Print WWW.SBEIY.COM
 پرۆگرامی به‌ڕێوه‌بردن و لێپرسراویه‌تی پرۆسێسه‌کان و پرۆژه‌ ستراتیژه‌کان
ئاسۆ حامدی
19/06/2010

ده‌ستپێک:
بۆ هه‌مو پرۆژه‌یه‌ک و هه‌مو کارکردنێک سیسته‌مێکی به‌ڕێوه‌بردن هه‌یه‌، له‌ دونیای ئێستادا پرۆژه‌کانی کارکردن ئه‌وه‌ پرۆگرامی به‌ڕێوه‌بردنیان هه‌یه و لێپرسراویه‌تی پرۆسێسه‌کانیش له‌م پرۆگرامه‌دا یه‌کلا ده‌کرێته‌وه‌‌، دیاره‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک به‌ گوێره‌ی ئامانجه‌کانی شکڵ و شێوه‌ی پرۆگرام و مه‌سولیه‌تی پرۆسێسه‌کانی ده‌گۆڕێن.

لێره‌دا زیاتر چڕی و خه‌ستی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر پرۆژه‌ ستراتیژیه‌کان و تۆڕه‌کانی به‌ڕێوه‌بردن بۆیان و لێپرسراویه‌تی پرۆسێسه‌کانی به‌ڕێوه‌بردن. پرۆژه‌ ستراتیژیه‌کان زیاتر ئه‌و پرۆژانه‌ن که‌ ئینفراستراکچه‌ری کۆمه‌ڵگا دیاری ده‌که‌ن و گه‌شه‌ پێده‌ده‌ن.
که‌ زیاتر مه‌سه‌له‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌کان و مه‌سه‌له‌ دریژخایه‌نه‌کان گرنگترین ئه‌سپێکتن (خاڵن) تیایاندا، که‌ به‌زمانی ئینگلیزی پێده‌ڵێن؛ integral and sustainability لێپرسراویه‌تیش له‌ هه‌مو حاله‌تێکدا خۆی له‌ هه‌ماهه‌نگی پرۆسێسه‌کان و لێپرسراویه‌تیه‌کان له‌ باری هونه‌ری وته‌کنیکی و به‌ڕیوه‌بردن و ته‌واوی پرۆسێسه‌کانی کار و به‌رده‌وامی و په‌ره‌پێدان به‌ پرۆژه‌کان ده‌دۆزێته‌وه‌.
مه‌به‌ست له‌م وتاره‌ هه‌ندێ زانیاری دروست له‌سه‌ر پرۆگرامی به‌ڕێوه‌بردن و لێپرسراویه‌تی پرۆسیسه‌کان ببخه‌ینه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران وهه‌وڵده‌ده‌م باسه‌که‌ به‌ زمانێکی ساده‌ بنوسمه‌وه‌و وه‌کو ڕۆشه‌نبیری گشتی سودی هه‌موانی هه‌بێت له‌گه‌ڵ مۆدێلێکی گشتی ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی کارکردن و به‌ڕیوه‌بردن و لیپرسراویه‌تی له‌ پرۆسێسه‌کان و میسۆده‌یه‌کی کارکردن.
پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ باسه‌که‌ بکه‌ین ؛ مۆدێلی ترافیک لایت بۆ ئه‌م پرۆگرامه‌ی به‌ڕێوه‌بردن به‌کاردێت که‌ خۆیان له‌ ره‌نگه‌کانی سور و زه‌رد و سه‌وز پێک دێنن. که‌ ئه‌مه‌ش به‌مانای بڕیاردان به‌ ڕۆیشتن یان وه‌ستان دێت. که‌ به‌ زمانی ئینگلیزی پێ ده‌ڵێن؛ go no go decision
ره‌نگی سور یانی (وه‌ستان) و ره‌نگی زه‌رد یانی دوباره‌ دراسه‌کردنه‌وه‌ و ڕه‌نگی سه‌وزیش یانی ڕۆیشتن بۆ قۆناغی داهاتو.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش چه‌ندین خاڵی گرنگ هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ پرۆگرامی به‌ڕێوه‌بردن ره‌چاوی بکات. له‌مانه‌؛
1.ئامانجی‌ کۆتایی و‌ مامناوه‌ندیه‌کانی پرۆژه‌ یانی ده‌بێ ئامانجی قۆناغه‌کانی پرۆژه‌ ده‌بێ ڕۆشه‌ن بن و به‌پراکتیکی هه‌ستیان پێ بکرێت.
2.هه‌مو بیزنیس که‌یسه‌کانی قۆناغه‌‌کانی پرۆژه‌ ده‌بێ ڕۆشه‌ن بن و هه‌مو وه‌زعیه‌ته‌ ماددیه‌کان و ماتیریاله‌کانی ده‌بێ دیاریکراو بێت.
3.هه‌مو قۆناغه‌کانی (فازه‌کانی) به‌ گۆ / نۆ گۆ بڕیاری بۆ بدرێت (ئه‌مه‌ش خۆی له‌ مۆدێلی وه‌ستان_ بیرکردنه‌وه‌_ کارکردن ده‌دۆزێته‌وه‌) و کۆتایی دێت.
4.هه‌ڵسوڕانی پرۆژه‌که‌ به‌ بنه‌مای پرۆگرامی به‌ڕێوه‌بردن تا دوا هه‌نگاوی ده‌ڕوا و دوای که‌ پرۆژه‌که‌ش ته‌سلیم به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌کرێت ده‌بێ په‌ره‌پێدان و پاراستنی پرۆژه‌که‌ له‌ ئاستی خۆی ئه‌نجامه‌کانی بێت و هیچ که‌مو کورتیه‌کی نه‌بێت.
5.پاراستنی ته‌واوی زانیاریه‌کانی پرۆژه‌که‌ و گه‌شه‌دان به‌ بیر و زه‌ینی مرۆڤه‌کان که‌ کار له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌ ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ کاتدا ده‌توانن گه‌شه‌ و په‌ره‌ به‌ ئامانجه‌کانی بده‌ن.

