|
ئایا گۆڕان په‌له‌ی کردوه؟ چیا عه‌باس |
01/08/2015 |
Trias Politica چیه
بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی Charles Montesquieu ( 1689-1755) له ساڵی 1748 له یه‌کێک له زنجیره‌یه‌ک نوسینیدا به‌ناونیشانی "رۆحی یاساکان" بۆچونه‌کانی له‌مه‌ر سێ کۆڵه‌که‌ی بنه‌ڕه‌تی ده‌سه‌ڵات باس ده‌کات، ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانه‌ر و جێبه‌جێکردن و داد. دواتر بۆچونه‌کان بونه بنه‌مای زۆر گرنگ بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت له جیهاندا.
جیاکردنه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌کیه‌که ناوه‌رۆکی بۆچونه‌کانی مۆنتیوسکیو بو، له ئێستادا له زۆربه‌ی وڵاته‌کانی ئه‌وروپا جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته‌کان گۆرانکهریان به‌سه‌ردا هاتوه و جۆرێک له دابه‌شکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان شان به‌شانی جیاکردنه‌وه‌که هاتونه‌ته ئاراوه، هه‌روه‌ها له‌م سه‌رده‌مه‌دا کۆنترۆڵکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کان و هاوسه‌نگی نێوانیشیان بونه‌ته بنه‌ماکانی تری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و دابینی ئازادی هاوڵاتیان ده‌که‌ن. بۆچونه‌کانی ئه‌م بیرمه‌نده گه‌وره‌یه بونه‌ته بنه‌مای ده‌ستوری زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا، به‌تایبه‌ت ده‌ستوری ئه‌مریکا (1789) و ده‌ستوری فه‌ره‌نسا (1791). به‌بۆچونی مۆنتیسیکو پێویسته سێ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ره‌تی زۆر به‌زه‌قی له‌یه‌کتر جیانه‌کرێنه‌وه تا بتوانن هاوسه‌نگی نێوانیان رابگرن. به هه‌ڵسه‌نگاندنی مۆنتیسیکو ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه نیه‌تیان هه‌یه خراپ به‌کاری بهێنن، بۆیه پێویسته کۆنترۆڵ و هاوسه‌نگی تێهه‌ڵکێشی هاوکێشه‌که بکرێن تا هیچ که‌سێک زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه نه‌بێت، بۆیه به‌مه‌ترسی زانیوه ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانان و جێبه‌جێکردن له هه‌مان ده‌ستدا بن.
بابزانین حوکمڕانی هه‌رێم چۆن دارێژراوه و کار ده‌کات
له گه‌ڵ دروستکردنی حکومه‌تی هه‌رێم و یه‌که‌م په‌رله‌مان و کابینه پره‌نسیپی فیفتی به‌فیفتی پێرهوکرا، پره‌نسیپێک هاوسه‌نگی نێوان دو هێزی سه‌ره‌کی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌زه‌بری هێزی چه‌کدار راگرت، دوای ئه‌مه له‌سایه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیژیدا هه‌مان پره‌نسیپ به‌شێوه‌یه‌کی تر پێرهوکرا، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن و یاسادانه‌ریش ره‌نگدانه‌وه و پاشکۆی ئه‌و پره‌نسیپه بون. به‌ته‌نیشت له‌باربردنی پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن و ئیفلیجکردنی حوکمڕانی ئه‌م هاوکێشه‌یه راده‌یه‌کی بێئه‌ندازه‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و سته‌مکاری به‌رهه‌م هێنا. ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت ده‌سه‌ڵاتی داد به‌گشتی نهسهربهخۆیه و نه ده‌سه‌ڵاتیشی هه‌یه، له گه‌ڵ ئه‌م واقیعه تاڵه‌دا به‌شی زۆری ده‌سه‌لاته‌کان له چه‌ند ده‌ستێکدا کۆکراونه‌ته‌وه. به‌گشتی له‌م دۆخه‌دا بۆ خه‌ڵک رون نیه به‌پێی چ جۆره ده‌ستورێک و چ جۆره سیسته‌مێکی حوکمڕانی کاری خۆمان به‌ڕێوه ده‌به‌ین.
