|
گۆڕان و یه‌کێتی به‌ره‌وکوێ؟ چیا عه‌باس |
30/04/2015 |
له باسکردنی لێکنزیکبونه‌وه و ئه‌گه‌ری کاری هاوبه‌شی یه‌کێتی و گۆڕان پێویست به پاساو هێنانه‌وه و به‌رگریکردن ناکات، به‌ڵکو هێڵکێشان به‌ژێر هۆکار و زه‌مینه‌ی به‌هێزی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌دا و چاوهرهوانیهکان لێی کرۆکی ئه‌م نوسینهن.
له شرۆڤه‌کردنی بابه‌ته‌که ئه‌وه‌نده جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی ده‌رباره‌ی گه‌مه‌که‌ره‌کان و لایه‌نه‌کان ده‌یانزانین ناکه‌مه‌وه، به‌ڵکو گه‌ڕان به‌دوای شتی نوێ‌دا و دۆزینه‌وه‌یان و ئاشنابون پێیان و چیان لێ چاوه‌ڕوان بکه‌ین گرنگترن.
وێرای ئه‌وه‌ی باسکردنی ئه‌زمونی گۆڕان و یه‌کێتی گرنگی خۆی هه‌یه، وه‌لێ پێموایه خولانه‌وه‌ی به‌رده‌وام له بازنه‌ی ئه‌و ئه‌زمونه‌دا ده‌مان گه‌رێنێته‌وه بۆ خاڵی سه‌ره‌تا، له‌و باوه‌ره‌شدام هه‌ر دولا ئه‌و قۆناغه‌یان تێپه‌راندوه و خه‌ڵکی چاوه‌ڕوانی کرداره و ئه‌زمونه‌کانی نێوانیان به‌شێوازێکی ئه‌رێنی بۆ ئاینده به‌کاربهێنن.
دۆخی ئێستای باشوری کوردستان زۆر هه‌ستیار و ئاڵۆزه و ئاینده‌یه‌کی نادیار له‌به‌رده‌مماندایه.
1- داعش و دۆخی ناوچه‌که:
په‌لاماردانی کوردستان له‌لایه‌ن داعشه‌وه واقیعێکی بێ وێنه‌ی له مێژوی بزافی کوردایه‌تی دروست کردوه، واقیعێک بۆ یه‌که‌مجاره تێرۆریزمی به‌هێزی رێکخراو و پشتیوان لێکراو بۆته هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جدی له‌سه‌ر خاک و نه‌ته‌وه و حوکمڕانی و ده‌سکه‌وته‌کانمان. کورد له‌م جه‌نگه‌ی دژ به تێرۆریزم سودمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندیش بوه، دۆخه‌که هاوکێشه‌یه‌کی پارادۆکسی ئاڵۆزی خهڵقاندوه که تێیدا ئه‌گه‌ره‌کانی به‌رده‌م کورد، به‌ره‌چاوکردنی دۆخی ناوماڵی ئێستای، سنوردار و نادیارن.
له‌لایه‌که‌وه کورد سودی له پاڵپشتی سنورداری نێوده‌وڵه‌تی له‌و شه‌ڕه‌دا کردوه و توانیشیویهتی به‌شێکی زۆری ناوچه دابرێنراوه‌کانی کوردستان کۆنترۆڵ بکات و به‌رگریه‌کی خوێناوی له خاکه‌که‌ی بکات، له‌لاکه‌ی تره‌وه بێ ئه‌و پاڵپشتیه کورد ده‌که‌وێته نێوان (سندان و مهترهقهوه)، به‌واتایه‌کی تر سه‌روه‌ری سیاسی و ئه‌منی و به‌رژه‌وه‌ندیه باڵا نه‌ته‌وه‌ییه‌کان روبه‌روی هه‌ره‌شه‌ی جدی بونه‌ته‌وه.
روداوه‌کانی یه‌مه‌ن و نیمچه رێکه‌وتنی ئه‌مەریکا و ئێران له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئاماژه‌ن به‌وه‌ی گۆرانکاری گه‌وره له ناوچه‌که به‌رێوه‌یه. ئه‌گه‌ر بتوانرێت روداوه‌کانی یه‌مه‌ن ئیحتوا بکرێت و ته‌شه‌نه نه‌کات بۆ شه‌ڕی سوننه و شیعه له ناوچه‌که ئه‌وا وا چاوه‌روان ده‌کرێت ئێران رۆڵیکی به‌رچاو له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆریزم له ئه‌فغانستانه‌وه تا ده‌ریای ناوه‌راست بگێرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه کوردستان له شه‌ری مه‌زهه‌بیدا که‌بس ده‌کرێت و مه‌نفه‌زی ده‌ربازبونمان زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت.
