Print WWW.SBEIY.COM
 گۆڕانی سەرۆک و گۆڕانی کۆمەڵگا
ئاسۆ حامدی
09/05/2013


لەم دواییانە لە کۆمەڵگای کوردستان دوبارە هەڵبژاردن بەردەرگای بە خەڵک دەگرێت، خەڵکی ئێستا دەزانن بۆ دەنگ دەدەن و دەنگ بە کێ دەدەن و نادەن، لەگەڵ هەندێ وەزعی ناچاری و زۆر و بەخۆشی و ناخۆشی و تەزویرو ...هتد. لە کۆمەڵگادا هەموی بۆگشت رونە.

سێبارە خۆکاندیدکردن و هەڵبژاردنەوەی سەرۆک بارزانی، بوەتە باسوخواسی زۆر لە خەڵکی کوردستان بە دۆست و لایەنگر و دژایەتی و هەڵدانەوەی مەسەلەی یاسایی و دەستور ...هتد.  ئایا دەستور دەستوری کۆمەڵگای کوردستانە یان دەستوری پارتی و یەکێتی؟ ئێستا چاکترین هەلە بۆ خەڵکی کوردستان داوای دەستورێکی مۆدێرن و سکولار بکەن و سود لە هەمو دەستوری وڵاتانی دونیا وەربگرن و مێژویەکی تر دروست بکەن. مردنی سەرجێگای سەرۆک تاڵەبانی هاوسەنگی سیاسی لە عێراق و کوردستان لەق کردوە، وەکو هەر مرۆڤێکی ئازاد دەبینم کە کاریگەری ئەم مرۆڤە لەم دەورانە بەڕونی دیارە. ئەگەرچی ژیانی سیاسی تاڵەبانی دوای جەڵتەی مێشک کۆتایی هات، وەکو مرۆڤێکی چالاک و بەردەوام، بەڵام بیرو هزری هەردەمێنن و ماوەیەکی تر دەخایەنێ و پەیوەندی بە سەرکردایەتی نوێی یەکێتیەوە هەیە. مردنی ئەو لە مردنی ئاسایی ناچێ و ناشکرێ بە ئاسایی سەیری بکەین. رابەرێکی بە ئەزمون و پراگماتیستی بوە. بۆ ئەمڕۆی نەتەوەی کورد خەسارەتێکی گەورەیە و هاوسەنگی سیاسی لە کوردستان دوای نەمانی یەکجاری جەستەی ئەو چاوەڕوانی گۆڕانی زۆری بەسەردادێ.

رۆڵی رابەر لە کۆمەڵگا زۆر گرنگە، رابەر دەتوانێ کۆمەڵگا دروست بکات و کۆمەڵگاش وێران بکات، بەڵام لەهەمان کات رابەر لە کۆمەڵگادا لەدایک دەبێت و پەروەردەدەبێت و کەلتورو ستراکتوری کۆمەڵگا و ئاستی ژیان و گوزەران لە باری ئابوری و سیاسی  توانا و رۆڵی رابەر و هەڵوێستەکانی دیاری دەکەن.

پەیوەندی تاکەکان بە کۆمەڵگا لە زانستدا لە چەند تەوەرەی سەرەکی دایە، تەوەرە سەرەکیەکان بریتین لە لایەنی ئابوری و جەرەیانە سیاسیەکان و لایەنی قەزایی و ئەو ژینگەی کە کۆمەڵگا تیادا ژیان بەسەر دەبات. رابەریش وەکو هەرتاکێ لەم پەیوەندیانە دایە وەکو هەر تاکێکی تر.

گۆڕانی ئەم هەلومەرجەی کە پیرۆزی بە رابەر دەدات و رابەر دەکات بە دوا خاڵ لە هەرەمی رێکخراوی و هێزی رەها یانی گۆڕانی کۆمەڵگا. ئەمەش یانی گۆڕان لە ستراکتور، کەلتور، خەڵک، سیستەمی بەڕیوەبردن و ستراتیژێ کە کۆمەڵگا بۆ ئاستێکی تر دەبات لەوەی هەیە. گۆڕان لە پێش مەرجەکان دەبێتە بەرەنجام و کار ئاسانی بۆ گۆڕانی سەرۆک یان رابەر.

مانەوەو رۆیشتنی بارزانی لەم دەورەیەی ژیانی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان گرنگیەکی حەیاتی هەیە، سەرەتایەکە بۆ ئەزمونێکی تر لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگا.

