Print WWW.SBEIY.COM
 هه‌روا ده‌زانم دوێنێیەی ئەرسەلان بایز و چەند وشەیەک!
ئاسۆ حامدی
15/08/2013
ئەمە ناونیشانی وتارێکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە لە یادی کۆچی شاعیری بەتوانای کورد شێرکۆ بێکەس.

من لێرەدا تەنها هەڵوەستەیەک لەسەر یەک رستەی کاک ئەرسەلان بایز دەکەم بە هیوام خوێنەری بەڕێز لەمڕوەوە با هەمو یادگاریەکانی سەرۆک پەرلەمان و دەسەڵات ببینێ و هەروا دەزانم دوێنێیەی باش و خراپ بەراورد بکات.

(تەواوی وتارەکەی کاک ئەرسەلان لە سایتی یەکێتی بڵاوکراوەتەوە)، کاک ئەرسەلان دوای ئەوەی زۆر جوان وەسفی شەوانی هاوینی کوردستان دەکات لە سەردەمی شاخدا و رۆڵی شیعرەکانی شێرکۆی نەوەی بیست و حەوت ساڵە و داری ئازادی ئەوە دەنوسێ؛

چه‌ند خۆشبو ئه‌و رۆژانه‌ سه‌رباری ئه‌و هه‌مو نه‌هامه‌تی و سه‌ختی ژیان و بێنانی بێئاوی و بێ به‌رگی، به‌ڵام بونی تۆ بونی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌، خۆڕاگری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، په‌ته‌كانی سێداره‌ كه‌ هه‌مو رۆژی له‌گه‌ردنی رۆڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی ئێمه‌دا شه‌رمه‌زار ده‌بون، (هێڵەکە من کێشاومە)

واقعەکە وابو ئەوکاتی کاک ئەرسەلان و هەمو ئەوانەی لەگەڵی بون ژیانیان سەخت و بێ ئاو و بێ نان و بەرگیش بون، ئێستا هەر ئەم مرۆڤانەی ئەوکاتە هەندێکیان ئەوانەی لە دەسەڵاتدان ئەوا بون بە سەرمایەداری زەبەلاح و خانو و باخ و ئۆتۆمبێلی دژی گولە و دەیان ریز پاسەوان و جارجارەش خەڵک بزر دەکەن و جارجارەش تەقە لە خەڵک دەکەن و ١٧ی شوباتمان لێ دەکەن بە خوێناوی و سامانی نیشتیمانی بۆ خۆیان گل دەدەنەوەو قۆرخی بازاڕ و دەسەڵات و مامەڵە بە چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگاوە دەکەن. ئەی ئەم مرۆڤە خەباتگێڕانە رۆژێ ئەوەیان بیر ناکەوێتەوە هەروەک کاک ئەرسەلان دەڵێ هەروا دەزانم دوێنێیە.

منیش بە کاک ئەرسەلان دەڵێم: هەروا دەزانم دوێنێیە ئەم دەسەڵاتەی ئەوان کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان یان دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمیان بەم دەردە برد، هەروا دەزانم دوێنێیە رێژوان لە خوێنی خۆی گەوزا کە تەمەنی ١٢ بەهار بو، سۆران و سەردەشت تەنها قەڵەمیان هەبو شاعیری بەتوانا و فەرهەنگی کورد شێرکۆ بێکەس جوان وەسفیان دەکات کوژران و دەسەڵات سیناریۆی گاڵتەجاڕی بۆ سەردەشت داڕشت دوای خۆیان هەڵیان وەشاندەوە، ئەی کاک ئەرسەلان ئێستا کێ لەبەرامبەر رۆڵە تێکۆشەرەکانی ئێمەدا شەرمەزاردەبێ.

منیش وا دەزانم دوێنێیە کە دەبەی ئاویان لە سەرۆک پەرلەمان دەگرت، هەروا دەزانم دوێنێیە سەرۆک ماوەی بۆ ٢ ساڵ درێژکرایەوە، یان نەوت و سامانی سروشتی کوردستان کەس نازانێ چی بەسەر دێت تەنها چەند کەسێ نەبن. منیش وا دەزانم دوێنێیە ... هەتا بنوسین تەواو نابێ.

خۆزگە کاک ئەرسەلان و ئەوانی تر ئەم مێژوە پڕ لە دەردو حەسرەت و بێ نان و ئاو و بەرگەیان تا سەر دەپاراست و هەر لەپێناوی خەڵکی کوردستان و لە پێناوی ئاواتەکانی کۆمەڵانی هەروا قوربانیان دەدا. وانەیەیان لە هەروا دەزانم دوێنێیەکە وەردەگرت نەک وەکو ئەوەی ئێستا هەیە.

شێرکۆ بێکەس بە ئاسودە و ویژدانەوە لە بەرەی گەلدا ماڵئاوایی کرد، تەنها رستەیەک بۆیادی بنوسم بەڕاستی شێرکۆ زمانێکی شعری پاراو و وێنەی شیعری جوان و موسیقایەکی خۆشت هەبو، تا دەورانێکی تریش وشەکانت لە دەرونی نەوەکاندا دەزرنگێتەوە وەکو داری ئازادی و بیست و حەوت ساڵە و ئەی مانگ کە شیعری فایق بێکەسی باوکت بون، یادت بە خێر.