Print WWW.SBEIY.COM
 خەمەکانی بودجەی تەندروستی ساڵی ٢٠١٣
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
04/01/2013
خەمی یەکەم
یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی بودجەیەکی سەرکەتو، شیکردنەوەی ئەو ژمارە و داتایانە کە بودجەکە دەیانخاتەڕو. بودجەی پێشنیارکراوی ساڵی ٢٠١٣ەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک ئەوە ناکات، بەڵکو ساڵ بە ساڵ تەنانەت لە فۆرم و شکلیشدا بەرەو کۆڵەواری زیاتر دەچێت. ئەوەی بودجەی پێشنارکراو کردویەتی، خستنەڕوی کۆمەڵێک ژمارەی روتە. کێشەکە تەنها لەوێدا کۆتایی نایەت، بەڵکو لە زۆر شوێندا جێگۆرگێ بە ژمارەکان کراوە و شوێنەکانیان گۆڕاوە. بۆیە پێش ئەوەی دەست بە هەر کارێکی هەڵسەنگاندن بکەین دەبێت ئەوە بڵێن کە هەڵەنەکردن لە هەڵسەنگاندی بودجەکە نەکردەیە بەهۆی ئەو هەڵە زەق و سادانەی لە ژمارەکان و جێگاکانیاندا کراوە.

لەم زنجیرە وتارەدا تیشک دەخەینە سەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٣. لە چەند وتاری داهاتودا بودجەی وەزارەتی تەندروستی بە تەنها وەردەگرین و بەپێی بوار، بەراوردی دەکەین لەگەڵ بودجەی وەزارەتەکانی تردا.

1. وەزارەتێکی نادادپەروەر:
ئەگەر بە تەنها دەرئەنجامێکەوە لەم هەڵسەنگاندنەوە دەرچین و بە تاقە وشەیەک گوزارەشتی لێ بکەین، دەبێت ئەوە بێت کە وەزارەتی تەندروستی وەزارەتێکی تا سەر ئێسقان نادادپەروەرە لە دابەشکردنی داهاتی تەندروستیدا بە سەر پارێزگاکان و ناوەندی شارەکان و گوند و شارۆچکەکاندا. لەمەدا وەزارەتی تەندروستی بۆ ساڵی ٢٠١٣ەش هەمان ئەو هەڵە کوشندانە دوبارە و چەندبارە دەکاتەوە کە لە ساڵانی رابوردودا کراون. هەڵبەتە ئەم دەرئەنجامەی ئێمە سنوردارە بە پرۆژە پێشنارەکانی وەزارەتی تەندروستی و داتای لە جۆری دابەشکردنی هێزی کار و موچە و ئیمتیازات ناگرێتەوە.

ناوەندی شار و دەرەوەی شار:
بە تەنها تەماشاکردنی رێژەی ئەو پارەیەی کە بۆ ئەو پرۆژانە تەرخانکراون کە لە ناوەوەی شارن بە بەراورد بەوانەی کە لە دەرەوەی سەنتەری شارەکاندان، بۆت دەردەخات کە وەزارەتی تەندروستی لە چی بێ پلانی و نادادپەروەری و نەبونی دنیا بینی دورخایەندا دەژیت. زۆرێک لە شارەزاییان و چاودێرانی تەندروستی بەوانەی کە شارەزاییەکی ئەوتۆشیان لە سیستم و سیاسەتی تەندروستیدا نیە دەزانن کە یەكێک لە کێشە گەورەکانی سیستمەکە گرنگی نەدانە بە دەرەوەی شارەکان و شارۆچکەکان و ناحیە و گوندەکان. دەگمەنە لە کوردستاندا ناحییەک یا تەنانەت زۆرجار لە قەزایەکدا پزیشكی پسپۆر بدۆزیتەوە یا بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەی پێشکەوتو و دەوڵەمەند بە ئامێر و پەیداویستیە تەندروستیەکانی تر بدۆزیتەوە. لەکاتێکدا ئەو راستیە وەکو رۆژی نیوەڕۆ دیارە، کەچی وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە قوڵکردنەوەی ئەو کێشەیە و ئاڵۆزترکردنی و دواخستنی دۆزینەوەی چارەسەر بۆی. وێنەی ژمارە ١ بە رونی دەریدەخات کە وەزارەتی تەندروستی چی جیاوازییەکی کوشندە دەکات لە نێوان سەنتەری شارەکان و دەرەوەی شارەکاندا.