مانەوەی یانی بەردەوام بون بە وەزعی ئێستا و ئەم هەلومەرجە مێژویەی کە لە ئارادایە. ئەمەش یانی هەناسەی ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگا تەنگ دەکاتەوە، تەنانەت مانەوەی هەمان سیستەم بە رابەری ئەڵتەرناتیڤیش بێ ئەوە هێشتا هەنگاوێ بۆ گۆڕان و ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگادا دەکاتەوە و پیرۆزیەک لە کۆمەڵگا تا رادەیەک کۆتایی دێنێ.

رۆیشتنی سەرۆک بارزانی و ئەلتەرناتیڤی ئۆپۆزیسۆن بۆ سەرۆکایەتی و کە گریمانی سەرکەوتنی ئەوەندە زۆر نیە لەم هاوکێشە سیاسیە و هەلومەرجی سیاسیەی کە لە ئارادایە و پاکی هەڵبژاردن و سیستەمی کە بەڕێوەی دەبات، ئەوە کۆتایی تەواو بە سیستەمی تاکڕەوی دێنێ لە شکڵدا، یان کۆتایی بەم هزرە دێنێ کە دەسەڵاتی هەتاهەتایەی لە باوکەوە بۆ کوڕ ئیتر شانسی نیە لە کۆمەڵگا تەنها تواناکان و ئاستی خزمەتی مرۆڤەکان بە کۆمەڵگا و سەروەری یاسا هەیە، نەک میرات و میراتگەری. ئەگەرچی هەمو رابەران کورد لەم نێوەدا لەیەک دەچن.

ئێمە هەوڵدەدەین بۆ بەردەوامی و چاکسازی پێشمەرجەکان و لە هەمانکات دەمانەوێ ستراکتوری کۆمەڵگا رێچکەی زانستی وەربگرێ و رابەرێ، کە بتوانێ لە ئاستی پێویستی کۆمەڵگا بێت ببێتە سەرۆک. بەڵام ئەگەر ئەم پرسیارە کرا ئایا ئەم سەرۆکایەتیەی کە هەیە لە ئاستی ئێستای کۆمەڵگا نیە و نەبوە، من دەڵێم بەڵێ ئەگەر بە زانستی سەیری کۆمەڵگا بکەین لە گشتدا، بەڵام هەرکەس دەتوانێ بە جۆرێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە. بەڵام کە دەڵێم بەڵێ دەبێ بزانن بۆ؟

گۆڕانی سەرۆک و کۆمەڵگا پەیوەندیەکی بەهێزیان بەیەکەوە هەیە و تەواوکەری یەکترن. گۆڕان لە سەرۆک یانی گۆڕان لە کۆمەڵگا و خاڵێکی وەرچەرخان لە کۆمەڵگا. لە هەمانکاتیش گۆڕان لە کۆمەڵگا یانی گۆڕان بە ئاسانی لە رابەرایەتی لە کاتی پێویستدا، سەیری وڵاتانی دیموکراسی و پێشکەوتو بکەن.

بۆ ئەمڕۆی کوردستان ئەگەر ئەمجارە سەرۆک نە گۆڕدرا کە زۆرکەس لای وایە، کە فاکتەری بڕیاردان یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لە غیابی سەرۆکی تاڵەبانی، ئەوە وەکو هەمو مەسەلەکانی تر کە یەکێتی ئەمڕۆ بوەتە فاکتەری نێوان هێزی یەکەم و دوەم لە کوردستان و هەمان رۆڵی مێژوی هەیە، بەڵام ئەوانیش ئەمڕۆ تەنها سەیری قازانجی حیزبی دەکەن تا کۆمەڵگا، بە بڕوای زۆرینە ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی لەم دەورانە مێژویە لە قازانجی نەتەوەی کورد هەڵوێست بگرێ، بیرو هزری خۆسەپاندن و پاوانسازی و سەرکوت و هێز بەکارهێنان و ئازادی بیروباوەڕ گٶڕانیان بەسەردادێ و کەلتوری میراتگەری دەسەڵات سەرەتایی کۆتایی هاتنی دەست پێدەکات. بەڵام گومانم هەیە کە یەکێتی بیەوێ ئەم فاکتەرە بێت و توانای ئەم ئاڵوگۆرە مێژویەی بە تەنها هەبێت لە هاوکێشە سیاسیەی کۆمەڵگای کوردستان و عێراق و دەوڵەتە ئەقلیمیەکان و ئەنتەرناسیونال دا ئێستا هەیە لە غیابی تاڵەبانیدا، بەهیوام  لەم حوکمەم هەڵە بم و یەکێتی نیشتمانی بەم ئەرکە نەتەوەییە هەڵسێ.