میسوده‌یه‌کی گشتی بۆ پرۆگرامی به‌ڕێوه‌بردن؛
ئه‌م میسۆده‌ له‌ چه‌ندین قۆناغدا پێکهاتوه‌ و له‌ نێوان هه‌ر یه‌ک له‌ قۆناغه‌کانیش بڕیاری (گۆ/نۆ گۆ) یه‌کلای ده‌کاته‌وه‌. قۆناغه‌کان بریتین له‌؛
1.قۆناغی سه‌ره‌تایی.
2.قۆناغی نه‌خشه‌کێشان (دیزاین).
3. قۆناغی بنیات نان و دروستکردن.
4. قۆناغی کۆتایی و ته‌سلیمکردنی پرۆژه‌ به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و په‌ره‌پێدان و ئاگاداربون له‌ پرۆژه‌که‌دا بۆ درێژه‌دان به‌ به‌رهه‌م و کاره‌کانی پرۆژه‌.
قۆناغی سه‌ره‌تایی: بریتیه‌ له‌ زانیاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان و بنه‌ڕه‌تیه‌کانه‌ به‌ پرۆژه‌که‌ و نوسینی بزنیس که‌یسی تایبه‌ت به‌ کاره‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ و داواکردنی بودجه‌ی سه‌ره‌تایی بۆ پرۆژه‌که‌ و نوسینی ڕاپۆڕتی سه‌ره‌تایی بۆ لێپرسراوه‌کان.
قۆناغی نه‌خشه‌کیشان؛ ئه‌م قۆناغه‌ خۆی له‌م چه‌ند مه‌یدانه‌دا ده‌دۆزێته‌وه‌؛
1.ده‌ست به‌کاربونی پرۆژه‌، که‌ ئه‌مه‌ش چه‌ندین شێوه‌وشێوازی هه‌یه.
2.ڕێکخراوی پرۆژه‌که‌ ، یانی چۆنیه‌تی ڕێکخراوبون و که‌سایه‌تیه‌کانی پرۆژه‌که‌ له‌ هه‌مو ده‌ورانه‌کانی دا، دیاره‌ ئه‌م ڕیکخراوبونه‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی له‌ که‌سی شایسته‌وه‌ بۆ شوێنی شایسته‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و که‌سه‌ تایبه‌تمه‌نده‌کان له‌ باری هونه‌ری و ته‌کنیکی کاره‌کانیان له‌ سنوری ڕێکخراوی پرۆژه‌دا ده‌خه‌نه‌ ڕو له‌گه‌ڵ نرخه‌کان و هه‌مو به‌های پرۆژه‌که‌ له‌ ده‌ورانه‌ جیاجیاکانی دا.
3.به‌ڕێوه‌بردنی ریسک، یانی هێنانی هه‌مو مجازه‌فه‌ته‌کانی پرۆژه‌که‌ بۆ سه‌ر نه‌خشه‌ و باس و لیکۆڵینه‌وه‌ و دیاریکردنی ئه‌گه‌ره‌کان و لێکۆڵینه‌وه‌و چاره‌سه‌ری گرفته‌کان و دانانی بودجه‌ و کاتی ی تایبه‌ت بۆ که‌م و زیادی کاره‌کان .
4.دیاریکردنی هێزه‌کانی لیکۆڵینه‌وه‌و شیته‌ڵ کردن بۆ پرۆژه‌که‌.
5.پێشنیاری یه‌که‌م بۆ پرۆژه‌که‌ له‌باری دیزاین وهه‌مو پێکهاته‌کانی.
6.به‌رنامه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ پرۆژه‌که‌دا.
7.پلانه‌کانی پرۆژه‌که‌ و پلانی ڕیسک (مجازه‌فه‌) و دیاریکردنی کۆنتراکتی پرۆژه‌که‌.
قۆناغی جێ به‌جێکردن؛ ئه‌م قۆناغه‌ دوای قۆناغی دیزاین دێت و پرۆژه‌که‌ هه‌مو به‌رنامه‌کانی یه‌کلا بۆته‌وه‌ و میکانیزمی کاره‌کانی په‌ره‌پێده‌درێت. و فازه‌کانی کاره‌کان و پلانه‌کان دیاری ده‌کرێن و پرۆژه‌که‌ به‌ ته‌واوی ده‌نوسرێته‌وه‌ و فۆرمی ئاڵوگۆڕه‌کانیشی بۆ ئاماده‌ده‌کرێت و له‌گه‌ڵ کارکردندا هه‌مو ئه‌و قۆناغانه‌ی پێشو تاقی ده‌کرێنه‌وه‌ یان (توتس) ده‌کرێن.
قۆناغی کۆتایی پرۆژه‌، له‌م قۆناغه‌دا پرۆژه‌که‌ کۆتایی دێت و خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌کانی ده‌نوسرێنه‌وه‌و چۆنیه‌تی فێربون له‌ پرۆژه‌که‌ ده‌نوسرێته‌وه‌ دواتریش هه‌ڵسه‌نگاندنی پرۆژه‌که‌ له‌ ئیڤالوه‌یشن دا ده‌نوسرینه‌وه‌و پرۆژه‌که‌ ته‌سلیم به‌ لێپرسراوان ده‌کرێت که‌ کاری تیا ده‌که‌ن یان په‌ره‌ی پیده‌ده‌ن و ئاگاداری ده‌که‌ن.
ئه‌مانه‌ هه‌مو له‌ بازنه‌یه‌کی به‌رده‌وام دان و هه‌رده‌م خۆیان دوباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌، هه‌روه‌کو له‌ پێشه‌وه وتمان هه‌مو قۆناغه‌کان به‌ بڕیاری گۆ/نۆ گۆ تێ ده‌په‌ڕن.
(سه‌رچاوه‌؛ Project management کۆڵێژه‌یه‌کی زانسته‌کانی ژینگه‌ له‌ زانکۆی گرینج-2007 )