وێنەی ژمارە ١: دابەشکردنی بودجەی تەرخانکراو بە پێی ناوەند و دەرەوەی شار
 
وەکو لە وێنەکەدا دەردکەوێت لە کۆی ئەو بودجەیەی بۆ پرۆژە تەندروستیە پێشنیارکراوەکانی پارێزگای دهۆک تەرخانکراوە کەمتر لە ٢٠%ی بۆ دەرەوەی شار دەڕوات و زیاتر لە ٨٠% هەمو بودجەکە بۆ سەنتەری شاری دهۆک دابینرکراوە. لە پارێزگای هەولێریشدا، زیاتر لە ٧٠% کۆی بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو پارێزگایە بۆ ناوەندی پارێزگاکە تەرخانکراوە. لە پارێزگای سلێمانیش بە رێژەیەکی کەمترلە چاو پارێزگاکانی تر داهات بۆ پرۆژەکانی ناوەندی پارێزگاکە دابینکراوە، بەڵام لەمیشیاندا زیاد لە ٦٠% هەمو داهاتەکە بۆ ئەو پرۆژانە تەرخانکراوە کە لە ناوەندی پارێزگای سلێمانیدان.

هەڵبەتە ئەو پارەیەی کە بۆ پرۆژە پێشنیارکراوەکان تەرخانکراوە هەموی خەرج ناکرێت و بەشێکی لە گەندەڵی و ئیهمالی...هتد بەهەدەر دەڕوات. دیارە هیچ میکانیزمێکمان لە بەردەست نیە بۆ ئەوەی بۆمان دەرکەوێت، کە ئاخۆ ئەو بەهەدەردانە لە ناوەندی پارێزگاکاندا زیاترە یاخود لە دەرەوەی شارەکان. بۆیە هەرچەندە وێنەی ژمارە ١ بە بێ دودڵی ئەوە پیشان دەدات کە ناوەندی شارەکان پارەیەکی زیاتریان لە بودجەی حکومەتدا بەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر بەهەدەردان و گەندەڵی لە پێش چاو بگرین ئەوە رەنگە هاوکێشەکان وەکو ئەوە نەبن کە ئێستا لە بەرچاو دایە.

هۆکارگەلێکی زۆر دەشێت هەبن کە هەندێکیان بە ئاگاهیەوە پەرەپێبدرێن و هۆکاری تریش کە بێ ئاگایانە و لە ئەنجامی شارەزا نەبون و نەبونی پلاندا رودەدەن لە پشت ئەم نادەدپەروەریە کوشندەوەیە لە دابەشکردنی داهاتی تەندروستیدا. یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی کە لە کابینەی حەوتمەی وەزارەتی تەندروستی بە زەقی دەردەکەوێت، ئارەزوی ئەم وەزارەتەیە بۆ ئەوەی بە تایبەتی لە میدیاکاندا بە شێوازێک دەرکەوێت کە جیاوازبێت لەو وێنانەی لە رابوردو و (ئێستاشدا) بۆ وەزارەتەکە دەکێشرێت وەکو وەزارەتێکی نەخۆش و سەرنەکەوتو. بۆئەوەی زۆرترین چانسی پێکانی ئەو ئامانجەی هەبێت، کوێ لە ناوەندی شارەکانەوە نزیکترە لە میدیاکان؟ میدیا گرنگی زیاتر بە ناوەندی شارەکان دەدات و ئەوانەی دوایی ئەو شوێنانەن کە روداوی گەورە و گرنگیان تیا رودەدەن. بۆیە ئاساییە وەزارەتێکی وەکو تەندروستی بیر لەوە بکاتەوە کە زۆرترین پرۆژەکانی لە ناوەندی شارەکاندا جێبەجێبکات بۆ ئەوەی لە بەردەم زومی کامیراکاندا گەورە و چالاک دەرکەوێت.

