|
چاوه‌ڕوانی چی بین له رێکه‌وتن؟ چیا عه‌باس |
17/12/2014 |
یه‌کێتی پشتئه‌ستور به مێژو و له ئاکامی له‌تکردنی باشوری کوردستان له گه‌ڵ پارتیدا خۆی به‌خاوه‌نی ده‌ڤه‌ری سلێمانی و گه‌رمیان ده‌زانی، جاران پێیان ده‌وت ناوچه‌ی که‌سک. پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2009 و 2013 بۆ په‌رلە‌مانی کوردستان خه‌ڵک به‌رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه کۆتایی به پێگه‌ی به‌هێزی یه‌کێتی هێنا. یه‌کێتی له‌ترسی پاشه‌کشه‌ی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی رێگری زۆری کرد له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان. هه‌رچۆنێک بێت مانگی چواری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنه‌که کرا، به هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای هه‌مه لایه‌نه یه‌کێتی توانی ببێته هێزی دوه‌م له ئاستی پارێزگای سلێمانی، به‌م شێوه‌یه کۆتایی فه‌رمی به مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵاتی که‌سک له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هێنرا.
بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی زۆر ئه‌سته‌م بو دوا مۆڵگه‌ی به‌هێزی ده‌سه‌ڵاتیان له هه‌رێمی کوردستان راده‌ستی گۆڕان بکه‌ن. ترسه‌که‌ی یه‌کێتی مایه‌ی تێگه‌یشتن بو، به‌ڵام ره‌وا نه‌بو، ترسه‌که ئاماژه‌یه‌کی زه‌ق بو به‌وه‌ی یه‌کێتی رانه‌هاتبو و رازیش نه‌ده‌بو له‌و ناوچانه ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بکات، هاوکاتیش نیشانه‌یه‌کی به‌هێز بو بۆ نه‌زعه‌ی دابڕاندن له‌ناو یه‌کێتیدا کاتێک ته‌نها و ته‌نها متمانه‌ی به‌به‌شێک له‌خۆی هه‌بو و به‌چاوی گومانه‌وه سه‌یری گۆڕان و پارتی ده‌کرد، زاکره‌ی تیژ هه‌راکه‌ی یه‌کێتی له بیر ناچێت سه‌باره‌ت به رێکه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌کێتی بۆ کابینه‌ی هه‌شته‌م. یه‌كێتی له غیابی سیاسی به‌ڕێز مام جەلال و تێكچونی شێرازه‌ی سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی ئیتر ئه‌و هێزه نه‌ما بتوانرێت مامه‌ڵه‌ی سیاسی جدی له گه‌ڵدا بکرێت. له گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا پشتئه‌ستور به هێزی چه‌کدار و پاره و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و زانیاری و دژه تێرۆر و کۆنترۆڵکردنی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی یه‌کێتی توانی بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک درێژه به مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ڤه‌ره‌که‌دا بدات.
هه‌رچۆنێک بێت دوای روداو و گۆڕانکاریه‌کانی چه‌ند مانگی رابوردو ئێستا رێکه‌وتنێکی دو قۆڵی ئیداری ته‌کنیکی لۆکا‌ڵی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان ئه‌نجام دراوه. بۆ خۆم له‌و باوه‌ڕه‌دام ملدان بۆ ئه‌م رێکه‌وتنه ئاکامی باوه‌ڕبونی ته‌واو نیه به پرۆسه‌ی ده‌نگدان و رێزگرتن له ئاکامه‌که‌ی، زیاتر په‌یوه‌نداره به‌نیه‌تێک بۆ رێکخستنه‌وه‌ی سه‌نگی هێز له باشور. ئه‌م جۆره له نیه‌ت و کارکردن بۆی له سیاسه‌تدا دیارده‌یه‌کی نائاسایی نیه و مافی هێزه‌کانه به‌رێگه‌ی ئاشتی و سیاسی و یاساییه‌وه کار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بکه‌ن.