له سه‌ره‌تاوه جۆری حوکمڕانی خۆماڵی له هه‌رێم کۆپیه‌کی حوکمڕانی به‌غداد بوه، داهاتی نه‌وت که سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی داهاتی عێراقه پشکێکی به هه‌رێم ده‌درێت، حکومه‌تی هه‌رێمیش له گه‌ڵ به‌شێک له داهاتی خۆی بێسه‌روبه‌ر بۆ موچه و بواره جیاکانی خزمه‌تگوزاری سه‌رفی ده‌کات. له حوکمڕانی خزمه‌تگوزاریدا که حکومه‌ت به‌رپرسی بنه‌ڕه‌تیه له بواره گه‌وره‌کانی وه‌ک خوێندن، ته‌ندروستی، ئاو و کاره‌با، رێگاوبان، نیشته‌جێبون، چه‌ند سێکتۆرێکی کشتوکاڵ و پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنانی نه‌وت، ئه‌رکه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم که‌ڵه‌که‌بون و بێئه‌ندازه زۆر بون. بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م ئه‌رکانه ده‌زگاکانی حکومه‌ت له پایته‌خت و پارێزگاکان پێویستیان به ده‌سه‌ڵاتێکی به‌رفراوان هه‌یه، بۆیه پێویستی کردوه فه‌رمانگه‌و و ده‌سته و گروپه‌کانی به‌رێوه‌بردنیش ده‌سه‌ڵاتی دانانی سیسته‌م و رێنماییه لۆکاڵیه‌کانیان هه‌بێت و ئازاد بن له بریاروهرگرتن. وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌م دابه‌شکردنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له وڵاته پێشکه‌وتوه‌کاندا کارێکی ئاساییه، وه‌لێ له هه‌رێمی کوردستان به‌هۆی زه‌مینه‌ی سیاسی جیاواز و ناکۆکیه‌وه زیاتر بۆ مه‌به‌سته سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌ته‌کان به‌کارهێنراوه، ئیمپراتۆره‌کانی بیناسازی و بازرگانی ره‌ش به‌نه‌وت و چه‌ندین کاڵای تر له سێ پارێزگاکه‌ی هه‌رێم نمونه‌ی زیندوی خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و خۆپه‌رستی حیزبین، کار بهمهوهش نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکو ئه‌م دیاردانه له لایه‌ک ئه‌رک و رۆڵی په‌رله‌مانی کوردستانی له بواری حوکمڕانیه لۆکاڵیه‌کان فه‌رامۆش کردوه، له لاکه‌ی تریشه‌وه حوکمڕانیه لۆکاڵیه‌کان بۆ خۆیان وه‌ک ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ کاریان کردوه (دو ئیداره‌یی شاردراوه یا په‌رده‌پۆشکراو). نمونه‌ی حوکمڕانی سلێمانی له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی له ماوه‌ی نزیکه‌ی دوا چاره‌که سه‌ده‌یه‌کدا ده‌یسه‌لمێنێت که ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه و قۆرخکاری و ده‌سه‌ڵاتی گروپه جیاکان بونه‌ته مایه‌ی گه‌نده‌ڵی ئیداری و دارایی و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌مبونی خزمه‌تگوزاریه‌کان و قۆرخکردنی بازار، ده‌سه‌ڵاتی ره‌های ده‌زگاکانی ئاسایش و پۆلیسیش بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته لۆکاڵیه به‌کارهێنراون. بێگومان جیاوازیه‌کانی سلێمانی له گه‌ڵ حوکمڕانی ده‌ڤه‌ری زه‌رد جه‌وهه‌ری نین، جیاوازی روکه‌شی له چه‌ند بوارێکی لهبهلادا ده‌بینرێت.
