویستیانه و ئه‌وانیش ده‌روازه و ژێرخانی پیشه‌سازی وزه‌یان هه‌یه که ئێمه زۆر پێویستمانه، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش رێگه‌ی تورکیا زامنترین رێگه‌کانی ناوچه‌که‌یه بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گاز. له گه‌ڵ به‌رده‌وامبونی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد له باکور ده‌بێت دڵنیایی به هێزه چه‌کدار و سیاسیه‌کانی باکور بده‌ین که پرسی نه‌وت له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان نابێت، به‌ڵکو ده‌شکرێت پرۆسه‌که وه‌ک کارتێکی فشار بۆ سه‌ر تورکیا و هاندانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌ی راست و دروست بۆ کێشه‌ی ره‌وای باکور به‌کاربهێنرێت.
پرسیارێک روبه‌روی سه‌رجه‌م هێزه‌کانی باشور بۆته‌وه: چۆن بتوانرێت مامه‌ڵه‌کردنی ئێستا به‌سامانه سروشتیه‌کانه‌وه بگوردرێت و بگونجێنرێت تا نه‌واتی سیاسه‌تێکی نیشتمانی له‌و بواره‌دا بێته ئاراوه بۆ دابینکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ نه‌وه‌کانی داهاتو؟
سێیه‌م: پرسی نه‌ته‌وه‌یی
هه‌ڵسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له رۆژئاوا پرسی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستانی گه‌وره وروژاندوه، به‌تایبه‌ت له باشور که راسته‌وخۆ رۆڵێکی هه‌ستیار له‌و دۆخه‌دا ده‌گێرێت.
بابه‌ته‌کانی به‌ستن و نه‌به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، سنوره‌کانی نێوانمان، داخستنی ده‌روازه سنوریه‌کان و کردنه‌وه‌یان، ده‌یان هه‌زار په‌ناهه‌نده‌ی رۆژئاوا له باشور، خه‌نده‌ق لێدان، کانتۆنه‌کان و شێوازی مامه‌ڵه‌کردنیان، کێشه‌کانی نێوان پارتی و به‌شێک له هێزه‌کانی رۆژئاوا، رۆڵی په‌که‌که و کاردانه‌وه‌کانی له‌سه‌ر هه‌رێم، رۆڵی داعش و هێزه تێرۆریسته‌کانی تر، رۆڵ و فشاره‌کانی تورکیا و ئێران و عێراق و ئه‌مەریکا و چه‌ند بابه‌تێکی تر ئه‌ڵقه‌کانی زنجیره‌ی به‌ستنه‌وه‌ی هه‌نوکه‌یی هه‌رێمن له گه‌ڵ رۆژئاوادا.
سه‌باره‌ت به یه‌که به‌یه‌کی ئه‌م ته‌وه‌ره گرنگانه و کۆی گشتیشیان هێزه‌کانی باشور هه‌ڵوێستی جیاواز و دور له‌یه‌کتریان هه‌یه، به‌تایبه‌ت هه‌ر یه‌ک له دو هێزه کۆنه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات له ئاوازێک ده‌خوێنێت. بێگومان به‌شێک له‌م هه‌ڵوێست و ره‌فتاره جیاوازانه په‌یوه‌ندی به‌پێگه‌ی ئه‌و دو هێزه‌وه له هه‌رێم و عێراق و میحوهرگهری ناوچه‌که‌دا هه‌یه، په‌یوه‌ندی به پرسی نه‌وت و گازی باشور و رۆڵی تورکیاوه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به رۆڵی ئێران له عێراق و شه‌ری ناوخۆی سوریا هه‌یه.
وردکردنه‌وه‌ی ئه‌و روداو و هه‌ڵوێستانه بهدابراندن له مێژویه‌کی نزیکی کێشه‌ی په‌که‌که و هه‌رێم و تورکیا و ئه‌مەریکا ده‌یانکاته ههریسهیهکی بێسه‌روبه‌ر. ئه‌م کێشانه ته‌نیا زاده‌ی روداوه‌کانی رۆژئاوا نین، به‌ڵکو له مێژه ده‌سه‌ڵاتدارانی باشور ئه‌و جۆره کێشانه‌یان دژ به‌یه‌کتر و بۆ به‌هێزبونی خۆیان به‌کارهێناوه. چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ک به‌چه‌ندین به‌ڵگه و نامه‌ی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له 20 ساڵی رابوردودا سه‌باره‌ت به‌کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، به‌تایبه‌ت له باکور، پیشانمان ده‌ده‌ن که له‌و ساتانه‌ی کێشه و ناکۆکی نێوانیان زیندو بون هه‌ڵوێست و داواکاره‌کانیان سه‌باره‌ت به‌پرسی نه‌ته‌وه‌یی له باکور جێگیر نه‌بون، ته‌کتیکی بون، بۆ لاوازکردنی یه‌کتر بون. به‌کورتی کێشه‌که‌یان بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆیان له میحوهرگهری ناوچه‌که و لای ئه‌مەریکا به‌کارهێناوه، ئه‌مه ئه‌وه ناسرێته‌وه که خه‌مخۆری چاره‌کردنی کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بون، به‌ڵام ره‌فتار و هه‌ڵوێستی دروستیان به‌رامبه‌ری نه‌کردوه و نه‌بوه.
