Print WWW.SBEIY.COM
 ماجه‌رای‌ هه‌ڵبژاردن لای‌ یه‌كێتی‌ و پارتی،‌ نمونه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان
رۆڤان سه‌روه‌ت
04/11/2013
 هه‌ڵبژاردن به‌یه‌كیك له‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ دیموكراسیه‌ت ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌دوای‌ ساڵی‌ 2005ه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌نمونه‌ بیهنێه‌وه‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ عێراق هه‌میشه‌ ئه‌وان له‌ ئێمه‌ پێشه‌نگتر بون له‌ پراكتیزه‌كردنی‌ ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییه،‌ له‌و به‌رواره‌ به‌دواوه‌ له‌ عێراق سه‌ره‌ڕای‌ ناكۆكی‌ نێوان هیزه‌كان له‌ شیعه‌ و سونه‌ و نێوان لایه‌نه‌كانی‌ تر و كێشه‌ ناوچه‌یه‌كان، له‌هه‌موی‌ گرنگتریش نه‌بونی‌ ئه‌من و ئاسایشێكی‌ به‌رقه‌رار، به‌ڵام عێراق سێجار ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ ئه‌نجام داوه ‌و ده‌ستاوده‌ستی‌ كردوه‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێه‌كان، به‌پێی‌ ئاماره‌كان زۆربه‌ی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق له‌ نێوان لایه‌نه‌كان گۆڕانكاری‌ پێكراوه.

له‌م كوردستانه‌ی‌ خۆمان كه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ته‌نها هه‌وایان دابه‌ش نه‌كردوه‌ و نه‌یان حیزباندوه،‌ له‌ 2005‌وه‌ یه‌ك هه‌ڵبژاردنیان كردوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان،  له‌دوای‌ هه‌ڵبژادرنه‌كه‌شه‌وه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكان بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ دانه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ دواخستن و پشتگۆی‌خستن و له‌كارخستن، دواتریش په‌كخستن و له‌باربردنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان.

چه‌ند رۆژێكه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و سه‌رۆكی‌ فراكسیونی‌ گۆڕان له‌و ئه‌نجومه‌نی‌، ئه‌م باسه‌یان ورژاند كه‌ ناكریت هێزیك له‌ڕوی‌ ده‌نگه‌وه‌ یه‌كه‌م بێت له‌ پارێزگایه‌ك و له ‌ئیداره‌دانیشی‌ هیچه‌م بێت.

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنن و به‌ڵام بەڕێوەبەری قوتابخانه‌یه‌ك نیه‌ یه‌كێتی‌ نه‌بێت.

دیاریكردنی‌ ئه‌م كاته‌ له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ گونجاوترین كاتبو، هه‌رچه‌ند ده‌بو پێشتر هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌سه‌ر بكرابایه‌، به‌ڵام نه‌ك ته‌نها سلێمانی‌، به‌ڵكو بۆ هه‌ولێر و دهۆكیش گرنگه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی‌ سلێمانیش حاڵی‌ حاز دو ئیداره‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌، كه‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان و راپه‌رین باسی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵەبحه‌ش هه‌یه‌.

وه‌كو گه‌رمیانیه‌ك زۆرترین قسه‌كانم رو له‌سنوری‌ گه‌رمیانە، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای‌ ئه‌زمونی‌ حوكمڕانی‌ ئه‌م ئیداره‌یه‌ بكه‌ین، ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزب و كادره‌كانی‌ بوه‌. ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان له‌دو قه‌زا پێكهاتوه‌ كه‌لار و كفری‌، به‌ڵام كه‌مترین پرۆژه‌ بۆ كفری‌ كراوه‌ له‌چاو شاره‌كانی‌ تر به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ دامه‌زراندن و بودجه‌ و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی‌ تری‌ ئاوه‌دانی‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌ و به‌رێوبه‌رێتی‌ و خودی‌ سه‌په‌رشتیاری‌ ئیداره‌كه‌ش به‌ ته‌زكیه‌ی‌ مه‌ڵبه‌ند دانراون كفریش فه‌رامۆش و له‌ بیركراوه‌.

ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ ئه‌م پرسه‌ زوتر و زیاتر گه‌نگه‌شه‌ بكرێت، چیدی‌ قبوڵ نه‌كرێت كه‌مینه‌یه‌ك حوكمی‌ زۆرینه‌ بكات، رێگاچاره‌كان به‌ گفتوگۆ و سازان و دانیشتن و مانگرتن و كه‌مپه‌ین و خۆپیشاندان و ئاگادار كردنه‌وه‌ی‌ كۆنسڵ و سه‌فاره‌ته‌كان و پارێزگاكانی‌ تری‌ عیراق، یاخود له‌ نزیكترین ده‌ره‌فت هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت، یان له‌ رێگه‌ی‌ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ میدیاكان و شیكردنه‌وه‌ی‌ بۆ خه‌ڵك زیاتر نمونه‌ی‌ گه‌رمیان كه‌ زۆرترین بیره‌ نه‌وتی‌ تیدایه‌، به‌ڵام كه‌مترین به‌ركه‌وت و خزمه‌تی‌ بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ بوه‌.