لێپرسراویه‌تی پرۆسێسه‌کان؛
لێره‌دا باس له ڕۆڵی لێپرسراوان له‌ پرۆسیسه‌کان ده‌که‌ین وه‌کو چۆن سه‌ره‌تا وتمان ئێمه‌ چڕی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر پرۆژه‌ ستراتیژیه‌کان، لێره‌شدا ئه‌م پرۆژانه‌ تۆڕی به‌ڕێوه‌به‌رانی پێویسته‌.‌‌ هه‌روه‌ها کاریگه‌ری سیاسه‌ته‌کانی وڵات و سیاسه‌تی ده‌ره‌کی و ئه‌قلیمی له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌کی تریش ویسته‌کانی هه‌ریه‌ک له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و چۆنیه‌تی ڕۆل دیتنیان له‌ پرۆژه‌کاندا مه‌سه‌له‌کان گه‌شه‌ یان بۆ دواوه‌ ده‌به‌ن.
له‌ هه‌موی گرنگتر سیاسه‌تی به‌یه‌که‌وه‌کارکردن و هه‌مومان براوه‌ین و که‌س دۆڕاونیه‌ و ئامانجی پرۆژه‌ ئامانجی هه‌موانه‌ زۆرگرنگه‌ هه‌موان هه‌وڵی بۆ بده‌ن. دوایش کاریگه‌ر و ڕۆل دینتی ئه‌ندامان تیاندا به‌ گوێره‌ی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌ له‌ وه‌زعیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیاندا مه‌سه‌له‌کان یه‌کلا ده‌کاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئاکتۆر و فاکته‌ره‌کان مه‌سه‌له‌کان دیاری ده‌که‌ن. یان کێ زیاتر پیویستی به‌ سه‌رکه‌وتنی هه‌یه‌ و سیاسه‌ته‌کان له‌م باره‌وه‌ چیین.
دیاره‌ زۆر جۆره‌ دایه‌گرام هه‌یه‌ بۆ ڕیکخراوبونی پرۆژه‌ و چۆنیه‌تی کارکردن به‌ڵام له‌ هه‌موی زیاتر ئه‌م هێلکاریه‌یه‌ که‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌ینوسینه‌وه‌ که‌ زیاتر یه‌ک سینتراڵی هه‌یه‌ و به‌ شیوه‌یه‌کی هه‌ره‌می له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ده‌چێت و لێپرسراویه‌تیه‌کان له‌ بنکه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و دواتریش گروپی هه‌ڵسوڕێنه‌ران لێپرسراوی گشتیه‌؛



