Print WWW.SBEIY.COM
 پەرلەمان دەبێت دو شت بکات
عه‌بدوڵای‌ مه‌لا نوری
15/01/2015

هەرێمى کوردستان لە قەیرانێکى گەورەى هەمەلایەندایەو رۆژ لە دواى رۆژ قەبارەى قەیرانەکان گەوەرە تر دەبێت، هێشتا حکومەتى هەرێمی پلانى پێویستى نیە بۆ چارەسەرکردنى لانى کەمى کێشەکان، بۆیە ئەرکى پەرلەمانى کوردستانە لەم کاتەدا رۆڵى راستەقینەى خۆى بگێڕێت و لانى کەم دو شت بکات، کە تا ئێستا نەیکردوە.

یەکەم: پێویستە هەرچى زوە سەرۆکى حکومەت بانگهێشتى پەرلەمان بکرێت و پرسیارى ئەوەى لێبکرێت کە ئایا چ پلانێکى هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکان، بۆ نمونە لە ماوەى یەک مانگدا نرخى نەوت لە 120 دۆلارەوە داشکاوە بۆ نزیکى 40 دۆلار، واتە دوو لە سەر سێى نرخ دابەزیەوە، ئەگەر هەیە زیاتریش دابەزێت، کەواتە دەبێت لە سەرۆکى حکومەت پرسیار بکرێت ئایا چۆن و بە چ رێگەیەک لە مانگەکانى داهاتودا خەرجیە قەبەکانى حکومەت دابین دەکات؟ واتە دەبێت بانگێشتى سەرۆکى حکومەت بۆ وتاردان و خۆهەڵکێشان نەبێت، بەڵکو بە دیاریکراوى بۆ ئەوە بێت پلانى حکومەتەکەى بخاتەڕو، پێویستە فەترەیەکى دیاریکراویش بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەى ئاشکرا بکات، دەبێت مانگانە پەرلەمان بە وردى چاودێرى جێبەجێکردنى ئەو پلانە بکات و تەنانەت دەکرێت تا ماوەیەکى دیاریکرو مانگانە لانى کەم یەکجار سەرۆکى حکومەت بانگى پەرلەمان بکرێت و پرسیارى ئەوەى لێبکرێت چەندى لە پلان و پرۆژەکەى جێبەجێکردوە؟ ناکرێت چیتر چارەنوسى هاوڵاتیانى ئەم وڵاتە بدرێتە دەستى قەدەر.

دوەم: پێویستە پەرلەمانى کوردستان لێرە بەدوا بەپێى خشتەیەکى گونجاو لانیکەم مانگانە بانگهێشتى (4) وەزیر بکات، لێپرسینەوەی جدیان لە گەڵ بکات، لە سەر پرۆژە و بەرنامەیان، لە سەر داهات و خەرجیان، لە سەر ئەوەى ئایا مانگ لە دواى مانگ چەند لە پرۆژەکانیان چوتە پێشەوەو کۆسپەکانى بەردەمیان چین؟ چەند توانیویانە بەهەدەردان کەمبکەنەوە. ئەمەشیان دیسانەوە بە موجامەلەوە خاترى خاترى ناکرێت، پێویستە داواى داتاو زانیارى وردیان لێبکرێت، پێویستە لە پەرلەماندا دۆخێکى وا دروستبکرێت وەزیرێک کە بانگى پەرلەمان کرا لەگەڵ گەڕانەوەى بۆ وەزارەتەکەى بیرى لاى ئەوەبێت کە لەداهاتویەکى نزیکدا دیسانەوە بانگ دەکرێتەوەو لێپرسینەوەى لەگەڵ دەکرێت.

بێگومان کارى حکومڕانى لەسەر بنەماى بەڵێن و متمانە بەڕێوە ناچێت، بۆ ئەوەى ئەم حکومەتە وردە وردە بخرێتە سەر رێچکەى راستەقێنەى خۆى دەبێت چاودێرى و لێپرسینەوەى جدى لە سەر بێت، ئەگەر لە فەتریەکى دیاریکراودا حکومەت بەشێکى گونجاو لە پلانى خۆى جێبەجێ نەکات، دەبێت پەرلەمان ئەو حکومەتە هەڵوەشێنێتەوە.

زۆرینەى خەڵکى کوردستان لە ناڕەحەتیدان، ئەگەر کار وا بڕوات ساڵدێت و دەڕواو کارێکى ئەوتۆ ناکرێت.