له‌م ساته‌دا ئه‌م سیسته‌مه هێشتا کۆیڵهی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته چه‌قبه‌ستوه حیزبیه بهسهرچوهیه، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش نه‌بونی سیسته‌مێکی ئه‌لکترۆنی سه‌رده‌م و کادری پسپۆر و لێهاتو و کارئاسانکهرهکانیهکانی تر سوپایه‌ک له فه‌رمانبه‌ر و موچه‌خۆری سه‌ردیوار و بندیوار و لادیواری به‌رهه‌م هێناوه، هاوڵاتی نرخی ئه‌م شێوازه پریمیتیڤهی حوکمڕانی ده‌دات. کاتێک تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی سیاسه‌تی حوکمڕانی له هه‌رێم به‌رچاو بگرین ده‌بینین که له ماوی 11-12 ساڵی رابوردودا له گه‌ڵ زیادبونی داهاتی هه‌رێم زیاتر له 50% ئه‌وانه‌ی توانای کارکردنیان هه‌یه له هه‌رێم بونه‌ته موچه‌خۆری حکومه‌تی هه‌رێم. بێئه‌وه‌ی پێویست به ئاماره فه‌رمیه‌کان هه‌بێت هاوئهزمونهکانی دنیا پێمان ده‌ڵێن رێژه‌ی 60%- 70% ی ئه‌و له‌شکره موچه‌خۆره به‌رهه‌می به‌رچاویان نیه، ئه‌مه یه‌کێکه له دیارده کوشنده‌کانی حوکمڕانی هه‌رێم.
ئه‌م که‌له‌پوریه حوکمڕانیه له سیسته‌مه به‌سه‌رچوه‌کانی سه‌ر به یه‌کێتی سوڤیه‌تی جاران و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتا‌ر و دکتاتۆره‌کانی دنیادا به‌رچاو ده‌که‌وت و ده‌که‌وێت.
له‌م به‌ینه‌دا ئامارێكم به‌رچاو که‌وت که ده‌ڵێت به‌رپرسیاریه‌تی نزیکه‌ی 90% پۆسته ئیداریه‌کانی پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌کانی گه‌رمیان و راپه‌رین به یه‌کێتیه‌کان پڕکراوه‌ته‌وه. له گه‌ڵ رێزم بۆ براده‌رانی یه‌کێتی مه‌به‌ستم بۆ شوبهاندن نیه، به‌ڵکو بۆ به‌راوردکردنه، پێموایه دکتاتۆره ناودار و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاره‌کانی دنیا نه‌یتوانیوه به‌و رێژه‌یه حوکمڕانی وڵاته‌کانیان به لایه‌نگرانیان پربهکهنهوه. گومانی تێدا نیه ئه‌م که‌له‌پوره له‌سه‌رده‌می حوکمڕانی به‌عسه‌وه وه‌رگیراوه و له سایه‌ی فیفتی به‌فیفتی و دو ئیداره‌یی و شه‌ری ناوخۆ مۆتۆربه کراوه و به‌رۆحی به‌رته‌سکی حیزبایه‌تی و دژایه‌تیکردنی یه‌کتر ئاودراوه.
ئێستا
ئێستا هاوسه‌نگی سیاسی زۆر گۆڕاوه، هاوڵاتی داوای مافه‌کانی و پێره‌وکردنی یاسا و چاکسازی و خزمه‌تگوزاریه‌کان ده‌کات، هاوکات به‌شێک له به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌و نه‌هامه‌تی و سه‌رگه‌ردانی و حوکمڕانیه سه‌قه‌ته فرمێسکی په‌شیمانی ده‌رێژن و به‌بانگه‌شه‌ی بریقه‌دار هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له گوناحه‌کان پاککه‌نه‌وه.
ئه‌م شێوازی حوکمڕانیه به‌جۆرێک شێوێنراوه و گه‌نده‌ڵکراوه و قۆرخکراوه و له سایه‌ی هێزی چه‌کدار و ده‌زگا تایبه‌تیه‌کاندا ده‌سه‌ڵاته ره‌هاکانی پارێزراوه که بیرکردنه‌وه له چاکسازی هه‌زار و یه‌ک پرسیار به‌رزده‌کاته‌وه.
