Print WWW.SBEIY.COM
 ترس له‌ قبوڵ نه‌كردنی‌ ئه‌نجامه‌كان
سیروان ره‌شید
25/05/2009

بۆ من جێگای‌ خۆشحاڵییه‌ كه‌ ده‌بینم ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ سێیه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو لیست، كێبڕكێ‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن  و هیوایه‌ك دروستبوه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ واقیعه‌ سیاسییه‌ چه‌قبه‌ستوه‌كه‌ی‌ كوردستان ده‌گۆڕێت.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كێبڕكێی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌نێوان لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی و لیستی‌ گۆڕان ده‌بێت، هه‌روه‌ك ناشبێت رۆڵی‌ لیستی‌ چوار حیزبه‌كه‌ له‌م ململانێیه‌دا نادیده‌بگیرێت كه‌ خاوه‌نی‌ رێژه‌یه‌كی‌ باش له‌ ده‌نگه‌كانن‌و توانای‌ بردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك كورسیان هه‌یه‌.
 
نه‌وشیروان مسته‌فا بڕیارێكی‌ ژیرانه‌‌و مێژویی دا كه‌ لیستی‌ جیاوازی‌ پێكهێناو ته‌كانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ گۆمی‌ مه‌نگی‌ سیاسیی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دا، كه‌ پێموانییه‌ هیچ كه‌سێك هه‌بێت لاریی‌ له‌وه‌بێت ئه‌م قۆناغه‌ی‌ ژیانی‌ سیاسی‌‌و ئیداریی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، پێویستی‌ به‌ چاكسازیی‌‌و گۆڕانه‌.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌كۆی‌ (4,403,207) هاوڵاتی‌ دانیشتوی‌ هه‌رێم، له‌ سلێمانی‌ (1,58,189) كه‌س، له‌ هه‌ولێر (898735) كه‌س، له‌ دهۆك (561849) كه‌س مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌، كه‌ سه‌رجه‌می‌ ده‌نگده‌ران ده‌كاته‌ (2,518,773) كه‌س.

به‌پێی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مجاره‌ له‌كۆی‌ (111) كورسییه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان، (11) كورسی‌ وه‌ك سیستمی‌ كۆتا بۆ پێكهاته‌كانی‌ توركمان‌و مه‌سیحی‌‌و ئه‌رمه‌ن دابینكراوه‌، بۆ هه‌ر یه‌ك كورسی‌ په‌رله‌مانیش (22) هه‌زارو (500) ده‌نگی‌ بۆ خه‌مڵێنراوه‌، به‌و پێودانگه‌ش هاوڵاتییانی‌ توركمان‌و مه‌سیحی‌‌و ئه‌رمه‌ن ده‌نگ به‌ لیستی‌ پێكهاته‌كانی‌ خۆیان ده‌ده‌ن، (100) كورسییه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ په‌رله‌مان لیسته‌ كوردییه‌كان كێبڕكێ‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ كورسییه‌كان به‌سه‌ر پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆكدا به‌شده‌بێت:
سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ (46) كورسی‌، پارێزگای‌ هه‌ولێرو دهۆكیش (54) كورسی‌ به‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ له‌كۆی‌ (1) ملیۆن‌و (460) هه‌زارو (584) ده‌نگده‌ری‌ سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێرو دهۆك، (247) هه‌زارو (500) ده‌نگی‌ بۆ ده‌نگده‌رانی‌ مه‌سیحی‌‌و توركمان‌و ئه‌رمه‌نه‌كانی‌ هه‌ولێرو دهۆك ده‌ڕوات، كه‌ وه‌ك سیستمی‌ كۆتاكه‌ بۆیان دانراوه‌، به‌ومانایه‌ی‌ ده‌نگده‌رانی‌ سنوری‌ هه‌ولێرو دهۆك بۆ لیسته‌ كوردییه‌كان ده‌كاته‌ (1) ملیۆن‌و (213) هه‌زارو (84) ده‌نگ.

گره‌وی‌ گه‌وره‌ی‌ لیسته‌كه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی‌ ژماره‌یه‌ك كورسیی پارێزگای‌ هه‌ولێرو دهۆكه‌، چونكه‌ وه‌ك پێشبینی‌ ده‌كرێت لیستی‌ گۆڕان له‌ سلێمانی ژماره‌یه‌كی‌ باش ده‌نگ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌ڵسوڕاوانی‌ لیستی‌ گۆڕان هێنده‌ لایان رونه‌ كه‌ له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا لیسته‌كه‌یان زۆرینه‌ی‌ ده‌نگه‌كان ده‌باته‌وه‌ و به‌ڕاده‌یه‌ك گه‌شبینن كه‌ ده‌ڵێن: پێویست ناكات له‌ سلێمانی‌ باس له‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م بكه‌ین، به‌ڵكو واباشتره‌ باس له‌ براوه‌ی‌ دوه‌م بكه‌ین كێیه‌؟

هه‌ندێكجار هه‌ڵبژاردن موفاجه‌ئه‌ی‌ سه‌یر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، كه‌ ده‌بێت پێشبینی‌ ئه‌وه‌ بكرێت ره‌نگه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هیچ لیستێك نه‌توانێت زۆرینه‌ی‌ ره‌های‌ كورسییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت (50+1).

كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ له‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی‌ هیچ جۆره‌ سیستمێكی‌ سیاسیی‌ حوكمڕانی‌ نییه‌، داموده‌زگای‌ ده‌وڵه‌تی‌ نییه‌و حیزب‌و حكومه‌ت له‌یه‌ك جیانه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ دنیادا بێوێنه‌یه‌و له‌ ناوچه‌كه‌شدا ته‌نیا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و رژێمی‌ به‌عسی‌ سوریادا به‌رقه‌راره‌، بۆیه‌ مرۆڤ ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌خۆی‌ بهێنێت كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ سه‌ركه‌وتنی‌ لیستی‌ گۆڕان‌و چوار حیزبه‌كه‌دا، لیستی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ دۆڕان قبوڵ‌ بكه‌ن؟ ئایا ئه‌م دو هێزه‌ ئاماده‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌بن كلیلی‌ ده‌رگای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ته‌سلیمی‌ لیسته‌ براوه‌كان بكه‌ن؟!!