ئه‌م ‌هێلکاریه‌ جۆرێکه‌ له‌ چۆنیه‌تی ڕێکخراوبونی پرۆژه‌ و سێنتراڵی لێپرسراوبونی پرۆسێسه‌کان دیاری ده‌کات. دیاره‌ هه‌ر له‌ لێپرسراوانی خواره‌وه‌ تا هه‌مو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌مویان لێپرسراویه‌تیان هه‌یه‌ و هه‌ریه‌کیان به‌ گوێره‌ی تواناکانی له‌ ڕیکخراوبون دا ده‌بێت. (لێره‌دا ته‌نها وه‌ک نمونه‌ یه‌ک چه‌شن و لایه‌نی هێلکاری کێشراوه‌ چونکه‌ هه‌ر تیمێکیش ئه‌وا ڕێکخراوبونی خۆی هه‌یه‌_ دیاره‌ ڕێکخراوه‌کان به‌ گوێره‌ی پرۆژه‌کان ده‌گۆڕێن)، ئه‌م جۆره‌ به‌ هۆشیاریه‌وه‌ دیاریم کردوه‌ چونکه‌ سنترالیستی له‌ پرۆژه‌کان ده‌پاریزێت ئه‌مه‌ش گرنگترین مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ پرۆژه‌ ستراتیژیه‌کان و لێپرسراویه‌تی پرۆسێسه‌کان.

کارمه‌ندانی خواره‌وه‌و ته‌کنیکیه‌کان ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست و بازو کاره‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن که‌ خۆیان له‌ ژێر سه‌رۆکی تیم ده‌بیننه‌وه‌ ئه‌وا به‌ واقعی کارکه‌ری پرۆژه‌که‌ن و لێپرسراویه‌تی ته‌کنیکی و هونه‌ری له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌ستۆی سه‌رۆکی تیم و دوایش به‌ پله‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌چێت و ده‌گوزرێته‌وه‌ له‌ کۆتاییشدا گروپی هه‌ڵسوڕێنه‌ران که‌ له‌ تیمی به‌ڕێوه‌به‌ران و نێت ۆرکی (تۆڕی کاره‌کان) ئه‌وان پێک دێت. له‌ دوا هه‌نگاودا لێپرسراوانی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان و وه‌زیر و سه‌رۆک وه‌زیران لێپرسراوی ته‌واو هه‌ڵده‌گرن. 

