Print WWW.SBEIY.COM
 چارەنوسی نەتەوەکەمان
ئاسۆ حامدی
01/02/2015

هێرش و پەلاماردانی دوژمنانی گەل هەمەلایەنەن، لە کۆبانی تا جلەولا بە هەمو شێوەیەک هێرشی سەربازی دەکرێتەسەر گەلەکەمان، لە مهاباد و سنە و مەریوان و ورمێ ئەوا زیندانەکان ئارامترین شوێنن بۆ گەنجەکانی نەتەوەکەمان. لە دیاربەکر و سیرت و ئەرزنجانەوە هەر لاوانی گەلەکەمانن توشی ئازار و ئەشکەنجە دەبنەوە لە ئەستەمبۆلی شاری ناڕازیدا هەر لاوانی گەلەکەمان سەرکوت دەکرێن و دەنگەکانیان کپ دەکرێن. لە شێخ مەقسود و کۆبانییش تا بۆیان کرا خوێنی لاوانی گەلەکەمانیان فڕکرد، لە شەنگال و دەشتی نەینەواش ژن و منداڵانیان بردین و لە بازاڕی کۆیلەدا هەراجیان کرد. وڵات وەک بەدەنێ وایە بەردەوام خوێنی لێ دەچۆڕێ. ئەمانە وشەی خەیاڵی مرۆڤێک نین. بەڵکو ئەمە واقعی تاڵی نەتەوەکەمانە و بە پلانێکی دوژمنانە هێرش و پەلاماردان بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان دەکەن. لەبەرامبەر ئەم هەمو فشار و هێرشەدا چینە هەژارەکەی گەلەکەمان ئامادەیی قوربانی بەرزی هەیە و بەرگریەکی پاڵەوانانەی کردوە و دەکات. ئێمە خۆمان وا دروست بوین بەرگری بەرگری لە هەمو شتێ لە ناسنامە لە خاک لە هەژارونەداران لە لێقەوماوان و مەزلومان، گەلەکەمان بەرگەی هەموی دەگرێ. رۆژانە نەتەوەکەمان قوربانی دەدا، رۆژانە بە مرۆڤی ژن و پیاوەوە لەسەنگەری بەرگری دان، هیچی تر چاوەڕوانمان ناکات تەنها بەرگری و هێرشکردن نەبێ.

ئەم شەڕەی هەمو دوژمنان رونە، ئەویش داگیرکردنی وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی نەتەوەیی، دەیانەوێ دوبارە داگیرمان بکەنەوە و سەرکوتمان بکەن. ئێمە ئێستا یەکەمجار نیە قوربانی دەدەین، گەلەکەمان بەردەوام قوربانی داوە و دەدات تا ئازاد دەبێ. نەوە بەنەوە دەست بەدەست هەموان هاوبەشی ئەم ئازادیەمان کردوە و دەکەین.

شەڕی دوژمنان شەڕ دژی یەک حیزب و لایەن نیە، شەڕێکی کاولکاریە بۆ سەر هەمو نەتەوە هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی وڵاتی ئێمە بکەن بە رمبازی شەڕ و کاول و وێرانی بکەن، سەروەت و سامانی وڵاتمان تاڵان بکەن و وڵاتمان کاولبکەن.

گەلەکەمان لە هەمو لایەک هۆشیارە شەڕی نەتەوەیی دەکات و پشت بە لاوانی گەل هەمو سەنگەرەکان قایم دەکات. هیچ دوژمنێ ناتوانێ لەسەر قەندیل و زاگرۆس و ئەزمر و سەفین ئاڵا هەڵبدا ئەمە خەیاڵە بۆ ئەمڕۆ. ئەمەش قوربانی هەموانی دەوێ و گەل ئامادەیی هەیە.

چ پەیامەکان لە ئیمرەلی و قەندیلەوە بێ یان لەسەری رەش و دەباشان و سلێمانیەوە بێ یان لە کۆبانی و مەهاباد و سنە بێ، ئەمڕۆ نەتەوەکەمان لە هەوڵی یەکگرتویی و سەرکەوتنی گەلی هەژاردایە. هەموان دەڵێن نەخێر بۆ ژێردەستەیی و سەرکەوێ ئازادی و ئاشتی گەلان.