مانه‌وه‌ی دۆخی نێوماڵی کورد وه‌ک ئێستا له‌بار نابێت بۆ ئاماده‌سازی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره جیاکان، هه‌رچۆن له سه‌ره‌تای شه‌ڕی دژ به داعش به‌حزبیکردنی به‌ره‌کانی شه‌ڕ و غیابی پلانێکی ستراتیژی گشتگیر و قۆستنه‌وه‌ی دۆخه‌که بۆ باڵاده‌ستی جه‌مسه‌رگه‌ری ناوچه‌که به‌ره‌ی کوردیان لاواز کرد، زۆر لۆژیکه چاوه‌روان بکرێت هه‌مان قه‌وان دوباره بکرێته‌وه، به‌تایبه‌ت کۆڵه‌که سیاسی و ئه‌منی و دارایی و سه‌ربازیه سه‌ره‌کیه‌کانی پلانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تێرۆریزم له چوارچێوه‌ی پلانێکی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شدا دانهرێژراون. کاره‌ساتی شه‌نگاڵ و رودواهکانی جه‌له‌ولا و گوێر و مه‌خمور و باشوری که‌رکوک و جه‌مسه‌رگه‌ری هێزه چه‌کداره‌کانی کوردستان گه‌واهی ئه‌و راستیانه ده‌ده‌ن.
هێزه‌کانی گه‌ریلا و شه‌ڕڤانان له به‌ره جیاکاندا به‌شێکی زیندون له‌م شه‌ڕه‌دا و رۆڵی به‌رچاویان له پاراستنی خاکی کوردستان هه‌یه، ئه‌م هێزانه په‌یوه‌ندیه‌کی بێ کێشه و بێ ئاڵۆزیان له گه‌ڵ پارتیدا نیه، ململانێیه‌کی مێژویی نێوانیان زه‌مینه‌ی سیاسی شه‌ری دژ به داعشی تا راده‌یه‌ک له قوڵاییه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی دابڕیوه.
پێده‌چیت تا ئه‌م ساته‌ش سه‌رکردایه‌تی ده‌سترۆیشتوی کورد له به‌رامبه‌ر رۆڵی له جه‌نگی دژ به تێرۆریزم نه‌یتوانیبێت به‌ڵێنی ئاشکرای زلهێزه‌کانی دنیای بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی ئاینده به‌ده‌ست هێنابێت. ئه‌زمونی ئه‌فغانستان پاش 14 ساڵ له جه‌نگ دژ به تێرۆریزم پێمان ده‌ڵێت زۆر به‌ئاگا بین، له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا هێزه‌کانی ئه‌مەریکا و هاوپه‌یمانان ده‌کشێنه‌وه و پاش خۆیان نزیکه‌ی هه‌زاران تێرۆریستی چالاک به‌جێده‌هێڵن، کێ ده‌توانێت روبه‌روی ئه‌و هێزه گه‌وره‌یه‌ی تێرۆریستان بێته‌وه له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان له هه‌مو بوارێک‌دا له‌رزۆک و بێده‌سه‌ڵاته. له کوردستان زه‌مینه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه و ئه‌گه‌ره‌کانی ئاینده ته‌نها بهگهشبینین و ریکلامی سیاسی ساز ناکرێت، دۆخه‌که پێویستی به‌ئاکارێکی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رانسه‌ری هه‌یه که هاوسه‌نگی هێز و تایبه‌تمه‌ندی لایه‌نه‌کان و سه‌ربه‌خۆیی رێکخراوه‌ییان بپارێزێت و هاوکاتیش شه‌ره‌که له چنگی حیزبایه‌تی و جه‌مسه‌رگه‌ری و قۆرخکاری ده‌ربهێنێت.
لێکتێگه‌یشتنی گۆڕان و یه‌کێتی بۆ ئه‌م بابه‌ته رێگه‌خۆشکه‌ر ده‌بێت، که پارتی و یه‌کێتی سیاسه‌ته‌کانیان له‌و بواره‌دا له چوارچێوه‌ی پلانێکی ستراتیژی هاوبه‌شدا دارێژێنهوه. پێچه‌وانه‌که‌ی به‌رده‌وامبونی ره‌وشی ئێستایه له گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له هه‌ناویدا په‌نگ ده‌خۆنه‌وه.
2- حوکمڕانی:
ئێستا به‌فه‌رمی حکومه‌تێکی بنکه‌فراوان دروستکراوه، شاره‌زایه‌کی به‌ویژدان که له نزیکه‌وه ئاگای له‌و حوکمڕانیه بێت ده‌بینێت که گروپێکی بچوک له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌ره‌وه‌ی حوکمی فیعلی ده‌که‌ن. به‌پاساوی جیاجیا رێگه‌نه‌دراوه حوکمڕانیه‌که له واقیعدا ببێته بنکه‌فراوان. زیاده بۆ ئه‌مه‌ش له بازنه‌یه‌کی ته‌سکی داخراودا پرسی نه‌وت به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
یه‌کێتی به‌پاساوی جیاجیا و به‌هۆی وه‌رگرتنی پشکێکی شیرینی نه‌وت زیاتر بێده‌نگی هه‌ڵبژاردوه به‌رامبه‌ر شێوازی مامه‌ڵه‌کردن به نه‌وت، ناشێت له پرۆسه‌ی لێکتێگه‌یشتنی له گه‌ڵ گۆڕان باز به‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته گرنگه‌دا بدرێت.