دیاریکردن و ڕۆشه‌ن بونه‌وه‌ی ئه‌م لێپرسراویه‌تیه‌ کاریگه‌ری گرنگی له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتن و ژێرکه‌وتنی پرۆژه‌کان هه‌یه‌، چونکه‌ پرۆژه‌ ستراتیژیه‌کان گرفتی زۆریان هه‌یه‌ و ناڕۆشنی زۆر و ڕیکخراوبونێکی مه‌زن و پلانه‌کانی چڕ و هه‌مه‌لایه‌نن و کاتی زۆر و ئیمکاناتی زۆری ده‌وێت. هه‌ربۆیه‌ش یه‌کلاکردنه‌وه‌ی لێپرسراویه‌تی ئه‌همیه‌تی جدی هه‌یه‌.

پڕۆژه‌ چیه‌ و جۆره‌کانی کامانه‌نن؟
هه‌مو کارێکی تایبه‌تمه‌ند (ئونیک) که‌ ئاماجێکی گرنگ و مه‌قبوڵی هه‌یه‌ و له‌ کۆمه‌ڵگادا پێویستیه‌تی هه‌یه‌ و له‌ کۆنتراکتێكی‌ دیاریکراو‌ی هه‌یه‌ له‌ نیوان خاوه‌ن پرۆژه‌ و به‌ڕیوه‌به‌رانی پرۆژه‌دا، له‌ کاتیکی دیاریکراو ده‌بێ ئه‌نجام بدرێت و ڕێکخراوێکی تایبه‌تی هه‌یه‌ و به‌ مۆدێلی تایبه‌ت په‌ره‌پێده‌رێت و کاری پیده‌کرێت . مۆدێله‌که‌ش مۆدێلی (به‌زمانی هۆله‌ندی)
TIGKO مۆدێلی تیغکیۆ
Model (T: Tijd, I: Informatie ،G: Geld, K: Kwaliteit, O: Organisatie)
T: کات
I: زانیاریه‌کان
G: پاره‌ یان دراو، نرخ
K: چۆنایه‌تی
O: ڕێکخراو

ئه‌م مۆدێله‌ به‌ مۆدێلی چۆنایه‌تیه‌کان ناسراوه‌ و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گشت پرۆژه‌کان به‌کاردێت. ئه‌م مۆدێله‌ کۆنکریت بۆ پرۆژه‌ی جیاجیا و دیاریکراو به‌کاردێت.

هه‌مو پرۆژه‌یه‌ک کاتێکی دیاری کراوی بۆ فازه‌کانی خۆ ئاماده‌کردنی سه‌ره‌تایی و نه‌خشه‌کێشان و دیزاینی سه‌ره‌تایی و دزاینی کۆتایی و ده‌ست به‌کارکردن و فازه‌کانی جێ به‌جێ کردن و کۆتایی هاتنی پرۆژه‌ و ئینجا پاراستن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی پرۆسێسه‌کانی کۆتایی هه‌یه‌. بۆ ئه‌مه‌ش زانیاری و داتای جۆراوجۆر پێویستن دواتریش ئیمکاناتی ماددی پێویست و مادده‌ و پێداویسته‌کانی پرۆژه‌ دێن.
 
چۆنایه‌تی هه‌مو فازه‌کان و خودی کۆتایی و دروستی پرۆژه‌که‌ و پرۆسێسه‌کانی گرنگیه‌کی جدیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌ به‌ڕێوه‌بردن و گه‌شه‌ی کاره‌کاندا. ڕێکخراوی پرۆژه‌ و لێپرسراویه‌تی پرۆسێسه‌کان بۆ پرۆژه‌کان زۆر گرنگن و مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کین بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌کان و به‌رده‌وامیان. هاوسه‌نگی له‌ هه‌موشیاندا زامنی سه‌رکه‌وتنی پرۆژه‌کانه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها کاتێ ده‌بێت که‌ که‌سانی پسپۆر و به‌ ئه‌زمون دڵسۆز کاره‌کان ئه‌نجام بده‌ن و کۆنترۆڵی به‌رده‌وامی پرۆسیسه‌کان ده‌بێ هه‌بێت له‌ هه‌مو ده‌ورانه‌کاندا.