به پاکهجکردنی پرۆسه‌ی گۆرانکاری و چاکسازی زاده‌ی ئه‌قڵیه‌تی شمولیه‌تی سه‌رده‌می باڵاده‌ستی عه‌قیده‌ی چه‌قبه‌ستو و ده‌سه‌ڵاته ئۆتۆریتهریهکانه، شێوازێک که ئۆپزسیۆن به گۆڕانیشه‌وه تاقیان کردۆته‌وه و هیچی ئه‌وتۆیان لێ دروێنه نه‌کرد. له‌م سه‌رده‌مه‌دا گرتنه‌به‌ری ئه‌م شێوازه بۆ چاکسازی پێویستی به‌زه‌مینه‌ی لێهاتویی و گه‌یینی سیاسی و ڕیزگرتن و پێره‌وکردنی دیموکراسی و دابه‌شکردنی یاسایی ده‌سه‌ڵاته‌کانه.
کاتێک پرۆسه‌ی چاکسازی وه‌ک کاڵایه‌ک ده‌خرێته بازاری عه‌کازی سیاسیه‌وه و بهچاوسورکردنهوه و نمایشی هێزی ماسوڵکه و چه‌ندین مه‌رجه‌وه بسه‌پێنرێت ئیتر ده‌بێت فاتحه‌ی بۆ بخوێنرێت، چونکه رۆحی ره‌سه‌نی پرۆسه‌که کۆیڵه ده‌کات و دینامیکیه زیندوه‌که‌ی داده‌مرکێنێت.
گۆڕان و ئه‌م دۆخه
بازاری سیاسی و حوکمڕانی گۆڕان گه‌رمه، سه‌دان پۆست له پشکی گۆڕان له پاریزگاکان و حکومه‌تی هه‌رێمدا ژماره‌یه‌کی زۆری گۆڕانخوازانی وروژاندوه بۆ پێشکه‌شکردنی سیڤی و پرکردنه‌وه‌ی لیست و په‌نابردنه به‌ر واسیته و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر تا پۆستێکی باشیان ده‌ستکه‌وێت.
قسه‌م له‌سه‌ر هه‌ق و ناهه‌قی ئه‌و داواکاریانه نیه، ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانیه که گۆڕان به‌م شێوازه به‌شداری بکات له دارشتنه‌وه و پڕکردنه‌وه‌ی حوکمڕانی له سه‌ر ئاستی حکومه‌تی هه‌رێم و فه‌رمانره‌وا لۆکاڵیه‌کاندا.
وا باوه له دنیای پێشکه‌وتودا که هێزه سیاسیه‌کان به‌رنامه‌ی حوکمڕانی داده‌رێژن و پری ده‌که‌نه‌وه، له سیسته‌مه دیموکراسیه‌کاندا ته‌نها پۆسته باڵاکان، تایبه‌ت وه‌زیر و جێگری وه‌زیر، به‌پێی رێکه‌وتنی لایه‌نه‌کان بۆ پیكهێنانی کابینه، ده‌درێنه کادره حیزبیه‌کان و باقی داموده‌زگای حکومه‌ت ئه‌وه‌نده ده‌سکاری ناکرێت، لێره‌شدا بۆ گۆڕان ره‌وایه چه‌ند پۆستێکی باڵا وه‌ربگرێت، کاتێک ئه‌مه بۆ زۆربه‌ی جومگه‌کانی حکومه‌ت شۆردهکرێتهوه بێگومان حکومه‌ته حیزبیه‌که‌ی هه‌رێم زیاتر ده‌چه‌سپێت.
بێگومان که‌سانێک له ناو گۆڕاندا ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌که‌ین به هه‌ڵسوراو و کادری بزوتنه‌وه‌که له حوکمڕانیدا چۆن بتوانین چاکسازی بکه‌ین؟
به‌نده هاورایه له گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌دا، به‌ڵام پێویسته بڵێم چاوه‌ڕوانیه‌کان به‌رز رانه‌گرن، چونکه ئه‌م به‌شداریه ئاکامی رێکه‌وتنی سیاسیه له گه‌ڵ دو هێزه‌دا که هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و هه‌مو نه‌هامه‌تی و لادان و خواروخێچیهن له حوکمڕانیدا، ناشێت له بیری بکه‌ین کانیه‌ک له سه‌رچاوه‌وه لیڵ و پیس بێت پاککردنه‌وه‌ی جۆگه‌له بچوکه‌کانی دیارده‌یه‌کی کاتی ده‌بێت.
|
|
|