|
کابینەی هەشت لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی ئاسۆ حامدی |
09/05/2014 |
لە وتارێکی تردا باسمان لە حکومەتی ئابوری کرد بۆ ئەم چوارساڵەی کوردستان، ئێستاش هەمان نەزەرم هەیە، حکومەتی بنکەفراوان ئارامیەک دەداتە کۆمەڵگا و هەمو هێزەکان و حیزبە سیاسیەکان هاوبەش دەبن لە حکومەتی کابینەی هەشتدا، بەڵام حکومەتێ دروست دەبێ کە ئۆپۆزسیۆن تێدا زۆر لاوازە یان هەر لە بارەی پراکتیکیەوە هەر نیە.
بە حکومی ئەوەی هێشتا کوردستان وڵاتێ نیە، دیموکراسی تیایدا وەکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەشەی نەکردوە، نەبونی فیدراسیۆنی کرێکاران و کارمەندان، یاسا تائێستا سەروەر نیە، دەستور نیە. حکومەتی دو زۆنی هەیە...هتد.
حیزبە سیاسیەکان ئەزمونێکی بەرینیان نیە لە ململانێی سیاسی و خزمەتکردن لەجیاتی هەژمونی سەربازی و چاوسورکردنەوە و تۆقاندن، ئەوا ئەم حیزبانە هەردەم بە هەمان کەلتوری سیاسی و رێکخراوەیی کاردەکەن.
گۆڕان هەرچەندە ئیدعای ئەوە بکات کار بۆ مەسەلە نەتەوەییەکان دەکات، لە واقعدا دەخزێتە هەمان کێشمەکێشی حیزبی لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بەکورتی گۆڕان ناتوانێ لە حکومەتێ بێ دو حیزب حیزبایەتی بکەن و ئەویش لە ئاوازێکی تر بخوێنی. ئەم وەزعە یان ئەوەتا گۆڕان دەبێ بە قاچێک لەناو حکومەت و بەقاچێک لەناو جەماوەر بێ یانی جەماوەری ناڕازی. ئەم شێوەیە لە کارکردنە لە هەندێ لە شارەوانیەکانی هۆلەندادا هەیە و زۆر ئاسایی بەنمونە بەڕێوەبەری بەشێ لە شارەوانی لە حیزبی ئۆپۆزسیۆنە و هەمو کارێکی بەدەستە، بەڵام ئەندامانی هەمان حیزب مانگرتن و خۆپیشاندان دژی کار و وەزعیەتی هەمان بەڕێوەبەر دەردەبڕن، بەڵام دیارە بەراوردی دیموکراسی لە وڵاتێکی وەکو هۆلەند و کوردستان ناکرێ بکرێ.
حیزبەکان لەم نێوەدا هاوبەشی بەڕێوەبردنێ دەکەن، دابەشی دەسەڵات دەکەن و لەم نێوەشدا هاوڵاتیان قوربانی سەرەکین. لێرە باس لە هاوڵاتیەکی ئاسایی دەکەین. حیزبەکان هەوڵدەدەن خۆیان لەنێو هەمو جومگەکانی دەسەڵاتدا پشکیان هەبێ ئەم پشک پشکیە دەبێتە سەرەتای سەرکوت و بردنی مافەکانی هاوڵاتیان.
لەلایەکی تر هاوکێشەی سیاسی لە کوردستان ئەمڕۆ بەم هەمو دیاردانەی هەیە، کەس و هیچ حیزبێ لە کوردستان دەسەڵاتی رەهای نیە. پارتی ناکرێ بەناوی حکومەتی کوردستان بەیان دەربکات و پەیوەندی دیپلۆماسی بکا و خەندەق لێدا و ...هتد. ئەو لە ناوچەی خۆی یەکەمی بێ رکابەرە، بەڵام لە زۆنی سەوز و نیللی مۆمەکە ئەوە سێیەم و چوارەمە. کەواتە لە ناوچەیەک دەسەڵاتدار و لە ناوچەیەکی تر قوربانی نەبونی ئازادی سیاسیین و سەرکوت دەکرێن. ئەمە بۆ زۆنەکەی تریش هەروایە لە زۆنی زەردا.