ئه‌م پێناسه‌یه‌ی پرۆژه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌؛
پرۆژه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ و سیفاتی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، ده‌کرێ و ده‌بێ به‌ پێوه‌ری تایبه‌تی بپێورێت و ئه‌نجامه‌که‌ی کۆنکریتیه‌ و ده‌بێ ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌ده‌ست بهێنێ که‌ بۆی له‌ هه‌مو قۆناغه‌کاندا دیاریکراوه‌. ئه‌م ئامانجه‌ یان ئامانجانه‌ قه‌بوڵکراوبێت له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگا و خاوه‌ن پرۆژه‌ و به‌ڕیوه‌به‌ری پرۆژه‌ واژوکرابێت.

جۆره‌کانی پرۆژه‌
پرۆژه‌کان چه‌ند جۆرن، له‌مانه‌؛
1.پرۆژه‌ ته‌کنیکیه‌کان
2.پرۆژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان
3.پرۆژه‌ تێکه‌ڵاوه‌کان
1. پرۆژه‌ ته‌کنیکیه‌کان؛ ئه‌وپرۆژانه‌ن که‌ بنه‌مای ته‌کنیکی ئینفراسته‌کجه‌ر پێکدێنن،پرۆژه‌کانی ئینفۆرماتیکا و ئۆتۆماتیسیۆن و هاتوچۆ و په‌یوه‌ندیه‌کان و پرۆژه‌کانی ئای تی سی (کۆمپیوته‌ر و داتاکان) و پرۆژه‌کانی به‌رگری و سوپایی و هێزه‌ ئه‌منیه‌کان و ناوه‌خۆ هتد.
2. پرۆژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، ئه‌وپرۆژانه‌ن که‌ که‌ڵتور و هونه‌ر و موزیک و گه‌شه‌دان به‌ ژینگه‌ و ده‌وروبه‌ر و مه‌سه‌له‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی شوێنی کاروژیان ده‌که‌ن.
3. پرۆژه‌ تێکه‌ڵاوه‌کان ؛ ئه‌وپرۆژانه‌ن که‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی پرۆژه‌کانی یه‌که‌م و دوه‌م پێکهاتون هه‌روه‌ها ئه‌و پرۆژانه‌ی که‌ په‌ره‌ به‌ پرۆژه‌ به‌رده‌وامه‌کان ده‌ده‌ن و چاکی ده‌که‌ن و نوێ ی ده‌که‌نه‌وه‌ یان چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێکخراوبون له‌ کۆمه‌ڵگا گه‌شه‌ پێده‌ده‌ن. 

هه‌روه‌ها په‌ره‌ به‌ خوێندن و خوێندنی باڵا و وه‌رزش و ته‌ندروستی کۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ن.

میسۆدی پرۆژه‌کان؛
بۆ هه‌مو پرۆژه‌کان میسۆده‌یه‌ی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ ده‌ست به‌کاربون به‌ کاره‌کان؛ خاڵه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی میسۆده‌که‌ ئه‌مانه‌ له‌خۆی ده‌گرێ؛
1.چڕی و خه‌ستی خستنه‌ سه‌ر ئه‌نجام، ئه‌نجام ده‌بێ هه‌رچۆنێ ببێ بپێکێنرێ.
2.کارکردن به‌ بزنس که‌یس (پلانی به‌شه‌کانی پرۆژه‌) وه‌کو بنه‌مای هه‌مو پرۆژه‌.
3.هه‌مو قۆناغه‌کان به‌ گۆ/نۆگۆ داده‌خرێن.
4.هه‌ڵسوڕانی پرۆژه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌بێت.
5.گه‌شه‌دان به‌ زانیاریه‌کان و پاراستنی زانیاریه‌کانی پرۆژه‌.
6. هه‌ڵسه‌نگاندنی پرۆژه‌ دوای ده‌ست به‌کاربون و نوسینه‌وه‌ی خاڵه‌ به‌هێزولاوازه‌کانی.