پاش رێکه‌وتنه‌که‌ی هه‌رێم له گه‌ڵ حکومه‌تی عه‌بادی و پێداگری گروپی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌ولێر که به‌پێی ئه‌جێندای تایبه‌تیان پشکی هه‌رێم له رێکه‌وتنه‌که جێبه‌جێ بکه‌ن، قه‌یرانی ئابوری و موچه زۆر خه‌ستتر و ئاڵۆزتر بو که به‌رده‌وامبونی له ته‌حه‌مولی هاوڵاتیاندا نه‌بو.
ماوه‌یه‌که کاری سه‌ره‌کی کابینه‌ی هه‌شت بۆته دابینکردنی پاره بۆ دابه‌شکردنی موچه، له بواری داراییدا چه‌ند ههنگاوێکی باش بۆ چاکسازی نراوه، به‌ڵام نه‌بونه‌ته کرۆکی به‌رنامه‌ی تۆکمه‌ی هاوبه‌شی کابینه‌که و هه‌ر وه‌زیر و کارمه‌ندێک وه‌ک فاڵچیه‌کی گه‌رۆک ده‌بێت له‌م بواره‌دا دڵی ئه‌م و ئه‌و بداته‌وه.
ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتی نیه‌تی راستگۆیانه‌ی چاکسازیان هه‌یه ئه‌وا نه‌خشه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه زۆر دیار و بێ پێچوپه‌نایه و پێویست به ده‌ستگرتنه‌وه و وه‌عز ناکات.
یه‌کێک له خاڵه گرنگه‌کانی له په‌یوه‌ندیه‌کانی له گه‌ڵ یه‌کێتیدا ده‌بێت گۆڕان پێداگری لێبکات پشتیوانی بێمهرجیانه بۆ پرسی چاکسازی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له حوکمرانی و ده‌ره‌وه‌ی.
کابینه‌ی هه‌شت پێویستی به‌داڕشتنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی کاره، به‌رنامه‌یه‌ک بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دۆخی شهر و قه‌یرانی ئابوری و فشاری په‌نابه‌ران له هه‌رێم و چاره‌ی کێشه‌کان له گه‌ڵ به‌غداد و رێکخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و زه‌مینه‌سازی بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه، هاوکاتیش میکانیزمی گونجاو بۆ به‌رێوه‌بردنی کار و ئه‌رکه‌کانی ئه‌نجومه‌نه‌که په‌سند بکرێت.
گۆڕان و یه‌کێتی له پارله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌توانن کارنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه سازبکه‌ن و قه‌ناعه‌تیش به‌پارتی ده‌رباری زه‌روره‌تی ئه‌و کارنامانه بهێنن.
لێره‌دا هیچ که‌س و لایه‌نێک بێبه‌ری له به‌رپرسیاریه‌تی ناکه‌م، ئه‌زمونه‌کان پیشانمان ده‌ده‌ن کاتێک پارتی هه‌ست به به‌هێزبون و ره‌هایی و باڵاده‌ستی بکات نیه‌تی ده‌رچونی له رێچکه‌ی ده‌سته‌جه‌معی و پابه‌ندبون به‌هێزتر ده‌بێت، ئه‌م راستیه له واقیعی ئێستای کوردستان به‌زه‌قی ده‌بینرێت، ناشێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لێکتێگه‌یشتنی گۆڕان و یه‌کێتی به‌هه‌وڵێک بۆ ته‌حجیمکردنی پارتی لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت، ئه‌وه‌ی دروسته هه‌ر دولا هه‌وڵ بده‌ن ده‌سته‌جه‌معی و پابه‌ندبون بکرێته بنه‌مایه‌کی بنه‌ره‌تی حوکمڕانی.
3- ده‌ستور و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم:
له رێکه‌وتنی ده‌باشانه‌وه یه‌کێتی و گۆڕان کۆکن له‌سه‌ر سیسته‌می پارله‌مانی، ده‌بێت فراکسیۆنی هه‌ردولا و سه‌رکردایه‌تی سیاسیان به‌رۆحی ئه‌و رێکه‌وتنه کاربکه‌ن، که یه‌كێک له خاڵه‌کانی سازانه له گه‌ڵ پارتی و لایه‌نه‌کانی تر.
بۆ گۆڕان ناوه‌رۆک و رۆحی رێکه‌وتنه‌که بنه‌مایه‌کی سه‌ره‌کی لکێکنزیکبونهوه و لێکتێگهیشتنیهتی له گه‌ڵ یه‌کێتیدا.
وا باوه له دنیای سیاسه‌تدا که له‌وانه‌یه له لێکتێگه‌یشتن رێکه‌وتن ئه‌نجام بدرێت، مه‌خابن لای ئێمه پێچه‌وانه بۆته‌وه، هه‌رچۆنێک بێت و هه‌ر ناوێکی لێده‌نرێت گرنگ ئه‌وه‌یه کورد له باشور به‌به‌رنامه‌ی سیاسی و حوکمڕانی هاوبه‌ش سه‌رکردایه‌تی بکرێت و کار بۆ ئاینده‌یه‌کی گهشداری ئارام و شایسته کرۆکه‌که‌ی داڕێژێت.
|
|
|