Print WWW.SBEIY.COM
 كڵۆڵی‌ دیبلۆماسیه‌تی‌ كوردی‌
سیروان ره‌شید
08/11/2007



پارتی‌ و یه‌كێتی‌، به‌درێژای‌ 15ساڵی‌ حوكمڕانییان نه‌یانتوانیووه‌ وه‌كو حكومه‌تێكی‌ موئه‌سه‌ساتی‌ كاربكه‌ن و له‌ هه‌ڵوێسته‌ ده‌ره‌كیه‌كانیدا دیبلۆماسییانه‌ بدوێن، به‌ڵكو هه‌موو كات دیبلۆماسییه‌تیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبی‌ به‌كارهێناوه‌.
له‌ وه‌ته‌ی‌ توركیا له‌ 17ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ رابردووه‌وه‌ بڕیاری‌ له‌شكركێشی‌ بۆ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داوه‌، لێدوانه‌ سه‌یر و دژه‌كانی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم هێنده‌ سه‌رسوڕهێنه‌رن ناچنه‌ قاڵبی‌ بنه‌ما دیبلۆماسیه‌كانه‌وه‌.

خیتابی‌ كوردی‌ به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ توركیا ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موكات زیاتر پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی‌ به‌دووربگرێت له‌ زمانی‌ زه‌بر و زه‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌، له‌ هه‌فته‌ی‌ رابردووه‌وه‌ به‌هۆی‌ لێدوانی‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازیی‌ توركیاوه‌ دژ به‌هه‌رێمی‌ كوردستان و لێدوانی‌ توندی‌ ناو به‌ناوه‌ی‌ بارزانی‌ و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و به‌رپرسانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم، خه‌ریكه‌ شه‌ڕی‌ ساردی‌ داسه‌پاوی‌ چه‌ند ساڵه‌ی‌ توركیا به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌كێشه‌ی‌ نێوان بارزانی‌ و توركیادا چڕببێته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ به‌و ئاقاره‌دا بڕوات و كێشه‌كه‌ ره‌هه‌ندی‌ فراوانی‌ كوردستانییانه‌ وه‌رنه‌گرێت زه‌ره‌رمه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ ئێمه‌ ده‌بین، چونكه‌ كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ شوناسی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ هه‌موو كورده‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌سه‌ره‌تای‌ به‌هاری‌ ئه‌مساڵدا بوو توركیا رازی‌ بوو دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌نجامبدات، ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ مابوو وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پێشوو عه‌بدوڵا گویل، كات و رۆژی‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ ده‌ستنیشان بكات، به‌ڵام لێدوانه‌كانی‌ بارزانی‌، له‌ كه‌ناڵی‌ ئه‌لعه‌ره‌بیه‌وه‌ گفتوگۆكانی‌ په‌كخست!.

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌وه‌ ئێستا تووشی‌ ئیحراجیه‌كی‌ زۆر بووه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆندا، چاودێرانی‌ سیاسی‌ له‌و بڕوایه‌دان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌وه‌ جۆرێك له‌ شپرزه‌ی‌ و ناڕۆشنی‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ هه‌رێم و به‌رپرسانی‌ كورد به‌دی‌ ده‌كرێت به‌ بێئه‌وه‌ی‌ بزانرێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم چی‌ پێده‌كرێت له‌و كێشه‌یه‌ی‌ كه‌ رووبه‌ڕووی‌ بۆته‌وه‌.
خاڵی‌ لاواز كه‌ له‌ لێدوانه‌كانی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم به‌ئاشكرا هه‌ستی‌ پێده‌كرا، قسه‌كانی‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كه‌ی‌ نێوان بارزانی‌ و تاڵه‌بانی‌ بوو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، كه‌ بێتوانایی‌ خۆیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ راگه‌یاند، هه‌ردوو سه‌رۆك وتیان" چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمه‌"، به‌ڵام داخستنی‌ باره‌گاكانی‌ پارتی‌ چاره‌سه‌ر، پێچه‌وانه‌ی‌ لێدوانه‌كانیان بوو، به‌رپرسانی‌ هه‌رێم یه‌كێكی‌ تر له‌و هه‌ڵانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ تێیكه‌وتن، لێدوانه‌ دژه‌ كانیان بوو له‌م كێشه‌یه‌دا، وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ لێدوانێكدا ده‌ڵێت: "سنووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا په‌كه‌كه‌ی‌ لێنه‌بووه‌"، به‌ڵام بۆ رۆژی‌ دواتر به‌رپرسێكی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم لێدوان ده‌دات و ده‌ڵێت: "ئێمه‌ رازی‌ نابین هه‌رێمی‌ كوردستان بكرێت به‌ بنكه‌یه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر توركیا"، ئه‌م لێدوانه‌ش ته‌واو مانای‌ وایه‌ كه‌ هێزێك هه‌یه‌ له‌ سنووری‌ هه‌رێمه‌وه‌ په‌لاماری‌ توركیا ده‌دات و ده‌رفه‌ت به‌ توركیا ده‌دات بیقۆزێته‌وه‌.