بە دیوێکی تردا، چڕبونی پرۆژە تەندروستیەکان لە ناوەندی شارەکاندا، دەکرێت پەیوەندی بە نیشتەجێبونی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی خۆیانەوە هەبێت لە ناوەندی شارەکاندا. زۆربەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی بۆ خۆیان پزیشکی پسپۆرن و لە بەرژەوەندی خۆیاندایە کە لە ناوەندی شارەکاندا پرۆژە تەندروستیەکان پەرەپێبدەن، چونکە پێش ئەوەی هاوڵاتیان سود لەو پرۆژانە وەرگرن، پزیشکە پسپۆرەکانیش سودیان لێ وەردەگرن.
 
کۆمەڵێک هۆکاری تری سیاسی هەن کە ئێرە بواری ئەوە نیە بە درێژی باسیان بکەین، بەڵام ئاشکرایە کە ناوەندنی پارێزگاکان و سەنتەری شارەکان رۆڵێکی بەرچاو دەبینن لە هەڵکشان و داکشانی رادەی جەماوەریبونی حیزبێکی سیاسی یا ئەوی تر. بۆ نمونە ئەگەر ناوەندی پارێزگایەکی وەکو سلێمانی جوان و خاوێن و پێشکەوتو بێت ئەوا لەڕوی مەعنەوی و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا حیزبێکی سیاسی دیاریکراو سودی لێ وەردەگرێت و دەتوانێت وەکو نمونەی هەمو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مارکیتینی پێ بکات. هەمان هاوکێشەش بەسەر ناوەندی پارێزگای هەولێر یا دهۆکدا دەچەسپێ.

بە کورتی، لە کاتێکدا کە زۆرترین پەیداویستی تەندروستی لە دەرەوەی شارەکاندایە، وەزارەتی تەندروستی بەشی شێری بودجەی تەرخانکراوی خۆی بۆ پرۆژە تەندروستیەکان لە ناوەندی پارێزگاکان و سەنتەری شارەکاندا خەرج دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەگەلێکی وەکو هەڵبجە و گەرمیان و ناوچە سنوریەکانی تر، لە ئەوپەڕی پەیداویستیدان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی تەندروستی.

نادادپەروەری لەنێوان پارێزگاکاندا:
وەکو چۆن نادادپەروەریەکی کوشندە هەیە لە نێوان شارەکان و دەرەوەی شارەکاندا، بە هەمان شێوەش بێ پلانی و نادادپەروەریەکی قوڵتر لە نێوان پارێزگاکاندا هەیە. وەکو لە وێنەی ژمارە ٢ دا دەردەکەوێت، دابەشکردنی بودجەی تەندروستی بەسەر پارێزگاکاندا لە دۆخێکی عاجیباتی دایە و پێ ناچێت هیچ هاوکێشە و لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەیەکی عەقلانی بتوانێت بیانو بۆ ئەم جۆرە دابەشکردنە بدۆزێتەوە. رەنگە وەزارەتی تەندروستی و بەرپرسەکانی بیانو و لێکدانەوە و هەنجەتی خۆیان هەبێت، بەڵام لە رواڵەتدا لە هەڕەمەکی و بێ پلانی و سەرلێشوان زیاتر ناکرێت بە هیج جۆرێکی تر لێکدانەوە بۆ ئەم دۆخە بکرێت کە لە وێنەی ژمارە ٢ دا دەردەکەوێت.