بۆیه رێکه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌کێتی ته‌نها زاده‌ی پێدوایستی ئێداره‌دانێکی لۆکا‌ڵی نیه، هه‌رچۆن رێکخه‌ری گشتی گۆڕان ئاماژه‌ی پێدا که ده‌کرێت ئه‌م رێکه‌وتنه شۆڕبکرێته‌وه و بواری تریش بگرێته‌وه.
له هه‌ندێک ناوه‌ندی سیاسی‌دا بۆچونێکی زاڵ پێی وایه که لێكتێگه‌یشتنی دولایه‌نه‌ی به‌ڕێزان نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ خان کلیلی سه‌ره‌کی ئه‌م رێکه‌وتنه‌یه، بۆ خۆم زانیاری وردم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نیه، بۆیه خۆم له قه‌ره‌ی ناده‌م، ته‌نها ده‌ڵێم زۆر خاڵی دروست هانده‌رن بۆ پشتگیری له‌م بۆچونه.
کاک نه‌وشیروان به‌وردی له سروشتی حوکمڕانی ناوچه‌که و ململانێ و کێشه سیاسیه‌کانی باشورری کوردستان تێگه‌یشتوه، بۆیه له هیچ ساتێکدا رێگه‌ی نه‌داوه چاره‌ی کێشه‌کانی حوکمڕانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی بکرێته سه‌فقه‌یه‌کی سیاسی ناواقیعی و ناره‌وا له‌سه‌ر حسابی لایه‌نه‌کانی تر. له‌م روانگایه‌وه گۆڕان ئاماده‌بو له دانو‌ستانه‌کاندا نه‌رمی بنوێنێت، ئاکامه‌که‌شی رێکه‌وتنه‌که بو.
بۆ ئێمه‌ی گۆرانخوازان ده‌بێت هوشیارانه و دور له سۆز و دوعا و نزا هه‌ڵسه‌نگاندنێکی واقیعی بۆ رێکه‌وتنه‌که بکه‌ین و کاری جدی بۆ گه‌شه‌پێدانی بکه‌ین و ببێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ حوکمرانیه‌کی لۆکا‌ڵی باش و باشکردنی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان گۆڕان و یه‌کێتی، ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای چه‌ند که‌موکوڕیه‌کی به‌رچاو له رێکه‌وتنه‌که‌دا و زاڵبونی چه‌مکی "به‌ش به‌شێنه" تێیدا.
هیوا به‌ئاینده‌ی رێکه‌وتنه‌که و کارکردن بۆی مانای ئه‌وه نیه هه‌مو رابوردو گوزه‌شت و چاوه‌ڕوان بکرێت گۆڕانخوازان نه‌عامه ئاسا سه‌مای خۆشی بۆ به‌رپا بکه‌ن. ئاینده‌ی ئه‌م رێکه‌وتنه و ته‌نانه‌ت جێبه‌جێکردنی خاڵه گرنگه‌کانی ته‌نها په‌یوه‌ست نین به یه‌کێتی و گۆڕانه‌وه، چه‌ندین هێز و لایه‌نی تر ده‌توانن کاریگه‌ری و رۆڵی فره ئاراسته‌یان هه‌بێت و بگێڕن.
ئاینده ده‌بێته سه‌نگی مه‌حه‌ک بۆ نیه‌ت و ره‌فتاری جێبه‌جێکردن، ئه‌وه‌ی شیانی ئاماژه‌کردنی جدیه و تا ئه‌م ساته‌ش به‌رچاو ده‌که‌ون هه‌ندێک ئاراسته‌ی دڵگرانه له‌ناو یه‌کێتیدا، ئه‌گه‌ر راشکاوانه سه‌غڵه‌تبونیان به رێکه‌وتنه‌که نیشان نه‌ده‌ن، لێره و له‌وێ چڕنوق ده‌گرن و هه‌وڵی پاشقول گرتن ده‌ده‌ن و له راگه‌یاندنه‌کاندا ته‌وسی هه‌مه‌جۆره ده‌به‌خشنه‌وه.