لە لایەکی تر لە ناوچە جێناکۆکەکان هەمو لایەک لە یەک تەرازودان و سونەکان و شیعەکان هەمویان دژایەتی کورد دەکەن لە بەغدا و ناوچەکانی تردا. لە نەینەوا زێرەڤانی و ئەندامانی یەکێتی بەیەک چاو تەماشا دەکرێن و تیرۆریان دەکەن.
هەمو حیزبەکان ئەگەر لە حکومەتی بنکەفراواندا هەڵوێستێکی نەتەوەیی یان بەرامبەر بە وڵاتانی ئەقلیم و حکومەتی بەناو فیدراڵی هەبێ ئەوە لایەنێکی پۆزەتیڤە لەم دەورانە مێژویەدا. هەروەها حکومەت و ختابی سیاسی کورد لە دەرەوە نمایندە بکات ئەوە ئەم کابینەیە ناسنامەیەکی نەتەوەیی و خەڵکی بە حکومەتی کوردستان دەدات و لایەنێکی گرنگە لەم دەورانەدا.
هەڵوێستی حکومەتی بنکەفراوان لەبارەی کوردەکانی باکور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات ئەگەر وەکو یەک کاربکەن ئەوە ئەمەش دەبێتە لایەنێکی تری پۆزەتیڤ و حکومەت لە هەڵوێستی داهاتویدا خزمەتێ بە نەتەوە دەکات نە بە لایەنەکانی تر. بەڵام هەروەکو وتمان ئەمە ئەرکێکی قورسە و بەتایبەت بۆ گۆڕان لەم دەورانە مێژویەدا و هەڵوێستی دژ بەیەکی پارتی و یەکێتیش لەم نێوەدا دیارە. بۆ ئەمە دەبێ نیەتێ هەبێ بۆ بەیەکەوە کارکردن و هەڵوێست گرتن.
تاکە وانە لێرەدا بۆ حیزبە سیاسیەکان هەر هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی دەنگدان نیە، بەڵکو کارکردن بۆ جەماوەری خەڵکە لەم نێوەدا چەندە کاری پێویست کراوە بۆ نەوەکان تا هەمویان لە ژێرسایەیدا هەست بە ئارامی بکەن و حکومەت بە حکومەتی خۆیان بزانن.
هێشتا درەنگ نیە بۆ وەلانانی لایەنە نێگەتیڤەکان و هاتنەسەر سکەی گەل و ئەوەی حکومەتێ بێ لەم چوارساڵەی داهاتو ئابوریەکی بەهێز لە کۆمەڵگا بینا بنێ و ببێتە سەرەتای بنیات نانی کۆمەڵگای بەرهەمهێن لە جیاتی کۆمەڵگای بەرخۆری و یەکدەنگی ختابی سیاسی کورد رو بەدەرەوە و کارکردن بۆ بیناسازی کۆمەڵگایەکی پشت بەخۆبەستو بە کەرەستەخاوەکان و ئیمکاناتی مرۆڤەکان کە سەرمایەی لەبن نەهاتون. هەر ئەگەر بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بە پراکتیک بکەنەوە ئەوە کوردستان دەبێ بە خۆشگوزەران ترن وڵات لە ناوچەکەدا. بەڵام ئایا نیەتێ هەیە بە پراکتیک بکرێنەوە یان هەر وشە بون و هیچیتر.
ئایا حیزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دەتوانن هەروا بە ئاسانی سوکانەکانیان بادەنەوەو لە گێڕێکی تر لێبخوڕن کە نامۆیە بە شەقامەکانیان و گۆڕانیش ئەم هێزەی نیە بتوانێ هەموان ئاراستە بکات. مێژو بە رۆیشتنی کات هەمو مەسەلەکانمان بۆ رون دەکاتەوە و گەلیش لە قوربانی دەبێتە خۆشگوزەران یان هەر بەقوربانی دەمێنێتەوە. من لەم دەورانە ئەوەی دوەمیان دەبینم. |
|
|