قوربانیەکان زۆرن و هەمەلایەنن، هێرشەکان زۆرن و هەمە لایەنن. بەڵام گەل لەگەشەدایە و خەون و خەیاڵی شاعیران نیە و نە هیچ، بەڵکو گەل داوای ئازادی دەکات و قوربانی بۆ دەدات. هەمو پەیامی خانەوادەی شەهیدان ئەوەیە لەسەر هەمان رێباز بەردەوام دەبین. ئەمە کەم نیە جا هەر بیروباوەڕێ بێ گرنگ نیە. گرنگ ئەوەیە خەڵک لە کوردستان داوای ئازادی و ئاشتی و بەیەکەوە ژیان و ژیانی سەربەرز دەکات. ئەمەش هێزی هەموان و قوربانی لە هەموان دەوێ. هەمو ئەندامانی گەل دەبێ ئامادەیی ئەوەیان هەبێ کە گەل لە شەڕدایە و حکومەت توشی شەڕ بوە دەبێ ئامادەیی بۆ ئەم وەزعە بکەن و نابێ بەرەی ناوەخۆ بێ هێز بکەن. دەبێ هەردەم بەرەی ناوەخۆمان توند و بەهێز بکەین لەگەڵ یەک گرفتمان هەیە بیروڕای جیا مان هەیە ئەوە مەسەلەیەکی نێو خۆی خۆمانە، بەڵام بەرامبەر بە دوژمنانی گەل ئەوە دەبێ هەموان لەیەک سەنگەر بین لە هەمو ئاستەکاندا.

دەبێ نەتەوەکەمان ئامادەیی بەرگری و پاراستنی دەسکەوتەکانی هەبێ. ئەگەر کەرکوک بکەوێ موچە مانایەکی نیە. ئەگەر هەولێر بکەوێ حکومەت مانایەکی نیە. ئەم شەڕە بۆ گەلی کوردستان شەڕێکی عادیلانەیە هەمومان دەبێ بەرگری لەم گەلە بکەین. ئەگەرنا دوبارە دەبینەوە ژێردەستە . ئەم هەمو قوربانی و خەباتەی چەندین ساڵەمان دەکاتە سفر، ژێردەستەیی و کۆیلەتی لە سفاتی بابوباپیرانی گەلی ئێمە نیە گەلەکەمان هەردەم لە زنجیرە چیاکاندا بە درێیژایی مێژو وەک سروشتی ناوچەکە ئازاد بون. نابێ و ناکرێ جارێکیتر کەرکوک لەژێر نیری حوکمی داگیرکەران بێ جا بەهەر نرخێ بێ. جگە لە هێرش و بەرگری چارەی ترمان نیە. هێزمان هەیە و حیزب و چەکدارمان هەیە ژن و پیاوانمان هەیە ئامادەیی هەمو قوربانیەکن. ناکرێ دەستبەرداری ئەو وڵاتە بین کە بەمیرات لە باپیرانمان ماوەتەوە. کەس قەبوڵی نیە داگیرکەر بێتەوە کەرکوک و هەولێر و سلێمانی چۆن دیاربەکریش قەبوڵی داگیرکەری ناکا جا سنە و مهابادیش بەهەمان شێوە. سیناریۆی رەش بۆ گەلەکەمان داڕێژرداوە، بۆئەوەی هەردەم سەرکوتمان بکەن و بڵێن ئێوە کەمینەن لە ناوچەکە. هەرگیز وڵات نەبونە و نابن بە وڵاتێکی باوەڕپێکراو ئەگەر ئەم قوربانی دانە هەبێ ئەگەر گەل ئازاد بێ هەموان ناچارن قەبوڵمان بکەن هیچ رێگەیەکی تریان نیە. گەلی هەژار و خانەوادەی شەهیدان شایانی خۆشگوزەرانی و ئازادین. وڵات سامانەکەی بەشی هەموان دەکات بۆ ئەم مەبەستەش رابەری دروستمان دەوێ.

روباری خوێن لەنێو وڵاتدا فوارەی دێ، بەڵام چارەنوسی گەل رۆشنە بە خوێنی ئەم لاوانە. لە مپەری ئازادی لە میزۆپۆتامیا بە خوێنی گەلی ئیمە رۆشەن دەبێتەوە، خوێنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی وڵات. ئەوانەی هیچ شک نابەن و قوربانی بۆ نەتەوە و وڵات دەدەن. نەوەکانتان بەرهەمی ئەم رەنجە دەدورێتەوە، چارەنوسی نەتەوە لە هەموان گرنگترە هەر بۆیەش روحی هێرش و بەرگری بەرزە بە هەمو بیروڕا جیاجیاکانیشەوە. ئەمەش ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی نەتەوە دەکات.