ئێستاش به‌جیاوازیه‌کی زۆر که پارتی بۆته جه‌مسه‌رێکی به‌هێزی ململانێکانی نێو ماڵی کورد، ئه‌مجاره راشکاوانه و بێ پێچوپه‌نا هه‌ڵوێستی خۆی به‌یان ده‌کات و چه‌واشه‌کاری خه‌ڵکی ناکات.
هه‌رچی په‌که‌که و هاوهێزهکانیهتی له رۆژئاوا که جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌که‌ی ترن بۆ زاڵبونیان له زۆرانبازیه‌که داوای یه‌کێتی ماڵی کوردی ده‌که‌ن و به‌کردار ئیش له‌سه‌ر شکاندنی سنوره‌کانی نێو به‌شه‌کانی کوردستان ده‌که‌ن، کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئامرازێکی گونجاو و به‌هێزه بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌یان. په‌که‌که و هێزه‌کانی رۆژئاوا به‌په‌رۆشیه‌وه کارده‌که‌ن له‌سه‌ر به‌رفراوانکردنی به‌ره‌ی لای خۆیان، وه‌ک داواکردن له یه‌کێتی و گۆڕان و یه‌کگرتوی ئیسلامی تا ببنه ئه‌ندام له کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، به‌مه‌ش بتوانن فشاره‌کانیان له‌سه‌ر پارتی خه‌ستتر بکه‌ن و ناچاری بکه‌ن له گه‌ڵیان رێککه‌ون.
یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی بۆته مایه‌ی گله‌یی به‌رده‌وامی پارتی له یه‌کێتی له مانگه‌کانی دواییدا هه‌ڵوێسته‌کانی یه‌کێتیه به‌رامبه‌ر به رۆژئاوا و باکور. له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا یه‌کێتی یاری له‌سه‌ر چه‌ند په‌تێک ده‌کات و به‌ده‌سته‌کانی گه‌مه به‌چه‌ند تۆپێکی قورسی ناوچه‌که ده‌کات و ده‌شیه‌وێت ئه‌کرۆبات ئاسا هه‌مو تۆپه‌کانی فرێیان ده‌دات بیان گرێته‌وه ده‌ست. ره‌نگه یه‌کێتی گه‌مه‌که ژیرانه بکات و نه‌یه‌وێت نێوان ئه‌و دو جه‌مسه‌ره به‌هێزه کارته‌کانی بسوتێت.
ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی یه‌کێتی به‌ده‌ر نین له په‌یوه‌ندی توندی به‌میحوه‌ری ئێران له ناوچه‌که و هێزه‌کانی شیعه له عێراق. خه‌مێکی سه‌ره‌کی ئه‌م میحوه‌ر و هێزانه به په‌که‌که و هاوهێزهکانی له رۆژئاوا له ئێستادا مانه‌وه‌ی رژێمه‌که‌ی ئه‌سه‌ده. تراجیدیای سیاسی له‌وه‌دایه که به‌مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و به‌هێزبونی یه‌کێک له یه‌که‌م کاره‌کانی په‌لاماردانی هه‌رێمی کوردی له رۆژئاوا ده‌بێت تا ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی داوه بیهێنێته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی دکتاتۆری خۆیه‌وه.
هه‌رچۆنێک بیهێنیت و بیبه‌یت له دوا مه‌تافدا کورد له‌م په‌رته‌وازه‌یی و لێکترازان و دوژمنایه‌تیکردن و میحوهرگهریه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م ده‌بێت، ئه‌وانه‌شی ئاره‌زومه‌ندانه یا به‌ناچاری بونه‌ته جوندی گه‌مه‌ی شه‌تره‌نجی ناوچه‌که شانازی و سه‌ربه‌رزیان بۆ نامێنێته‌وه. |
|
|