وێنەی ژمارە ٢: دابەشکردنی داهاتی پرۆژە پێشنیارکراوەکانی تەندروستی بەسەر پارێزگاکاندا
 
ئەم دابەشکردنەی وەزارەتی تەندروستی بۆ داهاتەکەی کردویەتی لە نێوان پارێزگاکاندا، وەکو لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، هیچ لێکدانەوێکی زانستی و مەنتیقی هەڵناگرێت. دابەشکردنی داهاتی تەندروستی بەسەر کۆمەڵێک ناوچەی جیاجیادا بەپێی چەند پێوەرێکی دیاریکراو دەکرێت. یەکێک لە سادەترین ئەو پێوەرانە ژمارەی دانیشتوانی ناوچە و پارێزگا جیاجیاکانە. راستە یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستان دەشێت ژمارەی دانیشتوانەکەی لەوی تر زیاتر بێت، بەڵام جیاوازی ژمارەی دانیشتوان بە شێوەیەکی ئەوتۆ نیە کە بواربدات بەم شێوازەی لە وێنەکەدا هاتوە نایەکسانی لە دابەشکردنی داهاتدا بکرێت.

هاوکات، ژمارەی دانیشتوان بە تەنها بەس نیە وەکو پێوەرێک بۆ ئەژماردنی ئەو بڕە داهاتەی کە ناوچەیەک یا پارێزگایەک بەری دەکەوێت. لە راستیدا، ژمارەی دانیشتوان سادەترین و کۆنترین و تەنانەت هەندێ جاریش بیکەڵکترین پێوەرە. چونکە ئەوە تەنها ژمارەی کەسەکان نیە کە پەیداویستیە تەندروستیەکان دەستنیشان دەکات، بەڵکو لە هەمان کاتدا رێژەی نەخۆشی و تەندروستی و تەمەن و جێندەر و جگەرەخواردن و وەرزشکردن و خواردنی تەندروست...هتد کۆمەڵە فاکتەرێکن کە پێکەوە ئاستی پەیداویستی گروپێک، کۆمەڵگایەک، پارێزگایەک...هتد دەستنیشنان دەکەن. لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا، هەر یەکێک لەو پێوەرانە ژمارەیەکیان دەدرێتێ و لە هاوکێشەیەکدا بەکاردەهێنرێن بۆ ئەژمارکردنی پەیداویستی ژمارەیەکی دیاریکراوی هاوڵاتیان کە دانیشتوی گەڕەکێک یاخود شارێکن. ئەوەی لە کوردستاندا رودەدات و لە وێنەکەدا بە زەقی دیارە ئەوەیە کە ئێمە تەنانەت شکستمان هێناوە لەوەی سادەترین پێوەریش کە ژمارەی دانیشتوانی ناوچەیەک یا پارێزگایەکە بەکاربهێنین بۆ ئەوەی رێژەی پەیداویستی ئەو ناوچەیە لە خزمەتی تەندروستی و دواتر لە پرۆژە و داهاتەکاندا دەستنیشانبکەین.

هەڵبەتە هەنجەتێکی تر جگە لە فاکتەری سیاسی نادۆزینەوە بۆ لێکدانەوەی ئەم جۆرە لە دابەشکردنە. لە راستیدا تەماشایەکی سەرپێی وەزارەتەکانی تریش هەمان دۆخی وەزارەتی تەندروستی دەردەخات. بە مانایەکی تر ئەو وەزارەتانەی کە لە لایەن حیزبێکی سیاسی دیاریکراوەوە بەڕیوەدەبرێن و وەزیرەکە لەو حیزبەیە، زۆرترین داهات بۆ ئەو ناوچانە تەرخانکراوە کە یا وەزیرکە خەڵکی ئەوێیە یاخود حیزبەکە لەو شوێنەدا باڵادەستە. ئەگەر ئەم دۆخە بۆ وەزارەتەکانی تریش راست بێت و تەنها فاکتەر بێت لە لێکدانەوەی ئەو دابەشکردنە نالۆژیکەیەی لە وێنەکەدا دەرکەوتوە، ئەوا ئەوە یەکێکە لە هەرە کوشندەترین ئەو حاڵەتانەی کە دەشێت توشی کۆمەڵگایەک ببێتەوە.

لە بەشەکانی داهاتودا وردتر تیشک دەخەینە سەر پرۆژەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەراوردێک دەکەین لەنێوان پرۆژە پێشنیارەکراوەکانی ساڵی ٢٠١٣ و ساڵانی پێشودا.