Print WWW.SBEIY.COM
 چه‌ند راستیه‌ك له‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان
عه‌بدوڵای‌ مه‌لا نوری
19/12/2012
یه‌كه‌م: كاتێك دور له‌ ویستی‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران و له‌سه‌ر داوای‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، ده‌نگدان كرا له‌سه‌ر تاكه‌ پاڵێوراوێك بۆ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافی‌ مرۆڤ، ده‌نگی‌ "زۆرینه‌" دژ بو.

وه‌ك له‌ تۆماری‌ ره‌نگی‌ و ده‌نگی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌ماندا بڵاوبوەته‌وه،‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ده‌ڵێت: "له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ موعارز (نه‌خێر) زۆربو ده‌نگدانه‌كه‌ دوباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌"، له‌و وته‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ده‌نگی‌ "زۆرینه‌" به‌دیهاتوه‌، واته‌ هیچ (گومانێك) نه‌ما كه‌ زۆرینه‌ دژه‌.

بۆیه‌ دوباره‌كردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگدان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشێلكردنی‌ خاڵی‌ (1)ی‌ مادده‌ی‌ (75)ی‌ په‌یڕه‌و بو، كه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر گومان له‌به‌دیهاتنی‌ زۆرینه‌ له‌ ده‌نگدان كرا، ده‌نگدانه‌كه‌ له‌شێوه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ناوی‌ ئه‌ندام دوباره‌ ده‌كرێته‌وه‌".

دوه‌م: كاتێك سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان سور بو له‌سه‌ر دوباره‌كردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگدان به‌شێوه‌ی‌ نایاسایی‌، كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن ره‌خنه‌ و كاردانه‌وه‌ی‌ جیاوازمان هه‌بو.

لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بۆی‌ هه‌یه‌ پۆلیس بۆ ناو هۆڵی‌ په‌رله‌مان بانگ بكات؟ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (59)ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان له‌ به‌رنامه‌ی‌ كار ده‌رچو، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بۆی‌ هه‌یه‌ ئه‌ندامه‌كه‌ ئاگادار بكاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ رێكوپێكی‌ دانیشتنه‌كه‌ بپارێزێ‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامه‌كه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بو ئه‌وا سه‌رۆك بۆی‌ هه‌یه‌ به‌ ده‌نگدان له‌ دانیشتنه‌كه‌ بێ‌ به‌شی‌ بكات، خۆ ئه‌گه‌ر بەشێوی‌ هه‌ر به‌رده‌وام بو ئه‌وا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ده‌توانێ‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان دوا بخات. واته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان نییه‌ پۆلیس بانگ بكات.

لێره‌دا خوێنه‌ری‌ به‌ڕێز حه‌قی‌ خۆیه‌تی‌ بپرسێت ئایا له ‌په‌رله‌ماندا چ شتێكی‌ نامۆ رویدا وای‌ له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كرد بانگی‌ پۆلیس بكات؟ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێموابو دوباره‌كردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگدان به‌ نایاسایی‌ لێدانه‌ له‌ شكۆی‌ په‌رله‌مان و بێڕێزیه‌ به‌ ده‌نگی‌ په‌رله‌مانتاران و به‌ نه‌نگیم زانی‌ كه‌سێك سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بێت كه‌ پێشێلی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ بكات.

نابێت ئه‌وه‌شمان بیربچێت ئه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ پێشێلكرد و پشێوی‌ دروستكرد خودی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بو، بەڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هێشتا وه‌كو پێویست له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی‌ په‌رله‌مان و خۆیان و په‌رله‌مانتاران نه‌گه‌یشتون، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ باوه‌ڕیان به‌ یاسا و بۆچونی‌ جیاواز و خه‌باتی‌ په‌رله‌مانی‌ نیه‌و هه‌میشه‌ له‌ خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌دان ده‌نگی‌ ناڕازی‌ كپ بكه‌ن، بیریان لای‌ هێزو سه‌ركوتكردنه‌.

سێیه‌م: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن هۆڵی‌ په‌رله‌مانی‌ جێهێشت، دو یاداشتی‌ بۆ رای‌ گشتی‌ بڵاوكرده‌وه‌، له‌ یاداشتی‌ دوه‌مدا كه‌ هی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵه‌، داوای‌ ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كرا، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێین ته‌نها خاڵێكی‌ ئه‌و یاداشته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ روداوه‌كانی‌ دوێنێوه‌ به‌ گشتی‌، خاڵه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌ڵقوڵاوی‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌ كه‌ پابه‌ند نه‌بوه‌ به‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ و به‌ڵێنه‌كانی‌ پێشوتری‌ خۆیه‌وه‌، كه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ سازانی‌ نیشتیمانی‌ و چالاككردنی‌ په‌رله‌مان دەركرد.

له‌ كۆتاییدا جێی‌ خۆیه‌تی‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆمانی‌ ئۆپۆزسیۆن بكه‌ین، ئایا دان به‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤدا ده‌نێین له‌كاتێكدا به‌ نایاسایی‌ متمانه‌ی‌ پێ‌ درا؟ ئایا بێ‌ ده‌نگ ده‌بین ئه‌و پێشێلكارییه‌ یاسایانه‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ په‌رله‌ماندا تێپه‌ڕێت؟ ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌ی‌ بۆ نه‌ڕۆینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه!