Print WWW.SBEIY.COM
 سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ئاگاتان له‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌!؟
عه‌بدوڵای‌ مه‌لا نوری
22/04/2013

به‌پێی‌ مادده‌ی‌ (8) له‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان (ماوه‌ی‌ په‌رله‌مان چوار ساڵه‌، له‌ یه‌كه‌م دانیشتنه‌وه‌ ده‌سپێده‌كات، به‌ دانیشتنی‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ چواره‌م دوایی‌ پێ دێت)، كه‌واته‌ به‌و پێیه‌ی‌ خولی‌ سێیه‌می‌ په‌رله‌مان له‌ 8/9/2009 یه‌كه‌م دانیشتنی‌ ئه‌نجام داوه‌، بۆیه‌ به‌ دانیشتنی‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ چواره‌م كه‌ ده‌كاته‌ 8/9/2013 ته‌مه‌نی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان كۆتایی‌ دێت.

 هه‌روه‌ها له‌ مادده‌ی‌ (4)ی‌ یاسای‌ ژماره‌ (1)ی‌ ساڵی‌ 2005ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمدا هاتوه‌ (ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ كات و ساتی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌درێت...) به‌مه‌ش ده‌بێت هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچن و پاش و پێش نه‌خرێن.

وه‌ك له‌ بڕگه‌ی‌ (2)ی‌ مادده‌ی‌ (1) یاسای‌ ژماره‌ (1) یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیشدا (هه‌مواركراوی‌ یه‌كه‌م 2006) هاتوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌ به‌ فه‌رمانێك واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان دیاری‌ بكات، به‌م شێوه‌یه‌ (ده‌ركردنی‌ فه‌رمانێك بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، دیاری‌ كردنی‌ واده‌كه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ 15 رۆژدا، له‌ به‌رواری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ یان به‌ لانی‌ كه‌م له‌ ماوه‌ی‌ شه‌ست رۆژ پێش كۆتایی‌ خولی‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ مه‌رجێك رۆژی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ شه‌ست رۆژی‌ دوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ یان شه‌ست رۆژی‌ پێش كۆتایی‌ خولی‌ هه‌ڵبژاردن ره‌ت نه‌كات).

سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ راگه‌یاندراوێكیدا له‌ به‌راوری‌ 18/4/2013، پشت به‌ستن به‌ هه‌ردو مادده‌ی‌ (4 له‌ یاسای‌ ژمار 1ی‌ ساڵی‌ 2005) و گوایه‌ (بڕگه‌ی‌ 2 له‌ مادده‌ی‌ 1ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ هه‌مواكراو 2006) كه‌ لای‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌قه‌كانیمان خستنه‌ڕو، به‌رواری‌ 21/9/2013ی‌ وه‌ك رۆژی‌ سازدانی‌ هه‌ردو هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دیاری‌ كرد.

 به‌مشێوه‌ ده‌بینین، له‌نێوان ئه‌و وادیه‌ی‌ كه‌ به‌پێی‌ یاسا پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت كه‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ ده‌كاته‌ 8/9/2013، ئه‌و واده‌یه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دیاری‌ كردوه‌ كه‌ 21/9/2013یه‌، لانی‌ كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كان 13 رۆژ پاشتر له‌ واده‌ی‌ یاسایی‌ ئه‌نجام ئه‌درێن، به‌مه‌ش هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ده‌زانین په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ به‌رده‌م دو رێیانێكدایه‌، یان ئه‌وه‌ته‌ پێشتر به‌بڕیارێك ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ درێژبكاته‌وه‌ یان ئه‌وه‌یه‌ بۆماوه‌ی‌ (13) رۆژ به‌لانی‌ كه‌م، بۆشیای‌ یاسایی‌ دروست ده‌بێت و هه‌رێمی‌ كوردستان بێ‌ په‌رله‌مان ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ویلایه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ 20/8/2013 كۆتایی‌ پێ‌ دێت، واته‌ ویلایه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم (19) رۆژ پێش په‌رله‌مان كۆتایی‌ پێ‌ دێت، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی‌ بۆشایی‌ یاسایی‌ له‌كاتی‌ نه‌بونی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدا دروست نه‌بێت، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان جێگه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم پڕ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ مادده‌ی‌ (15)ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمدا چاره‌سه‌ر كراوه‌ به‌م شێوه‌یه‌ (ئه‌گه‌ر پله‌وپایه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك چۆڵ بو، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانی‌ هه‌ڵده‌سوڕێنی‌ تا له‌ ماوه‌ی‌ 60 رۆژدا- له‌ رۆژی‌ چۆڵبونی‌ پله‌وپایه‌كه‌یه‌وه‌- سه‌رۆكێكی‌ نوێ‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ).

 لێردا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ له‌ 20/8/2013 وه‌ تا 8/9/2013 سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئه‌ركه‌ قانونیه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش راده‌په‌رێنێ‌، واته‌ هه‌م سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌م له‌ جێی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌، به‌ڵام له‌ دوای‌ 8/9/2013وه‌ ئیدی‌ واده‌ی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكه‌كه‌شی‌ كۆتایی‌ دێت، له‌م حاڵه‌شدا وڵاتێكی‌ بێ‌ په‌رله‌مان و بێ‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ناكرێت رو بدات ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك كاتژمێریش.