7.ته‌سلیمکردنی پرۆژه‌ به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌هه‌مو دۆکیومێنته‌کان و به‌رنامه‌ی په‌ره‌پیدان و گه‌شه‌ سه‌ندن و ئاگاداربون له‌ پرۆژه‌. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ کار به‌ مۆدێلی تایبه‌ت بکرێت، یه‌کێ له‌م مۆدێلانه‌ی خواره‌وه‌یه‌، به‌نمونه‌ کارکردن به‌ مۆدێلی؛
Model (Plan--- Doe -----Check ---- Act)
ئه‌م مۆدێله‌ له‌ هه‌مو پرۆژه‌ و کاره‌کانی ئۆپراسیۆن و تاکتیک و ستراتیژ به‌کاردێت. خۆی له‌ خۆیدا جۆرێکه‌ له‌ مۆدێلێکی ته‌واو ،سه‌ره‌تا کاره‌کان به‌ پلان دانان ده‌ست پێده‌کات، دوای به‌ جێبه‌جێکردنی پلان دواتریش کۆنترۆلی پلان و له‌ کۆتاییش هه‌مو پرۆسێسه‌کان لێکده‌درێنه‌وه‌. یانی چۆنیه‌تی کاره‌کان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا دوای به‌ڕێوه‌چون. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌نده‌ دوباره‌ بکرێنه‌وه‌ و مرۆڤه‌کان ناڕه‌حه‌ت بکات و ببێته‌ مۆدێلێکی پیرۆزو هه‌تاهه‌تایی، به‌ڵکو ده‌بێ به‌ زانستی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م مۆدێلانه‌ بکرێت. هه‌ر یه‌ک له‌مانه‌ لێپرسراوی پرۆسێسی خۆیش هه‌یه‌.
Plan:
پلان؛
سه‌ره‌تای هه‌مو کارێ به‌ پلان ده‌ست پێده‌کات،هه‌ر کارێ پلانێکی دروستی نه‌بێ ناکرێ کارێکی دروست بێت له هه‌مو مه‌یدانه‌کانی دا.
Doe:
یانی چۆنیه‌تی به‌ پراکتیک کردنی کاره‌کان و کارکردن بۆ جێبه‌جێکردنی پلان. ئه‌مه‌ له‌ واقعدا هه‌مو ناوه‌خنی پلان ده‌خاته‌ سه‌نگی محه‌ک و له‌ پراکتیکدا خه‌یاڵاوی پلان خۆی ئیسپات ده‌کات و له‌ هه‌مو حاله‌تێکدا که‌م پلان هه‌ن که‌م و زۆر کاری که‌م و زیاد یان نه‌بێت.
ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا دروستی پلان نیشان ده‌دات به‌ڵام نابێ جیاوازیه‌کان زۆربن. له‌ پرۆژه‌ گه‌وه‌ره‌کاندا به‌نمونه‌ له‌ سه‌دا 10ی بۆ داده‌نێن، ئه‌م سه‌دا 10 یه‌ بۆ ئه‌و که‌م و زیاده‌ی کاره‌یه‌ که‌ پێشبینی ده‌کرێت جیاوازی نێوان پراکتیک و تیۆری بێت که‌ به‌ نرخه‌ نه‌دیاره‌کان ناوده‌نرێن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کاری دیزاین ئاڵوگۆڕی پێکرا یان ئه‌گه‌ر فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کیه‌کان زۆر زۆربون ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌ی تایبه‌تن و به‌جیا لێکده‌درێنه‌وه‌.
Check:
ئه‌مه‌ یانی کۆنترۆلی ته‌واوی پلان و ڕاستکردنه‌وه‌ی پرۆسیسه‌کان که‌ له‌ مه‌یدانی جێ به‌جێکردنی پلاندا ڕوبه‌روی ده‌بینه‌وه‌. هه‌روه‌ها گۆڕینی ئاراسته‌کانی پرۆسێسه‌ خراپه‌کان و دیاریکردنی ئاراسته‌ی دروست بۆ ئه‌وه‌ی پلان به‌ چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی به‌پراکتیک بکرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پلان نادروسته‌یه‌کی هه‌بو یان له‌ کاته‌کانی خۆیدا به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشت ئیتر ده‌کرێ له‌ کاتی دروستدا ئاراسته‌ی دروستی بۆ دیاریبکرێت.
Act:
له‌ دوای کۆتایی پرۆژه‌کان و پلانه‌کانی ئینجا نۆره‌ی نواندنی پرۆژه‌ و پلانه‌کانه‌ به‌ خاوه‌ن پرۆژه‌که‌ و ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ مه‌سولیه‌تی کۆتاییان هه‌یه‌ و له‌سه‌ره‌تا کاره‌کانیان دیاری کردوه‌. هه‌ر لێره‌شدا چۆنیه‌تی به‌رده‌وامی و پاراستن و گه‌شه‌ی خودی پلان خۆی نیشان ده‌دات.
له‌ خواره‌وه‌ هێلکاری مۆدێله‌که‌ کێشراوه‌ و ئاراسته‌ی له‌ شیوه‌ی میلی کاتژمێره‌.