پێده‌چیت به‌شێک له‌م هه‌ڵوێست و ره‌فتارانه پاشماوه‌ی ئه‌قڵیه‌تی خۆ زۆر به‌زلزانینی ناو یه‌کێتی بێت، ئه‌قڵیه‌تێک به‌رده‌وام لایه‌نه‌کانی تری نه‌ک ته‌نها بچوک کردۆته‌وه، به‌ڵکو ویستویه‌تی به‌زۆریش بێت وێناکێشیان بشێوێنێت و که‌سایه‌تی مه‌عنه‌ویان تێک بشکێنێت. له قوتابخانه‌کانی سیاسه‌ت له دنیادا ئه‌م دیارده‌یه زاده‌ی عه‌قیده‌ی به‌رته‌سکی چه‌قبه‌ستوی شۆڤێنیزنی حیزبیه، بۆیه گرنگه بۆ دابینکردنی که‌ش وهه‌وایه‌کی له‌بار بۆ جێبه‌جێکردنی رێکه‌وتنه‌که خاوه‌نه‌کانی ئه‌و بۆچونانه به‌خۆیاندا بچنه‌وه و به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له گه‌ڵ گۆڕان نه‌که‌ن. راسته یه‌کێتی له مێژودا هێزێکی گه‌وره‌ی پایه‌دار بوه، ئێستاش هێزێکه ده‌توانێت رۆڵی کاریگه‌ر و ئه‌رێنی له ئاسته جیاکاندا هه‌بێت.
ئه‌وه‌ش راسته که یه‌کێتی خاوه‌نی ئه‌زمونێکی درێژه له ئیداره‌دان و حوکمڕانیدا، به‌تایبه‌ت له ده‌ڤه‌ری سلێمانی و گه‌رمیان. له‌و ماوه درێژه‌دا خاوه‌نداری لایه‌نی باش و زۆر خراپیشی ئه‌و حوکمڕانیه‌ن (ده‌شێت یه‌کێتیه‌کان له مه‌کته‌بی سیاسی حیزبه‌که‌یان داوای راپۆرتێکی تایبه‌تی سه‌ره‌تای ساڵی پار بکه‌ن سه‌باره‌ت به رۆڵی یه‌کێتی له ده‌سه‌ڵات و تایبه‌ت له کابینه‌ی حه‌وته‌می حکومه‌تی هه‌رێمدا).
پاش ئه‌م رێکه‌وتنه گونجاوتره ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی یه‌کێتی ته‌واوی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌کردنیان له ئیداره‌داندا وه‌ک جاران نه‌بێت، راستیه‌ک هه‌یه که رۆحیه‌تی ره‌سه‌نی گۆڕان پێداگری لێده‌کات، ئه‌ویش حوکمڕانی هه‌مه‌لایه‌نه مانای پابه‌ندبونی هه‌مو لایه‌نه‌کانه به یاسا و رێنماییه‌کان و به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌ش نه‌ک سرینه‌وه‌ی جیاوازیه‌کان له ئه‌دا و ره‌فتارکردندا، بۆیه ده‌کرێت ئه‌م رێکه‌وتنه که بۆ یه‌که‌م جاره له مێژوی ده‌ڤه‌ری سلێمانی ده‌روازه‌ی فره هێزی بۆ ده‌سه‌ڵاته لۆکاڵیه‌کانی ده‌کاته‌وه بکرێته ئامرازێک بۆ وه‌رچه‌رخاندنێکی گه‌وره به‌ره‌و شه‌ری مۆدێل و کێبڕکێ بۆ ئه‌دای باشتر له حوکمڕانیدا.
له‌و باوه‌ڕه‌دام جێبه‌جێکردنی وردی رێکه‌وتنه‌که پێگه‌یه‌کی زۆر ئۆتۆنۆمی به‌هێز له باشوری کوردستان به‌ده‌ڤه‌ره‌که ده‌به‌خشێت، ده‌ڤه‌رێک خاوه‌نی چه‌ندین سه‌رمایه‌ی ستراتیژی سیاسی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری و مرۆییه. که‌وتۆته سه‌رشانی هه‌مو به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ک ده‌یبه‌ن. |
|
|