 ئه‌م واده‌ نایاسایی‌ و پڕ كێشه‌یه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دیاری‌ كردوه‌ له‌ كاتێكدایه‌:
یه‌كه‌م: وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ وتمان به‌پێی‌ مادده‌ی‌ (8)ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ده‌بێت تا 8/9/2013 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.
دوه‌م: سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌ مانگی‌ 12ی‌ 2012 دا، به‌ نوسراوی‌ فه‌رمی‌ داوای‌ له‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردوه‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری‌ بكات به‌ مه‌رجێك له‌ 8/9/2013 تێپه‌ڕ نه‌كات.
سێیه‌م: سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ به‌رواری‌ 8/4/2013 به‌ نوسراو داوای‌ له‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق كردوه‌، كه‌ پێویسته‌ ئاماده‌كاری‌ بۆ سازدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بكه‌ن به‌ مه‌رجێك له‌ 8/9/2013 تێپه‌ڕ نه‌كات.
چواره‌م: كۆمسیۆن به‌ فه‌رمی‌ له‌ به‌رواری‌ 16/4/2013 وڵامی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ داوه‌ته‌وه‌و ئاماده‌یی‌ خۆیان ده‌ربڕیوه‌، كه‌ له‌و واده‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن بكرێت كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم داوای‌ كردوه‌.
پێنجه‌م: وه‌ك له‌ بڕگه‌ی‌ (2)ی‌ مادده‌ی‌ (1) یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم (هه‌مواركراوی‌ یه‌كه‌م 2006) كه‌لای‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌قی‌ مادده‌كه‌مان داناوه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دراوه‌ له‌ یه‌ك رۆژه‌وه‌ تا شه‌ست رۆژ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ واده‌ی‌ یاسای‌ خۆی‌ پێش بخات، به‌ڵام به‌ هیچ جۆرێك ماف و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ نیه‌ بۆ یه‌ك رۆژیش دوایان بخات.

 به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌ یاساییه‌كان و خاڵه‌كانی‌ سه‌ره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له‌ هه‌مو حاڵه‌تێكدا نابێت ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژارنه‌كان له‌ 8/9/2013 تێپه‌ڕ بكات، به‌ڵكو بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم هه‌یه‌ له‌ رۆژێكه‌وه‌ بۆ شه‌ست رۆژ واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كان پێشبخات، مه‌به‌ستیش له‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌ت واده‌ی‌ یاساییان ته‌وابێت و شه‌رعیه‌ت له‌ ده‌ست بده‌ن و بۆشایی‌ یاسایی‌ دروست بێت، هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌ و په‌رله‌مان و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ تازه‌ جێگه‌یان بگرنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پرنسیپێكی‌ جێگیره‌ له‌ یاساكاری‌ و حكومڕانیدا.

 به‌ڵام وه‌ك له‌ نوسراوه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدا هاتوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رچاوی‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گرنگه‌ نه‌كراوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بازی‌ به‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌دا داوه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یاسا و لۆجیكه‌وه‌ واده‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ دیاری‌ كردوه‌.

 له‌مه‌دا هه‌ست ده‌كرێت هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌و بێ‌ بونی‌ پاساو، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویست بكات رێگه‌خۆش بكرێت بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، واته‌ هه‌ست ده‌كرێت دروستكردنی‌ بۆشایی‌ یاسایی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بكرێته‌ ده‌روازه‌و پاساوێك بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، ئه‌مه‌ش وه‌ك چۆن له‌ 13/5/2009 په‌رله‌مان به‌ بڕیاری‌ ژماره‌ (5) و بڕیاری‌ ژماره‌ (6) ته‌مه‌نی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و خۆی‌ درێژكرده‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌پرسین:
یه‌كه‌م: ئایا بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم 21/9/2013 وه‌ك واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كان دیاری‌ كردوه‌؟ بۆ واده‌یه‌كی‌ پێشتری‌ دیاری‌ نه‌كردوه‌، له‌ كاتێكدا قانون رێگه‌ی‌ پێده‌دات هه‌ڵبژاردنه‌كان پێش بخات نه‌ك پاشی‌ بخات؟ پاساوی‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ چیه‌؟
دوه‌م: له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ده‌پرسین ئایا رۆڵ و به‌رپرسیارێتی‌ ئێوه‌و په‌رله‌مان له‌به‌رده‌م ئه‌م فه‌رمانه‌ نایاسایه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم چییه‌؟ ئایا تاكه‌ی‌ بێده‌نگ ده‌بن له‌ یاسا شكێنی‌؟
سێیه‌م: ئایا قه‌رارێك هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هیچ كات هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی‌ خۆیدا نه‌كرێت؟ ئه‌گه‌ر له‌ رابردودا به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ و جێكه‌وته‌كانیه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و به‌ پاساوی‌ نه‌شیاو هه‌ڵبژادنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان دوا ده‌خرا، ئایا ئه‌م هاوكێشه‌ خراپه‌ كه‌ی‌ راست ده‌كه‌نه‌وه‌ تا كه‌ی‌ به‌ دوای‌ پاساودا ده‌گه‌ڕێن یان پاساو دروست‌ ده‌كه‌ن؟ ئه‌ی‌ له‌م دۆخه‌دا چ مانایه‌ك بۆ دیموكراسی‌ و سه‌روه‌ری‌ یاسا ده‌مێنێته‌وه‌؟

 له‌ كۆتایدا داواكارم له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، له‌ چوارچێوه‌ی‌ به‌رپرسیارێتی‌ نیشتیمانی و یاسایی‌ و له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی‌ مانای‌ راسته‌قینه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و رێز بۆ یاسا، په‌رله‌مانی‌ كوردستان دانیشتنێكی‌ تایبه‌ت به‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژارنه‌ گشتیه‌كان به‌ ئاماده‌بونی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئه‌نجام بدات بۆ دیاری‌ كردنی‌ واده‌یه‌ك كه‌ له‌ گه‌ڵ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مان و یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بێته‌وه‌.


تێبینی‌/ ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ك یاداشت له‌ به‌راورای‌ 21/4/2013، به‌ فه‌رمی‌ پێشكه‌شم به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كردوه‌.