پرۆژه‌ ستراتیژه‌کان
 هه‌روه‌کو وتمان ئه‌و پرۆژانه‌ن که‌ داهاتی نه‌ته‌وه‌ییان له‌سه‌ر به‌نده‌ و بنه‌مای ئینفراسکچه‌رن و په‌ره‌ به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و قازانجی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ده‌ن و گه‌شه‌ به‌ کۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ن له‌ هه‌مو مه‌یدانه‌کاندا. ئه‌م پرۆژانه‌ ده‌بێ هه‌مه‌لایه‌ن و درێژخایان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت و هه‌مو لایه‌نه‌کانی دراسه‌ بکرێن و پلانیان بۆ دابنرێت و به‌ گوێره‌ی میسۆد و کارکردنی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆژه‌کان به‌ زانستی کاری بۆبکرێت و لێپرسراویه‌تیه‌کانی پرۆسیسه‌کان و ناوه‌ندی بڕیاردانیان دیار و به‌رچاوبێت. 

چۆنایه‌تی ئه‌م پرۆژانه‌ کۆنترۆڵێکی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆری هه‌یه‌ و له‌هه‌مو لایه‌نه‌کانی ده‌بێ کۆنترۆڵ بکرێت و زانیاریه‌کان بپارێزرین. له‌لایه‌کی تر گه‌شه‌دان و په‌ره‌دان به‌ پرۆژه‌کان و نوێکردنه‌وه‌و چاککردنی به‌رده‌وامی ده‌بێ هه‌بێت و لایه‌نی لێپرسراوه‌ له‌ پرۆسێسه‌کان ده‌بێ ئه‌م لێپرسراویه‌تیه‌ هه‌ڵبگرن و چاودێری کۆمه‌ڵایه‌تی کۆنترۆلی خۆی به‌سه‌ر هه‌بێت. هه‌ر جیاوازیه‌ک لێپرسراوان توشی لێپرسینه‌وه‌ ده‌کات و به‌سه‌رکه‌وتنی پرۆژه‌که‌ش شایانی خه‌ڵاتن له‌ چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی پرۆژه‌که‌. 

ماوه‌ بڵێین:
ده‌کرێ خوێنه‌ران هه‌ندێ بیر له‌ پرۆگرامی به‌ڕێوه‌بردن و لێپرسراویه‌تی پرۆسێسه‌کان و پرۆژه‌ ستراتیژیه‌کان له‌ کوردستان بکه‌نه‌وه‌ و به‌راوردێک له‌ نێوان زانست و واقع و ئه‌م میسۆد و جۆره‌کانی پرۆژه‌کان و وه‌زعیه‌ته‌ پراکتیکه‌کانی له‌ کوردستان بکه‌ن. ئینجا ده‌کرێ ببینین کاره‌کان چۆن ده‌چنه‌ ڕێوه‌ و ئامانجه‌کان و پلانه‌کانی پرۆژه‌کان و لێپرسراویه‌تی پرۆسێسه‌کان و چۆنیه‌تی دامه‌زراندن و گه‌شه‌دان به‌ ئینفراسته‌کچه‌ری وڵات به‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌و درێژخایان ده‌چێته‌ ڕێوه‌ یان زۆر دورن له‌ به‌رنامه‌ریزی و کارکردن به‌ زانستی‌. ئه‌مه‌ حوکم نیه‌ به‌ڵکو پرسیاره‌ و ده‌کرێ لێکۆڵینه‌وه‌ی دروستی بۆ بکرێت.‌ 


سه‌رچاوه‌کان؛
- Project management
کۆڵێژه‌یه‌کی زانسته‌کانی ژینگه‌ له‌ زانکۆی گرینج-2007 )
vitens project aanpak 2003-