Print WWW.SBEIY.COM
 بۆ بڕۆم بۆ ده‌نگدان؟
عه‌بدوڵای‌ مه‌لا نوری
30/08/2013
شاره‌زایانی‌ سیاسەت و ده‌ستوری‌ له‌سه‌ر پرسی‌ به‌شداریكردن و به‌شدارینه‌كردن له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان به‌ گشتی‌ دو رایان هه‌یه‌:

یه‌كه‌م: به‌شداریكردن وه‌ك ماف: لایه‌نگرانی‌ ئه‌م رایه‌ به‌شداریكردن یان به‌شدارینه‌كردن له‌ ده‌نگدان وه‌ك مافێكی‌ ئاسایی‌ تاك ده‌بینن و پێیان وایه‌ تاك ئازاده‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ڵك له‌و مافه‌ی‌ خۆی‌ وه‌رده‌گرێت یان نا، پێشیان وایه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌شداری‌ نه‌كات له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان نابێت له‌ڕوی‌ مادی و مه‌عنه‌ویه‌و سزا بدرێت و سه‌ركۆنه‌ بكرێت.

دوه‌م: به‌شداریكردن وه‌ك ئه‌رك: لایه‌نگرانی‌ ئه‌م رایه‌ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان وه‌ك ئه‌رك ده‌بینن: واته‌ لایه‌نگرانی‌ ئه‌م بۆچونه‌ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان به‌ ئه‌ركێكی‌ ئه‌خلاقی‌ و نیشتیمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و دینی‌ ده‌زانن. ئه‌مانه‌ پێیان وایه‌ ده‌نگدان رێگای‌ سه‌ره‌كیه‌ بۆ به‌شداری‌ سیاسی‌ تاك و ناڕاسته‌وخۆ رۆڵبینینه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ بڕیار وه‌رگرتن و پێشخستن و به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵات.

له‌ئێستادا كه‌ له‌ناو بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنداین پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌شداریكردنی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ده‌نگدان ئه‌ركه‌ یان ماف؟ ئێمه‌ رێگا به‌ خۆمان ناده‌ین بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بده‌ین و ماف و توانای‌ ئه‌وه‌شمان نیه‌!

بەڵام، هه‌موان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین هه‌رێمی‌ كوردستان له‌كۆمه‌ڵێك قه‌یرانێكی‌ قوڵدایه‌، بونیادی‌ سیاسیی‌ و سه‌قامگیری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌چێت، ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی‌ باڵای‌ حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداریش كه‌ خۆیان سودمه‌ندی‌ یه‌كه‌م و به‌رپرسی‌ یه‌كه‌من، دان به‌ مه‌ترسی‌ و خراپی‌ دۆخه‌كه‌دا ده‌نێن، ئاشكرایه‌ ئه‌مه‌یان له‌ نیاز پاكیه‌وه‌ نیه‌ هێنده‌ی‌ ده‌یانه‌وێت له‌م رێگه‌یه‌وه‌ كار بۆ ساردكردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان بكه‌ن تا بیر له‌ كاردانه‌وه‌و گۆڕانیان نه‌كه‌نه‌وه‌.

له‌مه‌دا وه‌ك چۆن زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م له‌ قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێم هاوڵاتیان و ئه‌و هێزو گروپانه‌یه‌ كه‌ له‌ خه‌می‌ ئێستاو ئاینده‌ی‌ وڵاتدان، دیسان گۆڕینی‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌ركی‌ ئه‌وانه‌، گۆڕینیش به‌دو رێگایه‌ یان رێگای‌ شه‌ڕو توندوتیژی‌ یان رێگای‌ دیموكراسی‌.

ده‌مێكه‌ هاوڵاتیان بڕیاریان داوه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن جارێكی‌ دیكه‌ ئه‌زمونی‌ په‌نابردنی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ بۆ شه‌ڕو توندوتیژی‌ دوباره‌ بێته‌وه‌... كه‌واته‌ تاكه‌ رێگه‌و دروستترین رێگه‌ بۆ گۆڕینی‌ دۆخی‌ خراپی‌ هه‌رێم رێگای‌ دیموكراسی‌ و به‌شداریكردنه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان.

هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سته‌مكارو گه‌نده‌ڵكار به‌وانه‌ی‌ لای‌ خۆشمانه‌وه‌ به‌ پلان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بێ‌ نرخ بكه‌ن، ئه‌و هه‌سته‌ لای‌ ده‌نگده‌ر دروست بكه‌ن كه‌ رۆیشتن و نه‌ڕۆیشتنیان بۆ سه‌ر سندوقی‌ هه‌ڵبژاردن هیچی‌ لێ‌ سه‌وز نابێت.

له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ‌ كه‌مترین ده‌نگده‌ر بڕۆنه‌ بۆ ده‌نگدان، چونكه‌ به‌شداری‌ كه‌مینه‌ی‌ هاوڵاتیان ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێنیت به‌ئاره‌زوی‌ خۆیان زۆرترین ته‌زویرو پێشێلكاری‌ یاسا بكه‌ن و یاری‌ به‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بكه‌ن و سود له‌و كارتانه‌ وه‌رگرن كه‌ به‌ سپێتی‌ ماونه‌ته‌وه‌و له‌ به‌رژوه‌ندی‌ خۆیان پڕیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ ساده‌یه‌ش بخه‌ینه‌وه‌ یادی‌ خۆمان كه‌ له‌ یه‌كه‌م خولی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌ماندا 100% كورسیه‌كانی‌ په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن پارتی‌ و یه‌كێتیه‌وه‌ پڕكرانه‌وه‌، بەڵام له‌خولی‌ سێیه‌می‌ په‌رله‌ماندا ئۆپۆزسیۆن توانی‌ ببێته‌ خاوه‌نی‌ 34 كورسی‌ له‌ په‌رله‌مانداو له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانیش كاریگه‌ری‌ خۆمان به‌جێهێشت، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ روبه‌ڕوی‌ به‌رزونزمی‌ و تاڵ و سوێری‌ ده‌بینه‌وه‌، بەڵام رێگای‌ دیموكراسی‌ و هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ به‌دیهێنانی‌ گۆڕانه‌...

بۆیه‌ منیش ده‌نگی‌ خۆم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ده‌نگی‌ ئه‌وانه‌ی‌ پێیانوایه‌ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان ئه‌ركه‌، ئێمه‌ كه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ له‌ بری‌ شه‌قام ده‌بێت شه‌ڕی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ هاوڵاتیان له‌ په‌رله‌مان بكرێت، كه‌واته‌ ده‌بێت به‌ گوڕوتینه‌وه‌ به‌شداری‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژادن بكه‌ین و وه‌كو جه‌ژن به‌ره‌و پیری‌ سندودقی‌ ده‌نگدان بڕۆین.

گۆڕان و به‌دیهێنانی‌ سیستمێكی‌ حكومڕانی‌ ته‌ندروست كه‌ هه‌موان له‌سایه‌یدا هه‌ست به‌ ئازادی‌ و رێز و پارستنی‌ سه‌روماڵمان بكه‌ین پێویستی‌ به‌پشو درێژی‌ هه‌یه‌...

بۆیه‌ باوه‌ڕم وایه‌: ئه‌گه‌ر جارێك دنگمان به‌ لیست و كاندیدێك داو به‌ڵێنه‌كانی‌ نه‌برده‌ سه‌ر، ئه‌گه‌ر بۆ جاری‌ دوه‌م لیست و كاندیدێكی‌ دیكه‌مان هه‌ڵبژاردو ئه‌ویش فێڵی‌ لێكردین، ئه‌گه‌ر چه‌ندین و چه‌ندین جاری‌ تریش رۆشتینه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان و لیست و كاندیده‌كانی‌ دیكه‌ش وه‌كو پێویست راستگۆ نه‌بون له‌ گه‌ڵمان، بەڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ بڕیارمانداوه‌ به‌ رێگای‌ دیموكراسی‌ و ئاشتیخوازانه‌ دادپه‌روه‌ری‌ به‌ دیبێنین و ژیانمان به‌ره‌و جوان و جوانتر بگۆڕین، كه‌واته‌ ته‌نها رێگا ئه‌وه‌یه‌ جارێكی‌ دیكه‌ وه‌ك یه‌كه‌م جار به‌ گوڕوتینه‌وه‌ بڕۆینه‌وه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان و شانس و ده‌رفه‌ت به‌ لیست و كه‌سێكی‌ دیكه‌ بده‌ین، به‌و هیوایه‌ی‌ راستگۆبێت له‌ گه‌ڵمان.